ئیسلامی رێکخەر لە زمانی پێکەوەژیان ناگا!

Friday, 11/11/2016, 19:23

3391 بینراوە


هێندێک رێکەوت زۆر خۆشە.
رۆژێک چوومە پیتزەفرۆشییەک، هەر کە خاوەنەکەی زانی کوردم، بە رۆژباش کەوتینە قسە گوتم:
- کوردی؟
- نەخێر، ئاسوورییم.
خێرا کەوتینە ناو سیاسەت، لێکدانەوەی خۆشی بۆ وتەیەکی بەناوبانگی مەسیح کرد:
- ئەگەر زللەیەکیان لە لایەکت دا لایەکەی دیکەشتیان بۆ راگرە، ئەو قسەیە بۆ رۆژهەڵات نابێ، ئەگەر بۆ ئیسلام راوەستی هەردوو چاوت دەردێنێ.
ئەو دەرئەنجامانە راستگۆییەکی جوانی تێدایە، هەرچەندە بە شێوەی لێکدانەوەکەی زۆر پێکەنیم. تاقیکردنەوەکان دەریانخستوە کە ئیسلامی رێکخەر لە زمانی پیکەوەژیان ناگا و خۆی بە خاوەنی گۆی زەوەی دادەنێ، هەر ئەو بیرکردنەوەشە وای لێکردوونە هەردەم گیانی هێرشکردن و جەنگێکیان هەبێ کە بۆ خۆیان رەوایە، ئەگەر لە سەردەمێک بە نەرمونینانییش خۆیان نیشانبدەن ئەوە تەنیا پەیوەندیی بەوەوە هەیە بەهێز نینە، (روئیاحەکەکیان) لە پەرتووکی (پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە) کە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە لە فارسیەوە کردویە بە کوردی، سەبارەت بە هاتنەسەرکاری ئیسلامییەکان دوای رووخانی شا لە لاپەڕە ١٢دا دەڵێ: ''هیچ دەلیلیان نەبوو بۆ ئەوەی لە ئایەتوڵڵا بترسێن، ناوبراو لە زۆر وتویێژی خۆیدا لە شوێنی دوورخرانەوەی لە دەوروبەری پاریس، بە پێ داگرتنەوە دەیگووت جگە لە ڕۆیشتنی شا و گەڕانەوە بۆ شاری پیرۆزی قوم کە لەوێ بتوانێ لە "حوزەی علمیە" درێژە بە موتالای خۆی بدا، هیچیتری ناوێ، بۆچی دەبێ لە پیاوێک بترسین کە هەستان و دانیشتنی مەهاتما گاندی وەبیر دێناینەوە کە بە دەبەرکردنی خەرگەیەکی سادە و خواردنی نان و ماست خۆی بۆ خەبات دژی زێدەڕۆیی فەرمانڕەوایان ئامادە کردبوو؟'' پاشان دەڵی: ''هەموو ئەو وادە و بەڵێنانەی لەژێر پێ نان کە یارمەتییان دابوو بۆ ئەوەی بە دەسەڵات بگا، لە جیاتی شاری قوم لە تاران نیشتەجێ بوو، بڵاوبونەوەی هەموو رۆژنامەکان و تێکۆشانی هەموو حیزبەکانی قەدەغە کرد'' تا لە لاپەڕە ١٣ دەڵێ: ''لە مێژووی نیشتمانی ئێراندا، بوو بە هۆی کۆچێکی بە کۆمەڵی بەربڵاو''.
بەڵام ئایە ئێمە توانیومانە خوێندنەوەیەکمان لە دەرەوەی ئەوان بۆ کۆمەڵ هەبێ؟
با ئەوەش بڵێم، قسەی من بۆ لایەنگرانی ئەو دەسەڵاتە نییە، چونکە لە چەند شوێنی دیکە ئاماژەم بەوە داوە، ئەو دەسەڵاتەی باشوور و ئیسلامەیەکان بە زگێک لەدایکبوون، بۆیە بۆ بەرزکردنەوەی چەندین کەسایەتی، گوایە جوانکاریی بۆ ئیسلام دەکەن و تێماندەگەیەنن کە ئیسلامی راستەقینە چۆنە، ئەوە تەنیا گەمەیەکە بۆ مانەوەی خۆیان.. چونکە دەسەڵاتی کوردی خۆی لەو (ئەحکام) موتربە دەکا کە لە فەرهەنگی ئیسلامییەکاندا هەیە، واتە دەسەلاتێک خۆی دەکاتە نوێنەر خودا لەسەر زەوەی و دژایەتییکردنی ئەو دەسەڵاتە واتە دژایەتییکردنی (شەرعیەت)ی خوا، بۆیە دەسەڵاتی باشوور کە پشتیوانی ئیسلامییەکان دەکا، بۆ ئەوەیە (شەرعیەت)ە دینییەکەیان لێوەرگرێ، لە میسریش هەمان گەمە لە نێوان (سیسی و ئیخوان)ەکان روودەدا.
ئەمن باوەڕ ناکەم قورئان پێویستی بە شیکار هەبێ.. چونکە هێندە ئاڵۆز نییە و بە تایبەتیی ئێستاش کە بە زمانی کوردی هەیە.. مەبەستم لە ئاڵۆزییەکە لایەنی دەقەکەیە، ئەگەرچی لە هێندێک شوێن لە بابەت دەرچوونی تێدایە.. ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ئەگەر (شەرعیەت)ەکەی پەیڕەوە بکرێ دەتگەینێتە (ئێران و سعودیە و... و... و داعش، بۆکۆحەرام).. بۆیە پێویستە دان بەو راستییە دابنێنین کە ئەو کەسانەی ئەو رێکخراو و ولاتانەیان دروستکردوە پیاوی دینیی زۆر گەورەن و دەرچووی زانکۆیە ئیسلامییەکانن و زۆر چاکیش لە ئیسلام گەیشتوون.. ئەگەر کەسێکی ئیسلامیش بڵێ ئەوانە لە ئیسلام نەگەیشتوون تا رادەیەک ئاساییە.. بەڵام بە راستیی دەرئەنجامێکی خراپە مرۆڤێکی چەپ بڵێ: ئەو دەوڵەت و رێکخراوانە لە ئیسلام نەگەیشتتوون و ئیسلامی راستەقینە وا نییە.
(هێمینگ مەنکل) دەڵێ: بۆیە دەربارەی ڕەگەزپەرستەکان دەنووسم ، چونکە ڕەگەزپەرستی بە تاوان دەزانم.
بۆ منیش ئیسلامی رێکخەر دەمگەیەنێتە هەمان دەرئەنجام، ئیسلامی رێکخەر تاوانە و دەبێ دژی بوەستیەوە و نابێ رێ بدرێ گەشە بکا، ئەوان هەڵگری بیرواڕایەکن و ناتوانن کەسانی دەرەوەی خۆیان لەخۆبگرن، جگە لەوەش ئایدلۆژیایەکەیان رەواییان دەداتێ تاوان بکەن.. ئەگەر بۆ نموونە باسی دەستدرێژییکردن بکەین سەر ژن و سعودیە وەک نموونە وەربگرین، دەبینین لە رێزبەندی جیهان لە پلەی یەکەم دایە، لە نۆهەتەکان لە کوردستان شیکردنەوەیەک هەبوو لەسەر تیزاب بە قاچی ژن داکردن؛ گوایە ئەو بارە پەیوەندیی بەو دەروونە نەخۆشەی ئیسلامییەکانەوە هەیە، کاتێک کە قاچێکی رووت دەبینن ناتوانن خۆیان بەرزەفت بکەن، بەڵام خۆ لە سعودیە ژن هیچ شوێنێکی دیار نییە، کەواتە بەرنامەکە زۆر لەوە گەورەترە.. یەکەم پەیوەندیی بە کۆنترۆلکردنی ئازادیی تاک هەیە، دووەمیش رێگرتنە لە گەشەسەندنی ژنان، ئەوان دەزانن گەشەسەندنی ژنان گەورەترین مەترسییە لەسەر دەسەڵاتەکەیان، ئەوەمان لەبیرنەچێ دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانیش هەمیشە تەگەر دەخەنە بەردەم پێشکەوتنی ژنان.
ئەگەر سەیر بکەین ئیسلامیەکان لە ژینگەیەکی دیموکراتیش گەشەی خۆیان هەر دەکەن، چونکە ئایدلۆژیەکەیان خۆی بە هەڵگری هەقیقەتی ڕەها دا دەنێت و لە ئایدیا ئەوان جوانترین کۆمەڵ، کۆمەڵی ئیسلامییە.
ئیسلامییەکان لە ئەوروپا هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ گەشەکردنیان، دەبینن ولاتە ئەوروپییەکان بە گشتیی پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی تیرۆر، پاشان ئیسلامیی سیاسیی توانیوەتی باوەڕ بەو هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازانە بهێنێ کە ئەویش مافی خۆیەتی ئەو ئازادییەی هەبێ کە لەو وڵاتانە وەدەستهاتوە، یەکێکیش لەو ئازادییانە ئازادیی ئاینە لە پەنای ئەو ئازادییەی بۆ ئاین هەیە لێرە.. ئەویش پەیڕەوی رێبازەکەی خۆی بکا، بۆیە بە ئاشکرا دەبیندرێن چۆن لەو درزە دزە دەکەنە ژۆرێ و دەیانەوێ هێدی هێدی یاسایەکانی (شەریعە) لەسەر ئەو کۆمەڵەش تاقی بکەنەوە، مزگەفت.. قوتابخانەی ئیسلامیی.. مەلەوانگە و... و... تا رادەیەکی باش سەرکەوتنیان لە نێو ئەو کۆمەڵ وەدەستهێناوە و کۆمەڵێکی تایبەت بە خۆیان دروست کردوە.
دیارە قسەی ئێمە لەسەر ماف نییە بەلکو لەسەر بەزۆر چەسپاندنیەتی بەسەر خەلکدا، ئەوەی بۆ من پرسیارە و لە هاوڕێیە سوێدییەکانم دەکەم کە ئایە ئێوە بۆ ئەوەی ئیسلامی سیاسیی رازیی بکەن قوربانی نادەن بەو بەهایانەی ساڵانێکی زۆرە خەباتی لە پێناو دەکەن؟
بە داخەوە بەشێکی زۆریان دەیانەوێ لەو جیاوازییەم بگەینن کە من تێکەڵاوییەک لە نێوان ئیسلام و ئیسلامیی دەکەم!
با جیهانە لێکدابڕاوەکان نزیکتر بکەینەوە، ئەگەر ئەو راستییانەی ئەوان دەیڵێن دەربارەی ناسیۆنالیستەکان، لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەسەر ئیسلامی ڕێکخەر هەمانە، کە دڵنییام دوو ڕاستی زۆر لەیەک نزیکن ، کەچی ئەوان دەیانەوێ ئێمە خویندنەوەی ئەوان ببینین، بەڵام بە داخەوە ئەوان گوی بۆ خوێندنەوەی ئێمە دەربارەی ئیسلامی رێکخەر ناگرن، بە دڵنیاییەوە ئەوە کێشەکانی گەورەتر و مەترسیدارتر کردوە، ئاخر پێت سەیر نەبێ ئێستا لەو ئەوروپایە خوێندنەوەی نەژادپەرستەکان ئەگەرچی زۆر توندە بەرامبەر موسلمان و ئیسلامی سیاسیی بەڵام لۆژیکی پتری تێدایە لەو هێزە سێکۆلارەی کە ئێمە هیوایەکی گەورەمان پێی هەیە.. بەڵام بۆ ئەوان نایانەوێ لەو راستییانە بگەن و ئەو پێشەنگییە لەو هێزە توندڕەوانە بستێنن؟
تیۆرییەک هەیە بە ناوی (ئیمە و ئەوان) کە (تزفیتان تیدۆرف) پەرتووکێکیشی لەسەر نووسیوە و زۆر کاری لەسەر کردوە و بەڵگەیەکی زۆر بۆ خوێندنەوەکەی خۆی دێنێتەوە و بە بڕوای ئەو ئەو فەرهەنگە لە گیانی چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی ئەوروپاشدا هەیە.. واتە ئەوروپییەکان پێشوەخت بڕیاریان داوە کە ئێمە لەوان کەمتر لە کێشەکان و چارەسەرەکان دەگەین.
ئیسلامییەکان خاڵێکی دیکەیان زۆر بە زیرەکیی قۆستۆتەوە ئەویش خوێندنەوەیانە بۆ چەپەکان؛ ئەوان دەزانن چەپەکان پتر بە ناسیۆنالیستەکانەوە سەرقاڵن و خاڵی لاوازیشیانە ئەگەر بەوانیان بچووێنی.. بۆیە هەر شتێکیان بەرامبەر بڵێی دەڵێن: ''ئەوە دەچێتە خانەی رەگەزپەرستی''، بە گشتیی ئەوەی چەپەکانی ئەوروپا بە مەترسیی دەیبینن و هەمیشە رێگریی لێدەکەن دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونەکەی (هیتلەر)ە بەڵام بە داخەوە نە لە مەترسییەکانی ئیسلامییەکانی ئێرە گەیشتوون نە مەترسیەکانی ئێمەش لە ئیسلامییەکان بە هەند وەردەگرن.
دین پەیوەندیی بە ئازادیی تاکەوە هەیە،ئەوە تەنیا تیئوریەکی جوانە، دەنا هەرگیز ناتوانی ئازادییەکان لە هیچ کووچە و کۆڵانێکی کۆمەڵی ئیسلامیی جێبەجێ بکەی.. چونکە دین کۆی یاسا و رێسایەکانی کۆمەڵ بەڕێوەدەبا، دەسەڵاتی دین هەرگیز نەیهێشتوە تۆ خاوەنی ئەو ئازادییە بی.. تۆ ملکەچی یاسایە گشتییەکەی کە سەرچاوە سەرەکییەکەی دینە، جگە لەوەش بە دەیان یاسای نەنووسراوت هەیە و بۆت نییە لێیان دەربچی، ئایە شوێنێک هەیە دین تێیدا سەروەر نەبێ؟
کە چوومەوە کوردستان بە داخەوە پەرتووکخانەکان پڕ لە پەرتووکی ئیسلامیین.. وتوێژەکانیشمان پڕن لەسەر ئەو مێژووە، ئەو پرسیارە لام دروست بوو کە ئایە بۆ ئەو هەموو گرنگییە بەو پەرتووکانە دەدرێ؟ ئایە تێگەیشتن لەو مێژووە هێندە ئاڵۆزە و هێندە کاتی دەوێ؟ ئایە ئەوەندەی خوێندوومانەتەوە و ئەوەندەی لێمان دیتوون بەس نییە بۆ ئەوەی خۆمان یەکلابکەینەوە؟ ئاخر ئەو کۆمەڵەی ئێمە ئەوەی داعش بەسەریهێنا ئەگەر خاوەنی دەستەبژێرێکی کەمێک وشیار بووایە دەکرا بیکاتە گەورەترین خاڵی وەرچەرخان!
چەپ و پێشکەوتنخوازانی ئێمە لە جیاتی ئەوەی دەرگایەکی دیکە بۆ کۆمەڵ بکەنەوە.. لە دەرگایەکی دیکەوە لەو دینە نزیک دەبنەوە.. ئەرێ بە راست دەبێ ئەو هێزە چەپەی ئێمە بە تەواویی پەیوەندیی بەو دینە پچڕاندبێ کە بە (خورافە) و ئەفسانە باسی دەکەن؟ لە راستییدا گومان دەکەم.
ئەدی ئەوە نییە لە (تەسەوف و عیرفان)ەوە بۆ باوەشی دینمان دەگەڕێننەوە، ئەمن نازانم لە چ بەشێکی دینی ئیسلام هاتوە خوا هێندە بەخشندە بێ لە شەیتانیش ببوورێ؟ دەبێ ئەوان ئەو راستییە نەزانن ئیسلام لەسەر ململانێی خوا و شەیتان،میهرەبانی و شەڕانگێزی دروست بووە!؟ ئەگەر ئاشتبوونەوە دروستببێ دینەکەش کۆتایی دێ، مەترسییەکانی (سەلەفیەت و سۆفیگەریی) بەرامبەر گەشەسەندنی تاک وەک یەکە، (سەلەفیەت) بە بیر و هۆش داگیرت دەکا.. سۆفیگەرییش بە سۆز، (سەلەفیەت) ئەو جیهانەی سەر زەویت لێ وێران دەکا.. سۆفیگەرییش بە جیهانی ئەندێشەت دەبەستێتەوە، هەردووکیشیان هاوڕان لەسەر دروستبوونی زەوی و ئاسمان و مێژووی مرۆڤایەتی.. هەردوکیان هاوڕان لەسەر دروستکردنی مرۆڤێکی پەککەوتە و بێ سوود، هەموومان وێنەی مرۆڤی (سەلەفی)مان لەبەرچاوە، بەڵام ئایە تۆ دانیشتووی وێنەی مرۆڤێکی سۆفی بهێنیە بەرچاوی خۆت.. مرۆڤێک تەنیا دەیەوێ بە خوایەکی میهرەبان بگا کە لە ئەندێشەی خۆی دروستیکردوە.. هیچ کارێک ناکات و سوودی بۆ دەوروبەرەکەی نییە.. چونکە هێندە بە جیهانە سۆزدارەکەی خۆی خەریکە ئاگاداری ئەو جیهانە واقیعەی سەر زەوی نییە، مرۆڤێک تەنیا دەکڕووزێتەوە و پێمماندەڵێ: من رێیەکی پڕ ئەڤینم دۆزیوەتەوە بۆ گەیشتنە بە خوا و بە دوام کەون، ببین چۆن لەسەر باڵی پەڕەسێلکە نوێژ دەکەم،ئەوە چ لۆژیکێکە؟ ئایە ئێمە لە نێو لاپەڕە خەیاڵەکان ئەدەب دەژین، یاخود لە واقیعیکێکی چەقبەستوو؟ دەزانن سەرچاوەی پەرتووکەکەی ئەو سۆفیانەش هەر قورئانە؟ پێم مەڵێ سۆفیگەریی بەر لە ئیسلامیش هەبووە چونکە ئەو کەسایەتییانەی تۆ ئاماژەیان پێدەکەی بە گشتیی موسڵمانن.
لە راستییدا لەوەش دەگەم کە جەنگ و هەژاریی و دواکەوتن وای لێکردوین وەدوای هێزێکی رزگارکەر و بەخشندەدا بگەڕێین بەڵام ئایە ئەو هێزە بوونی هەیە؟
مرۆڤێک نیم باوەڕم بە پێشبینیی بێ بەڵام دەزانم هێندێک لە هاوڕێ و دۆستانم رەخنەی ئەوەم لیدەگرن کە تێڕوانینەکەم ئایدیۆلۆژیانەیە و ئەگەر ئەو بەشە لە ئەدەب و ژیان دابڕین ئەوە ژیان و ئەدەب وشک و بێ واتا دەبن، لە وەڵامدا دەڵێم: ''بمبوورن ئەمن کەسێکی ریالیستم و لێرە دەبینم ئەو مرۆڤە ئەوروپییانەی لەو (خورافەیە)ی ئێوە دەرچوونە و قاچەکانیان لەسەر ئەو زەوییە توند کردوە چەند بە ئاسودەیی جیهان تەی دەکەن، مرۆڤی مودێرن بە خۆشی و ناخۆشییەکانی سەر زەوی راناگا.
ئیسلامییەکان لەو خاڵە سەرکەوتوو بوونە کە ئێمەیان بە خۆیان و مێژووەکەیانەوە خەریک کردوە، بەلام ئایە تێگەیشتن لەوانە چیمان فێردەکا؟ لە کاتێکدا لەوە نەگەین مرۆڤی مودێرن چی دەوێ؟
ئەمن وا هەست دەکەم سەرنەکەوتنی کورد لە خەبات و چارەسەرەکانیدا بە پلەی یەک بۆ ئەو کەسایەتییە تێکشاوە دەگەڕێتەوە کە بە درێژایی مێژوو دروستیکردوە.. تا بەسەر تێکشکانە دەرونییەکانیدا زاڵ نەبێ ئەوە نابێتە خاوەنی مێژوو و هەر دەبێ ئێستای لەدوێنێ و پێرێی بچێ.
_______________________________
تێبینیی: ئیسلامی رێکخەر یان رێکخراو بۆ من بە گشتیی ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتەوە کە نیازیان وایە شەریعەتی ئیسلام بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنن جا بە هەر شێوەیەک بێ، لە ئەوروپا تا ئیستا حیزبایەتی نییە کۆیان دەکاتەوە بەڵکو مزگەفت و ئیمامەکانن، کەی زەنگی یەکەم حیزبی ئیسلامییش لە ئەوروپا لێدەدرێ؟ ئەوە چاوەڕوان بن، ئەو مافەش دەقۆزنەوە.
لە چەند شوێن بیستوومە خەڵک پتر قسە لەسەر جیاوازییەکان دەکەن، بۆ نموونە سەلەفییەکان و حیزبە ئیسلامییەکان، ئەمن بۆ خۆم جیاوازییەکان تەنیا لە شێوازی کارکردنیان دەبینم، حیزبە ئیسلامییەکان هەوڵی راستەوخۆ دەدەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، سەلەفییەکان دەیانەوێ لە ژێرەوە کۆمەڵ بکەنە ئیسلامیی، دەشزانن ئەگەر زۆرینەی کۆمەڵێک ملکەچی شەریعەتی ئیسلامیی بێ، ئەوە دەسەلات لە پەلوپۆ دەکەوێ، بۆیە بۆ ئەوەی بە ئارامیی گەشە بکەن دەڵێن ئێمە دەسەڵاتمان ناوێ!
تاکە جیاوازییەک کە دەیبینم، ئەگەر بۆم هەبێ وشەی موسڵمان بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئیسلامیەکانن بەکاربهێنم، راستە ئەوان حەز لە پێکەوەژیان دەکەن، لەبەرئەوەی سروشتێکی ئاشتیانەتریان هەیە، هەندێک کەس دەڵێن، ئەو موسڵمانانەش ئەگەر سبەیبێ دووچاری دەنگدانێک ببنەوە لە نێوان دەستوورێکی سیکولار و شەریعەتی ئیسلام، ئەوە بە بێ دوودڵیی دەنگ بە (کەلاموڵا)یەکە دەدەن، لایەنێکی دیکەش هەیە دەڵێن نەخێر ئەگەر دەسەڵاتێکی سیکولار بە سەرکەوتووانە وڵات بەڕێوە ببا، ئەوە دەبن بە لایەنگری، چونکە حەز لە کێشە ناکەن، ئەمن لەگەڵ کۆمەڵەی دووەمم. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە