نامەیەکى کراوە بۆ (نێچیرڤان بارزانی و قوباد تالەبانی)

Sunday, 12/11/2017, 19:29

4985 بینراوە


ئەو ڕەوشە نەخوازراوەى بە سەر هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەیدا هاتووە، ئێوە پێتان خۆشبێت یان نا لە ئەستۆى ئێوە و حیزبەکانتانە، وەک چۆن شانازى بەدەسکەوتەکانەوە دەکەن ، بەڵام باسکردن لە شکست و دەسکەوتەکان لە ئەمڕۆدا خزمەت ناکات نەبە ڕەوشى نەخوازراوى هەرێم و نەبەڕەوشى نالەبارى ئابورى و دەرونى خەڵکى، پێویستە بەجدى بەدواى چارەسەرێکى گونجاو و خێرا و کاریگەردا بگەڕێن.
 کە دەڵێن تۆپەکە لە ساحەى ئێوەدایە ئەوەیە کە ئێستە ئێوە هەردوکتان (بارزانى و تاڵەبانی )ەیە بچوکەکە، هەم لە ناوخۆى حیزبەکانتان پاش وەفاتى تاڵەبانى باوک و کەنارگرتنى بارزانى مام، ئێوە دەستڕۆشتو ترین و بەهەمان شێوە لەناو حکومەتیشدا هەردوکتان لە دەستکراوەترین کارەکتەرن، ئەگەر تا ئەمڕۆ لێرە و لەوێ دەستگیریەک یان بۆ نەلوانێک یان هەر بەهانەیەکی ترتان هەبوبێت بۆ ناکارایتان ، بەڵام بۆ لەمەودوا ئیتر ئەو هۆکارە و بەهانانەشتان نەما، بۆیە وەخۆتان کەون ، هەوڵى ڕاستکردنەوەى  بارە نەخوازراوەکە بدەن، ئاخر لێهاتویى و مەهارەت و سەرکەوتنى هەرکەسێک لەکاتى ئاریشە و قەیران و ئەزمەکاندا دەردەکەوێت، هەرچەند خەڵکى بێگومانن لە لێنەهاتویى ئێوە، بەڵام فەرمو ئەوە ئەرز و ئەوە گەز لێهاتویى و کارامەیى و ئەزمونى خۆتان بخەنەگەر ، خۆتان و خەڵکى و هەرێمەکەش لەو ئاریشەیە دەرباز بکەن.
باجارێ واز لە شکستە سیاسى و ئیدارى و سەربازى و ناوچە دابڕاوەکان بهێنیین، گرفتى گەورەى ئەمڕۆى خەڵک گرفتى ئابورییە، ئەوەش حاڵى ئابورى داهات و خەرجى حکومەت و خەڵکییە.
ئێوە بە چاو خشاندنەوە و چاکسازى و پاکسازیەک بە لیستى فەرمانبەران و خانەنشیناندا دەتوانن بەلایەنى کەمەوە یەک لەسەر چوارى ناوەکان کەمبکەنەوە، چونکە مەگەر هەرخۆتان بزانن لە دامەزراندندا چ تەخشان و پەخشانێکتان لە داهاتى هرێمداکردووە و مەگەر خۆتان بزانن کە چیتان بۆ حیزبەکانى خۆتان و هاو پەیمانەکانتان لە سەردەمە جیاجیا کاندا کردووە، سەرەتا لە حیزبەکانى خۆتانەوەدەست پێ بکەن ، پاشان دەستت ببەن بۆ حیزبەکانیتریش، بۆ ئەمەش خەمى تۆران و وازهێنان و سەنگەر گواستنەوەتان نەبێت، چونکە گەر پارە نەما سەنگەر گواستنەوەش نامێنێت.
بیرتان دەخەمەوە ئیتر وازلە قسەى بریق و باق بێنن، گەر چاوێک بە لێدوانە تۆمارە ڤیدیۆییەکانتاندا بخشێننەوە ، ئەوکات دەزانن چەند بەڵێنى بێ بنەما و وتەى سواو و مژدەى ناڕاستان بەخەڵکیدا ، لەمەودوا ئێوە گەر ڕاستیەکانیش بڵێن ، خەڵکى هەر بەگومانە لێتان ، باوەڕتان پێناکەن.
تاکە چانسێک لە بەردەمتاندا ماوە، چونکە ئێوە هەم لەدەرەوە دانتان پێدانراوە و هەم لەناوخۆى حیزبەکانیشتاندا ، جا تا درەگترى نەکردووە ، فریاى خۆتان حیزبەکانتان و مێژو و خەباتەکەتان بکەون، با نەبن بەبەشێک لە مێژوو، ئێستە تۆپەکە لە گۆڕەپانەکەى ئەو دوو کەسەتاندایە، ئەگەر نا ئەوا بۆ ......!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە