هەرکەسێک نەتوانێت بە (زمانی دایکیی) خۆی بنووسێت و بخوێنێتەوە، ئەو کەسە نەخوێندەوارە


په‌یامی (به‌ره‌ی خه‌ڵك)

Monday, 02/01/2017, 3:25

2423 بینراوە


هاوڵاتیانی سته‌مدیده‌ی كوردستان 
مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خوراوان
خوێندكاری ئاینده‌ نادیار 
به‌ر له‌ سێ مانگ و به‌دیاریكراوی له‌ 27/9/2016 به‌به‌شداری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌  ناڕازییه‌كانی باشوری كوردستان گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ی ناڕازی دژ به‌  سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی مافیاگه‌رێتی كوردی به‌ڕێوه‌چوو. 
ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی به‌هۆی پشوودرێژی و جوامێری و ئازایه‌تی و سه‌ربه‌رزی ئێوه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و كه‌مئه‌ندامان و خوێندكارانه‌وه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامی هه‌یه‌و به‌رده‌وامی ده‌بێت. 
به‌ڵام له‌ ئێستادا كه‌ نزیكه‌ی 100 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌م چالاكییانه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت، شتێك نییه به‌ناوی حكومه‌ت و كه‌سێك نییه‌‌ به‌ناوی به‌رپرسێكی شه‌ریف و به‌ڕه‌وشت به‌ده‌نگ داواكاری ئه‌م خه‌ڵكه‌وه‌ بێت. 
ته‌نهاو ته‌نها هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌رگیز له‌ به‌ره‌ی خه‌ڵك و گه‌ل نه‌بوون و نین، ئه‌مانه‌ هه‌رگیز به‌شێك نه‌بوون له‌ گه‌ل. به‌ڵكو ئه‌مانه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تدا كۆمه‌ڵێك مافیاو بازرگانی خوێن و پاڵه‌وانی شه‌ڕی ناوخۆن.. ئه‌مانه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر گردێك و بسته‌ خاكێك سه‌دان رۆڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌یان به‌كوشت داو هه‌زاران مناڵیان بێ باوك و ئافره‌تانی سه‌ربه‌رزیان بێوه‌ژن و دایكانیان جه‌رگ سوتاو كرد. 
ئه‌مانه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ په‌شێوه‌ گوته‌نی "زینایان له‌گه‌ڵ خاكدا كرد".
هه‌ر ئه‌وانه‌شن كه‌ سزای برسیكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووین..
هه‌روه‌ك هه‌مووانیش ئاگادارن ئه‌وانه‌ی باس له‌ شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی ده‌كه‌ن و سنگی كوردایه‌تی ده‌رئه‌په‌ڕێنن، به‌ رۆژی نیوه‌ڕۆو به‌به‌رچاوی دۆست و دوژمنه‌وه‌ خاك و سامانی نیشتمان ئه‌فرۆشن و لافی كوردایتیش لێ ئه‌ده‌ن.  
هه‌ربۆیه‌ وه‌ك به‌ره‌ی خه‌ڵك بڕوامان وایه‌ ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان و هه‌موو ده‌نگه‌ ئازاو ئازادو ناڕازییه‌كان له‌ به‌ره‌یه‌كدا یه‌كبخه‌ین و فشاره‌كانمان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی مافیاگه‌رێتی ئه‌حزابی كوردی زیاد بكه‌ین.
پێویسته‌ چیتر داخوازییه‌كانمان له‌ لابردنی سته‌می مووچه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شایسته‌  داراییه‌كان كورت نه‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵكو پێویسته‌ داوای داگاییكردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین كه‌ ئێمه‌یان به‌م رۆژه‌ گه‌یاند. هه‌روه‌ك پێویسته‌ شێوازی چالاكی و خه‌باتی مه‌ده‌نیمان بگۆڕین به‌ شێوازێكی كاریگه‌رتر.  ‌ 
هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ موژده‌ی ئه‌وه‌تان پێ ئه‌ده‌ین كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان و چالاكی مه‌ده‌نی له‌سه‌رجه‌م شارو چارۆچكه‌كانی كوردستان ئه‌نجام ئه‌ده‌ین.
به‌رده‌وام بن، كۆڵ مه‌ده‌ن، ئێوه‌ هه‌وێنی شۆڕشێكی نوێن، شۆڕشێك كه‌ ماف و شكۆ بۆ مرۆڤی كورد بگێڕێته‌وه‌ 
دڵنیابن سه‌ركه‌وتن بۆ ئێمه‌یه‌
سه‌ركه‌تووبێ به‌رخۆدان و خه‌باتی مه‌ده‌نی 
سه‌رشۆڕی بۆ وڵاتفرۆش و مافیای نه‌وت 
به‌ره‌ی خه‌ڵك 
2/1/2017

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر