سلێمانی بەڕەش و سپی

Wednesday, 10/08/2016, 20:49

2304 بینراوە


سلێمانی بەوە ناسراوە کەهەردەم باوەشی کراوە بوە بۆ خەڵکانی تر،بەجۆرێك ئەوەی لەدەرەوەی سلێمانیەوە ڕوویکردبێتە ئەوێ و دواتر بەردەوامی بەژیان دابێ و تیا مابێتەوە هیچ کات و تەنها بۆ چرکەیەکیش هەستی بەنامۆ بوون و جیاوازی نەکردوە. مێژووی ئەم شارە گەواهی ئەوەی بۆ ئەدا کەچەندە شارێکی سنگ فراوان،فرە کەلتوور،ئایین و بیروڕای جیاواز لەخۆگرتوو،هاوکاری  و بەشداریکردن لەهاوخەمی یەکتر،سەرفی نەزەر و خەوسەڵە قبوڵکردن و بەهاناو خۆشەویستی و ڕێز لەیەکتر گرتن،ئەمانە و چەندینی تر مێژوویەکی پڕشنگداری بۆ خۆی و خەڵکەکەی دروست کردوە.
ئەڵبەت ئەم هەموو جوانیە نە لەئاسمانەوە بۆی باریوەو نە کەسێك لەسەر سینیەکی ئاڵتوونی هاتوەو پێشکەشی کردوە. ئەم جۆرە نەریت و بەرخوردکرنە کارێکی گەورەو ڕاهێنانێکی زۆری گەرەك بوە. ئەوانەی لەم شارە لەدایك بوون و ئەم شارەیان بەم ئاستە مەزنە گەیاند،گەلێ ماندوو بوون پێوەی و خوێن و ئارەقەی زۆریان بۆ ڕشتووە. سلێمانی سەرقافڵەکەی و مەشخەڵان بەدەستی چەندین پیاو چاك و شاعیران و پیاوانی ئایینی پایە بەرز بوون. ئەمانە تۆوی خۆشەویستی و کورد پەروەریی و مرۆڤدۆستیان لەناخی شاردا،چاند. سلێمانی کەسانی وەك شێخی نەمر بردویانە بەڕێوە و خەڵکەکەیان فێری کوردایەتی و مەردایەتی کردوە. دوا بەدوای ئەمانیش بەسەدان و بگرە بەهەزاران شێخی نەمریان دروست کردوە و برەویان بەشار داو گیانی کوردایەتی و جوامێریان گواستەوە بۆ گشت کون وقوژبنێکی ئەم کوردستانە گەورەیە. مافی خەڵکی سلێمانیە شانازی بەو هەموو جوانی و قارامانی و مێژوە بکەن کە لەهەوڵ و کۆششی بەردەوامدا ،هەنگاوی مەزنیان بۆ ناوە.
سلێمانی ئەمڕۆ بەداخەوە لەسایەی دەسەڵاتی ئەوڕۆی بەناو سیاسی و کارگێڕی تەواو پێچەوانەی ڕابردوو هەنگاو ئەنێ و هەرچی سپیە کردیان بەڕەش. لێرەدا تەنها نمونەیەك باس ئەکەین و دواتر با بتوانین ڕێگە لەو جۆرە هەوڵانە بگرین و شکۆ بۆ شارەکەمان بگەڕێنینەوە.
ئەگەر چی دایك و باوکانمان کاتێ ئەکەونە تەمەنەوەو پێوستیان بە کەسانی ترە دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بکەن و پێداویستیەکانیان بۆ بەئەنجام بگەیەنن،کەئەمەش بەهەموو پێوەرێك ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوە مرۆییەکانە لە پێشی پێشەوەو دواتر ئەندامانی خێزان. بەڵام ئەوەی هەنووکە ڕووئەدا تەواو پێچەوانەکەیەتی؛ بەسالا چوان و کەنەفت و پەککەوتەکان جگە لەخێزانەکانی خۆیان حکومەت پشتی تێکردون و پەراوێزی خستون. ئەمەش لەشارێکی وەك سلێمانی گەلێ ئاساییە ،لەبەرئەوەی نە حکومەت هەیە و ئەوانەی دەسەڵات بەدەستن،تەنها کۆمەڵێ‌ چەتەو بازرگانی نەوتن و خوێنی میلەت ئەمژن. ئەم دەسەڵاتە چەندین جۆری بازرگانی بەم تەمەنە  پیرو پەککەوتانەوە ئەکا. بۆ نمونە، چەندین کۆمپانیای هێنانی کرێکاری بێگانەی لەژێر ناوی جیاوازدا دروست کردوە کە کاریان دروست کردنی فەرهەنگێکی ناهەموارە کە لەگەڵ سروشت و کەلتووری خەڵکی سلێمانی و شارە یەكناگرنەوە. کۆمپانیا هەیە سێ جۆر کرێکاری هەیە (ئەندەنووسی،بەنگلادیشی،ئەثیبوپی و غانایی). کاتێ ئەچی داوای یەکێ ئەکەی بۆ خزمەتی پیرو پەککەوتەیەك ،پێت ئەڵێن ئەوانەی خەڵکی ئەفریقان لەبەر ئەوەی (ڕەش)پێستن ئەتوانین بەهەرزانتر بۆتانی دابین بکەین،وەهۆکارەکەی بۆ ئەوە ئەگەڕێننەوە کەخەڵکی سلێمانی حەزیان لە پێستی ڕەش نیە. ئەندەنووسی ئەبێ ٤٠ گەڵا وەك پێشەکی دابنێیت و مانگانەش ٣ گەڵا وەك خزمەت. لەبەرانبەردا خەڵکی ئەفریقی  ٣٠ گەڵا و مانگانانە ٢٨٠ دۆلار. ئەم کارە کەئەم کۆمپانیانەی سەر یەکێتی نانیشتمانی و چەتەکانی پەیڕەوی ئەکەن نەك هەر جیاوازی لە ڕەگەز و ئایین و تەمەن و پێستدا ئەکەن،بەڵکە جیاوازی لە بڕی تێچوون و مووچەدا بەدی ئەکرێ. ئەمە سەرباری ئەوەی تێکدانی کەلتووری سلێمانی و خەڵکەکەیەتی.
سلێمانی پێوستە بەربەستێ بۆ ئەم جۆرە تێك شکاندنی کەسایەتی و کلتووری سلێمانی دابنێ و نەیەڵن چیتر ئەم دەسەڵاتە یاری بەو هەموو جوانیەی سلێمانی بکا. سلێمانی ئەبێ ئەو پرسیارە لەخۆی بکا و کە ئایا ڕۆمەت و شکۆی ئەو ڕەش پێستە بەرز و پایە بڵندە کەخاوەنی دەوڵەوت و ئاڵایە وەیان سلێمانی و کوردستان کە خاوەنی هیچیان نیە؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە