جەردەیەك لە جۆرێکی تایبەت

Sunday, 24/07/2016, 0:42

2873 بینراوە


جەردە و چەتە و شەوکوت ... هاومانای یەکترن و لەگەڵ  زاراوەی دزدا بەوە جیا دەکرێنەوە کە دز لە ساتی غەفڵەتدا زەربەت لێ دەدات و لە چاو خافڵاندنێکدا دزیت لێ دەکات، بەلام جەردە نەك تەنیا دزیت لێ دەکات ، بەڵكو بە زەبری هێزو بە ئاشکرا بە کارە قێزەونەکەی هەڵدەستێت، بۆیە لام گونجاو نییە بۆ بنەماڵەی بارزانی وشەی دز بە کار بهێنرێت، بەڵکو ئەوان چەتەن، بەلام چەتەیەکی ئاسایی نا، بەڵکو چەتە لە جۆرێکی زۆر تایبەت نەك هەر لە کوردستاندا ، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا جەردەی وا پەیدا نەبووە.
کاتێك بارزانی  لە ئاوارەییەوە چاوی بەو هەموو ملیار دۆلارە کەوت  ئێدی هەموو شتێکی لە بیر چووەوە، بووە ئامێرێکی کوشندە بۆ دەسخستنی هەموو دۆلاری جیهان، هەر بە فرۆشتنی نەوت لە ڕێگای تەنکەرەوە دەستی هەڵنەگرت، هەر لە خواردنی داهاتی ناوخۆوە  وازی نەهێنا، بەڵکو بیری لەوە کردەوە هەموو نەوت و بنخانی کوردستان مۆنۆپۆڵی خۆی بکات و هەر بەو پارەیەش کۆمەڵێك کەسی سوکی پیاوکوژو جوزەلەژەنی راگەیاندنی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە تا بەرگری لە هەموو تاوانەکانی بکەن و ئەوانی تریش بۆی برازێننەوەو پەردەپۆشی بکەن، ئیتر بیریان لەوە کردەوە لە ماوەیەکی کورتدا زۆربەی چاڵە نەوتەکانی کوردستان کە دەستیان پێی راگەیشت بە بۆری لە ماوەیەکی کورتدا تەواو بکەن و رەوانەی دەرەوەی بکەن، تەنانەت لەگەڵ هەندێك کۆمپانیادا مامەڵەکراوەو پارەی ٢٥ ساڵیان لێ وەرگیراوەو ئەوانیش بۆ خۆیان ئازادن چۆن رەفتار بەو چاڵە نەوتانەوە دەکەن،  لە کۆتایی هەموو رۆژێکیشدا داهاتەکە بخەنە ناو خەزینەی خۆیان و عەشیرەتەکەیان و هەموو خەڵکی کوردستانیش لە چاوەڕوانی راگەیاندنەکاندا بن تا بزانن کەی راگەیاندنی نیوە موچەیان پێ دەگوترێت و وەکو ئەوەی خێریان پێ بکرێت بە چەند مانگ جارێك بچن وەریبگرن..
 دروستکردنی ئەم بۆریە نەوتانە کە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو بوو، بووە هۆی ماڵوێرانکاری بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە تا ئەو کاتەی حوکمەتی مەرکەزی عێراق سەرپەرشتی ناردنی نەوتی دەکرد موچەی هیچ کارمەندێكی کوردستان رۆژێکیش دوا نەدەکەوت، بەڵام ئەو غەشیمانەی بنەماڵە وایان دەزانی (ئەوەی خۆم بۆ خۆم و ئەوەی تۆش دەخۆم) لەگەڵ حوکمەتی مەرکەزی بۆیان دەچێتە سەر، داهاتی نزیکەی ١ ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەکراوی رۆژانەی کوردستان بخەنە گیرفانیانەوەو حوکمەتی مەرکەزیش موچەی کارمەندانی کوردستان رەوانە بکات؟! ئەمە چ عەقڵیەتێکە؟ بارزانی کە جەردەیەکی نێو دەوڵەتییە دەیەوێت بڕوای ئەوەی پێ بکەین ڕاگەیاندن و حوکمی دەوڵەتی کوردی پێ دەکرێت! کەسێك کە سیستە م و ئیدارەو مەنهەج و پرۆفیشناڵی و نەزاهەت لە فەرهەنگیدا نەبێت و بەڵکو دژیان بێت چاوەڕوانی چ حاکمییەتێکی لێ دەکرێت؟ هەر چەند مانگێك لەمەوپێش چووە سعودیەو ١٠ ملیار دۆلاری وەرگرت، کەس نەیزانی چی لێ کرد؟
ئەم ناحاڵیانە بە عالەمی ئاشکرا کاری مافیایی دەکەن و کەسێك نیە ڕێگریان لێ بکات، لە کاتێکدا نادادپەروەریی  تابن قوڕقوڕاگەی هەموو میللەت هاتووە، هەر  لە زوڵم و ستەم و مەحرومییەتەوە.... و کەچی کەسێکیش جورئەتی کەرامەت و مافی نەتەوە نایجوڵێنێت تا کۆتایی بەو تاقمە مافیایە بهێنن، مەڵێن بەدیل و ئەلتەرناتیڤیان نییە، بەڵکو ئێمە لە ناو میللەتدا کەسانێکی  هوشیار و ئاست بەرزو ئەکادیمیمان هەیە.. ئەمە لە کاتێکدا زۆربەی خەڵك ئەو راستیە دەزانن و تەنانەت هەندێك وا ترسێنراوە ناوێرێت باسیشی بکات. مرۆڤ هەر یەك جار دەژی، زۆر خۆشە ئەو ژیانە بە کەرامەت و سەرفرازیەوە بێت نەك هەموو رۆژێك مەرگێك بێت، ئەم ژیانەی ئێستا لە کوردستانی باشوور دەگوزەرێت لە هیچ وڵاتێكی دواکەوتوو و دیکتاتۆریی دنیادا ناگوزەرێت، نەك تەنیا سادەترین خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتیانی سادە لە ئارادا نییەو بژێوی ژیانیان هەمووی زەوتکراوە، بەڵکو حسابی بنەماڵەی بارزانی بە جۆرێکە تا دە ئەوەندەی نیوە موچەی هەموو کارمەندان نەخەنە گیرفانیان ئەو نیوە موچەیە دابەش ناکەن، ئیتر ئەمە راستییەکە و پێتان خۆش بێت یان پێتان ناخۆش بێت ئەوا لەسەر زەمینی کوردستانی باشوور  ئەمە دەگوزەرێت، ئەو بنەماڵەیەو وەزیروگزیرەکانیشیان مرخیان لە هەموو داهات و خاکی کوردستان خۆش کردووەو بە موڵکی باوکیانی دەزانن و هەرگیز نایانەوێت دەست بەرداری بن، تاکە کەسێکی وەك سەردەشت عوسمانیش رەخنەی نادادپەروەریەکەیان لێ بگرێت ئەوا دوو فیشەك دەنێن بە دەمییەوە، ئەمە ئەو قەدەرەیە خەڵکی هەژاریی کوردستان لەسەر خۆیان نووسیویانە، تاکە ڕێگەی چارەسەریش  بڕینەوەی ئەو دومەڵە پیسەیە لە جەستەی کورد، ئەوجا ئاسودەیی و یەکسانی و دادپەروەریی و مەدەنییەت دەگەڕێتەوە بۆ ناو میللەت، یاسایەکی ژیربێژیشە کە هەر میللەتێك خۆیان نەگۆڕن مەحاڵە کەس بیانگۆێت، ئازادی و سەرفرازیش خەباتی دەوێت، هەوڵ و هیمەت و تێکۆشان و قوربانی دەوێت، گەر بمانەوێت بگەینە شارستانییەت و ژیانێکی پڕ کەرامەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە