مانیفێستێك بۆ تێپەڕاندنی شكست

Saturday, 21/10/2017, 1:47

4106 بینراوە


ئەو بەیاننامەیەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە، کە بە ناوی کۆمەڵێک لە نووسەر و رۆژنامەنووس لە سەر ئەو رەوشەی دوای ریفراندۆمەکەی بارتی بۆ هەرێمی کوردستان نووسیویانە، مانیفێستێکیان دەرکردووە گوایە بۆ تێپەڕاندنی ئەو شکستییەیە کە ئیستا بەسەر باشووری کوردستاندا دەگوزەرێت، ئێمەی کوردستانپۆستیش ئەو بەیاننامەیە دەخەینە نێو ئەشیفەوە و بۆ پاشەڕۆژ دەیپاریزێت، ئەوەیش دەڵێین، کە نەک بە بڕوای ئێمە، بەڵکو وەکو راستییەک ئەو شکستییەی ئەمان باسی دەکەن، بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی زۆربەی خۆیان، ئیستاش هاتوون واژوویان لەسەر کردووە، گوایە لەدەورەوەی ئەو رەوشەن کە ئیستا دەگوزەرێت، چونکە ئەمانەیش کۆڵەکە و راگری ئەو دەسەڵاتە پیسخۆر و خائینەی باشووری کوردستانن، وەکو نمونە زۆربەیان مووچەخۆری بندیوار و خانەنشینی ئەستێرەی ساختەن، جگە لەوەیش بۆ خۆشیان چوونەتە بەردەم سندوقی دەنگدان و دەنگیان بە (بەڵێ)ی ریفراندۆمە ساختەکەی پارتیی و بارزانی داوە، ئیستاش کاتێک ناوی ئەمانە لە نێو ئەم بەیاننامەکەدا دەبینرێت، جگە لە ساختەی عەقڵ سواویی و چەواشەکارییش بۆ ئەوەیە پاشەڵی خۆیان بە وەسڵی ئەو مانیفێستە خاوێن بکەنەوە. هەروەها لە نێو ئەو مانیفێستەدا هەندێکیان بۆنی کەبابی شاسوار واحیدی کەبابچیی دەکەن. (تێبینی: لەگەڵ رێزمان بۆ هەندێک کەسی بێیاگا و بێلایەنی ناو ئەو لیستە) ...کوردستانپۆست...
--------------------------
دەقەی بەیاننامەكە
مانیفێستێك بۆ تێپەڕاندنی شكست
ڕوداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی لەكەركوك‌و شارەكانی تری كوردستان، لەپێش ھەمووانەوە شكانی خێرا‌و بەرفراوانی ھێزی پێشمەرگە‌و بەھەدەردانی خوێنی دەیان‌و سەدان كەسیان، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی دەیان ھەزار ھاونیشتیمانی مەدەنیی‌و لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لە چەند كاتژمێرێكدا، شكست‌و ھەرەسێكی گەورەی تری مێژووی نوێی میللەتی ئێمەیە. ئەم ھەرەسە لە شێوەی ھەرەسی عەرەبە لە ساڵی ١٩٦٧دا لە بەردەم ئیسرائیلدا، ئیسرائیلیش لەماوەی شەش رۆژدا لەشكری سێ وڵاتی عەرەبی شكاند‌و ناچار بە تەسلیمبوونی كردن. وەكچۆن جەنگی ١٩٦٧ ی عەرەب نسكۆ‌و ھەستكردن بە وێرانبوونێكی سیاسیی‌و فەرھەنگیی‌و ڕۆحیی گەورەی لە دونیای عەرەبیدا بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەم شكانەی ئێمەش دەشێت دۆخێكی ھاوشێوە لە كوردستاندا دروستبكات.
ھەرەسی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی ئێمە لە پڕ‌و لە بۆشاییدا ڕووینەدا، بەڵكو بەرھەمی ساڵانێكی درێژیی شسكتی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی‌و سیاسیی نوخبە حوكمڕانەكەی كوردستان‌و بەرھەمی درۆ‌و وەھم‌و خورافەتە یەك لە دوای یەكەكانیەتی. دەرەنجامی چەندان حیساباتی سیاسیی ھەڵە‌و نارسیزمێكی سیاسیی بیمار‌و ترسناكە كە بكەرە سەرەكییەكانی لەناو تەلەفیزۆنەكانیاندا خۆیان وەك قارەمانی كەموێنەی مێژووی ئێمە‌و سەرۆكی ھەمووشت زان‌و سیاسیی شارەزا‌و حەكیم، وێنادەكەن. ئەم شكستە شكستی ئەزموونێكی سیاسیی‌و عەقڵیەتێكی تایبەتی حوكمڕانیی‌و شێوازێكە لە ئیدارەدان كە جگە لە نسكۆی گەورەتر‌و قووڵتر، جگە لە كۆستی گەورەتر، ھیچی تری لێ چاوەڕوان ناكرێت. ئەم نوخبە حوكمڕانە زیاد لە نیو سەدەیە كۆمەڵگای ئێمە لەناوەوە‌و لە زیاد لە ئاستێكدا پارچەپارچە دەكات‌و لە قەیرانێكیشەوە بۆ قەیرانێكی قووڵتر‌و ترسناكتریش دەیبات. ھۆكاری ڕاستەخۆی شكستی ئەمجارە لاساریی‌و عینادی سیاسیی بارزانیی‌و پاشكۆكانێتی لە حیزبەكانی تر، كە بێباكانە ئاستی وێرانی بیركردنەوە‌و ڕوانینی خۆیان خستە شوێنی ھەر بیركردنەوە‌و ڕوانینێكی تر‌و گوتارە بەتاڵەكەی بارزانیشیان بۆ سەربەخۆیی كرد بە تاكە ئەلتەرناتیڤێك بەبێ ئەوەی ھیچ زەمینەیەكی سیاسیی‌و یاسایی‌و سەربازیی ناوخۆیی‌و ھیچ پشتیوانییەكی ئیقلیمیی‌و نێودەوڵەتیشی ھەبێت. بەسەریەكیشەوە ھەموو بەرخوردێكی لۆژیكی وعەقڵانییان وێرانكرد.
ھۆكارە ڕاستەوخۆكەی ئەم شكستە بە ئاستی بیركردنەوە‌و تەماح‌و خواستە شەخسییەكانی بارزانییەوە پەیوەستە، ھۆكارە ناڕاستەوخۆ‌و قووڵەكانیشی لەھەناوی ئەو ئەزموونە شكستخواردوەوە دێتەدەر كە چارەكەسەدەیەكە لە ھەرێمدا سەروەرە. ئەم شكستە یەك شتمان پێدەڵێت: گەلی كورستان شایانی ئەوە نییە نوخبەیەكی دەبەنگ‌و نابەرپرسیار بەرامبەر بە ژیان‌و ئاساییشی خەڵكەكەی فەرمانڕەوایەتی بكات‌و بڕیار بۆ ئێستا‌و ئایندەی نەوەكانی بدات. ئێمە ئەو ڕاستییە باش دەزانین كە ئەم نوخبانەی كوردستانیان گەیاندە ئەم داڕمانە سیاسیی‌و سەربازیی‌و ئیداریی‌و ئەخلاقییە، ھەرچیەك بن پاڵەوانی دروستكردنی نیشتیمانێكی ھاوبەش‌و ھاونیشتیمانییەكی خاوەن ماف‌و سەروەرییەكی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی نین بۆ كوردستان. بە پێچەوانەوە ئەمانە پاڵەوانی شكاندنی بەھا ئینسانییەكان‌و بكەری وێرانكردنی كەرامەتی تاكەكەسیی‌و نیشتیمانیی ئێمەن. لە دوای ئەم شكستە گشتگیرەوە بارزانی‌و ڕەعییەتە گوێڕایەڵەكەی لەحیزبەكانی تر نە مافی ئەوەیان ھەیە بەناوی گەلی ئێمەوە قسەبكەن‌و نەدەشتوانن لەمەودوا نوێنەرایەتی ئەو گەلە لەناوەوە دەرەوەی كوردستاندا بكەن. ئەمانە یەك شوێنیان شایستەیە، دەرەوەی كۆمەلگا‌و مێژوو‌و سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا. كوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم بڕیاردانێكی ستراتیژی گەورەدایە. یان دەبێت ئەم نوخبە فاشل‌و نابەرپرسیارە خۆیان سزای خۆیان بدەن، بەزووترین كات دەستبەرداری دەسەڵات ببن‌و شكستی ئەخلاقیی‌و سیاسیی خۆیان بەڕاشكاوانە بۆ ڕای گشتیی كوردستان‌و جیھان ڕابگەیەنن، یان ئەوەتا خەڵك پێیان بڵێت ئیتر بەسە‌و سزایان بدات. ھەموو بژاردەیەكی دەرەوەی ئەم دوو بژاردەیە بڕیاردانە بۆ درێژەدان بە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان.
بە بڕوای ئێمە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە پێویستە لە سەر سێ ئاست كاربكرێت:
ئاستی یەكەم: ھەموو ئەو ھێزانە كە بەشێك نین لەم نوخبە حوكمڕانە، لە پێش ھەمووشیانەوە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێ‌و ئەوانیتر، پێویستە لەم سستی‌و سڕبوونە سیاسییە دەرچن‌و لەدەوری بەرنامەیەكی نیشتیمانی كۆبنەوە كە ببێتە دەرچەیەكی سیاسیی لەم شكستە نەتەوەییە. ھەموو خۆ بە ئەلتەرناتیڤ زانینێك بە تاقی تەنھا‌و ھەموو شێوەكانی نارسیزمی سیاسیی جگە لە درێژەدان بەو دۆخە كارەساتاوییەی ئەمڕۆكە ھیچیتری لێ سەوز نابێت.
ئاستی دوھەم: ئێمە دڵنیاین كە لەناو ئەندام‌و كادیرە گەورە‌و بچووكەكانی حیزبە سیاسییەكانی كوردستاندا بە یەكێتی‌و پارتیشەوە كەسانێكی خەمخۆرو دڵسۆز ھەن كە وەك ئێمە توڕە‌و ناڕازین‌و بەم شكستە نیشتیمانیی‌و نەتەوەییە بریندارن. ئێستا كاتی ئەوەیە كە ھەڵوێستێكی روون‌و دیاریان بەرامبەر ئەو سەركردانە ھەبێت كە بەرھەمھێنەری ئەم شكستەن‌و كار بۆ گۆڕینیان لە شوێنگەی دەسەڵاتدا بكەن.
ئاستی سێھەم: لەسەر ھەموو ھێزە سیاسیی‌و مەدەنییەكان پێویستە كە ڕێگریی لە دواخستنی ھەڵبژاردن‌و درێژكردنەوەی زیاتری تەمەنی پاڵەوانی شكستی ئەمجارە‌و سەرۆكایەتیی نایاسایی بارزانیی‌و پەرلەمانە كارتۆنییەكەیان بكەن‌و دەستبەجێی دەزگای بەدناوی ”ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان“ ھەڵبوەشێنرێتەوە. داوا لە ھێز‌و دەزگا نێودەوڵەتی‌و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین سەرپەرشتی ھەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد لە ھەرێمدا بكەن، بۆئەوەی خەڵك بڕیاری مەدەنیی‌و دیموكراسییانەی خۆی بدات‌و حكومەتە نوێكەی ببێت بە نوێنەری ڕاستەقینەی لە ھەرێمی كوردستان.

رەئوف بێگەرد
ئاسۆس ھەردی
ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع
شێركۆ كرمانج
مەسعود عبدولخالق
نەجیبە مەحمود
چۆمان ھەردی
نیاز عەبدوڵڵا
ھیوا فایەق
ھیوا قادر
روناك شوانی
شوان محەمەد
ئەحمەد میرە
سەردار محەمەد
رێبین ھەردی
عەزیز رەئوف
رێواس ئەحمەد
كەمال چۆمانی
ئارام سەعید
دانا ئەسعەد
فەرمان رەشاد
شوان حەمە
هێمن حەسەن
نیاز نەجمەدین
ئاری ئازاد
عەدنان عەلی
نالیا ئیبراھیم
ئاسۆ جەبار
خالید حاجی شەریف
فەرەیدون کونجرینی
دانا كەریم
ئالان رەئوف
دڵشاد ئەنوەر
جەزا محەمەد
ئازاد عوسمان
خالید عبدولكەریم
بێستون ژاژەڵەیی
ئاریان رەووف
سیروان غەریب
ئاراس وەهاب

س.هـ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە