سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


پەکەکە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دز و مافیاکانی دەسەڵات دەکات؟

Tuesday, 12/12/2017, 6:14

6315 بینراوە


هەرچەندە بۆ خۆم سەرسامم بە فیکر و فەلسەفەی ئۆجەلان و لایەنگری پەکەکەم، هەمیشە پشتیوانێکی سەرسەختیان بووم، چونکە لە قۆناغی سەختی خەباتی ڕزگاریدان، خەبات و تێکۆشانی پەکەکە لە ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بەتەواویی ئامانجی خۆی پێکاوە، بەڵام بەداخەوە لە باشوور بەهەمان عەقڵییەتی پارتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بیر دەکاتەوە و رەفتار و سیاسەتیان لەگەڵدا دەکات.
پەکەکە گەنج لە هەرێم رێکدەخات، دەیانبات لە باکور بەکوشتییان دەدات، ئەمە لە کاتێکدا ئەو گەنجانە زیاتر لە باشوور پێویستترن بۆ بەرەنگابوونەوەی دز و مافیا و خائینەکانی باشوور. لە بری ئەوەی ئەو گەنجانە دژی فیرعەونەکانی دەسەڵاتی مافیای یەکێتی و پارتی وشیار و  ڕێک بخات.
وەک نمونە پەکەکە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا لایەنگرەکانی ڕاسپاردوە یان دەنگ بە مەحمود عوسمان بدەن کە پارتییەکی موفتەخۆرە، یان دەنگ بە مافیاکانی یەکێتی داوە، هەرگیز پشتیوانی لە دەنگی ناڕازیی خەڵکی مافخوراوی هەرێم نەکردووە. پەکەکە لە باکور خۆی دژی سەرمایەدارە، بەڵام لە باشوور پێچەوانەکەی پیادەدەکات، لایەنگرەکانی ڕاسپاردوە لە هەرێم هاوپەیمانی لە گەڵ بازرگانێکی قۆڵبڕدا بکەن بۆ هەڵبژاردن؟
پەکەکە تیڤی بۆ سێ پارچەی کوردستان کردۆتەوە، کەچی بۆ هەرێمی کوردستان ڕادیویەکیشی دانەناوە؟
لەبەر ئەو هۆکارانەیە خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانە بە پەکەکە ناکەن. لە هەموو خۆپیشاندانەکاندا تەنها لایەنگرانی خۆیان هاتوونەتە سەر شەقام، لایەنگرەکانی خۆشیان ئەگەر دوو کەسی خەڵکی هەرێم لەگەڵیان بەشداری بکات ناهێڵن دوو قسە بکات، ئەوە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی مەعنەوی زۆری پەکەکە و رێکخراوەکانیان دەکات، بەڵام دەنگیان پێنادەن.
ماوەیەک هەوڵێکمدا، کە ویستم سەردانی قەندیل بکەم هەڤاڵ جومعە ببینم بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕەخنەی جدی خەڵکی هەرێمی کوردستانی ئاراستە بکەم، بەڵام بێسود بوو، ئەمە وەک نمونەیەک دەگێڕمەوە، کەچی هەرچی دز و داوێنپیسی مافیایی یەکێتی و پارتی هەیە، هەر کامێکیان بیەوێت لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا بەدیداریان دەگەن!
دەمێکە ئەو ڕەخنانەم لەسەر پەکەکە لە دڵ چەپاندبوو، بەڵام ئێستا کاتێتی ڕووی ڕەخنەکانمان لەسەر زیادنەبوون و گەشە نەکردنیان لەهەرێم هۆکارەکانی بنووسم، بەڵکو تێبگەن لەوەی داکۆکیکردن و پشتیوانیکردنی ئێمەی خەڵکی باشوور پەیوەندی بە مەسەلەیەکی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەییەوە هەیە، کە ڕووبەڕووی دڕندەترین دووژمنی مرۆڤایەتی و فاشیزمی تورک وەستاونەتەوه، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، لەسەر فشالەتی سیاسیان لە هەرێم ڕووی ڕەخنەیان لێنەگرین.
بەهیواین ئەم ڕەخنانە بە دڵێکی فراوان وەربگرن و پێداچوونەوە بە سیاسەتی سەقەتی خۆیان لەهەرێم بکەن. هەروەها هیوادارم ئەم چەند دێڕەی نووسیومە بەهەمان شێوەی حیزبە فاشیلەکانی هەرێم بە تۆمەت و قسەی بێبنەما وەڵامم نەدەنەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە