لەگەڵ مردنی هەر پەرپرسێک لە سلێمانی گردێکیش داگیر دەکرێت

Saturday, 18/11/2017, 15:21

4196 بینراوە


سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی
سلێمانی شاری رۆشنبیریی
سلێمانی شاری گردی سەرگردەکان
سلێمانی شاری فتکردنی گردەکان
----------------------------
کەلتوری داگیر کردنی گرد و شاخ و بەرزاییەکان، کەلتوری خۆپەرستی و ترسنۆکییە، گومانە لە کەسایەتی خۆت و مێژووت و کردەوەکانت، ترسانە لە سەفەری مردن کە هەموومان مەحکومین پێی.
خۆ جیاکردنەوە بۆ مردنی خۆت و دیارییکردنی شوێنێک کە بە گەورەیی تێیدا بنێژرێیت، لەهەموو بەهایەکی مرۆڤبوون و خزمەت ڕووتت دەکاتەوە، گومان دەخاتە سەر کار و نێت پاکیت، ئیتر هەڵگری هەرچ ئایدیا و باوەڕێک بیت و هەر ناوێکیان لێنابێت. 
زۆربەی جار گۆڕی مردوو ەکان لە جێگەیەک دەشارێنەوە شوێنی تایبەتە کە ناوی گۆڕستانە، گۆڕستان بەهۆی مەبەستی تایبەتی ناشتنەوە، دەبێتە جێگەیەک بۆ هەموان، جا لە شار بێت یان لەگوندێک یان هەر جێگەیەکی تربێت کە خەڵکانێک تێدا ژیابن.هیچ کەسێک لە ژیاندا بە جێگە یەک کە تێدا شارابێتەوە نابێتە پاڵەوان، مێژوو هیچ گۆڕێکی پاڵەوانی نییە، ئەوە کەسەکە خۆیەتی بەنەمری دەمێنێتەوە، چاکترە بڵێین کە کردارەکانێتی نەمر دەیهێڵێتەوە، جا کەسەکە ئاینی.سیاسی، سەربازی، نوسەر، مامۆستا، شاعیر، یان خاوەن بەهرەیەک کە خزمەتی مرۆڤایەتی یان گەلەکەی کردبێت.
هەڵبەت کەلتوری خۆ جیاکردنەوە لەمردندا چەند ئامانجێک دەپێکێ، بەڵام سەرچاوە سەرەکێکەی ترسە، خۆ پەرستیە، چونکە مردوە باڵادەستەکە بەر لە مردنی، خودپەرستی داگیری کردوە، ئەو دەزانێت کە چی کردوە ؟ دەیەوێت لەپاش خۆی ئەو جێگەیە ببێتە نزرگە و بەمیرات بۆ نەوەکانی جێبهێڵێت، ئەوان لەبەر شتانێک ژیانیان کردوە کە بوونی نەبوە، لەدوایدا ئەوانەی لەژیاندا لافی هەژار بون یان سادەیی خۆشەویستیان بەسەر خەڵکدا لێدەدا، لەمردندا هەموو ڕیسەکەیان دەبێتەوە بە خوری و بەجیابونەوەیان لە گۆڕستانەکان و داگیر کردنی گردێک بەناوی مەزاراوە، ڕووتیان دەکاتەوە لەهەموو مێژوویان، چونکە ئەوەی ئەوان هەوڵیان بۆ داوە مردن و ناشتنەکەی پێمان دەڵێت، کە ئەم کەسە کێیە و ج کارەبوە؟ بۆیە ئاستەمە مرۆڤێک بناسین وەک پێویست، تا ئەو کاتەی جێمان دەهێڵێت و دەمرێت.ئەوە مردنەکەیەتی پێمان دەڵێت، کە ئەو کەسە چۆن ژیاوە ؟ مردن هونەرە، کاتێک مردن شەن و کەو دەکەین، وزەیەکی شاراوە دەردەکەوێت.کە ئێمە دەژین لە دەورانێکدا ژیان دەکەین کە بەهەموو شتێک تاقیمان دەکەنەوە لە سەفەردا بەناو ژیاندا، ژیان بۆ خۆی تاقیگایەکە لە ناویدا گوزەر دەکەین، هەموو ئەو شتانەی کە شادمانیمان پێدەبەخشێت، خواردنی ڕۆحمانە دوایی کە داگیری دەکەین لە خەڵکی تر، خۆمان جودا دەکەینەوە لە خەڵکی، خۆمان قایم دەکەین و قەڵا دروست دەکەین، هەوڵی پتەو کردنی دەدەین، سوپا و چەکدار لەخۆمان کۆدەکەینەوە، کۆدی قاسە و کلیلی قاسەکان مەحکەم هەڵدەگرین، دواجار مردن دێت و هەموو شتێک لە گەڵ خۆیدا دەبات، نە پتەویی باڵەخانە و نە سوپا چەکدار و نە کۆد و کلیلی قاسەکان نابێتە فریاد ڕەسمان.
• سێ وتەی بە ناوبانگی ئەسکەندەری مەکدۆنی مەزن هەیە دەڵێت : 
• با پزیشکەکان تابوتەکەم هەڵگرن بۆ ئەوەی هەمووان بزانن هیچ دکتۆرک ناتوانێ ڕێگە لە مەرگ بگرێ* هەموو خشڵ و ئاڵتونەکانم لەسەر ڕێگەکەم هەڵڕێژن تا هەمووان بزانن زێڕ و زیو نەیتوانی ڕزگارم بکات*
• دەستەکانم لە تابوتەکەم بێننە دەرەوە تا هەمووان بزانن بە دەستی بەتاڵ لێرە دەڕۆین*
زۆرن ئەوانەی کە لایان وایە شۆڕگێڕن و لە دوایدا جودا لە خەڵک دەژین، ڕەنگە لایان وابێت ئەوان خزمەتکاری خەڵکن، کە چی لە ڕاستیدا ئەوان بەبیانوی خزمەتکردنی خەڵکەوە، سامانی خەڵک و گردی خەڵک و بەرزای خەڵکیان داگیر کردوە.هەر بۆیە تەنها پاکی و بێتاوانی لە دوای مردن دەر دەکەوێت. مرۆڤە ترسنۆکەکان لە ڕووی نائاگایەوە تێدەکۆشن خۆیان جیاکەنەوە لە مردن، ئاخر لاشەیەکی بێگیان کەی گرنگ بووە لەکوێدا بشارێتەوە؟ سەیربکەن باڵندەیەک کاتێک ئازادە کە لە ئاسماندا دەسوڕێتەوە، باڵندەیەک بکەرە ناو قەفەزێکەوە ئیتر ئازادیی لێدەسەنیتەوە، با قەفەزەکە لە ئەڵماسیش دروست کرابێت.لاشە دوای دەرچوونی ڕۆح تێیدا ئیتر لە کوێدا بشارێتەوە یان بسوتێنرێت، فڕێ بدرێت هیچ بەهایەکی نییە، چونکە تەنها لاشەیەکە و هیچی تر، مەحکومە بە بۆگەن بوون، با هەر پلە و پایەیەکی هەبێت، بۆیە هیچ کەسێک کە لە گردێکی بەرز لەچیایەک تەنانەت لە لوتکەی ئێڤرێست بشارێتەوە، یان لە گردی قۆریە شکاو، یان دەباشان، یان گردی زەرگەتە، یان گردی سەلیم بەگ، ئەو کەسە نابێت بەپاڵەوان، بەڵکو دەبێتە ئەرک بەسەر خەڵکی شارەوە.
 تۆ سەیری کەسایەتی "ئەرنەستۆ گیڤارا" بکەن ٣٠ ساڵ لاشەکەی کەس نەیدەزانی لەکوێدا شاراوەتەوە، دوای ٣٠ساڵ ئەو ئەفسەرە خانەنشین کراوەی کە لەمەرگی گیڤارادا دەستی هەبوو، چووە کوبا بۆ چارەسەری چاوەکانی لەوێدا، وانەی ڕەوشت و ویژدان پێی ووت : کە نهێنی شاردنەوەی لاشەی گیڤارا ئازاری دەدات.بۆیە ئەو نهێنیەی نەبردە ژێر گڵەوە و باسی کرد لاشەکە لە کوێ یە.کاتێک لاشەی گیڤارایان گەڕانەوە شاری "سانتا کلارا " هیچ ڕووی نەدا، چونکە لاشە تەنها جێگەیەک داگیر دەکات، گەورەیی گیڤارا لەوێدا نییە کە لە سانتا کلارا گۆڕی هەیە، بەڵکو لەوەدایە کە گیڤارا کێ بووە؟ 
کە من باسی گیڤارا دەکەم واتێنەگەن بە راوردی گیڤارا دەکەم بە لاشەی سەر گردە داگیرکراوەکان، بەڵکو تەنها نمونەیەکە کە شایەنی ئاماژە پێکردن بوو.
 دواجار وابڕوات لەهەموو بەرزایەکی سلێمانی لاشەی یەکێک لەم بەرپرس و سەرانەی کوردی تیا دەشارێتەوە، سلێمانییش ناوی دەگۆڕێت بە شاری گۆڕستانی مردۆکان.بەڕاستی وابڕوات ئیتر ژیان لەسلێمانیدا تامی کڵۆڵی دەدات، تامی داماویی، چونکە ئەم گۆڕی سەرگردانە یەکی سوپایەک لە فشە چەکداریش پاسەوانی دەکەن، چ سەمەرەیە زیندووەکان کەس خزمەتیان ناکات کەچی لاشە مردووکان خزمەت دەکرێن، زیندۆکان ئۆکسجین لە زەرفی عەلاگەو تەنەکە و زبڵ وەردەگرن کەچی مردۆکان دەوریان بەباخ و گوڵ و چیمەت دەڕازێنرێتەوە.
تۆ بڵێیت رۆژێک بێت، شۆڕش لەسەر گردەکانەوە دەست پێبکات و خەڵکی یاخیی ببێت و ئەو لاشانە کۆ بکەنەوە و بیان بەنە شوێنێک و لەوێ بیانشارنەوە، ئیتر با مێژووش بە پێی کردارەکانی خۆیان ناوێک لەو شوێنە بنێت، کە شایانی کردار و ژیانی خاوەنی لاشەکان بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە