مەرگ‌ و سێ بە سێکەی دەسەڵات

Friday, 03/02/2017, 20:09

5903 بینراوە


مەرگی تۆ لەسەر شەقامەکان ‌و کۆڵانەکانی نیشتیمان کەوتووە ئەی بێدەنگی!
 مەرگ‌ و سێ بە سێکەی دەسەڵات یاخود دەسەڵات لەکۆتایی گەمەکەدا بردییەوە تەسلیمبوون نییە بەڵکو سەرەتایەکە بۆ تێگەیشتن. ئەو ڕاستیە تاڵەیە کەدەبوایە هەرلەسەرەتاوە بمانچەشتایە! سوقرات ئاسا دەبوایە ئەو قاپە ژەهرەمان بخواردایە پێش ئەوەی دەسەڵات بۆمان ئامادەکات. ئەگەر تەمەن بواربدات دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین کە دیموکراسی شتێکی زۆر بێواتایە گەمەیەکە بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بۆ کوشتن‌و سوکردنی نەیارانی! گاڵتەبازارێکە سوقراتئاسا دەبێت دان بەوەدا بنێن کە هەرگیز دیموکراتی لە وڵاتێکدا بەرقەرار نابێت کە خێڵو دەوڵەمەندەکان دەسەڵاتدارانبن! بە بۆچونی من دیموکراسی لەو جوگرافیایە بچوکەی باشوردا تەڵەیەکە بەدەست دەسەڵاتو حیزبەوە بۆ ئاشکراکردنی نەیارانی لەکۆتایی گەمەکەیشدا کوشتن، لەناوبردنیان و سوککردنیان. 
ئیمڕۆکە ئەگەر کەسێک بمرێت لە نیشتیمان یەکسەر خەڵکەکەی بێلێکدانەوە دەڵێن: خودا خۆشیویست بردیەوە بۆ خۆی، ڕزگاریبوو! ژیان هێندە بێقیمەت‌و بێنرخ بووە خەڵکی مەرگ دەخوازن! ئەمەیش بەرهەمی ئەو گەمەیەیە کە دەسەڵاتداران بۆیان خوڵقاندووین، گەمەیکی تریشمان ماوە! گەمەی چۆڵکردنی نیشتیمان! جا ئەوە کەی دەبێت؟ دەبێت ئەو پرسیارە لەدەسەڵاتکەیت؟ تاکو کات‌و پاسپۆرتی چۆڵکردنی چاڵە نەوتەکان‌و خاکو ئاو بۆ مسۆگەرو دەکات بە سپۆنسەری کۆمپانیا گەورەکانی ماڵە دراوسێ! هەر هەمووی لە ماوەیەکی کەمدا بەپارەی خۆیی جێبەجێدەکات. دوایی ئەو گەمەیەیش گەمەی بەواقیعکردنو پیادەکردنی پلەی ستەیشنەکانە کە ترامپ دوایی دوو حەفتە بە دەستپێکردنی وەک پۆستی سەرۆککۆمار ئاماژەیی پێکرد[ ئێران بە خێرای عێراق داگیردەکات] گەمەی زلهێزەکانی ئەم دنیایە!
تۆنی بلێر لەسەرەتای جەنگدا گوتی: سەددام دەتوانێت لە ماوەی ٤٨ سەعاتدا چەکی ناوەکی دروستبکات! درۆیەکی شاخدار کۆتاییەکەی ڕوخاندی سەددامی دیکتاتۆری بوو! لەکۆتایی مانگەکانی پۆستی سەرۆکۆماری ئەمەریکا ئوباما ڤیدۆیەکی یاری بڵاوبۆوە باسی داگیرکدنی شاری سلێمانی دەکات لەلایەن ئێرانەوە، دوای دوو حەفتە لە پۆستی سەرۆکی تازەی ئەمەریکادا ترامپ ئاماژەی بە داگیرکردنی عێراقی کرد زۆر بە خێرایی لەلایەن ئێراینی شێعەی دراوسێوە!
لەوەیش سەیرترو پێکەنینتر گەمەی ئاینی ئیسلامە لەلایەن ئەردۆغانەکانەوە!
ماسۆنێکان خۆیانکردووە بە ئاینی ئیسلامدا یاخود ئەوە تورکیا موسڵمانە دەیەوێت ماسۆنی بەکاربهێنێت بۆ سیاسەتەکانی ئایندەی خۆی تاکو تاکی کوردی پێهەڵخەتێنیو سەرگەردان و ژیردەستیانکات؟ دواهەمین گەمە، گەمەی گۆرینی بایلۆجی مرۆڤەکانە کە لە ئێستاوە دەستپێکردووە کۆتاییەکە جیهان دەبێت بە تۆپێک بۆ تێهەڵدان نەک بۆ ژیان! بەڵام تاکو ئەو کاتە دهێت دەبێت ئێمەی کۆیلەی پیاوە سیاسێکانی دەسەڵات بین. 
پێش ئەوەی باس لە بابەتەکەم بکەم کە چۆن دەسەڵات بەم هەموو گەندەڵی خۆیەوە گرەوەکەی بردەوە! لەو قومارخانەی دەڵاڵو جامبازانەدا چۆن بلاکجاکی هێناو هەموو واڕەکەی برد بۆ خۆی! دەبێت من سەرەتا تاڕادەیەک باس لەسیستەمی سەرمایەداریبکەم.! ئەگەرچی بەراوردکردن بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە پەککەوتویی هەرێم دەچێتە خانەی گاڵتەبازارو گەمژەییەوە! چونکێکە سیستەمی سەرمایەداری زۆر قۆناغو سەردەمی خۆی بریوە تاکو گەیشتۆتە سەر ئەم ئاستی گڵوباڵە. ئەگەر بێتو ئێمە پێناسەیەک بۆ ئەم چمکی گڵوباڵێزمە بکەین دەبێت ئێمە هەموو چمکەکانی ژیانبگرین هەر لە پەیوەندێیە کۆمەڵاتیەکانەوە تاکو سیاسەت‌و تەکنەلۆژیاو ئابورو هەتاکو دوایی... سەرئەنجام پەیوەندیە بازرگانێکان پردێک بوون بەگەیشتن بەم چمکی سەرمەیاداریە کە لە دواهەمین قۆناغیدا ناوماننا گڵۆبالیزم. 
گەمژەییە سیستەمی سەرمایەداری ئەوروپی یاخود ئەمەریکی بەراوردبکەیت بە سەرمایەدارانی کورد لەو باشورەدا! دەشێت ئێمە دەوڵەمەندی زەبەلاح و گەورەمان هەبێت بەڵام هەرگیز ناشیت بەراوردبکریت بە سەرمایەداران! ئێمە جگە لەوەی سیستەمی سەرمایەداریمان نییە بەڵکو سیستەمی چۆنێتی ژیانیشمان نییە کە ڕێگەنیشاندەرمان بێت کەچۆنچۆنی گوزەران و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم دنیایەو سروشتو ژینگەیەدا بکەین! تەنانەت سیستەمێکی کۆمەڵاتی تەندروستیشمان نیە بۆ پەیوەنێکان! بۆچی؟ چونکێکە بەدرێژایی مێژوو کورد سەرمایەداری نەبینیوە بەخۆیەوە بەواتایی وشە کە سەرمایەدار بگەیەنێت! بەڵکو دەوڵەمەندی زۆرمان هەبوو کە هەم ڕێکەوت یاخود لەسەر ئیسکو پروسکی تاکی کورد دەوڵەمەند بوبێت لەهەمانکاتیشدا دەوڵەمەندێندێکی نەخوێندەواری بێسەواد بووەو هیچیتر، تۆ ناشێت ئەم جۆر کەسانە جگە لە دزینی سەروەتو سامانی کورد ناوبنێت سەرمایەدار! ئەم جۆرە کەسانە بەهۆی ئەو پارە زۆرەی کەهەیانە تۆشی نەخۆشی سەرسام بە خودی خۆیان و دەسەڵاتبوون! بە بچوکترین ڕەخنە لێیان دەگەڕێنەوە سەر پلێتە ئەسڵێکەی خۆیان شپرزەیی‌ دەیانگرێو فێیان لێدهێت وەک ئەوەی کەساییەتیان بریندارکرابێت لەکۆتاییدا بەسادەترین ڕێگە دەمکوتت دەکەن یاخود.؟ 
 بەڕاستی ئەمە تاوانێکە کە بەرامبەر سەرمایەداران دەکرێت! ئەمە بۆچۆنی من! دەشێت هەڵەبم! بەڵام ژیان بریتیە لە بەڵگەو ئەزموون! تەنانەت بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو لەو باشورەدا نەمانبینی دەوڵەمەندێکی کورد کە سەروەتەکەی بگرە لەدوایی مردنیشیەوە بخاتەگەر بۆ ئاوادانکردنەوەی وڵاتکەی خۆی یان هەرنەبێت بیکاتە خانەیەکی پەروەردەیی یاخود خێرخوازییەوە! تەنانەت خودی شێرکۆ بێکەسی شاعیریش کە ناوێکی پڕشنگداری سەدەی خۆیی بوو لەباتی خانۆکەی بکات بەباغچەو کتێبخانە بۆ منداڵانی کورد هات بە وەسێت نامەیەک پارکێکی داگیرکرد! تەنانەت وایکرد کە باغچەکانیش بۆنی مەرگیان لێبێت وەک لەوەی بۆنی ژیان بگرن تاکو دڵدارەکان بەئازادی لەژێر سێبەری داراکاندا ژوانەکان بەڕێکەن! 
سەرمایەداری ژیانێکی پڕ لەڕەفاییە خۆشگوزاریە، پڕە لە ڕەنگی ئاڵوواڵی ژیان! ساڵۆنەکانی سەماکردن پڕن لە بۆنی عەترو گوڵو گلاموور ژنی جوان و پیاوی شۆخ. پیاوەکانی بە خۆیانو چاکەتو پانتۆڵ‌و بۆینباخە گرانبەهاکانیانەوە بەلای عەتری ژنەکاندا تێدەپەرن و سڵاو لەو ژنانە دەکەن کە کلێینەو درێسە جوان و گرانبەهاکانیان پۆشیوە! وەک تاوس بە لەنجەو ناز لە ژێر چاوە پڕ لە ماسکارە گرانبەهاکانیانەوە بۆ دۆستەکانیان دەگەڕێن! ژیان هێندە لەو ساڵونەدا بریسکەی دهێت مرۆڤ حەزدەکات پێکێک لەو پەرداخە باریکەلە سافو لووسانە کەنیو پرە بە شامپانیا لەگەڵ یەکێک لەهەر کچە شۆخەکانی و بەخۆشیوە فڕکات. بەرگە جوان و قەشەندەکەیان بریسکەیان دهێت‌و جلکەکان جوانو پڕ لە کەوالێتی ڕەنگو پارچە، هەڵسوکەوتەکان زۆر بە ڕێزەوە، پێکەکان پڕن لە زرنگەی پەرداغە کریستاڵێکان تابڵێت لێوەکان پڕن لە خەندەو ئەوین. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو خۆشییەدا ئەم پیاوانە دڵیان پڕن لە تەڵەکەبازیو تەفرەدانی یەکترو زیاتر خۆدەوڵەمەندکردن! ژنەکانیشان دڵیان پڕە لە مەکرو حیلکەبازیو تەماحکاریو ئیرەیی بەیەک! 
 منیش وەک [سوهرابی سپەری] تۆزێک هۆش‌و بەقەد دەنکە هەنارێک خۆشیم هەیە، خۆشبەختم بەمانای تێگەیشتن! ژنێکم هەیە لە پەڕەی گوڵ! برایک لە توێکڵی هەنار! ڕۆحی دایکو باوکێت وەک فریشتە هەمیشە بەسەرمەوەن! هاورێیەک بۆ تەنگانەو کوخێک بۆ خۆشویستن! مێزێک بۆ تێگەیشتن، کورسییەک بۆ میوان! سادە دەژیم چونکە کە مردم هیچ لەگەڵ خۆم نابەم! نیازی زیندوبونەوەم نییە! من نامەوێت جارێکیتر ئەم جیهانە دژوارە ببینمەوە! لەگەڵ ڕۆحمدا کۆچ دەکەین ڕستەیەک و شیعرێک دەکەین بە گۆرستانی خۆمان دەتوانن ئێوە بمانخوێنەوە بەڵام نیازم نییە جارێکیتر بتانبینمەوە! جارێکیتر ئەو دەموچاوانە ببینم کە ڕشانەوەم پێیاندهێتەوە! ئەو تارماییانە ببینمەوە کە ترس دەخەنە ڕۆحە تەزیوەکەمەوە! نامەوێت جارێکیتر دەستم بچێتە خوێنی براکان و دەستم بە کوشتنی ئەستێرەکان سورناکەمەوە! ئێوە دەتوانن زیندووببنەوە! بەڵام مننا! تکایە برادەر لەو دنیا هەواڵم مەپرسە چونکە من لەوێنینم! تکایا برادەر کەچوویت باسی هیچم بۆ نەکەیت چونکێکە من لێرەنابم سەفەرێکم لەڕێگەیەو دەشێت هەرئێستاکە بکەومەڕێ. 
بەو ئەفلاتونە سەگبابەیش بڵێن: کە شاعیری دەرکرد لە کۆمارەکەی! ئەو کۆمارەی کە خودی خۆی قاچێکی تێنەکرد! پێیبڵێن: لە دەمەی منەوە پێبڵێن لەو هەموو شتێک پەشیمان ببەمەوە لەم قسەیەم پەشیمان نابمەوە! کە شاعیر لای من نزیکترین کەسە لە خود و دەیەوێت بگات بە حەقیقەتی ئەو کۆمارەی کە تۆ خوڵقاندن بۆ دەسەڵاتداران!! پێیبڵێن: ئەگەر دڕۆناکات تۆزێک غیرەتی هەیە وەک لە ئەسینا تێقوچاندوو خۆیکرد بە میسردا بابێتە باشور تاکو بزانێت لە کۆمارەکەی ئەوەدا چمەخسەرەیەکە! چۆن دەسەڵاتداران قەسابخانەیەکیان خوڵقاندووە تاکو دەوڵەتی یاسا دروستبکەن! پێیبڵێن: سوێند دەخۆم کەهاتیت تۆیش یەکێک دەبیت لەو دوو هەزارەی پرۆفیسۆر ومامۆستای زانکۆیەی کە واژوویانکرد بۆ ئەو پیاوە بێسەوادو ئەلفوبێ سیاسەتە تاکو جارێکیتر خۆی بۆ سەرۆک هەڵبژێرێتەوە! بیرتنەچێت کە هاتیت لەگەڵ خۆتدا خوای گەورەی یۆنان بهێنە زینۆس بیرت نەچێت کە دابەزین باچەکوشەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت تۆیش کۆمارەکەت بەدەستەوە بگرە و پەڕە بە پەڕە هەڵیدەرەوە بە دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا بگەرێ بزانە دەبینیت کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو! بزانە تۆیش وەک لاوان و گەنجانی وڵاتەکەم لەداخا دەستناکەیت بەسوتاندی پەڕە بەپەڕەی کۆمارەکەت!. 
 زینۆس ئەی خوای گەورەی یۆنان چەکوشەکەتم بەرێ تەنها چرکەیەک ئەو هێزەیشم بەرێ لەگەڵ تۆزێک غیرەت! ئەی زینوسی خوای گەورەی یۆنان! ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە دڵی شکاندووین، ئەوەندە قەشمەری پێکردوون، ئەوەندە سوکو ڕەزیلیکردوون، ئەوەندە بێدەسەڵاتو بێ هینی کردووین دەمەوێت بە چەکوشەکەت دڵی دەسەڵات ووردوخاشکەم! دەمەوێت پێبڵێم سوکایەتیکردن بە تەنها کەسێک ئازایەتی نییە! بەڵام سوکایەتیکردن بە گەلێک تاوانە، تاوان! ئەی زینوسی گەورە چەکوشەکەتم بەرێ تاکو دڵی دەسەڵات ووردوخاشکەم. 
لەم ڕۆژانەدا کە ڕۆژانی پشوومبوو جگە لەخۆم و هیچ ، هیچیتر نەبوو بیکەین! کەچی ئەو خەونە نەعلەتییەم بینی کەدەبوایە زۆر زووتر بمبینایە! لەخەونەکانیشدا وازمان لێناهێنن هەردەبێت بەو دەسەڵاتەوە سەرقاڵبین! خەونم دیوە ئیم ساڵ پێنج لە سەرکردانە دەمرن جارێکە نازانم خۆیانن یاخود مناڵەکانیان خۆشیتان لێنەیەت یەکێک کەمتر باشتر! یاخود خەمیش بۆم ئەم بخۆن بڵێن: ڕزگاری بوو بۆخۆی خودا خۆشیویست بردیەوە بۆخۆی!! بچنە سەر گۆڕەکەی و دەستبکەن بە گڕیانو پاڕانەوە و بڵێن: گەورەبوو، تێگەیشتوبوو، ئازاو بەجەرگ بوو ئێمەی لێتینەگەیشتین! لەئاستی تێگەیشتنی ئێمەدا نەبوو! ناحەقیمانلێکرد! بپارێنەوە و تاکو لەو دنیا لێتانخۆشبێت!. دڵتانخۆش نەبێت بە مەرگی دەسەڵاتداران چونکێکە دۆزەغەکە لێرەوە دەستپێدەکات چونکێکە ئەمانیش دەیانەوێت وەک شێرکۆ بێکەس لە پارکەکاندا بنێژرێن! دوایئەوەیش شەقامەکانی شاریش داگیر دەکرێت بەناوی ئەمانەوە دەبێت ئێمە تاکو ماوین هەرکاتێک بەم شەقامانەدا تێپەرین جنێوک، ڕەحمەتێک، سڵاوێک و سەردانەوییەک بۆ ئەمانە بنێرین واتە هەر وازمان لێناهێنن ئەگەر مردیشن! مردنەکەیشیان موسیبەتە بۆ ئێمە و شەقامەکانیش دەبێتە تاپۆی ناوەکانیان لەدوایی مەرگیان. 
 لەسەدەکانی ڕابردوودا ئەوروپاو وڵاتانیتری ئەم دنیایە لەسەر دەستی سەرمادارو دەوڵەمەندەکان ئادلەکانی ئەوروپا دروستبوو! ئەوە خەونی سەرمایەداری ئەوروپی بوو کەتوانی بە گەڕخستنی کارگەو کێڵگەکانو پارەکانی بخاتەگەر لە پێناوی ئازادی وڵاتەکەیدا. ئەوروپا لەسەر دەستی سەرمایەدارن دروستبوو کە خەمی وڵاتیان هەبوو نەک وێرانکەن‌و دزی لێبکەن! سەرمایەدارانی جیهان شانازیدەکەن بە وڵاتەکەی خۆیانەوەو خەباتی بۆدەکەن نەوەکو سەروەتو سامان‌و پارەکانیان بە جانتا دۆلارەکانیانەوە هەر کاتێک وڵات تێیگیرا ئەمانیش تێبقوچێن!؟ 
لەسەد ساڵی ڕابردوودا تەنها کەسێک کەتوانی یارمەتی هەژاران‌و لێقەومانان بدات لەکاتی گڕانیە گەورەکەدا کەریمی عەلەکە بوو کە بەرەگەز جولەکەبوو نەک کورد! تەنانەت لەکاتی کۆچە گەورەکەی باشوریشدا لە ساڵی ١٩٩١ ، یەکدانە کەسمان نەبینی لەو دەوڵەمەندانەی باشور فەردەیەک برنج بدات بە هەژارێک! لەوەیش سەرگەردانتر ئەوەبوو لەو کۆچە دژوارەی باشوردا کە مناڵو ژن‌و پەکەوتوو پیران بە بەرچاوانی هەموومانەوە دەمردن تەنانەت تەنها کەسێک نەبوو یارمەتیانبدات جگە لە خواو خۆیان! لەو کۆچەدا کەمنداڵانی کورد نەخۆش دەکەوتن تەنانەت پزیشکێکمان نەبینی کە خێمەیەکی خێرخوازی لێبدات بۆ تەنها پشکنینی مناڵانی کورد! ئیتر دەبێت ئێمە چۆن بڕوا بەم دەوڵەمەندە چاوچنۆکانەی کورد بکەیەن لەکاتی لێقەوماندا فریامانکەون یاخود پارەکەیان بخەنەگەڕ بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کورد! 
بیگومانبن دەوڵەتی کورد بە چوار دەوڵەمەندی زەبەلاحی کوردی باشور دروست دەبێت ئەگەر پارەکاناین بخەنەگەڕ بۆ پرۆژەی دەوڵەت! ئەوان دەتوانن بەو پارە دزراوەی باشور کە خۆیانیان پێ دەوڵەمەندکردووە دەتوانن بە دەیان پارێزرەی چاکو بە تواناو دڵسۆزی کورد بگرن تاکو هەرچی مەلەفی لۆزان و سیڤەر هەیە لە قەوانە کۆنەکەی نەوتەوەیەکگرتوکانەوە دەربهێنن‌و زیندووکەنەوە دەتوانن بەو پارەیە سنوقە کۆنەکەی تاپۆی عوسمانێکان‌و ئەتاتورکەکان بکەنەوە لەوێوە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی کورد بدەن! بەڵام ئەوانە دەوڵەمەندی چاوچنۆکن هەرگیز لەواتای خاکو ئاو سەروەری نیشتیمان تێناگەن!. 
سەرمایەداران ئەگەرچی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە هزرو هۆشی تاکەکانی کۆمەڵگە بچوککەنەوە بۆ خاڵی سفر واتە خاڵی خاڵیکردنەوەی بیرکردنەوەیان بوەستێنن لەهەماکتایشدا توانیویانە خزمەتێکیش بە مڕۆڤایەتیبکە! ئەویش بەهۆی ئەو تەکنەلۆجیاو بەرهەمانەی کەبەرهەمیان هێناوە! ئێمە توانیومانە بە هۆی ئەو تەکنەلۆجیا زیرەکانەوە کە بەرهەمی سەرمایەدارانی جیهانە سود لە ژیان‌و پێویستێکانی ژیان ببینینەوە بەوهۆیەوە بتوانین ئاگامان لەم سەدە پڕ لە ساختەکارییەی دووپێکانی دەسەڵات بێت. بەڵام دەسەڵاتداران‌و سەمایەدارانی ئێمە کەڵەگا و مافیائاسا دەوریان بینیوە وەک لەوەی خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن. 
تۆ بۆ ئەوەی لە سیستەمی سەرمایەداری تێبگەیت دەبێت کتێبی سەرمایەی کارل مارکست خوێندبێتەوە تاکو تێبگەیت کە ژیان لەژێر سیستەمی سەرماداریدا چەند بێنرخە کە خودی کۆمۆنیستەکان کتێبی سەرمایەی مارکس بە ئینجلی خۆیان دادەنێنن. بەڵام بە بۆچونی من سەرمایەداران لە سیستەمی سەرمایەداریدا دزیان نەکردووە، گەندەڵیان نەکردووە بەڵکو توانیویانە لەڕێگەی ئەو پارە زۆرەی کە دەستیان کەوتووە وهەیانبووە کرێکاران بە کڕێیەکی کەم لە کارگەکاندا بخەنەگەڕ و زۆربەی ژیانو تەمەنو کاتیان لە کارگەکاندا بەنەسەر! واتە ژیان لای کرێکاران تەنها بەشی کاری کردووە تاکو بژێوویەکانی خۆیانو خێزانیان مسۆگەرکەن! کرێکارێک بۆ ئەوەی ژیانی مسۆگەر بێت دەبوایە زۆربەی کاتەکانی ژیانی لە کارگەکاندا بووایە ئەو کاتە کەمەیشی کە دەمایەوە تەنها بەشی ژەمی نانخواردنیان بوو جگە لەوەیش کارگەکان بەرهەمیان هەبوو کاڵەکانیان و بەرهەمی کارگەکەیان لە بازارەکاندا فرۆشتووە پێویستێکانی خەلکیان پێپرکردۆتەوە بێگومان ئەو بەرهەم‌و کاڵانە بە پارە فرۆشراوە نەک بە خۆڕایی بەسەر خەڵکدا دابەشیکەن. تاکو ئێرە باشە! بەڵام ژیان لە ژێر سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆکە تاکوێ جێی پرسیارو تێگەیشتن‌و چەوساندەوەیە؟ تۆ بۆ ئەوەی وەڵامێکت دەستکەوێت هەمیشە دەبێت لەخۆتەوە دەستپێکەیت! تەنها کەسێک دەتوانێت زەقنەمووت بخاتە ژیانی خێزانێکی بەختەوەرەوو ژیانیان لێتاڵکات! بەهەمان شێوە تەنها کەسێک دەتوانێت وڵاتێک وێرانکات؟ تەنها یەک کەسیش دەتوانێت یەک هەرێم بە خۆیەوە خەریککات وسوکیانکات کە خودی سەرۆکی هەرێمە! 
کۆمەڵگەی تێگەیشتوو تێڕوانیی هەیە بۆ شتەکان بۆ ئەو ڕووداوانەی کە لە داهاتووتدا دەشێت ڕوبدات. بە پێچەوانەوە لە وڵاتەکەی ئێمەدا نە تێڕوانین هەیە نە داهاتوویشمان هەیە وەک نەتەوە و تاک! بەڵکو تاقەتی ئەوەیشی نییە بیری لێکاتەوە! ئەم کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەندە تەمەڵکراوە دەبێت لە پاشەرۆژدا بیکەیت بەدەمییەوە تاکو لەبرسا نەمرێ.! 
 پسپۆران لەسەر واژووەکەی دۆناڵد ترامپ لێکدانەوەی هەیە کە واژۆکەی ترامپ دەشێت ئاماژەی خراپ بگەیەنێت نیشانەیەک بێت بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوە وجیهان! کەچی ئێمە هەرگیز لەوە نەگەیشتن تاکو ئێستاکە بەرزانی ڕۆحی خوێندەواربوو یاخود بێ سەواد بێ ئەلفوبێ سیاسەت؟ تەنها ئەوە ڕێکەوتبوو کە ئەو پیاوەی لە کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەواردا وەک قارچک بۆ هەڵتۆقاندین. ئەنجام کوردایەتی هەمیشە بۆ ئێمەی کورد نەهامەتیوو تێکشکاندنوو نامۆیو دوورەپەرێزی بەخۆیەوە بینیوە، وەک لەوەی کۆمانکاتەوە؟ تێگەیشتن لەم سەرکردەو سیاسەتو کوردایەتیە چیمان پێدەڵێن نەبوونی باشترە وەک لە بوونیان ئەنجامەکەیشی ئەوەیە کە ئەم هەموو ماڵوێرانییە ماڵی کورد زیاتر بێهیواو ڕیسوایکردووین وەک لەوەی هیوایەکمان باتێ بۆ داهاتوومان ئەویش بەهۆی ئەم سەرکردەو دەسەڵاتەی باشورەوە کە هەموومانی نائومێدکرد لە ژیان‌و نیشتیمان! هەرگیز لەوە نەگەیشتن کە کوشتنی کاوەکان، سۆرانەکان، سەردەشتەکان مەرگی هەریەکەمانە بێناز لەسەر شەقامەکان‌و کۆڵانە بێنازەکانی نیشتیمان لەبێدەنگیدا خەڵتانی خوێن بووە؟ تکایە سەیری ئەم لینکە بکە! 
ئێمە لە هەموو شتێکی دەسەڵات تێگەیشتین یاخود دەسەڵات بەئەنقەست دەیویست ئێمە هەرچۆنێک بێت تێگەیەنێت کە دەستگرتن بە كڵاوی بێدەنگییەوە باشترە لەسەرکەشیکردن ئەگیان هیچ شتێک گەرەنتی نییە بۆ هەڵهاتن لەم دۆزەغی دەسەڵاتەدا. کە شەقامەکانمان پڕکرد لە هۆتاف‌و سوکایەتی کردن بە دەسەڵات تاکو لەو ڕێگەیەوە تۆزە ئاهێک بێتەوە بەدەروونماندا!. هیچ کەسێک لەخۆیەوە بەردناگڕێتە پەنجەری ماڵانو شوشەی ژیانیان بشکینی ئەگەر لە پشت ئەو پەنجەرەو شوشانەوە کامێرای چاودێری دانەنرابێت بۆ چاودێریکردن‌و کۆنترۆڵی ژیانی تایبەتی خەڵک! هیچ کەسێک هاوارناکەت ئەگەر کەسێکیتر مافەکانی پێشلنەکرابێت! هیچ کەسێک ئەو هەموو کاتە جوان‌و زێرینەی خۆی هەروا بە خۆرایی بەفیڕۆنادات ئەگەر یەکێک نەهاتبێتە سەر ڕێگای! دەسەڵاتی کورد جگە لەوەی ڕێگرێکبووە لەبەردەم هەموو مافەکانی تاکی کورد بەهەمان شێوەیش ڕێگربووە لەبەردەم کیانێکی سەربەخۆی کوردیشدا! کەس بەو سەرماو گەرمایە نادهێتە سەر شەقامەکانی نیشتیمان ئەگەر دەسەڵات دەمو دەستی کەلەپچە نەکردبێت! ئەگەر ئەم دەسەڵاتە پیاوانی ماقوڵو شیاو دەبوون بۆ شوێنی شیاو کێ لە گوڵ کاڵتریان پێدەگوت؟ کێ هەبوو ئەو هەموو کاتە جوانو بە نرخەی تەمەنی دەکوشت بەدیار شاپڵیتەو سۆپاو کارەباو سەرەی نەوتو غازەوە؟ 
چۆن ئارام دەبیت کە هەموو گیانت ئازارەکانی ئەنفال، کۆچ، بەعس، ئاوارەیی، برسێتی، لێدان، هەڵەبجەو شەنگالی هەڵگرتبێت؟ چۆن ئارام دەبیت کە پشتت ئازارو برینی قامچی پیاوە عەرەبانچیە دڵڕەقەکانی دەسەڵاتی بێت؟ چۆندەتوانیت لەنێوەند ئەم مەزادخانەی جامبازانەدا کە هەموو ڕۆژێک وەک کاڵە مەزاد دەکرێت‌و دەفرۆشێتەوە بە جامبازێکی دڵرەقتر؟ کێ دەڵێت کۆیلەکردنی ئادەمیزادەکان سەردەمو خولی خۆی تەواوکردووە؟ ئەی ئەوەنییە ڕۆژێک کۆیلەی زەردو ڕۆژێکیتر کۆیلەی سەوز؟ ئەی ئەوەنییە هەموو ڕۆژێک لە دووری سەدان، هەزاران میلوو کیلۆمەترەوە زاخاوی هەواڵی دەسەڵات دەچێتە دڵ‌و هەناوتەوە؟ 
 پێـمبێڵین: مرۆڤ چۆندەتوانێت ئارام بێت؟ کەسێکی نۆڕماڵ بێت؟ کە هەر لە دەرگای حەوشەی ماڵیان پێکانی ترازاو تاکو ئەو شوێنەی بۆ دەچیت و دەگەڕێتەوە ماڵەکەت نائومێدی‌و ناحەقی‌‌و نایەکسانی دەبینێت؟ هەر لەدەرگای حەوشەو تاکو جێگەی مەبەست گوێبیستنت پڕە لە ناحەقی پیاوەکانی دەسەڵات و پیاوەکانی سیاسەت؟ هەر لە مناڵێکی شەش ساڵانەوە تاکو پیرو پەکەوتۆکەی نیشتیمان! هەر لە خوێنکارو مامۆستاو دکتۆرو بۆیاخچیو دوکاندارەکان جنێو بەم دەسەڵاتە دەدەن! مرۆڤ چۆندەتوانێت کەسێکی نۆرماڵ دەرچێت؟ چۆن؟ چۆندەتوانیت ئارام ببیتەوە کەئەم دەسەڵاتە بێقیمەتە وای لە تاکی کورد کردووە تف لە پێناسوو شوناسی خۆیکات؟ چۆندەتوانیت ئارام ببیتەوە کە هەر لە شمشێرەکانی علی‌و بکر، کورەکانی حەجاج‌و عوسمان‌و قەعقاو‌و هەتاکو خودی حەلاجەکان خەریکی قەتڵوعامی کوردن! 
 هەر لە ئەردۆغانە ماسۆنێکان‌و ئەخوانێکانی ئیسلام‌و داعشە بەرگ ڕەشەکانی ئیسلام خەریکی کۆیلەکردنو فرۆشتنی ژن‌و کچو ناموسی کوردن! پێمبڵێن چۆن چۆنی ئارام دەبیتەوە لەکاتێکدا هیچ شتێک نرخی نەما بۆ گوتن؟ بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ئاگری دۆزەغەدا دووژمنان، ئیسلامەکان نەیانتوانی سەروەریت داگیرکەن هەمیشە تاکی کورد سەربەرز بوو بەوەی کە کوردە! ئەی ئەوە نییە ئەردۆغانێکان زیندانێکی گەورەیان بۆ براکانی باکور کردووە! قەسابخانەیەکیان بۆ کوردانی باکور خوڵقاندووە بەڵام هەرگیز ناتوانێت سەروەری تاکی کورد داگیرکەن یاخود بیکرێت! تاکی کورد هەمیشە شانازی کردووە بە کوردبوونی خۆیەوە ئەگەر ژیانیش لەژێر دەسەڵاتی دووژمناندا دۆزەغیش بووبێت! بەعس بەو هەموو دڕەندەیی خۆیەوە توانی ئەنفالمانکات، زیندانمانکات، ژەهر پژێنمانکات، بمانکوژێ، بمانگرێ بەڵام هەرگیز نەیتوانی سەروەریمان داگیرکات تاکی کورد شانازیدەکرد بە کورد بوونی خۆیەوە! کەچی لەژێر سێبەری ئەم دەسەڵاتە بێقیمەتە خۆماڵییەدا تاکی کورد حاشای لەکورد بوونی خۆی دەکات! تف لەو گەزە ئاسمانە دەکات و دەموچاوی بۆ دەگرێتەوە! نیشتیمان چۆڵدەکات! ئەم دەسەڵاتە هەرچی کەرامەتی تاکی کورد هەیە خستۆتیە ژێر پێڵاوەکانی ئەتاتورکەکان‌و پەلهەلەوێکان‌و ئاخوندەکانی ئێران! پێمبڵێن تاکی کورد چۆنچۆنی ئارام بێتەوە کە لە دووری سەدان هەزار میلو کیلۆمەترەوە ئەم دەسەڵاتە تۆی بە خۆییەو خەریک کردبێت؟ چۆنچۆنی ئارام بێتەوە؟؟؟؟ ئەم دەسەڵاتە فێری مودێرنو تەکنیکی کوشتن‌و فڕاندن بووە: کە دەتفڕێنن یەکسەر تورەکەیەک دەکاتە سەرتەوە هەتاکو ئەو شوێنەی دەتبەن بەدەیان کەس لە پیکاپەکەی دەسەڵاتدا تێدهەڵدەدەن! بە ئۆتۆمبیل پێشت لیدەگرنو لەپردا ئیستۆپدەکەن تۆیش لە پشتەوە لێیاندەدەیت یەکسەر دادەبەزن‌و یەک فیشکە لەسەر دەماقاڵی لێدانی هاتۆچۆی ترافیکی ئۆتۆمبیلەکان دەنینن بە سەرتەوە! دهێن چەن شەلاتێکیت دوادەخەن‌و لەسەر ڕێگەدا شانت لێدەدەن ئیهانەت دەکەن ئەنجامەکەی دەمەقاڵی شەرە چەقۆ لەدوایدا بە شەقۆی شەلاتییەک دەتکوژن! ئافرەتت بۆ دەنێرن تاکو ناموست پێبکرن ئیتر چۆندەتوانی ئارام لەژێر سایەیی ئەم دەسەڵاتەدا ژیان بەریتەسەر چۆنچۆنی؟
چووینە سەنگەرەکانی جەنگەوە
دەستێکمان بە چەکەوەو دەستەکەی ترمان بە سنگەوە
لەبەرەکانی جەنگدا بە پێوە شەڕماندەکرد
لەسەر وتەکانی سەرۆک خۆمان دەدا بە کوشت
بە پارچەیەک پەڕۆ پارتی بووین
بە هوتافێک یەکێتی 
چاوەکانمان شینکرد
لەمیمبەری مزگەوتەکانەوە
هاوارماندەکرد بژی دیموکراسی
لەسەر سەکۆی دیموکراسییەوە
دەمانقیژاند ئەللەوئەکبەر
لەسەر برسێتی کۆڵانەکاندا
چاومان دەنوقاند
کەدەستیان دڕێژکرد بۆ..
ئێمە تەوقەمان لەگەڵکردن
ئێمە لەژێر تاقیکردنەوەی دەسەڵاتدا بووین
تاکو ڕۆژمان گەیشتە ئەمڕۆکە
هەموو شتێکمان هەبوو
بەس غیرەتمان نەبوو
هیچ شتێکیان نەبوو
بێجگە لە جووتێک پێڵاوی لاسیک و دڕۆ نەبێت
هەموو شتێکمان هەبوو
بەس غیرەتمان نەبوو
هەمیشە چاوەڕوانی کەسێک بووین
کەدەستی دۆڕاندمانی پێبسرین!
هەمیشە لەچاوەڕوانی کەسێکدا
ئێمە خەونمان بە ئازادییەوە دەبینی
بەڵام ژیان خۆی دۆزەغێکبوو
دووپێکان خوڵقاندبوویان
حەزماندەکرد یەکێک خەبەرمانکاتەوە
خەونمان قوڵبوو
گیرفانیان قووڵبوو
ماڵمان هەبوو
کوخێکیشیان نەبوو
هەموو شتێکمان هەبوو
تەنها غیرەتمان نەبوو
کە دەکوژراین دەمانگوت 
خەتای خۆیی بوو بۆ دەمی دانەخست
دەمدڕێژی زۆردەکرد
ئێمە لەسەر دەمدڕێژیەک یەکتری قڕدەکەین
بەڵام غیرەتمان نەبوو
ئەو هەموو دەمدڕێژییەی دەسەڵات
غیرەتێکمان بداێتی بۆ سەروەری!
ئەم دەسەڵاتە بێقیمەتە
سەری دەشکانین
بە مناڵەکانی خۆی دەگوت
کە چوونە دەرەوە مۆرەیان لێکەن
بە فەڕاشەکانی دەگوت:
کەهاتن بڵێن کۆبوونەوەیان هەیە
دەرگاکانیان هەمیشە بۆ میینە واڵابوو
چونکە ئیسمی لەطیف بوون
ئەگینا وەکوتر ناقس عەقڵبوون
کە تورکە قەردەشەکان بەبێ ڤیزە خۆیانکرد بە کەرکوکدا
ئیتر بە بێ تەزکێیەی پارتی‌و یەکێتی ژیان مەحاڵبوو
کە چاڵیان بەدووی ئەم نیشتیمانەدا لێدا
ئێمە سەرقاڵی کڕینی مودێرلی ئۆتۆمبیلەکان بووین لە پەرلەمان
من دەرکرام
ئەو دەرنەکرا
من بێ موچە بووم
ئەو ئێستاکەیش هی خۆی وەدەگرێت
ئەو دەڕواتەوە سەرکار
من ئیتر دەبێت بیخولێنمەوەو
دووژمنێکیشم بۆخۆم زیادکرد
ئیتر ئەو گەورەو
من سەپان
ئەو بلیمەت
من نەزان
ئەو بەئەدەب
من بێ سەواد
ئیتر ئەو وەک هەموو ئەوەکان
منیش وەک خۆم وەک هەموو خۆمەکان
ئەم دەسەڵاتە!
لەباتی هێمنمانکاتەوە زیاتر توورەیکردین
ئەم دەسەڵاتە !
لەجیاتی ئەنفالمان ساڕێژکات
زیاتر ئەنفالیکردن
ئەم دەسەڵاتە !
خاوەنی سێ کارەساتی گەورەیە!
یەکەم: ئەنفال
دووەم: هەڵەبجە
سێیەم: شەنگال
سێ بە سێ تەڵاقیداوین 
کەچی ئێمە دەستبەرداری نابین!
نەئەوەتا مارەییو هەژدەکیمان وەرگرینەوە
نەئەوەتا دەستبەرداریشبین
هەروەک چۆن ئەو دەستبەرداری دووژمن نابێت
ئێمەیش دەستبەرداری ئەو نابین!
ئەو بێ دووژمن نابێت
ئێمەیش بێ ئەو نابین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە