خەڵک تەنیایە!

Wednesday, 07/12/2016, 14:23

2200 بینراوە


بە تایبەتی مامۆستایان لە ٢٧ ی ٩ ی ٢٠١٦وە و بونەتە ڕابەری مانگرتن و گردبونەوە و خۆپیشاندانەکان لە ناو شاری سلەیمانی و دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین وقەزای کۆیە.
داواکانی ئەوان هەمان داوای زۆرینەی خەڵکی کوردستانە لە کارمەند و کەمئەندام و پێشمەرگە ی ئێستا و دێرین و خانەنشین و زیندانیی سیاسی .
داواکانیان: نان (موچە) ، ڕوناکی و گەرمی، ئاو و خزمەتگوزارییەکانی تر، هەروەها کار بۆ گەنجی بێکار و دەرچوی زانکۆکان، عەدالەت لە دابەشکردنی سامانی وڵات بە تایبەتی نەوت، ئازادیی ، کاراکردنەوەی پەرلەمان و چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستمی حوکم. شێوازی خەباتی مامۆستایان توندوتیژ نییە، بەڵام گرتن و لێدانی ڕابەرەکانیان لە سلەیمانی لە ڕۆژی ١ ی ١٢ (کە من خۆم شایەتی چەند دیمەنێکی بوم) نەک هەر نەیترساندن بەڵکو گەرمتری کردن لە دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان. پارتی و یەکێتی دژی بایکۆت و خۆپیشاندانن. حیزبە ئیسلامیەکان (کۆمەڵ و یەکگرتو وبزوتنەوە) ، هەروەها گۆڕان و حیزبی شیوعیی کوردستان تا ئێستا هیچ یەک لە مانە نەیان وێراوە خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەم بزوتنەوە مەدەنیەی هەندێک ناوی ناوە (شۆڕشی سپی)، هەمویان لە ناخی خۆیاندا پێیانخۆشە چونکە خۆپیشاندەران قسەی دڵی ئەوانیش دەکەن، هەر لەبەر ئەمەشە لە ڕاگەیاندنەکانیان دەڵێن: پشتگیریی داوا ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی دەکەین، بەڵام هێشتا ئەوەندە ئازا نین بڵێن: لەگەڵتانین بۆ بایکۆت و خۆپیشاندان. ئێ باشە ئێستا جگە لە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی دەیان هەزاری و بەردەوامی خەڵکی کوردستان بە هەمو چین و توێژەکانیەوە کام شێواز ماوە تاقیبکەنەوە بۆ ملدانی پارتی و یەکێتی بۆ داوا ڕەواکانی خەڵک؟ ئێوە خۆیشتان چەقیون و هیچ نەخشە و پلان و پرۆژەیەکتان پێنیە بۆ چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان. ئەوەتا پارتی تەنانەت دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق وەستا کە دەنگی دا بۆ پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتیی نیشتمانی بۆ دابین کردنی موچە لە بەغداوە. بۆیە چارەسەر ئەوەیە جگە لە پارتی و یەکێتی هەمو حیزبەکان خۆیان ببنە ڕابەری خۆپیشاندانەکان و هەوڵ بدەن تەشەنە بکات بۆ دەڤەری هەولێر و بادینان، بەم جۆرە حکومەت ‌خۆبەخۆ هەڵدەوەشێتەوە، ئینجا پەرلەمان کارابکرێتەوە و لەگەڵ پارتی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانی دروست بکرێت کە یەکەم ئیشی ئاشکردکردنی تەواوی فایلی نەوتی کوردستان بێت، بێگومان هەر بەمە داهاتی نەوتی کوردستان سەدان ئەوەندە زیاد دەکات و بەمە ئیتر کێشەی موچەخۆران چارەسەر دەکرێت. ئەگەر پارتی ئامادە نەبو هاوبەشبێت لە دروستکردنی ئەم حکومەتە دا ئەوە واتای وایە دەیەوێ هەولێر و بادینان لە کەرکوک و سلەیمانی جیابکاتەوە. ئینجا بە شیوەیەکی ئاشتیخوازانە و بە ڕێکەوتن دەتوانرێ پرۆسەی جودابونەوە بەئەنجام بگەیەنرێ بێ ئەوەی دیوارێکی وەک دیواری بەرلین دروستبکرێ و گەلەکەمان دابەشبکرێ بەم دیو و ئەودیوی دیوارە ئاسنین و ئاگراویەکەدا!، هەردولا دەتوانن بە دەیان ڕێکەوتنی ئابوری و سیاسی و دیفاعی و کۆمەڵایەتی و زانستی هەردو لەتی هەرێم پێکەوە ببەستنەوە بەجۆرێک کە لەداهاتودا بتوانرێ جارێکی تر برادڵ ئێشاوەکان یەکبگرنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە