یەکەمین بڕیاری پارێزگاری نوێی سلێمانی

Thursday, 25/08/2016, 0:16

3640 بینراوە


ئەم ووتارە ئەوەندەی ئاڕاستەی دەزگای ئاسایشی سلێمانیە ،ئەوەندە سەرقاڵ نیە بەخودی پارێزگاری نوێی سلێمانی کەلەسەر  پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە. با باسەکە لەوەوە دەست پێبکەین کەوا چۆن ئاسایش مامەڵەی لەگەڵ دوو کەیسی گەورەدا کردوە لە ڕابردوودا کەڕەنگە زۆری لەسەر ووترابێ و زۆری تریشی لەسەر بنووسرێ.
یەکەم: بەفەرمانی خودی جەلال تاڵەبانی کە ئەوسا سەرۆك کۆماری عێراق بوو لەهەمان کاتیشدا سکرتێری یەکێتی بوو،ئاسایشی سلێمانی لەسینارۆیەکی گوماناویدا هەستا بە ئازاد کردنی ئەو فڕۆکەوانەی کە دەستی هەبوو لە کوشتارگە مەزنەکەی هەڵەبجەدا لەساڵی ١٩٨٨/١٦/٣ کەناوی تاریق ڕەمەزان بوو. 
دووەم: دوای ئەوەی باندێکی پارتی لەسلێمانی چەندین کاری کوشتن،فڕاندن،بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر و هێنانی تیرۆر و تیرۆریزم بۆ ناوچەیه سلێمانی و گەرمیان. کەسەرۆکی باندەکەش بەناوی (ئەیوبە ڕیشە) ئاسایش بەهەمان شێوە ئازادی کرد.
ساڵی ١٩٨٣ و ١٩٨٤ ئەو دەمەی شەڕی یەکێتی و حزبی شیوعی لە پشت ئاشان و قڕناقە کۆتایی هات، نەوشیروان مستەفا بڕیاری دەرکرد کەوا لەو ناوچانەدا کە بوونی هێزەکانی شیوعی لێبێت،ئەوا جگە لە(گۆچان) بۆیان نیە چەکیان پێبێت.
مەبەست و پاساو: هەریەك لە یەکیتی و گۆڕان وەیان بەتایبەتی هەریەك لە هێرو و نەوشیروان لەژێرەوە لەگەڵ پارتی ڕێکەوتوون کە جۆرێك لە نا ئارامی و شلۆقی لەسلێمانی و گەرمیان دروست بکەن تا خەڵکی بەو جۆرە قەیران و دڵە ڕاوکێییەوە سەرقاڵ بکەن و ئاڕاستەی بیرکردنەوەو تێڕوانینیان بەرەو ئەو کێشە و ئاریشانە بەرن کە خۆیان مەبەستیانە. بەو هۆیەوە،خەڵکی چیتر نایپەرژێتە سەر ئەوان و هەرچی ڕەخنەو گلەییکانیانە بەرەو پارتی و هێرە مافییاییەکانیان ئەبەنەوە. هەڵبەت بەرانبەر ئەوەش چەندین گەمەی قێزەوەنانە بەڕێ ئەکرێ و خەڵکەکە تیایدا زەرەر مەندی گەورە ئەبن. یەکێتی بێ مەڵام نیە لەوەی پارتی دەست کراوە کردوە لەسلێمانی چەك و جبەخانەی خۆی هەبێ و بەئاشکرا باندە چەکدارەکانی لەوێ مۆڵ بداو بیان کەن بەگژ خەڵکی سلێمانی. پرسیاری ئێمە ئەوەیە،بۆچی پارتی لەناوچەکانی قەڵەمڕەوی خۆی جگە لە(گۆچان) ڕێ بەکەسی تر نادا چەکدار بن و تەنها هێزەکانی ئاسایشی پارتی و زێرەڤانی ئەتوانن چەکیان هەبێ و پارێزگاری لە بارەگاو مەڵبەندی هێزەکانی تر بکەن!
ئایا یەکەمین بڕیاری هەقاڵ ئەبوبەکر کەبڕیارە بکرێتە پارێزگار ئەوە ئەبێ کە داوا بکا جگە لەئاسایشی سلێمانی و دژە تیرۆر کەسی تر نابێ چەکی هەبێ و پێوستە پارتی (گۆچان)بدەنە دەست ئەدەهەم بارزانی و ئەیوبە ڕیشە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە