بۆچی گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم ووڵاتەدا ڕوونادات؟

Tuesday, 15/08/2017, 3:25

3314 بینراوە


کوردستانی گەورە دابەشی چەند پارچەیەک بوو ، بەحوکمی درێژی ئەم دابەشبوون و داگیرکارییە و سیاسەتی دوژمنان لە پارچەکانی کوردستان دا ، جیاوازییەکی گەورەی کلتوری و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و مێژوویی تەنانەت ئەخلاقیش لە نێوان پارچەکان دا دروستبووە ، بە ڕەنگی ڕێژی سیاسەتی داگیرکەران ، خۆرهەڵاتی کوردستان لە ژێر کاریگەری سیاسەت و شارستانیەتی شیعەی ئیسلامی ئێراندایە ، باکوور لە ژێر کاریگەری سیاسەت و شارستانیەتی سوونەی ئیسلامی و سیکۆلاری تورکیادایە ، خۆرئاوا لە ژێرکاریگەری سیاسەت و کەلتوری سوریای شیعەی بەعسی دایە و باشووریش لە ژێرکاریگەری سیاسەت و کەلتوری سوونەی ئیسلامی عەرەبی شۆفێنی و بەعسی و دواجار عەرەبی شیعەی ئیسلامی دایە . لەگەڵ ئەوەشدا باشووری کوردستان کە لە مێژە ناوچەیەکی گەرمی گۆڕانکاری و چەقی ململانی سیاسی و نەتەوەییەکانە ، بەڵام بۆچی گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدا ڕوونادات ؟ لێرەدا چەند خاڵکی جەوهەریمان وەکو هۆکاری بنەڕەتی دەستنیشانکردووە ، کە گرنگترینیان ئەمانەن :
یەکەم . خراپی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردی بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ئیفلیج بوونی تەواوی کایەکانی ژیان و حوکمڕانی لە ماوەی ئەو بیست و پێنج ساڵەی حوکمی کوردیدا . سەدام و حیزبی بەعس بۆ ماوەی سی و پێنج ساڵ حوکمی عێراقیان کرد ، بەڵام لە کوردستاندا بۆ ماوەی شانزە ساڵ حوکمیان کرد ، واتا لە 1976 - 1992 ، بەڵام پارتی و یەکێتی لە 1992 - 2017 واتا تا ئێستا لە حوکمدان ، لە ماوەی ئەو بیست و پێنج ساڵەدا مافیا ئاسا سەرخانی ووڵاتیان نابووت کرد و ژێرخانی ئابووری ووڵاتیان بەتاڵان برد .
دووەم . نەبوونی کەسایەتیەکی کاریزمایی کوردستانی ڕابردوو پاک ، و خاوەن پڕۆژەی ستراتیجی نەتەوەیی بۆ داهاتوو . واتا ئەو کەسایەتیانەی کە سەرکردەن و بانگەشەی سەرکردەیی دەکەن کەسانی ناوچەیی ، و لێنەهاتووی حیزب ، و گرێدراوی دەرەکین . کەسایەتیەک یان پارتێک کە لە باشوور دەردەکەوێت ، بەحوکمی دابەشبوونی جوگرافیای سیاسی و هێزەکان ، ناتوانن ببنە جێگەی متمانەی تەواوی کوردستان ، هەتا ئێستا هیچ سەرکردەیەکمان سەرکردەی کوردستانی نیە ، زۆربەیان سنوری حیزبەکەی خۆیان نەبڕیوە ، یان هەندێ لە سەرکردەکان هێشتا سنوری مزگەوتیان تەجاوز نەکردوە ، بەشێکیان هێشتا خۆیان لە سنوری شارێک دەرباز نەکردوە ، بە نموونە سلێمانی کە چەقی ململانێ و گۆڕانکارییەکانە ، دەرکەوتنی پارتێک یا کەسایەتیەک لە سلێمانی نابێنە هێز یان کەسایەتیەکی گشتی کۆی باشوری کوردستان ، ئەمە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە ، واتا هێزێک یا کەسایەتیەکی هەولێر یان دهۆک هەژموون و نفوسیان هەرگیز ناگاتە سلێمانی . لە وەها بارو دۆخێکدا لایەنی دەسەڵاتدار لە پایتەخت لە ڕێگەی لەمپەرە یاسایی و کارگێڕی و خزمەت گوزارییەکانەوە ، یان بە واتایەکی دیکە لە ڕێگەی دەسەڵاتی یەکەم و جێبەجێکردن و وەزارەتە سیادییەکانەوە کۆسپ و ئاستەنگی بۆ بانگەشەکارانی گۆڕانکار و چاکسازی دروست دەکات ،و تا دواجار بێ کاریگەر و بچوکی دەکەنەوە ، یان شکستی پێدەهێنن .
سێیەم . دابڕانی کلتوری و ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان زۆنی سەوز و زەرد دا دروست بووە ، کە ئەمەش پێشینەیەکی مێژوویی هەیە و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی و دواتر سەردەمی ئیمپریالیزمی و دابەشکاری کوردستان و پاشان دەسەڵاتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق ، کە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کەسایەتیەک لە یەکێک لەم زۆنەدا دەرکەوێت ، هاووڵاتی زۆنەکەی دیکە متمانەی پێنەکات . ئیدی ململانێکە هەر لە یەک زۆندا دەمێنێتەوە ، و خەڵکی ئەو زۆنەش زۆرترین باج و قوربانی دەدەن .
چوارەم . یەکێک لە هەر سیفەتە خراپەکانی کورد نەبوونی سیفەتی بەردەوامی و پشوو درێژییە ، لە بەجێگەیاندنی کار و پڕۆژەکانی دا . هۆکاری پاشکەوتن و زیاتر بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و تاڵانی و چەقبەستوویی قەزیەکەیەتی ، بەواتای نائومێدی و بەردەوام نەبوون لەسەر یەک سروشت و ئامانج و بەرنامە ، هەر ئەوەندەی ئەو کەسایەتیە یان ئەو پارتەی بانگەشەی چاکسازی و گۆڕانکار و دواتر ئاواکردنی سیستەمێکی دیموکراتی دەکات ، نەیتوانی پیلانەکانی لایەنی دەسەڵات پووچەڵ بکاتەوە و بە پشوو درێژی بەرگەی سەخت و قەیرانەکان بگرێت ، ئیدی یان ماندوو دەبێت ، یان پاشگەز دەبێتەوە ، و دەچێتە قاڵبی پارتی دەسەڵاتدارەوە ، و بە هەندێک ئیمتیاز قایل دەبێت .
پێنجەم . کۆی کورد خاوەن باوەڕییەکین کە دابەشبوون و پارچەبوون و ژێر دەستەیی بۆتە قەدەرمان ، لە باشووری کوردستانیش خاوەن باوەڕییەکین کە دەسەڵاتداریەتی پارتی و یەکێتی قەدەرمانە و هیچ ڕێگەیەکی سیاسی و مەدەنی و دیموکراسی و ئەنجامدانی ڕێکەوتننامە و دروستکردنی هاوپەیمانیەتی و تەنانەت شۆڕشیش ناتوانێت گۆڕانکاری ڕووبدات ، هەر ئەمەش بۆتە هۆی بێ دەنگی و ڕازیبوون بە هەموو ئەو قەیران و نادادییانەی لە باشوری کوردستاندا هەیە .
شەشەم . دەزگا سیخوڕی و هەواڵگیرییەکانی ووڵاتانی دراوسێ و ناوچەیی و زلهێزەکان وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە لەم ووڵاتەدا بڵاوبوونەتەوە ، و پارتەکوردییەکانیش گرێدراوی ئەوانن و کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ووڵاتان دەکەن ، و دواتریش کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی خۆیان دەکەن بە پاڵپشتی دەزگا سیخوڕییەکانی دنیا .
حەوتەم . دیموکراسی و نەوت . لەڕوانگەی سیاسی و ئازادی سیاسییەوە دەسەڵاتی کوردی پێش ئەوەی ببێتە خاوەن نەوت و وزە لەگەڵ ئێستای خاوەن نەوت و وزە دا جیاوازییەکی گەورەی هەیە ، لە چەند ساڵی ڕابردوو دا چەند یاسایەکی هەڵگری ڕەهەندی ئازادی و مەدەنیان لە بوارەکانی ڕۆژنامەگەری و ئازادی سیاسی و دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتیان لە ئەنجومەنی نیشتیمانییەوە دەکرد ، واتا ئەوکاتە خاوەن نەوت و وزە نەبوون . بەڵام لە ئێستا دا کە ئەو سامانە نیشتیمانییەیان کردووە بە موڵکی شەخسی و حیزبی و بنەماڵەیی ، هەر خودی خۆیان پێشێلی یاساکانی خۆیان دەکەن ، لەڕێگەی پارەی نەوتەوە بوونەتە خاوەن سەرمایەیەکی زەبەلاح و گروپی چەکداری چەتەیی و مافیایی و ڕاگەیاندنی گەورە و هێزی گەورەی پڕ چەک ، کە لە هەر کاتێکدا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبی ، دوور لە هەموو بە هایەکی نەتەوەیی و ئەخلاقی بەکاریدەهێنن . واتا پەیوەندییەکی ناهاوسەنگی ناتەندروست لە نێوان نەوت و دیموکراسیدا هەیە لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی . واتا دەسەڵاتی کوردی لە ڕابردووی بێ نەوتدا نەرمتر بوو بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە بە بەراورد بە ئێستای خاوەن نەوت گەندەڵ و خیانەتکار تر بووە .
هەشتەم . تێکەڵکردنی خاسیەت و سیفەت و ژیانی ڕۆژانەمان بە سیاسەت و کێشە نەتەوایەتیەکەمان ، وەکو خۆشباوەڕی و دڵسافی و میهرەبانی و کینە لە دڵی ..... تاد . سیفەتی خۆشباوەڕی و دڵسافی زەبری کوشندەی لە کورد داوە لە باشوری کوردستان ، هەر لە ڕووخاندنی ڕژێمی پاشنیەتیەوە تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان . کاتێک ڕژێمی پاشایەتی لە لایەن کودەتای ئەفسەرە ئازادیخوازەکان بە سەرکردایەتی عبدولکەریم قاسم ڕووخا لە 14 تموزی 1958 و ڕژێمی کۆماری دامەزرا ، ئیدی سەرکردایەتی ئەو کاتی کورد بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا لە یەکێتی سۆڤیەتەوە گەڕایەوە عێراق ، و کەوتە ڕێکەوتن لەگەڵ عبدولکەریم قاسم و جێبەجێکردنی تەواوی داواکانی کورد خرایە دەستی عبدولکەریم قاسمەوە ، بەڵام دواجار هیچی لێ سەوزە نەبوو ، کورد وەکو فریشتەی ڕزگارکەری کورد لەو پیاوەی دەڕوانی و ڕژێمی کۆماری بە ڕێگەی بەدیهێنانی مافەکانی و دووبارە نەبوونەوەی داگیرکاری و دەستدرێژییەکانی پاشایەتی دەزانی . دوای کودەتای یەکەمی حەرەس قەومیەکان و بەعسیەکان و کودەتایی دووەمی بەعسییەکان بۆ جارێکی دیکە کورد بە سیفەتی خۆشباوەڕی و سیاسەت نەزانی و نەشارەزایی دبلۆماسی ، هەمان هەڵەی ڕابردووی دووبارەکردەوە ، و کەوتە ڕێکەوتن لەگەڵ عەبدول سەلام عارف و عەبدول ڕەحمان عارفی برا و دواتر ئەحمەد حەسەن بەکر ، و دواتر ڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد و واژۆکردنی بەیانی 11 ئازاری 1970 لێکەوتەوە ، کە تەنیا کات کوشتن و خۆڕێکخستنەوەی بەغداد بوو ، پاشان هەر لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی سەدام حوسێن ئیدی کورد بۆ جاری چەندەم هەڵەکەی دووبارە کردەوە ، و ( ی . ن . ک ) دەستی کردەوە بە دانوستان و گفتوگۆ بێ ڕەچاوکردنی ئەزموونی ڕابردوو ، ئەمە لە کاتێکدا ئامانجی سەدام ڕاکێشانی کورد بوو بەلای خۆیدا تاکو لە جەنگی لەگەڵ ئێراندا بەکاریبهێنێت ، و بەرەیەکی دیکەی جەنگی لەگەڵ کورد دا بۆ دروست نەبێت ، بەڵام دواتر بەڵێنەکانی بەعس و سەدام ئەنفال و کیمیاباران و بەعساندن و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و داگیرکردن و کاولکردنی کوردستانی لێکەوتەوە ، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام و بەعس لە 2003 دا لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە ، کورد دەستی کردەوە بە بیناکردن و ڕێکخستنەوەی عێراق ، و دواجار داوای ماف کردنەوە لە حکومەتی شیعە ، تەنانەت سەرکردایەتی کورد گوێیان بە دەنگی گەل نەدا لە ڕیفراندۆمەکەی 2005 دا کە لە ٪98 خەڵک لەگەڵ جیابوونەوە بوون لە عێراق ، و سەرکردایەتی کورد بانگەشەی مانەوە لەگەڵ عێراق و پاراستنی یەکپارچەیی عێراقیان دەکرد ، لە پێناو ئیمتیازاتی شەخسی و حیزب دا ، دواتر حکومەتی عێراق بەسەرکردایەتی نوری مالکی لە تەواوی بەڵێنەکانی هەر وەکو ڕابردوو پاشگەز بوویەوە ، تا گەیشتە بڕینی ٪17 بوودجەی هەرێم ، دوای مالیکیش ، کورد بە سیفەتی خۆشباوەڕی کەوتەوە متمانەدا بە حەیدەر عەبادی . واتا کورد هەرگیز سوودی لەو بۆشاییە سیاسیانە و نەمانی حکومەت لە عێراقدا وەرنەگرتوە ، بە قازانجی مەسەلە نەتەوەییەکان ، کە بە هۆی کودەتا و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەوە لە عێراقدا ڕوویداوە بە هەر ڕێگەیەک بێت ، بەڵکو هەمیشە هەوڵی ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی حکومەتی عێراقی داوە ، هەمان ئەزموونی خۆشباوەڕی و متمانە بەخشینیشمان لەگەڵ ئێران هەیە ، هەر لە پشت بەستنی سەرکردایەتی کورد بە ئێران لە ساڵی 1975 و دواتر ئاشبەتاڵەکە ، تا دەگاتە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە 16/3/1988 . هەرگیز مێژوو بۆ ئێمەی کورد نەبۆتە وانەیەک بۆ سوود وەرگرتن لە ڕابردوو ، تا بە دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکانمان ببووینایەتە خاوەن قەوارەیەکی خاوەن سەروەری بەهێز لە ناوچەکەدا ، سەرکردەیەکی کوردستانی کاریزمامان نەبووە ، بەسوود وەرگرتن لەم ئەزموونە تاڵە گۆڕانکاری بنەڕەتی بخوڵقێنێت . ئەمە جگە لەوەی سەرکردەکانمان لە ناوخۆدا بە کینە لە دڵی لەگەڵ یەکتر و شار و ناوچەکاندا سیاسەت دەکەن ، تەنانەت سەرکردەمان هەیە بوونی شارێکی وەکو سلێمانی بە خاڵی لاوازی خۆی دەزانێت ، ئەم کینە لە دڵییە لە دوای قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕوونی دیارە ، و لای هەر کەسێک ڕووداوێکی بەڵگە نەویستە .
نۆیەم . نەبوونی سیستەمێکی دیموکراسی ڕێگرە لە دروستبوونی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە باشووری کوردستان . چونکە گەر سیستەمێک نەبێت کە ڕێگە بە دەستاودەست کردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بدات ، و پۆست و پلە تێیدا ئامانج خزمەتکردن و دانانی کەسی شیاو نەبێت لە شوێنی شیاو ئەوە گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست نابێت . لە سیستەمی بنەماڵەیی خێڵەکی باشوور دا ، گەندەڵی و تاڵانی و مافیایی ڕێگە لە گۆڕانکاری مەدەنی بنەڕەتی دەگرێت ، و گۆڕانکاری سەربازیش بەسوریابوونی کوردستانی لێدەکەوێتەوە ، بە حوکمی سروشتی دەسەڵاتی کوردی و هەڵکەوتەی جوگرافیای باشووری کوردستان .
دەیەم : کورد تاکو ئێستاش نەبۆتە خاوەن فەلسەفەیەکی پەروەردەیی سیاسی کە هەڵقوڵاوی کەلتور و جوگرافی و ژینگەی کۆمەڵگاکەی بێت ، کە بەهۆیەوە کادیری سیاسی سەرکەوتوو دروست بێت ، ئەمە جگە لەوەی سەرکردەی پارتەکان و جوڵانەوەکانیش هەمیشە ڕێگربوونە لە دروستبوونی کادێری دیکەی لێهاتوو ، تاکو دوای سەرکردەکە کادیرەکانی دیکە درێژەپێدەر و پتەوکار و نوێکاری جوڵانەوە و پارت و کۆمەڵگاکەیان بن . ئەمە جگە لەوەی خاوەن سەرکردەی کاریزما نین کە بنەمای دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە جێگیر بکات لە ناو جوڵانەوە و پارت و حکومەت و دەوڵەتداریدا بە هاوشێوەی جۆرج واشنتن لە ئەمریکا و غاندی لە هندستان و ماندێلا لە باشوری ئەفریقا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە