له‌ دووه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی جینۆسایدی شەنگالدا ده‌بێت دیله‌کانی ژێرده‌ستی داعش رزگار بکرێن و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانیش هه‌ڵبدرێنه‌وه‌

Tuesday, 02/08/2016, 19:56

1956 بینراوە


دوو ساڵ پێش ئێستا و لە 3/8/2014 دا، تاوانیکی مەزن له‌لایه‌ن چه‌ته‌کانی داعش"ه‌وه‌، دەرهەق بە  کوردانی ئێزدی لە شەنگال ئەنجام درا.
بەدرێژایی مێژووی ئێزدیەکان، توشی کوشتاری بەکۆمەڵ بوون ، به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ مێژوودا تۆمار کراوه‌، ئه‌مه‌ 74 هەمین فەرمانی پاکتاوکردن بوو کە به‌سه‌ر ئەو پێکهاته‌ ئاینییه‌دا هاتووه‌، لەئەنجامدا 6528  قوربانی لێ کەوتەوە، به‌ هه‌زاران کچ و ژنیشیان به‌دیل گرتن و له‌ بازاره‌کانی ره‌ققا و موسڵدا بازگانییان پێوه‌ کرا، هه‌ندێکیشیان له‌لایه‌ن چه‌ته‌کانه‌وه‌ وه‌ک کۆیله‌ و که‌نیزه‌ک به‌کارده‌هێنرێن، ئه‌گه‌رچی تا ئیستا زیاتر لە 2820 ژن و کچ رزگارکراون، به‌ڵام هیشتا زیاتر لە 3200  کچ و ژنی ئێزدیی له‌ژێر ده‌ستی چه‌ته‌کانی داعشدان.
تاوانی جینۆسایدی شنگال گەورەترین و درندەترین هەڵمەتی پاکتاوکردنی ڕەگەزیی و ئاینی بووە لە سەردەمی نوێدا کەلەلایەن بۆگەن ئەقلەکانی داعشەوە ئەنجامدرا.
گەورەیی تاوانەکەی شەنگال وایکرد که‌ کۆمسیۆنی مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یەکگرتوەکان بێنە سەر خەت و لێکۆڵینەوەی له‌باره‌وه‌ بکه‌ن، دواتر لە ڕۆژی 16/6/2016 دا بەجینۆسایدییان ناوبرد، هەروەها داواشیان لە دەوڵەتانی زلهێز کرد کە پشتیوانی ئەو دۆسیە بکەن و تاوانەکە بەجینۆساید بناسێنن، هاوکات لەئازاری 2016 کۆمەلەی زانایانی جینۆساید، تاوانەکانی داعش"یان دژ بەدانیشتوانی ناوچه‌کە (کورد، مەسیحی، شەبەک، کاکەیی، ئێزدی، شیعە، سوننە)، به‌ جینۆساید راگه‌یاند.
پاش ئازادکردنەوەی شەنگال، ئەوشارە و خەڵکەکەی پێوستییان بە ئاوەدانکردنەوە و هەڵدانەوەی گۆرە بەکۆمەلەکانە، کە زیاتر لە 25 گۆڕی بەکۆمەڵن، لەگەڵ ئازادکرنی دیلەکانی ژێر چەپۆکی داعش، بەلام تائیستا بەبیانوی جیا جیا، کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە، ئازادکردنی دیلەکان خۆی لەخۆیدا گەورەترین بەڵگەی زیندووی ئەو کۆمه‌ڵکوژیه‌یه‌، دەکرێت بەکار بهێنرێن بۆ دادگاییکردنی تاوانباران.
لەیادی جینۆسایدی شەنگالدا، وەک ڕیکخراوی چاودێڕی کوردۆساید-چاک داواکارین:
· شەنگال و دەوروبەری پشتگوێ نەخرێت و ئاوه‌دان بکرێته‌وه‌.
·گۆرە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە و ڕوفاتەکان بناسرێنەوە، پاشانیش لە شوێنی شایستە دوبارە، به‌ مه‌راسیمی شایسته‌ بەخاک بسپێردرێنه‌وه‌.
· هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە  تاکو نەتەوە یەکگرتووەکان لەرێگای ئەنجومەنی ئاسایشەوە کەیسی جینۆسایدی شەنگال ڕەوانەی دادگای تاوانکاری نێودەولەتی (ICC ) بکه‌ن،و لەویش بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی له‌باره‌وه‌ بدرێت.
· قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتوانی ئەو تاوانە گەورەیە بکرێتەوە.
· هەوڵەکان لەسەر ئاستی جیهان یەکانگیر بکرێن و ئافرەتان و منالانی بەدیلکراو، ڕزگار بکرێن لەژێر چنگی چه‌ته‌کان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست