نهێنی رووداوەکانی کەرکوك.. واقیع و داتا

Thursday, 19/10/2017, 22:59

7650 بینراوە


فاکتەکانی پێش ١٦/ ١٠
مانگێك تێنەپەڕی بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی کڵاوسوور، تا هەموو جێناکۆکەکان کە بە خوینی ١٢٠٠ پێشمەرگە لە چنگی داعش رزگارکران، بە ئاسانی تەسلیمی عەبادی کرانەوە، نەك هەر هێندە بەڵکو دەبێت خاڵە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکانیش بخرێتەوە ژێر کۆنترۆڵی حوکمەتەکەی عەبادی ئینجا گەمارۆی سەر کوردستان هەڵدەگیرێت و بە ڕێکو پێکی موچەی فەرمانبەرانی رەسمی دەدرێن، ئەو ریفراندۆمە وەك گەمەیەك وا بوو بۆ شاردنەوەو لەبیر بردنەوەی ئەو هەموو قەیرانەی کڵاوسوور بەسەر نەتەوەی کوردی هێناوە، ئەگینا لەساڵی ٢٠٠٥ ریفراندۆم کرا چ پێویستی بە دووبارەکردنەوە بوو؟!
 هەڵویستی دوو لەتەکەی یەکێتی
یان با بڵێین هەڵوێستی ئاشکراو شاردراوەی بەرپرسەکانی یەکێتی رۆڵێكی کاریگەری هەبوو لە یەکلاکردنەوەو کۆتایی پێهێنانی ئەو هاژوهوژەی لەسەر سەربەخۆیی دەکراو جوڵەپێکردنی سوپای حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەرەو ناوچە کێشەلەسەرەکان. هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستەکانی ناو یەکێتی دیاربوو، ئەو بەرپرسانەی بەرژەوەندی نەوتییان لەگەڵ بارزانی هەبوو دەگەڵ ریفراندۆم و بانگی سەربەخۆیی کەوتن وەك نەجمەدین کەریم کە مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلاری وەردەگرت و کۆسرەت کە لە چاڵە نەوتەکانی دەوروبەری مەخموریش پشکی هەبوو، هەروەها هەندێك ملگرێدراوی تری وەك مەلا بەختیارو ئەوانی تر.. لەولاشەوە باڵەکەی تر کە لە قوبادو هێرۆو لاهورو ئەوانی تر پێکهاتبوون هیچ پشکیان لە نەوتی هاڤاناو بای حەسەن نەبوو بە نهێنی لەگەڵ قاسم سولێمانی هادی عامری و ئەوانی تر کۆبوونەوەرۆژێك پێش رووداوەکان و بڕیاری تەسلیم کردنی ناوچەکانیان پێدرا بێ رووبەرووبوونەوە.
هەڵوێستی دۆستان و ئەمریکا
لە جیهانی سیاسەتدا هیچ دۆستاییەکی راستەقینە نییە، بەڵکو بەرژەوەندی هەیە، ئەو بەڵێنانەی ئیسرائیل و سیاسەتمەدارە خانەنشینەکانی فەرەنساو ئەمریکاو ئەوانی تری دەوری بارزانی پێیان دابوو هەر قۆڵبڕینێك و سەرابێکی سەر سفرەو گەعدەی شەوانی مەسیف بوون، ئەمریکا کە تانکی لێزەریی داوە بە سوپاکەی عەبادی تا ئێستاش لە راوەو قائیم شەڕی داعش بۆ ئەمریکا دەکەن، کورد رۆڵی تەواو بوو بە رزگارکردنەوەی موسڵ، سەرانی کورد نەك شایستەی ئەو سەرۆکایەتییە نین، بەڵکو ناتوانن لە ئەلفوبێی سیاسەت تێبگەن چونکە نەخوێندەوارن، ئەوانەش کە خوێندەوارن بەس بەرژەوەندی دارایی خۆیان دەبینن، ئەو خەڵکە سادەو هەژارەش کە بە پروپاگەندەکانیان هەڵدەخەڵەتێ دەکوژرێت و کەس لە بەرپرسەکان خۆیان ناکەنە لێپرسراوی شکست و هەڵەو ناپاکییەکان. نەخویندەوار هەرگیز وانە لەوە وەرناگرێت کە چۆن ئۆجەلان بەدەستی مۆسادی ئیسرائیلی تەسلیمی تورکە رەگەزپەرستەان کرایەوە؟ ئیتر چ دڵسۆزییەکی دەبێت بۆ تۆ کە هاورەگەزی ئۆجەلانیت؟
هاوکێشەی ئیکۆنۆمی و چەك
٢٦ ساڵ ماوەیەکی زۆر دوورودرێژە نەك بەس بۆ ئەوەی دەوڵەتی تیا دروست بکرێت، بەڵکو بۆ بنیاتنانی سیستەم و بنخانی ئابووری و دەوڵەتداری.. لە راپۆڕتێکی پێشووی (کوردستان پۆست)دا  ئەوە ئاشکرا کرا کە کۆی داهاتی هەموو بەرپرسەکانی ناو بنەماڵەی بەرزانی (٦٠٠ملیار دۆلار)ە، لەولاشەوە ٣ مانگە چارەکە موچەی فەرمانبەرانی هاوڵاتیان نەدراوە. ئەمە شەرمێکی زۆر مەزنە بۆ ئەو بەرپرسانەی خۆیان بە خاوەنی میللەتی کورد دەزانن، بۆچی بە هیچ جۆرێك ئەو ٢ سوپایە هاوتاو بەرابەری یەك نەبوون لە چەك و جبەخانەدا؟ بۆچی جگە لە لاندکرۆس و دۆشکەو پیکەی سی کەلەسەر هامەرە بچوکەکانی پێشمەرگە بوو هیچ چەکێکی قورس نەبینرا؟ ئاوها شەڕی سوپایەك دەکەن کە دەبابەی هامەرزیان پێبوو کە  ٣ مەتر بەرزو شەش مەتر پانە؟ جگە لەو هەموو زریپۆش و چەکە قورسەی تر کە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دا بوون؟
بیانووەکانی خیانەت و موئامەرە
لە مێژە گوتراوە کورد بدوێنە شەرحی حاڵی خۆی دەکات، پارتی دەڵێت خیانەتی ٦٦ بوو دووبارە بووەوە، یەکێتیش دەڵێت موئامەرەیەکی ئیقلیمی بوو، باشە با بڵێین هەردوو لەم قسانە راستن، ئەی گوایا رۆڵی ناوماڵی کورد چی بوو لە نیشتیمانپەروەریی و سەربەخۆیی و هەموو پروپاگەندەکانی پێش ریفراندۆم بە کوێدا ڕۆشتن؟! گوایا ٢٦ ساڵە ئەم مەسئولە ناپاکانە خەریکی چ خزمەتێکی دۆزی کوردن؟ لە دزی و مافیای و گەندەڵی و تیرۆری دەنگی نارازیی زیاتر؟ لێرەوە دەردەکەوێت ئەو مەسئول و سەرکردانە هیچیان بەهای پوشێکیان لای هاوڵاتی نییەو هەرواش لەسیاسەتی خزمەتکردنی دۆزی کورددا، کەواتە هەموویان خائینن بە نیشتمان و هاوڵاتی و کوردستان، شایستەی پێشرەوایەتی نین، هەر خەریکی باڵ باڵێن و خۆ دەوڵەمەندکردن و مانەوەی کورسی و بەرژەوەندیەکانی خۆیانن و بەس، ئامادەن هەموو کورد لە ناوبەرن و کوردستان کاول بکەن لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا وەك چۆن لە رابردوودا پارتی و یەکێتی چەندان جار ئەم کارەیان کردووەو هیچ شەرمێکیشیان نەکردووە، کەواتە لە مێژە دڵۆپی حەیایان تکاوەو چاوەڕوانی ئەوەیان لێ مەکە ئێستا هەست بە شەرمەزاری بکەن.
واقیعی غروری بارزانی
یەکێك لە بیرمەندترین کەسی ناو پارتی کە (فەلەکەدین کاکەیی) بوو بە ژەهر خواردن کۆتایی بە ژیانی هێنرا، و کۆنترین و دڵسۆزترین ئەندامی پارتی کە خزمەتی بە مەلا مستەفا کردبوو (فەرەیدون جوانڕۆیی) هەر بە دەستی بارزانی کوژرا، جگە لەو هەموو کەسایەتیە مەدەنی و رۆشنفیکرو رۆژنامەنووسانەی وەك وەدات حسێن و مەلا هوشیارو سەردەشت عوسمان و دەیانی تر.. ئەمە ئەوپەڕی غرورو ترسنۆکی و کەرێتییە هاوڵاتی سڤیلی ژێر دەسەڵاتە کارتۆنییەکەی خۆت بکوژی و  بەرامبەر بێگانەش خۆت لە حەوت کون بشاریتەوە، ئەمە ئەوپەڕی خیانەتە، گەلان بەو کەسە ئەکادیمی و ووشیارو دڵسۆزانە پێشدەکەوێت و قەوارەی سیاسی تۆکمەیان دادەمەزرێت، نەك بە ماستاوچی و زوڕناژەن، ئەوانە وا هەڵتدەخەڵەتێن تا دەتخەنە ناو گۆڕ ڕاستیەکانت لێ چەواشە دەکەن.
دۆخی دوای ١٦/١٠
لە مێژە کورد دەڵێت: ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە، ئەم رووداوانەی کەرکووك ڕووی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بۆ خەلک دەرخست، ئەو کەسەش کە سوود لە وانەکانی ژیان و مێژوو وەرنەگرێت دەبێتە ئەندامێکی ناو مێگەل، روون بووەوە کە ئەمانە تەوق و باری گرانن بەسەر شانی هاوڵاتی کوردی هەر چوار پارچەکە، لە مێژە ئێکسپایەر بوون و کەس جورئەتی ئەوەی نەکرد بە زەبری هێز وەلایان خات، کەواتە گەر خاوەنی تۆسقاڵێك ویژدان و مرۆڤایەتی بن دەبێت ئێستا خۆیان وەك هیتلەر بە گولـلەیەك کۆتایی بە ژیان خۆیان بهێنن ، ئەگینا لە واقیعدا دەبێت دادگایی بکرێن وەك تاوانباری راستەقینەی میللەتی کورد، ئەمانە نەك بەس درۆو چەواشەکاریان بەکارهێناوە بۆ بە کوشتدانی رۆڵەی کورد، بەڵکو بەهەموو جۆرێك لەسەر مێزی قومار کوردستانیان فرۆشت و فرۆشتەوە.
کوردستان پێویستی بە کەسانی ناحیزبی شارەزاو پسپۆڕ هەیە سیاسەت بە خەڵك نەفرۆشێت، بەڵکو دڵسۆزانە و لێبڕاوانە بنیاتی بنخانی ئابووری بنێت و سیستەمێك دابنرێت هەمووان لەسەری بڕۆن و لەم فەوزاو پاشاگەردانی و بنەماڵەچێتیە رزگارمان بکەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە