چیدی ئاوێنەکان مەشکێنن!

Friday, 30/12/2016, 23:49

2732 بینراوە


بەرایی:
زۆربەی ئیـمەی کورد کاتێک پێش ئەوەی لە ماڵ بێینە دەرێ، چآوێک لەو ئاوێنەیە دەکەین کە لە سەر دیواری ماڵەکەمان چەسپاوە. تا لە سەروسەکتی خۆمان بنەڕین. خۆزگە لە ژووری ناوژیانی ماڵەکانمان ئاوێنەیەکی دیکەشی تێدابایە کە ناومان نابا / ئاوێنەی مێژووی نەتەوەکەمان /. بۆ ئەوەی هەردەم لەبیرمان بێ چمان بەسەرهاتووە ومنداڵەکانمان چییان بە سەر دێ. بنە ماڵە کۆڵەکەی بە هێزوگرینگی کۆمەڵگایە.یەکەم مامۆستای ئەو کۆمەڵگایەش بۆ زارۆکان دایک وباوکن. دایک وباوک هەمان ئەو ئاوێنەیەن کە روخساریان ئاوێتەی ئاوێنەیەکە کە منداڵەکان خۆیانی تیدا دەبینن. زانست بە بێ ئەزموونی کارا وسەردەمیانە هیچ خێروبێرێکی نە بۆوڵات هەیە نە بۆ تاکی کورد نە بۆ کۆمەڵگا. بە هیزکردنی ئەزموونیش حەوجێی بە دامودەزگاو حیزب ورێکخستنی بە تواناهەیە.سیستم یانژی دەسەڵاتیش حەوجێیان بە کەسانی دوورناس ولێهاتووهەیە. ئەوانە بە کورتی بەشێکن بۆداهاتووی ژیانێکی ئازاد وەک هەوی وبنەمایەکن بۆ پەروەردەکردنی / تاکی / هوشیار ورووناکبیر.
" شەوەزەنگی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان "
٧١ساڵ لە سەفەری دووهەمی پێشەوای نەمر شەهید قازی موحەممەد تێدەپەرێ. لەو سەفەرەدا دەبیری یەکەمی حێزبی کومونیستی ئازەربایجان  / باقرئۆف / زۆر بە ڕاشکاوی بە قازی موحەممەدی گووت : پڕۆگڕآمەکانی کۆمەڵەی ( ژێ،کاف) لە ئاست دامەزراندنی کوردستانێکی مەزن بە ئێمـە جێ بە چێ ناکرێ وئێمـەش ماندووی شەڕی دووهەمی جیهانین ، جگە لەوەش دونیای دەرەوەش ئەو رێبازەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد قەبوڵ ناکا! باشترە ئێوە دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی ئیڕان بسازێن ووەدووی خودموختاری بکەون. ئێوە دەبێ ناوی حیزبەکەشتان بگۆڕن وبیکەنە / حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان / !
خاڵی وەرچەرخانی رێبازی / ژێ،،کاف / هەر لێرەوە دەستی پێکرد وحیزبی تازەش بە بێ ڕاپرسی گشتی کوردستان ( تەنانەت مهابادیش ) نەبوو، لە سەر ئێرادەی سیاسی سۆفیەتی بەرێ چێ بوو، هیچ یەک لە ئەندامانی ناوەندی / ژێ،کاف / لەوێ حازر نەبوون کە بڕێاری وڵاتێکی بیانی قەبوڵ بکەن یان نەیکەن. گۆڕینی / ژ،ک / بە حیزبی دێمۆکڕات هەر وا سادە نەبووە. یەکەم هەنگاو بوو بۆ دابەزاندنی هەستی نەتەوەیی کوردو بەستنەوەی کورد بە دەوڵەتی ناوەندی. ئەو رێکەوتنە وگۆڕێنی ناوی / ژێ،کاف / بە شکاندنی ئاوێنەیەکی دیکەی مێژوویی و نەتەوەییمان دەزانم بە دەست ئیڕادەیەکی سیاسی لە دەرەوەی سنووری وڵات کە ڕۆڵی نەرێنی نەمر قازی موحەممەد ناکرێ لە بەر چاو نەگێرێ هەر بەو پێیەش جێگای رەخنەی تووندە. بۆیە ئەوە ڕیک ٧١ ساڵە وەدووی تراویلکەی خودموختاری کەوتوون وئێستێش لە کۆی سەنجەق وێلووپەرێشآن گیرسانەوە! حیزبێک لە دۆخی سەرگەردانیدا لە سەرناوی دەستەواژەی / دێمۆکڕات / پێکەوە نەسازێن چۆن دەتوانن لە داهاتوودا نەتەوەیەکی ١٢ میلیونی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە بەرن ؟ 
" کۆمەڵە / کۆمەڵەکان / "
نە کومونیزم ، نە مائۆییزم، نە ئەنەورخۆجە ییزم، نە ئیمپریالیزم، نە ئیسلامی سیاسی ، هیچکامیان ناتوانن کێشەی نەتەوەکەمان چارەسەر بکەن.لە گیروداری ئەو بارودۆخەی کە رۆژهەڵاتی وڵاتی تێدابووشۆڕشێک بە فیتی بیانی سەریهەڵدا کە / شآیان / بۆ دەرکردین وناوی خۆیان نا شۆڕشی ئیسلامی ! کوردی تینووی رزگاری وئازادی بە بێ ئەوەی بیر لە خۆی بکاتەوە زۆر زوو رووی لەو حیزبانە کرد کە تەنیا درووشمی قەببە وبێ ناوەرۆکیان لە جانتادا هەبوو. بە تایبەت گەنجەکان ئاشقی کڵاشینکۆف وتۆزلوقو ،جامانەڕەشو وپشتێندی درێژی چەند گەزی ببون زۆربەی هەرە زۆریان نەیاندەزانی مائۆییزم وسوسیالیزم یانی چی. کۆمەڵە لە سەر ناوی مائۆییزم وسوسیالیزم وکرێكارو رەنجدەر توانی خەڵکانێکی کەم ئەزموونی گەنج لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە وچەکیان بداتە دەست. سەفەری نەهێنی جەلال تاڵەبانی بۆ مهاباد ودیدار دەگەڵ چەند کەسێکی دامەزرێنەی کۆمەڵەش بێ گومان کاریگەری نەرێنی خۆی هەبووە.بۆیە هەر شەقامێک لە دەستی حیزبێک دابوو کەس خەتی کەسی نەدەخوێندەوە هەر بۆیە کاتێک کە پاسدارەکان روویان لە گرتنەوەی شاری مهاباد کرد، زۆری نەخایاند کە بەرپرس ومەرپرس وپێشمەرگە وێگڕا شاریان بە جێ هیشت خەڵكی هەژار مایەوەو ئەژدیهایەکی حەوت سەر بە ناوی بەسیج! / حەشدی شەعبی ئێرانی / . حێزبی دێمۆکڕات ( دێمۆکڕاتەکان ) وکۆمەڵەم ( کۆمەڵەکان ) وێنەی میزەڵدانێک دێتە بەر چآو کە بە چووکترین سەرەدەرزیەک بایان لێ خاڵی دەبێتەوە وچییان لە ناوەرۆکدا نامێنێ. بەڵگەش بۆ قسەکەم ئەوەیە کە دەبینین کە تەمەنی خەباتیان لە کەمپەکانی زڕەگوێزو کۆی سەنجەق لە نزیک شاری سلێمانی وکۆیە بەرە و لاوازی زیاتر هەنگاو دەنێ. ئەو تەمەنەیان زیاترە لە تەمەنی خەبات وتێکۆشان! بێ گومان لە نەبوونی کۆماری ئیسلامیدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەڕێکی مەترسیداری دیکە یەخەی خەڵکی بێ دەرەتان دەگرێ کە شەڕی خۆدڕێنی باشووری دەبێ لە مزگێنی بدەی. ( هیوادارم ئەو بۆچوونەی من قەت وەڕاست نە گەڕێ). دەڵێن ساڵی خۆش لە بەهاری ڕا دیارە. ئێستێ پێکەوە هەڵناکەن بگەڕێنەوە چۆن دەسازێن؟
" ئاسۆیەکی تاریک "
هیچ پێویست ناکا مرۆڤ خاوەنی پەڕجوۆ / موعجیزە / بێ تا بزانێ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای کۆماری ئیسلامی چی بە سەردێ.گووتنێکی بە نرخی هەنگوین زمانی کوردی دەڵێ: هیچ بەورێک کوێستانەکان بە جێ ناهێڵێ. ئەوە نزیکەی سێ دەیە زیاترە ئەوحیزبانەی کە قەرار بوو خودموختاری وسوسیالیزممان بۆ دابین کەن تا ئێڕە لە کردەوەی ناشێاووشەی سیس وبێ گەشە هیچی تریان لە حاند یەکتر نەکردوە!دابەشبوون ودابڕان وسەرچەوتی وخۆبەزلزانی بۆتە مەیگێڕی مردن و ژەهراوی ژیان. ژیانی ناو کەمپەکانیان بۆتە هەوێنێکی تاڵ و دوارۆژێکی تژی لە نەهامەتی بۆ کورد. دەرگای خەباتوو تیكۆشانیان بە کلیلی بێ هیوایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەها گاڵە دراوە کە چاوەڕوانی ئاسمانی بیانین کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان بۆ بڕووخێنێ وپاشان سەلانە سەلانە وەک ساڵی ١٩٧٨ کە شآیان بۆ رووخاندین، بگەرێنەوە رۆژهەڵاتی کوردستان وئەو خاکە بکەنە قەلە مندارێی خاکساری وبێىەختی! بارزانی وتاڵەبانی کاتی خۆی ٤ ساڵیان شەڕی خۆدرێن پێکردین. وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئامریکا خانمی ئۆلبڕایت لە شاشەی مێداکانی ئامریکا بە زۆر دەستی جەلال ومەسعودی لێگرێداو بەڕواڵەت ئاشتی کردنەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکە لە باشوور خراتر دەبێ.هەرکات بیر لەو سەردەمە دەکەمە هەستم رادەوەستێ ونازانم چی بڵێم.
" ئاوێنەکان مەشکێنن"
مێژوو هاتە، گەرآنەوی تێدانییە. هەرکات گەیی دەبێ مرۆڤی کارامە ولێزان شانی وەبەردا حیزبی هوشیارو شارەزای سیاسەت دەبێ خەباتی بۆ بکا. ئەو ڕیکارە لەو بەشە لە وڵات بە دی ناکرێ. ئەو ئاوێنەیەی کە خۆمانی تێدا دەبینین زۆر جیاوازە لە تەک ئاوێنەی مێژوومان. سەردەم لەوە ئاڵترتر نابێ. رۆژگار لەوە ئاڵۆزتر نابێ. چارەی هەنووکەیی بەستنی / کۆنگرەی نەتەوەییە / بۆ هەموو بەشە کانی وڵاتە کە وەک ئاوێنەیەکی مێژوومان دەچێ هەموومان خۆمانی تێدا دەبینینەوە. ئەو رێکخراوەیە تا رادەیەکی یەک کجار باش دەتوانێ ببێتە بەرسیڤ بۆ چارەنووسی نەتەوەیەکی بن دەستی وەکو کورد. هەر حێزب یان رێکخستنێک خۆی لەو قۆناغە بدزێتەوە وەک تاوانبارو هاوکاری دوژمن بە حیسێب دێ. لە ٢٩ جار سەرهەڵدانی کورددا زۆر سەرکردە و حیزب، بێ ڕەحمانە ئاوێنەی مێژوویان لێ شکاندووین وخۆیان رادەستی نەیار کردوە. چیدی ئاوێنەکان مەشکێنن. هەزارەی سێ ١٧ ساڵی تیثەڕآند ئێستا کورد هەر کۆیلەیە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە