گاندی: (ئەگەر بوێریی ئەوەت نییە قسەی حەق بکەیت، چەپڵەش بۆ کەسانێک لێ مەدە کە قسەی ناحەق دەکەن)


چیا و نما،تێکەڵ کردنی خوێنی تازە و کۆن!

Wednesday, 07.26.2017, 3:57

5979 بینراوە


لە باشووری کوردستان دا مودیلی "دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان"  لە نێو حزب و بزوتنەوە سیاسییە کوردییەکاندا ڕەگێکی مێژووی هەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی سەڕەکیی لە باشووردا لە سەرەتای ساڵی شەستەکاندا جڵەوی جوڵانەوەی کوردیی لەژێر دەستتدا بووە. ئەو پارتە هەر لە سەرەتاوە بە ئاشکرا کاری بۆ ئەوە کردوە کە سەرکرداییەتی حزب و جوڵانەوەی سیاسیی کورد بە بنەماڵە بکرێت. ئەم دیاردەیە لە قۆناغی شاخ و شاردا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

هەر ئەندامێکی  پارتی کە لە سەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی جیابووبێتەوە و تەیار و پارتی تری دروست کردبێت، ئەو دیاردەیەی وەک خاڵێکی بەهێز دژ بە سەرانی پارتی بەکارهێناوە، بەڵام لە ناخیدا بەهەمان عەقڵییەت بڕوا بوون بە "مۆدیلی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان" کاری کردوە.  بێ گومان ئەم جۆرە بڕوایە لە هیچەوە هەڵنەقوڵاوە بەڵکو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو کەسانەی جیابوونەتەوە خۆیان پەروەردەی قوتابخانەی بارزانی بوونە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و لە نزیکەوە مامەڵەیان لەگەڵ بارزانی کردوە کە لە ئەنجامدا کەسایەتیی بارزانیی و جۆری بیرکردنەوەو شێوەی کار کردنی کاردانەوەی لەسەر کەسایەتییان بەجێهێشتووە. 

لە جیابوونەوەکاندا کۆمەڵیک کەس لەگەڵ باڵێک کەوتوون و پشتیوانیان  لە  سەرکردەیەکی دیاریکراو کردوە و لە ساڵی  ١٩٦٤دا و بوون بە جاش لە ساڵی ١٩٦٦دا. بەهەمان شیوە ئەو کەسانەش پەروەردەی هەمان قوتابخانە بوونە و ئیلتیزامیی ئەخلاقیی و سیاسییان بە سەڕۆکە تازەکەی خۆیان هەبووە، کە لە ئەنجامدا کاردانەوەی هەبووە لە سەر دروست کردنی جۆر و شێوەی تەیاراتی تری سیاسیی بگرە لە دروستکردنی یەکێتی، حزبی سۆشیالیت، هێڵی گشتی، شۆڕشگێران، ئاڵای شۆڕش، کۆمەڵەی رەنجدەران و تا دەگات بە بزوتنەوەی گۆڕان و دەیان حزب و پارتی تر.
میللەتی کورد، دەبێت دەرک بەوە بکات، سەرانی ئەو پارتانە هیچ کامێکیان پەروەردەی ژێر دەستی "سوقرات و ئەفلاتون" نین، وە "تووتییەکانی" سەرانی ئەو پارتانەش بەهەمان شێوە خاوەن هیچ بنەماییەکای فیکریی، فەلسەفیی و ئەخلاقیی نین بەدەر لە فکر و ئەخلاقیاتی سەرانی پارتەکانیان. کێشەکە لێرەدایە کە پەروەردەی تەندروست سەرکردەی دڵسۆز و بە توانا بەرهەم دەهێنێت، پەروەردەی ناتەندروست سەرکردەی بەرژەوەندیی پەرست و بودەڵە و ڕاڕا بەرهەم دەهێنێت کە یاری بە هەستی خەڵک دەکات و سادەیی جەماوەر بەکاردەهێنێت، ئاڕاستەی شۆڕش و بزوتنەوەکان بەرەو هەڵدێر دەبات! ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە باشووری کوردستان دوای سەد ساڵ لە خەبات و تێکۆشان نەگەیەوە بە هیچ و مۆدێلێ "دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان" رۆژ لە دوای رۆژ دا لە پەڕەسەندنندایە!

توتی سەرانی پارتەکانی باشوور بۆ هەڵخەڵەتاندنی زۆرینەی سادەی میللەتی کورد لە باشوور، چەکی دەستییان کۆمەڵێک لە نووسراو و تێکستە دەربارەی سەربەخۆیی کوردستان، کێشەی کەرکوک، حوکمی پەرلەمانی، خەباتی مەدەنی و سەروەری یاسا و گەلێک بابەتی تر کە سەرانی پارتەکان لە دوای خۆیان بەجێیانهێشتووە. باشە پرسیار ئەوەیە کە ئەو هەموو تێکستە نووسراوە بۆ نەخراوەتە بواری جێبەبەجێ کردن، لە کاتێکدا کە ئەوان دەسەڵاتیان هەبووە و لە ژیانندا مابوون و یان زمانیان نەشکابوو!  لە سەر دەستی ئەوان، ئەمڕۆ کورد سێ بەشی خاک و ئەرزی کوردستانی لە دەستداوە، بوون بە عیراقی پلە یەک و خۆیان لێ هەڵکرد بەشدار بوون لە نووسینەوەی دەستوری عیراقی و بینا کردنەوەی عیراقێکی کاول بوو! هەموویان پێکەوە دەستیان نا دەستی یەکتر و پشتیان لە دەنگی ناڕەزایی شەقام کرد و بوون بە ئەستونی بەهێز کردنی بیناغەی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان، دروستکردنی پەرلەمانێکی کارتۆنی بێ دەسەڵات و دەیان دادوەر و دادگایی ساختە و یاسایی کار پێنەکراو!.

لە مودیلی "دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان" دا  کاتێک کە باسی هێنانە پێشەوەی گەنج دەکەن، مەبەستیان گەنجی نێو پێکهاتەی چینی زەحمەتکێش و خەباتگیر و کوڕە شەهید ی نێو کۆمەڵگەیی کوردیی باشوور نییە. لە نێو پارتی و یەکێتیدا خوێنی نوێ تێکەڵ کراوە بە خوێنی تازە" وە بوار بۆ گەنج رەخساوە بۆ ئەوەی بەشدار بن و پۆستی حکومیی و حزبیی وەربگرن بەڵام ئەو گەنجانە بریتین لە " قوباد و بافڵ و لاهور و نێچیر و مەسرور" !؟

هەڵبژاردن و دەنگدان، لە نێو حزبەکانی باشووردا، دەسەڵات نا بەخشن بە هیچ کاندیدێک! ئەمڕۆ سەرمایە کلیلی دەسەڵاتە، ئەوەی لە نێو حزبدا پارە و دەرامەتی حزبەکەی لایە، ئەوەی گڕێبەستە نەوتییەکانی لە ژێر دەستتدایە، ئەوەی خاوەن ئەرز، کەناڵی زەبەلاح ، شاخ، چیا، گرد و هێزی چەکدارە و چەقۆکێش و لەشکری جنێو فڕۆشە و جاشی ئیران، تورکیا و عیراقە، ئەوە کاندیدی یەکەمە و دەبێت بە بڕیاردەری چارەنووسی حزبکە و بزوتنەوەکە.

هەڵبژاردنی نێو بزوتنەوەی "گۆڕان"، دوای رێکخەری کۆچکردوو، هیچ شتێک ناگٶڕێت، دەسەڵاتەکە لە دەست هەمان کەس دەمێنێت کە خاوەن کۆمپانیایی ووشە، گردی زەرگەتە، کەناڵی (کەی. ئێن. ئێن) پارە و دەرامەتی شاراوە و ئاشکرای ئەو بزوتنەوەیەیە.

(تێکەڵ کردنی خوێنی تازە و کۆن)، بە پراکتیک کردنی ئەو گوتەیە و جێبەجێ کردنی ئەو وەسیتەی "نەوشێروان مستەفا"، لەلایەن هەندێک لە دەستتەی تازەی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی "گۆڕان"دا لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەنگاوی بۆ دەهاوێژرێت ئەویش بە هێنانە پێشەوەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا (چیا و نما) کۆتایی دێت کە  وەک خوێنی تازە و  گەنج بە ئاشکرا بە خەڵک دەناسێندرێن و دێنە سەر شانۆی سیاسیی هەرێم!