کورتەیەک لە مێژووی" رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپاـ سۆکسە".(بەشی پێنجەم)

Sunday, 20/08/2017, 21:03

2512 بینراوە


لقەکانی سۆکسە لە وڵاتانی هەندەران:
سەرتاسەری وڵاتی سوید،یەک لق بوو. بەرلینی رۆژاوا، بە تەنیا لقێک بوو. ئەڵمانیای رۆژاوا، لقێک بوو. وڵاتی دانیمارک، وڵاتی هۆڵەندە، وڵاتی سویسرا، وڵاتی ئینگلستان، وڵاتی ئیتالیا، وڵاتی فەرەنسا، وڵاتەکانی شورەوی، وڵاتی هەنگاریا، وڵاتی کەنەدا و تاک و تەراش لە وڵاتانی دیکە هاوبیرانمان بە ناوی سۆکسەوە چالاکییان دەکرد.
جۆری چالاکییەکان:
یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.ئاهەنگێڕان لە جەژنی نەتەوایەتی نەورۆز، شۆڕشەکانی کورد، یادی هەڵەبجە و ئەنفال و ڕاپەڕین، یادی دامەزراندنی حیزبەکان،سازدانی شەوی کوردی و بەشداری لە بۆنەکانی ١ ئایار، جەژنی کرێکاران و بۆنەکانی وڵاتانی خانەخوێ. سازدانی کۆڕ و سەمینار و کردنەوەی پێشانگای شێوەکاریی و هەوڵی ناساندنی کورد و رەهەندی جۆرەوجۆرەکانی فەرهەنگەکەی بە بێگانە.
ڕێکخستنی خۆپیشاندان و گردبوونەوە و رێپێوان، بە بۆنەی رووداو و پێشهاتە، جۆراوجۆرەکانی سەرانسەری کوردستانەوە. وەک هێرش و پەلامارەکانی داگیرکەران و هەڵوێستە دوژمنکارەکانیان.. گردبوونەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و دەربڕینی ناڕەزایی و پێشکەشکردنی بیرخەرەوە و نامە بە باڵیۆزخانەی وڵاتە زلهێزەکانی تری دنیا.
پێوەندیکردن لەگەڵ بێگانەدا و هەوڵی پەیداکردنی دۆست و کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ کوردستان و ئاوارەکان.
دەرکردنی بەیاننامە، بەرامبەر بە هەر رووداو و پێشهاتێک کە لە کوردستان ڕوویان دەدا. هاوکات بەرامبەر بە رووداوە جیهانییەکانیش.
نووسینی یاداشت و بیرخەرەوە بۆ وڵاتانی خانەخوێ و زلهێزەکانی دنیا،لەمەڕ پرسی کوردەوە. بە تایبەت بە زمانانی بێگانە... چەند نموونەیەک:
دەرکردنی بەیان بە زمانە ئەوروپاییەکان ،بۆ نموونە بە ئەڵمانی لەمەڕ زیندانیکردنی ژنە رۆژنامەنووسی ئەڵمانی دۆستی کورد،(هێلا شلومبێرگەر)کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەسەر کورد خرابووە زیندانەوە. ناردنی نامەی ئاواڵا بۆ ڕاوێژکاری ئەڵمانی شرۆیدەر،لەمەڕ هەڵوێستی نەرێنی و ناڕۆشنی بەرامبەر بە پرسی کورد. ناردنی نامە بۆ گۆرباشۆف،دەربارەی دۆزی کورد.ناردنی سوپاسنامە بۆ نووسەری گەورەی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئەڵمانی گیونتەر گراس،لەسەر هەڵوێستی ئەرێنی لەهەمبەر دۆزی کورد. دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ نوێنەری گەلانی جیهان دا و هاوهەڵوێست بوون بەرامبەر بە کێشەکانی گەلان و مرۆڤایەتی لە جیهاندا. وە نواندنی زۆر جۆری تری چالاکی.
 دەرکردنی بەیاننامە، بە بۆنەی تێکڕای پرسەکانی پەیوەست بە کوردەوە، بۆ نموونە: شەهیدکردنی د.قاسملۆ، شەهیدکردنی شەرەفکەندی، هێرشی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان، گرتنی ع. ئۆجەلان، شەهیدکردنی .م.ج. رۆژبەیانی، کۆچی دوایی مامۆستا عەبدوڵا جەوهەر ومامۆستا مەسعود محەمەد و مامۆستا هەژار و مامۆستا شوکور مستەفاوە و تادوایی.
چاپکردنی پۆستەر و پۆستکارت لەمەڕ بارودۆخی کوردستان و ژیانی پڕ لە کولەمەرگی و هەڵمانی روخساری دزێوی داگیرکەران...دروستکردنی مەدالیای بەریەخەی کوردستان لە میتالێکی تۆکمە و بەنرخ. سۆکسە و پاسۆک یەکەم رێکخراو بوون بەم کارە هەڵسان و لە بۆنە و چالاکییەکاندا پێشکەش دەکران و ژمارەیەکی زۆریشی نێردرایەوە بۆ کوردستان.
نامە پاڵپشتی / تەزکیە، دان بە کوردە پەنابەرەکان، لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوەی کاروباری پەنابەرییان بەڕێوە بچێت. ڕەنگە بە سەدان و هەزاران کوردی پەڕاگەندەی ئەوروپا،هاوبیر بوو بێت،یاخود کوردێکی دڵسۆز و بە ئابڕوو،ئێمە بە نامەی سۆکسە پاڵپشتیمان لە کەیسەکەی دەکرد، وەک هەڵاتوویەکی سیاسی ددانی پێدا دەنرا، لەلایەن دادگاوە و مافی نیشتەجێبوونیان بەدەست دەهێنا. بەشانازییەوە،نامەی پشتگیریی سۆکسە،بە یەکێ لە متمانەترین نامەی ڕێکخراوە کوردییە باوەڕپێکراوەکانی دەرەوەی کوردستان دادەنرا. هەرکەسێ نامەی پاڵپشتی سۆکسەی هەبایە، زۆر کەم وادەبوو، کەیسەکەی ڕەت بکرایەتەوە. ئەرشیڤی سۆکسە بە سەدان نامەی لەو جۆرەی تێدا پارێزراوە.
وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خوێنەرانی خوێندکاری کورد. کۆکردنەوەی کۆمەکی ماڵی بۆ ئەو هاوبیر و هاونەتەوەکانمان، کە لە کەمپەکانی وڵاتانی ئێران و پاکستان و وڵاتانی دیکە لێیان قەومابوو. هەر بۆنە و چالاکییەک بووبێت،کوردستانی یان نێونەتەوەیی، سۆکسە ئاڵای کوردستانی تێدا دەشەکاندەوە.
سۆکسە،تا دەهات پەلوپۆی دەهاویشت و بڵاوکراوەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاو دەکراوە و پەیتا پەیتا نامەی داواکاری هاتنە ریزەکانی سۆکسەمان بۆ دەهات.
جێی ئاماژە پێدانە،سەرجەم ئەم چالاکییانە،گەشت و هاتووچۆ بۆ کۆبوونەوە کۆنفراس و پلینۆمەکانی سۆکسە،دەرکردنی بڵاوکراوە و چاپەمەنییەکانی سۆکسە و پاسۆک، بڵاوکردنەوەی پۆستەر و پۆستکارت و ئامادەکردنی دروشم و سلۆگان و گێڕانی ئاهەنگ و بە کرێ گرتنی شوێن و دەیان جۆری تری ئەرک و خەرجی، هەر هەمووی لە  ئابوونەوەی مانگانەوە لەسەر ئەرکی گیرفانی هەژارانەی هاوبیران بووە. یەک تاکە پوول، یارمەتیمان لەکەس و لایەک وەرنەگرتووە. جگە لەو باربووانەی،لە چەند دۆست و کوردێکی دڵسۆزەوە جارەوجار پێمان دەدرا.
خۆپیشاندان لەبەردەم سەفارەتەکاندا و پرۆتێسکردنی سیاسەتی هەندێ لە وڵاتان و ڕاکێشانی باری سەرنجی هەندێکی دیکە و پێشکەشکردنی یاداشت پێیان.
ناردنی بڵاوکراوەکانی سۆکسە،بۆ مەڵبەند و ئینستیتووت و نێوەندەکانی کوردی لە جیهان دا. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە