پۆست نەوشیروان مستەفا

Friday, 26/05/2017, 21:59

5235 بینراوە


ئەگەر گۆڕان و گۆڕانخوازن پێیان وابێت لەسەر کلتوور و هزری نەوشیروان مستەفا درێژە بەخەبات بدەن، ئەوا پێیان ئەڵێین؛سفر هیچ بەدەستەوە.
 بە بڕوای من دوو خوێندنە لە سەر قۆناغی پۆست نەوشیروان هەیە: یەکەمیان ئەوەیە، کە بزووتنەوەی گۆڕان لە بزووتنەوەیەکی جەماوەرییەوە دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی وەك پارتی و یەکێتی، گونجاوتر و باشتر ئەگەر ناوی لێبنێین قۆناغی بەرەو بە کۆمپیانیابوون. واتە هەروەك چۆن پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان و ئەوانی تریش لەژێر چەتری سیاسەتدا تەنها بازرگانی دەکەن، بەهەمان شێوەش گۆڕان  وەك دەستە خوشکەکانی هەمان ڕێچکە دەگرێتە بەرو ئەکەوێتە ژێر هەژموونی پارتی و یەکیتیی، وەك مارکەیەکی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ باروو دۆخەکەدا دەکات.
دیارە بۆ ئەوەی گۆڕان وەك پارتی و یەکێتی بێت و لاسایی ئەوان بکاتەوە پێویستە زەمینەی بۆ بڕەخسێنرێت، ئەمەش لانی کەم بە بێ بەشداریکردنی یەکێک لە مناڵەکانی نەوشیروان نابێتە دەرکەوتە (واقیع)، بۆ ئەوەش، کە کارئاسانی بۆ ئەم کارە بکرێ، دەبێت هەریەك لە یەکێتی و پارتی بەپێی قورسایی خۆیان، ئەم ئەرکەی سەرشانیان جێبەجێ بکەن. بۆ نمونە ئەوەتا یەکێتی هەر زوو گەرماو گەرم هێرو و لاهور و شاناز دەهۆڵی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی دەباشانیان لێدا و ئامادەییان نیشان دا بەوەی پێویستە لە زووترین کاتدا هەوڵی واژوو کردنی بدەنەوە و بەپراکیتك جێبەجێی بکەن. بەهەمان شێوە پارتیش لەڕێگای سکرتێرەکەیانەوە (فازیل میرانی) زۆر بە ڕاشکاوانە بە مناڵەکانی نەوشیروانی ووت کە وەك (مام) یان پشتگیریان ئەکات. هەڵبەتە پارتی ئامادەیی هەیە لەداهاتوودا هەموو جۆرە سەپۆرتێکی مناڵەکانی نەوشیروان بکات بۆ ئەوەی ناو و کلتووری نەوشیروان نەفەوتێ و هەر بە زوویی شوێنی بگرێنەوە، کە ئەمەش گەلێک پێویستە بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ و هەریەك لەو دوو بنەماڵەیەش درێژە بە فەرمانڕوایی خۆیان بدەن. بۆیە بە بۆچوونی من لەماوەیەکی کەمدا کوڕێکی نەوشیروان دێتە گۆڕەپانەکە و ئەو پرۆژەیە دێتە جێبەجێکردن. نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێ کەوا کوردستانی باشوور بەرگێکی بنەماڵەیی پۆشیوە و ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەی برایم ئەحمەد و تاڵەبانی و بارزانی دایان کووتابێت، ئەوا بنەماڵەیەکی تریش بەڕێوەیە و تەواوکەریی ئەوان ئەبێ.
دووەمینیان خۆی لە ڕێکخەری نوێدا ئەبینێتەوە کە جێگری نەوشیروان مستەفا بێ.وەك باس دەکرێ (مامۆستا جەمال محەمەد) پێشنیار کراوە ئەو پۆستە وەربگرێ.بە بڕوای من ئەم پێشنیارە گەر ڕاست بێ و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا ئەبیتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی گۆڕان و ناوچەکە.ئەم پێشنیارە دەبێتە هۆی بەهێزی و کاریگەریی گەورە بۆ بزووتنەوەکە، دواتریش بۆ بەرقەراربوونی دیموکراسی و ئەو پەیامانەی، کە گۆڕان هەڵگری بوون.ئەگەر گۆڕانخوازن پشتگیری لەم هەنگاوە بکەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن بۆ خۆیان مسۆگەر ئەکەن.پێشەکی مامۆستا جەمال محەمەد خاوەنی سێ خەسڵەتی گەلێک مەزنە کە وای لێ دەکات کاندیدی باشی ئەم بزووتنەوەیە بێت و بەرەو کەناری سەرکەوتنی ببات.من مامۆستا جەمال لە نزیکەوە دەناسم و ڕۆژانێك فەرماندەم بووە.ئەو کەسایەتیەی ئەم کابرایە هەیەتی وای لێ دەکات، کە بەڕاستی سەرکردەیەکی باش بێ.مامۆستا جەمال یەکەم کەسێکی زۆر کوردپەروەرە، دووەم کەسێکی گەلێ ووردبێن و هێمن و ووریایە، سێیەم کەسێکی سەربازیی و سەرکردەیەکی پاك و ئازایە.ئەمە جگە لەوەی تا سەر ئیسقان دژی بنەماڵەی بارزانیە.ئەمە سەرباری ئەوەی کەسێکی خوێندەوار و زرنگە.
بەبۆچوونی من گەلێک ئەستەمە ئەم هاوکێشەیە لەبەرئەوەی هەریەك لە یەکێتی و پارتی زۆر بەتووندی دژی مامۆستا جەمالن.ئەوان بۆ ئەوەی بەرژەوەندییان پارێزراو بێت و درێژە بە کەڵەگایی خۆیان بدەن و دزیی و فەرهوود بکەنە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان، ئەوا بەیارمەتی ئیسلامییەکان و ئەوانی تریش هەوڵ ئەدەن، تا مامۆستا جەمال نەکرێتە ڕێکخەری نوێ.حەتمەن جگە لە پارتی و یەکێتی، هەر لەناو گۆڕان خۆیاندا بڕوا ناکەم کەسانێک هەن هەوڵ دەدەن ئەو کارە ڕوو نەدات، بۆیه بەداخەوە وای بۆ ئەچم (هیوام وایە هەڵەبم) پەنا ببرێتە بەر پێشنیاری تر.ئەگەر بێتو مامۆستا جەمال نەکرێتە ڕێکخەری نوێ، ئەوا گرەتنی هەیە بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵای پایز زووتر و خێراتر دەوەرێت و کەسیان بە دەورەوە نامێنێ.هەروەك چۆن پاسۆکی هەشتاکان بەمەنجەڵی یاپراخ ڕایی دەکران، ئەوا بێ شك گۆڕان بە پیتزایەکی میدیەم لێشیان زیاد ئەبێ.
بابەتی دواتر(لەمەڕ ڕەخنەکانتان لەسەر بابەتی پێشوو)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە