ئەوەی بۆ ئەوانتان کرد

Thursday, 04/05/2017, 16:52

2997 بینراوە


هەمیشە ڕەخنە لە مێژوو دەگرین ، کە نەمانتوانیەوە لەسەر خاکی خۆمان ژێردەستە نەبین ، خاوەنی خۆمان بین ، هێزێکی کاریگەر و یەک پارچە نەبووین لە ڕابردوو دا ، دابەش و خیانەتکار و بێ هێز و دواکەوتووبووین ، بەڵام لە سەدەی بست و بە تایبەت لە حەفتاکانی سەدەی بست بەدواوە و ئەم سەرەتاییەی سەدەی بیست و یەک هێزەکانمان ئەوەندە خیانەتیان کردووە کە بەر نەفرەتی نەوەکانی داهاتوو دەکەوین ، و ئەوانیش گیرۆدەی ئەم خیانەتانە دەبن و کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم خەبات و ئامانجیان دا دروست دەبێت و لە ناو بازنەیەکی بەتاڵ دا دەسوڕێنەوە و ئێستای ئێمە کە دەبێتە ڕابردووی ئەوان بێ بەرهەمیان دەکات .
هەمیشە دەڵێن بۆچی کوردستانی گەورە پارچە پارچە بوو ؟ بۆچی ژێر دەستەیی و پارچە پارچە بوونمان ئەوەندە درێژەی کێشا ؟ بۆ نەبووینە هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا ؟ بۆچی بەسەر بەرەی سونە و شیعە دا دابەش بووین و لە ناو ئاوانیشا بۆ بەکرێگیراوی عەرەب و فارس و تورک ؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە لە ڕابردوو ، بەڵام لە ئێستا دا و بە تایبەتی لە دوای کێشەی سوریاوە کورد لە خۆرئاوای کوردستان توانیان سیستمی خۆبەڕێوەبەری بنیاتبنێن و لە باشوریش لە ساڵی نەوەد و دووەوە خاوەن دەسەڵاتی کوردین ، واتا دوو پارچە خاوەن دەسەڵاتی کوردییە ، بەڵام لە باشورەوە هەمیشە بە وەکالەتی تورکیا کێشە بۆ خۆرئاوا دروست دەکرێت ، خیانەت لە دوای خیانەت بە لێدانی خەندەق لە نێوان باشور و ڕۆژئاوا دا ، دروستکردنی گروپر تیرۆستی بە هاوکاری و پشتیوانی تورکیا و ڕەوانەکردنی بۆ ڕۆژئاوا بۆ کاری تیرۆرستی ، جارێکیش سنور بە ڕوویان دا دادەخرێت ، جارێکیش بە پیلان سنور بە ڕوویان دا دەکرێتەوە تاکو هێزی گەنج و خەباتگێڕ لە ڕۆژئاوا نەمێنت بۆ بەرگری کردن ، دواینجاریش دروستکردنی ( هێزی پێشمەرگەر ڕۆژ ) بوو ، بە نیازی ڕەوانەکردنی بۆ خۆرئاوا و کارکردن بە خزمەتی پیلانەکانی تورکیا .
دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە بە پیلانێکی ناوچەی و خیانەتێکی گەورە شەنگال بۆ داعش چۆڵکرا ، تا لەو ڕێگە ستراتیجیەوە گەمارۆیەکی توند بخرێتە سەر خۆرئاوا و دواجار لە ناوبردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری کورد ، و ڕەوانەکردنی نەوتی موسڵ بۆ سەر دەریای سپی ، بەڵام پەکەکە توانی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال ، لە خەڵکی ناوچەکە دروست بکات بۆ بەرگریکردن لە شەنگال ، ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچانەدا بوون ،‌ بەڵام بێ بەرگریکردن هەڵهاتن ، کە ئەمەش هەم خیانەتێکی گەورە بوو ، بووە هۆی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوه ، هەم هەرەسی ئەو ناسیۆنالیستیە بوو کە پارتی و سەرانی بەدرێژایی مێژوویان بانگەشەی بۆ دەکەن .
پارتی لەکاتێکدا پێشتر لە ناوچەکەدا بوو ، بە ناوچەی جێ هەژموونی خۆی دەزانی ، بە خیانەتی لە ناوبردنی ئەزموونی خۆرئاوا بە هاوکاری و وەکالەتی تورکیا ، لە شەنگال هەڵهات ، پەکەکەش بۆ پاراستنی ناوچەکە و ئێزدییەکان هاتە ناوچەکە ، توانیان ڕێگەیەکیش بە ڕووی باشور و عێراق دا بکەنەوە و گەمارۆکەی پارتی و تورکیا تێبشکێنن ، پیلانەکانی سەریان تێک بدەن ، کەچی ئێستا پارتی و سەرانی حوکمەت و هەرێم کە لە بنەماڵەی بارزانین بە بانگەشەی ئەوەی هێزەکانی پاراستنی شەنگال ڕێگرن لە دروست بوونی دەوڵەتی کوردی بە هاوکاری تورکیا ، خیانەتی یەزدان شێر لە بەدرخانیان دووبارە کردەوە بەڵام بە ڕێگەی جیاواز و لە کاتێکی جیاوازدا .
یەزدان شێر بە وەرگرتنی بەڵێن لە تورکە عوسمانیەکان بەوەی دوای نەمانی هەوڵی دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ لەلایەن بەدرخانەوە ، ئەو دەکەنە دەسەڵاتداری ناوچەکه ، لەم پێناوەدا یەزدان شێر خیانەتی لە بەدرخان کرد و بە سوپاکەیەوە چووە پاڵ تورکە عوسمانیەکان و بەدرخانیان لە ناوبرد ، بەڵام دواتر نەک بەڵێنەکەیان لەگەڵ یەزدان شێر جێبەجێنەکرد ئەویشیان لەناوبرد ، ئەوەی یەزدان شێر خیانەتە بە هەر بیانوویەک بێت ، لە ئێستاشدا پارتی بە شێوازێکی دیکە بە پێدانی زانیار و نەخشەی سەربازی ناوچەکە و سیخوریکردن بوونە چاوساغی تورکیا تا بۆردومانی شەنگال بکات ، لەو کاتەدا کە کاربەدەستە تورکیەکان چوونە ناوچەکانی شەنگال . بە بڕوای ئێمە وەکو یەزدان شێر هاوکاری سوپایش دەکەن بۆ تورکیا بۆ زیاتر گەمارۆخستنە سەر شەنگال و ڕۆژئاوا ، و خیانەتێکی گەورەی دیکە بە پێشمەرگە دەکەن و شکۆی دەشکێنن و لە هێزێکی نیشتیمانی بەرگریکارەوە دەیکەن بە هێزێکی بەزیوی خیانەتکار . ئەوەی بۆ ئەوانتان کرد بوە هەرەسی ئەو ناسیۆنالیستەی بانگەشەی سەرخستنی ڕیفراندۆمتان پێدەکرد .
ئەمە لە کاتێکدا سەرانی پارتی بانگەشەی ڕیفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەت دەکەن سیخوڕی بۆ تورکیا دەکەن ، بەڵام حکومەتی بەغداد کە دوژمنە هێزەکانی پاراستنی شەنگال لە هێرشەکانی تورکیا ئاگادار دەکەنەوە تاکو کەمترین زیانی گیان و مادییان هەبێت ، ئەمەیە هەرەسی ناسیۆنالیستی و خیانەت و درۆ گەورەکەی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی !
لەناو ئەو هێزانەدا کە لەسەر هێڵی خیانەتن یەزدان شێر و مەلا ئیدریسی بەدلیسی نابڕێت ، عەلی قەرەداغی ( عەلی ئەستەمبوڵی - عەلی بەدلیسی ) بەقەد ئەو هێزانەی خیانەت دەکەن زەبری کوشندەی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان داوە ، چۆن مەلا ئیدریسی بەدلیسی ڕۆڵی خراپی بینی لە ژێردەستەکردنی کورد بۆ عوسمانی ، عەلی بەدلیسیش بە لێدوان و پاڵپشتی و فتواکانی بۆ ئەردۆغان ، بۆتە بەشێکی گەورە لەم خیانەتانەدا کە لەم ماوەیەدا دژی ڕۆژئاوا و ئێزدییەکان و زیندانیکردنی پەڕلەمانتار و سەرکردەکانی هەدەپە ئەنجامدراوە .
هەتا ڕیفراندۆم لەسەر دەستوری تورکیا لەلایەن ئەردۆغان و ئاکەپە و مەهەپەوە ، هۆکارێکی سەرەکی بەرەو پێشچوونی خەباتی سیاسی و فکری و دبلۆماسی و سەربازی کورد بوو لە باکوری کوردستان ، بەوە کورد توانی لەڕێگەی خەباتی پەڕلەمانیەوە بەربەرستی لە سەدا دە ببڕێت و ببێتە هێزێکی کاریگەر لە ناو پەڕلەماندا بۆ بەرگریکردن لە مافەڕەواکانی کورد لە باکوری کوردستان ، بەڵام ئەردۆغان و ئاکەپە و مەهەپە بە گۆڕینی سیستمی پەڕلەمانی بۆ سەرۆکایەتی لەڕێگەی دەستورەوە ، پەڕلەمانێکی کارتۆنی دروست دەکەن و لەڕێگەی سیستمە سوڵتانیەکەوە کار لەسەر نکۆڵیکردنی کورد دەکەن ، بەڵام ڕێکخستنی گەل و ئیرادە و پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی کورد و خەباتی چەکداری کورد ئەم هەوڵەش بە زیانی ئاکەپە و ڕێمەکەی دەشکێننەوە .
لە کۆتایی دا دەڵێن ئەوە مایەی بەشداریکردن لەم خیانەتەیە بێ هەڵوێستی و بێ ئیرادەیی هێزەکانی دیکەیە کە ناتوانن بە هێزی خیانەتکار بڵێن بوەستە و شەڕی کوردکوشتن بە وەکالەتی تورکیا بەسە . بە تایبەتی ئەو هێزانەی جێ نووسیان سلێمانییە ، سلێمانییەک کە بەدرێژایی مێژووەکەی و بە تایبەتی دوای دامەزراندنی عێراق و لکاندنی وویلایەتی مووسڵ بە شانشینی عێراقەوە تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ شارێکی سەخت و خاوەن ئیرادە و هێزی گەل بوو ، شارێکی سرک و ڕامنە کرابوو ، بەڵام ئێستا چەند گرتەیەکی سێکسی چەند سەرکردەیەک کەلای پارتییە تەحەکوم بە سلێمانی و هەڵوێستەکەیەوە دەکات ، و ڕێگەی لە بەرەو پێشچوونیشی گرتووە ، و بووە بە شارێکی دەستەمۆکراو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە