کورتەیەک لە مێژووی" رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە".(بەشی شەشەم)

Wednesday, 23/08/2017, 21:31

3189 بینراوە


سۆکسە و ڕۆڵی لە یەکگرتنەوەی خوێندکارانی ساڵی ١٩٨٨دا.
پوختەی کۆبوونەوەکانی یەکگرتنەوەی رێکخراو و کۆمەڵە کوردی و کوردستانیەکانی دەرەوەی وڵات لە ساڵی ١٩٨٨ دا:
-----------------------
دەقی هەموو کۆبوونەوەکانی ئامادەکاری تا گرتنی کۆنگرە و پاشتریش وەک خۆی بڵاودەکەمەوە. ئەویش لەبەر گرنگی پرۆسەکە و بۆ ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە بزانرێ چ کارێ بۆ یەکگرتنەوە کراوە و کێ چی کردووە و خەباتی خۆنەویستانەی  سۆکسە بۆ چی بووە و چی بەرهەم هێناوە؟!. پێویستە نرخاندنی وورد و بابەتی بۆ ئەم ڕووداوە، لە مێژووی بزوتنەوەی خوێندکاراندا بکرێ و گەرەکە مێژوووش ئاگاداری ئەم چمکەی خەباتی خوێندکاران بێت، و ڕۆڵی سۆکسە لەم میانەدا، چونکە بایەخی مێژوویی خۆی هەیە.
 بەداخەوە تا ئێستا،وەک پێویست ئاوڕ لەم پرسە گرنگە مێژووییەی یەکگرتنەوەی خوێندکاران نەدراوەتەوە. جگە لەوەی بە کرچوکاڵی و وەک بابەتی سەرەقەڵەم نەبێ باسی نەکراوە. بەڵێ جارجار ئەم مەسەلە گرنگ و هەستیارە لە لایەن چەند کەسێکەوە ئاماژەی سەرپێی پێدراوە. تا ئێستا نە ڕەوانشاد کاک د. کەمال فوئاد، لە وتارەکەیدا "چەند زانیارییەک لەبارەی بزووتنەوەی خوێندکارانی کوردەوە لە هەندەران" رابوون ژمارە١٨/١٩ ـ١٩٩٦ دا و نە کاک نەوزاد ئەحمەد لە کتێبەکەیدا"رۆژنامەگەریی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا و ئەمریکا،١٩٤٩ـ١٩٩١" دا و نە مامۆستا جەمال نەبەز لە کتێبەکەیدا،کە پێشتر ئاماژەمان پێداوە، باسی کۆمەڵە خوێندکارییەکان دەکەن، باسیان لێوە نەکردووە. کە بەداخەوە پرسێکی وا هەستیار و خەباتێکی وا تژی لە شانازی خوێندکارانی نەتەوەیی/ سۆکسە،هەرگیز نابێت، فەرامۆش بکرێ و بە هەند وەرنەگیرێت.
سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێم زۆر جار، باس لە یەکگرتن و یەکخستنی کۆمەڵە و رێکخراوە خوێندکاریی و پیشەییەکان کراوە، بەس دەنگی پەرۆش و جددی کەم بوون، چونکە هەر لایەک بە مەرج و گەز و پێوانەی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لەو پرسەی دەڕوانی و هەنگاوی بۆ دەنا. 
سۆکسە، تاکە ڕێکخراوێک بوو بە شانازییەوە و لەو پەڕی پەرۆشییەوە، وەک پرنسیپ و ئامانج باوەڕی بەم پرسە هەبوو، بۆی تێدەکۆشا و خۆیی و بەرژەوەندییەکانی لەبیر چووبووەوە، لە پێناوی هاتنە دی و  گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزە. لە لاپەڕەکانی دواتردا، ئەم ڕاستییەتان بەرچاو دەکەوێ و بە باوەڕ و هەڵوێستە کردەییەکانمان ئاشنا دەبن و دانپێدانان و گەواهی لایەنەکانی تر دەخوێننەوە، کە چۆن قسە لەسەر هەڵوێستی سۆکسە دەکەن، بەڵێ ئەوە رۆحی کوردانە و باوەڕی بەزر و گەشی نەتەوەییانەی نەگۆڕ و چەسپاوی ئێمە بووە بۆ یەکگرتن. 
   لە کۆبوونەوەیەکی دەستەی باڵای بەرەی کوردستانی لە ناوەوەی وڵاتدا، بڕیاری یەککرتنەوەی هەموو ڕێکخراوە پیشەییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات درا. دوا بەدوای ئەم بڕیارە، داخوازی یەکگرتنەوە، ڕەهەندێکی تری وەرگرت و هەنگاوەکان بەو ئاڕاستەیەدا هەڵدەنران.
ڕاستییەکی تاڵ و تفت ئەوە بوو، بزوتنەوەی خوێندکاران لەدەرەوەی وڵات، لەمێژ بوو،١٩٧٥ ـ ١٩٨٨،واتە ١٢ ساڵ بوو، دووچاریی کەرتکەرتبوون و لێکترازان ببوو. هاوزەمان کۆمەڵێ رێکخراو و کۆمەڵەی نوێش هاتبوونە مەیدانەوە.
سۆکسەش، لە گشت بۆنە و یاد و کۆنگرە و بڵاوکراوەکانیدا، بە جددی جەختی لەسەر یەکگرتن و تەبایی بزوتنەوەی خوێندکاران دەکردەوە و ووزە و توانایەکی زۆری خۆی لە پێناوی ئەم ئامانجەدا بە خەرج دا. دروشم و بانگەواز و سەروتاری بڵاوکراوەکانی هەمیشە داوای یەکگرتن بووە، واتە ڕۆحێکی بەرزی بەرپرسیارێتی هەبوو بۆ ئەم پرسە و ئامادەبوو، هەموو پلە و پایەکان ببەخشێتە هەر لا و کەسێ، بە مەرجێ لەسەر زەمینەی کوردایەتی ئامادەی یەکگرتن و کارکردن بێت. لە مانگی ١/١٩٨٨ دا، واتە پێش کۆنگرەی یەکگرتن، بە نامیلکەیەک: (هەڵوێستمان لەمەڕ یەکخستنی ڕێکخراو و کۆمەڵە خوێندکارییە کوردی و کوردستانییەکانی دەرێی وڵات)سیاسەت و ئامانجی خۆمان بە ڕوون و ئاشکرا خستۆتە بەردەستی هەموو لایەنەکان .
لەم نامیکەدا،جەختمان لەسەر (یەکێتی و یەکخستنی) کۆمەڵە خوێندکارییەکان کردووە. لە ئەگەرێکدا گەر ئەمەش پێکنەهات، وەک ئەلتەرناتیڤێ داوامان کردووە(بەرەیەکی خوێندکاریی) یاخود (کۆمیتەی هاوبەش) پێک بهێنرێ. لەم ڕووەوە وەک سۆکسە، ئامادەکی خۆمان لە پێناوی یەکریزیی خوێندکارانی کورد دا، لەسەر زەمینەیەکی کوردانەی تەندروست و مەحکەم، بۆ تێکەڵبوون و خۆ تواندنەوە،بە سوودی کوردایەتی ڕاگەیاندووە. 
ئەوە بوو سەروەختێ پەرۆشی جددی یەکگرتنەوەی خوێندکاران هاتەپێشەوە، دەست کرا بە کۆبوونەوە و ئامادەکاریی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. سۆکسە بەبێ هیچ دوو دڵییەک بەگەرمی پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و کاری گەورەی بۆ هێنانەدی و گەیشتن بە  وێستگەی یەکگرتن ئەنجام دا.
پێش ئەم هەوڵەش، لە سەرەتای هەشتاکاندا، لەگەڵ برایانی  یۆکسی دا، هەوڵەکانی یەکگرتنمان زۆری لێک نزیک کردینەوە و گەشتینە دوا قۆناخەکانی یەکگرتن، ئیدی لەبەر هەندێ بۆچوون و باوەڕ، کارەکە بە ئەنجام نەگەشت. ئەوان باوەڕیان بەو بەشەی کورد و کوردستان لە شوورەوی نەبوو، سۆکسەش لە ڕووی مێژوویی و نەتەوەیی نەیدەتوانی ئەم بۆچوونە ناڕاستە بسەلمێنێ.
هاوکات،گەرەکە ئاماژە بەوەش بدەم، وەک سۆکسە، چ جارێک ئامادە نەبووین بە تەنیا لەگەڵ KSSE مەڵبەندی بەرلین،یاخود AKSA یەکبگرین، چونکە یەکگرتن لەگەڵ ئەم دوو لایەنەدا بە تەنیا، مانا و هێمای بلۆکبەندی دەگەیاند، بەرامبەر بە لایەنەکەی دیکە  و بە مانایەکی دیکە، دەکەوتینە نێو ئەو ململانێ ناپیرۆزەی لە نێوان ئەواندا بەرقەرار بوو وە ڕەوتی گرتبوو.کە پێمان وا بوو، لەئاکامدا خزمەتی بە بزوتنەوەی خوێندکاران و ئامانجی یەکگرتنەوە ناکات. بەڵام لە تەکیاندا ئامادەی هەر هاوکاری وئەنجامدانی کارێکی هاوبەش بووین .
وەک لە یادم بێ، پاش چەندین کۆبوونەوە و قسە لەسەرکردن لەسەر یەکگرتنەوە، سەرئەنجام رۆژی ٢٥/٦/١٩٨٨ دەستنیشان کرا بە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوە بۆ یەکگرتن.
ئامادەبووان{ کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردلە ئەوروپا ـ مەڵبەندی بەرلین. لەسەر هێڵی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچوون بەڕێوە، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا ـ مەڵبەندی پراگ. هاوڕێی پارتی کۆمەنیستی عێراق بوون، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، ئەکسا. سەر بە برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون، ڕێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد،لە ئەوروپا.هاوبیرانی پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک بوون،  کۆمەڵەی لاوان و خوێندکارانی کوردستان، یۆکسی سەر بەپارتی گەل بوون،کۆما کورد، نێزیکی کۆمکار بوون}... برادەرانی سۆسیالیستیش ڕێکخراوێکی لاوانی خۆیان هەبوو، ئامادە نەبوون. وە هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستانیش ڕێکخراوی خوێندکارانیان ئامادە نەبوو.  کۆبوونەوەکان زۆرینەی لە بارەگای کۆمکار بوو لە بەرلین.
٢٥/٦/١٩٨٨،ڕۆژی یەکەمی دانیشتنەکان و لەبەر ئەوەی بەشێک لە برادەران لە وڵاتانی دوورەوە هاتبوون، دوو رۆژ و شەوێک بەسەر یەکەوە کۆبوونەوەمان کرد.
کۆبوونەوە بە وەستانی خولەکێک بۆ گیانی گشت گیانبەختکردووانی کوردستان  دەستی پێکرد. پاشان هەر ڕێکخراوە خۆی ناساند .
ـ کاک شێخ عەلی(د. خلیل جندی) و کاک کاوە بێسارانی نوێنەری مەڵبەندی پراگ.
ـ کاک پیرۆت ئەحمەد ، کاک حەمەدەمین دەلۆیی و کاک فەوزی ئەسعەد، نوێنەری
  مەڵبەندی بەرلین.
ـ کاک عەبدولموئمن دەشتی و کاک فەلاح حەسەن، نوێنەری ئەکسا.
ـ هاوبیر عوسمان و بەندە(هەڵۆ بەرزنجەیی)  نوێنەری سۆکسە.
ـ کاک ئەبو زەڕ،نوێنەری کۆماکورد.
سەرەتا گلەیی و ڕەخنەیەکی توند لە هەردوو کۆمەڵەی پراگ و بەرلین و ئەکسا گیرا. سەبارەت بەو  کۆبوونەوە  نهێنیی و سێقۆڵییەی لە نێوان خۆیاندا لە ڕۆژانی ١١ـ١٢/٦/١٩٨٨،لە شاری پراگی چیکۆسلۆڤاکیا بەستبوویان. لە کۆبوونەوەیەیاندا،کەموزۆر لەسەر هێڵە گشتییەکانی کۆمەڵەی ئایندە ڕێک کەوتبوون. لە هەقیقەتیشدا،ئەم کۆبوونەوەیان لەسەر بنچینەی کۆبوونەوە ناوزڕاوەکەی ناسراو بە "لقاء الرفاق"ی نێوان جەلال تاڵەبانی،هوشیار زێباری و عبدلرزاق الصافی ،یەکێتی و پارتی و حشع،کە لەسوریا لە ١٢/٥/١٩٨٨،لەسەری ڕێک کەوتبون گیرابوو.
هەر سێ لایەن لەسەر هەموو خەتوخاڵی کۆنگرەکە ڕێک کەوتبوون و ئەوەی دواتر لە بەرلین نمایشتیان کرد، جگە لە شانۆگەرییەکی نەزۆک بەولاوە، هیچی دیکە نەبوو. چونکە بیروڕا و سەربەخۆیی خوێندکارانیان بە هەند وەرنەگرتبوو،هیچ بایەخێکیشیان بە پرنسیپە دیموکراسییەکان نەدا و لە ڕاستیشدا، هێشتا زەمینەی دروست و مەحکەم لە نێوان ئەو سێ لایەنەدا، بە تەواوی دروست  نەبوو بوو بۆ یەکگرتنەوە. بۆیە چاوەڕوانی ئاکامێکی بەفەڕ و ئەرێنی،لە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیان نەدەکرا. 
 دواتر ئێمە وەک سۆکسە،  پێشنیازمان کرد، بۆ ئەوەی هیچ لایەک فەرامۆش نەکرێ،ڕێکخراو یان کۆمەڵەی داهاتوومان، چوارچێوەیەک بێت بۆ هەر هەموومان، با داوەتنامەیەک بۆ  ڕێکخراوی فەیەکای پ ک ک بنێرین، تا ئەوانیش دەرفەتی بەشداریکردنیان هەبێت. لێ داواکەمان بە پەرۆشەوە وەرنەگیرا. ئەوانیش مخابن ئامادەی بەشداریکردن نەدەبوون. پاشان داواکرا دەست بکرێ بە پێشنیازەکان و قسەکردن لەسەر کۆمیتەکان، "کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرە، کۆمیتەی کات و شوێنی کۆنگرە، کۆمیتەی چۆنێتی گرتنی کۆنگرە،کۆمیتەی ناوی کۆمەڵە و بارەگاکەی، کۆمیتەی ژمارەی ئەندامانی کۆنگرە".
هەر لایەک لەسەر چۆنێتی گرتنی کۆنگرە، سیاسەتی کۆنگرە،دروستکردنی کۆمیتەکان،هێڵی گشتی قسەیان کرد. ئایا کۆنگرە کراوە بێت یاخود بە نوێنەرایەتی بێ؟ بیروڕاکان جیاوازبوون. سەرئەنجام :
هەر ڕێکخراوێک ئازادە، چەند ئەندام دێنێت بۆ کۆنگرە، بەڵام دەبێ هەمان کات ژمارەیەک بە نێزیکەیی دیاریی بکرێ، بۆ ئامادەکاری لەسەر کاروباری شوێن و لایەنی تەکنیکی کۆبوونەکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە