وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت کاری تیرۆریستی لە دڵشاد بارزانی قبوڵ ناکەین


تێگه‌یشتن له‌ ئێستای نائومێدی له‌ مه‌قامی (ئه‌وا پیر بووم و سه‌ره‌ی مردنمه‌) ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ دا ‌

Saturday, 06.25.2016, 13:50

5522 بینراوە


كاتێك كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێ به‌ره‌و سه‌روو، ده‌كه‌وێته‌ قۆناغی پیرییه‌وه‌، ناڵه‌ی ده‌روون و گه‌رووی به‌رز ده‌بێته‌وه‌و به‌رده‌وام نائومیدی رووی تێده‌كات و ئه‌ناڵێنێ بۆ ته‌مه‌نێك كه‌ هه‌رگیز گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیه‌، ئه‌گری بۆ ئێستایه‌ك كه‌ پڕیه‌تی له‌ شكست، له‌لای ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ نیشانه‌كانی پیری ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دوا جار مردنی به‌دوا دێت:
(ئه‌وا پیر بووم و سه‌ره‌ی مردنمه‌ / سه‌ره‌ی گیان كێشان و رۆح ده‌رهاتنمه‌/ چاوه‌ڕێی مه‌لاو ته‌لقین و به‌ردو كفنمه‌/ قه‌ومه‌كانم براكانم وه‌سێتێكتان بۆ ده‌كه‌م/ ئه‌گه‌ر من مردم توخوا بم به‌ن بۆ شه‌هیدان/ شینم بۆ بكه‌ن به‌دڵ و به‌گیان/ بڵێن حه‌یفێ رۆی له‌ده‌ستمان چوو كاكه‌ شه‌ماڵ گیان).
لای ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ گه‌شبینی نامێنێت، هه‌موو شتێك سه‌ره‌ی هه‌یه‌و مردنیش دێته‌ سه‌ره‌وه‌، كه‌واته‌ مادام مه‌رگ ده‌بێته‌ شتیكی حه‌تمی لای ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ، ئه‌وا ته‌نها داواكاری ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای مردن بۆی بگرین، ره‌نگه‌ ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ مه‌به‌ستی له‌ گریانی دوای مردن ئه‌وه‌ بێت كه‌ قه‌دری بزانرێت، وه‌كو چۆن له‌ ئێستای زیندووێتی دا قه‌دری نازانرێت، چونكه‌ كه‌ ده‌ڵێ حه‌یفێ رۆی له‌ده‌ستمان چوو كاكه‌ شه‌ماڵ گیان، مه‌به‌ست له‌و له‌ده‌ست چوونه‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌ ئێستایه‌ك كه‌ ڕێزو قه‌دری تیا نیه‌و به‌رده‌وامیش پیری ده‌یهاڕێت، له‌لای هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ قۆناغی پیری ناڕه‌حه‌تترو به‌ ئازارتره:‌ فه‌قیرییه‌، ئاوات به‌ خواستنی مردنێكه‌ كه‌ له‌ مناڵی دا بوایه‌ نه‌گه‌شتایه‌ته‌ ته‌مه‌نێك كه‌ هه‌م پیر بێت و هه‌م فه‌قیر بێت:
(ئاخ چی بكه‌م له‌ ده‌ست پیری و له‌ ده‌ست مردن ئه‌ی فه‌قیر حاڵی/ فه‌له‌ك با گله‌یی بێت له‌لای تۆ منت خسته‌ ئێستای بۆچی نه‌تكوشتم به‌ مناڵی/ سه‌یری كه‌ من چیم لێهاتووه‌/ من ئه‌وه‌نده‌پیربووم و پاڵم پێوه‌ ئه‌نێن هه‌ڵناسم به‌ به‌گ/ ره‌حمه‌ت له‌ قه‌بری پێشینان كه‌ ئه‌ڵێ گورگ پیر بوو ئه‌بێ به‌ مه‌خسه‌ره‌ی سه‌گ/ ئه‌ی خوایه‌ ده‌بێ من چیم كردووه‌و گوناحم چیه‌/ من خراپه‌م بۆ خۆم نه‌بێ بۆ كه‌سم نیه‌).
مه‌ترسیه‌كانی پیری و ته‌مه‌ن به‌رده‌وام ناڵه‌و ئازاری پێ به‌رزتر ده‌كه‌نه‌وه‌ و خۆزگه‌ به‌ شتێك ده‌خوازێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌حاڵه‌ مه‌گه‌ر خه‌یاڵ دروستی بكات ئه‌ویش نه‌گه‌یشتن به‌م ته‌مه‌نه‌و مردنه‌ له‌كاتی مناڵیدا، ئه‌م ته‌مه‌نه‌ كه‌ پیریه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش فه‌قیر حاڵیه‌ كه‌ مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌پوكێنێته‌وه‌و وه‌ها بێهێزی ده‌كات وه‌ك ئه‌ڵێ ( پاڵم پێوه‌ ئه‌نێن هه‌ڵناسم به‌ به‌گ). 
ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ كه‌ له‌ دیمه‌نی خۆی ورد ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ ئێستای نائومێدی له‌ دێڕێكی ساده‌دا كه‌ قورسترین پرسیاری له‌ خۆ گرتووه‌ ئه‌ڵێ ( سه‌یریكه‌ من چیم لێهاتووه‌) ئه‌م دێڕه‌ له‌ ده‌ربڕیندا زۆر ئاساییه‌ له‌ناخ و ناوه‌ڕۆكدا نائومێدییه‌كی قورس و گران له‌ خۆ ده‌گرێت: ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ مرۆڤ پیر بێت چی لێدێت؟ گورگیش وه‌كو له‌ مه‌قامه‌كه‌دا هاتووه‌ و له‌ په‌ندی پێشیانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ بریتیه‌ له‌ جوڵه‌و هه‌ڵمه‌ت و خوێن گه‌رمی كه‌ كینایه‌یه‌ له‌ گه‌نجی، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كه‌ له‌ گه‌نجیدا هه‌یه‌ له‌ قۆناغه‌كانی تردا نیه‌، بۆیه‌ كاتێك ته‌نانه‌ت گورگیش پیر ده‌بێت ده‌بێت به‌ گاڵته‌جاڕی ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ دوێنێی گه‌نجیدا له‌به‌ری له‌رزاون.
ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ دوای نائومێدی رووده‌كاته‌ خواو پرسیاری لێده‌كات و ئه‌ڵێ من چیم كردووه‌و گوناحم چیه‌؟ واته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێ هه‌ڵه‌و گوناحی هه‌بێت و دواتر تۆڵه‌ی لێده‌كرێته‌وه‌ و نائومێدییه‌كان به‌چاوی خۆی ده‌بینێت، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ من ئه‌گه‌ر خراپه‌م هه‌بێت بۆ خودی خۆمه‌و بۆ كه‌سی تر نیه‌ و ئیشه‌ قورسه‌كانی ژیان ره‌نج به‌ خه‌سار بوون له‌ ئێستای پیری و هه‌ژاریدا نائومێدی كردووم:
 ( به‌ینێ بێنه‌ به‌ حه‌ماڵی و به‌ینێ به‌كرێكاری و سه‌رده‌مێكیش شوان بووم/ خاڵه‌ ریسواو سه‌رگه‌ردان هه‌ر ره‌نج به‌ بابووم/ وه‌رن ته‌كبیرێكم بۆ بكه‌ن ئه‌مه‌ نفوسه‌ یان تیری قوره‌ت/ ئێستا برای خۆتان تونچیه‌ له‌ حه‌مامی سوره‌ت/ ئه‌ی بۆ كوڕێكی ژیرو زانا و عاقڵ هه‌ڵیبێنێ ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌/ خواردنی برا بچوكی خۆتان هه‌ر تاڵ و دوكه‌ڵه‌).
ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ راستگۆیانه‌ گوزارشت له‌ ناخی خۆی ده‌كات و شریتی عومری رابردووی له‌و ئیش و كارانه‌ی كه‌ كردوویه‌تی ده‌خاته‌ به‌رچاو له‌ ئێستای نائومێدی دا كه‌ پیریه‌و هاوكاتیش تونچیه‌ له‌ حه‌مامی سوره‌ت وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك كه‌ دیمه‌نی سه‌ختی ژیانی ده‌خاته‌روو، هاوكاتیش بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌نگاریه‌یه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری لای هونه‌رمه‌ند ده‌ستناكه‌وێت، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر خواردنه‌وه‌ی مه‌یی و كێشانی جگه‌ره‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستای نائومێدی دا كه‌ پیری و نه‌بوونی به‌رۆكی گرتووه‌، ئاره‌زووی دڵی بشكێنێت.




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 1.5/5)