نەخێر، بۆشایی سەرکرداییەتی شەقام بە ئەوانە پڕ نابێتەوە!؟

Thursday, 21/12/2017, 9:41

3754 بینراوە


لە نیوەی سەدەی رابردوو تا هەنوکە، ئەزمونی سیاسیی گەلەکەمان سەلماندویەتی کە  "پرسی کورد" گیرۆدەی دەستی کۆمەڵێک سەرکردەی بێویژدان، خۆپەڕست، پارە و پۆستپەرست، نادڵسۆز، قۆڵبڕ، ساختەچی، بێ پرنسیپ، جاش و خۆفڕۆش بووە و لە هەموو قۆناغەکاندا پرسی کوردییان بەکارهێناوە بۆ دەستکەوتی وەک "پارە" و "دەسەڵات".

ئەو سەرکردانە لە دوای "کۆڕەو"ی ساڵی ١٩٩١، خۆیان لێ هەڵکرد و هاتنە مەیدان بۆ کۆ کردنەوەی خەڵک لە هەموو ئاستەکاندا و لە نێو گشت چین و توێژی خوێنەدەوار و ناخوێندەوار و نووسەر و ڕۆشەنبیر و کادیری سەربازیی نێو کۆمەڵگەیی کوردیی باشوور لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ. لەدەرئەنجامدا پێکهاتەیەکیان لێ دروست کرد و کردیانن بە "کڕنۆشبەر"  و ئامادە و حازربەدەست بۆ چەمانەوە لە هەموو کاتێکدا.

ئەم پێکهاتە دیاریکراوەیان پەروەردە کرد لەسەر بیناغەی بێڕەوشتی، ڕاڕایی، پارەپەرستی، بەرژەوەندییپەرست، پیاو کوژ، چەقۆ کێش، جنێو فڕۆشی بێشەرم، تاکی کەساییەتی تێکشکاو، کۆیلە و کڕنۆشبەری قاتوبۆینباخ پۆشی گیرفان پڕی خاوەن پۆست، کە لە ئەنجامدا لەو جۆرە پێکهاتەیە لەشکرێکیان دروست کرد و کردویانن بە قەڵغان بۆ پاراستنی دەسەڵات، کورسی، "ماڵەکانیان" و بنەکە و بارەگاکانیان! ئەم پێکهاتەیە، سەدان بەرابەر لە سەرکردەکان تاوانبارترن لە گەیاندنی دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان بەم ڕۆژە!

ئەم پێکهاتەیە، هاوشێوەی ئەو پێکهاتە خۆفڕۆشەی زەمانی بەعسن کە پێکهاتبوون لە "سەڕۆک جاش، موستەشار، جاش و جاشولکە، فایلدار و بوون بە ئیستیخباراتی بەعس لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ و بەکارهێنران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتی کردنی "دۆزی ڕەوا"ی میللەتەکەمان! کەواتە جۆری پەروەردە کردنی نەتەوەی کورد لە لایەن سەرانی باشوور هەمان پەروەردەی "سەدام"ە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە ئەمڕۆ لە باشوور پێکهاتەی ئەو جۆرە پەروەردەیەیە کە لوولەی تفەنگەکانیان بە ناڕەوا ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکەن!

مەترسی ئەو جۆرە پێکهاتەیە زۆر لەوە گەورەترە کە بە چاو دەبینرێت، بەهۆی ئەوەی دەزگای هەواڵگریی جیهانی، میتی تورکیی و ئیتیلاعاتی ئیران لە ماوەی بیستوشەش ساڵی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان دا لە نێو ئەو پێکهاتەیەدا لە پشت پەردە کاریان کردوە، دۆست و لایەنگریان دروست کردوە و توانیویانە تەیارات  و قەوارەی سیاسییان لێ پێکبهێنن بۆ جێگرتنەوەی جاشە کۆنەکانیان لە کاتی مەترسی لەدەستدانی جڵەوی رووداوەکان لە کوردستان. لە دەرئەنجامدا  خەڵك و کەساییەتی وا هەڵکەوتوە لە باشوور کە هەر یەکە پێگەیەیکی جەماوەریی زۆر یان کەمیان دروست کردوە کە کاردانەوەیان هەیە لە جۆری ئاراستەکردنی رووداوەکان بە گوێرەی دڵی دەزگای هەوڵگری ناوچەیی و جیهانییەکان نەک بە گوێرەی بەرژەوەندیی و خواستیی میللەت، ئەمە یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان کە خۆپیشاندانەکانی باشوور هەموو جارێک بێ سەرکردە و بێ دروشمێکی یەکگرتوو و بەبێ رێکخراوێکی یەکگرتوو خۆی دەنوێنی لە سەر شەقامی باشوور و تەنیا گڕوتەوژمێکە و بۆ چەند ڕۆژێک و دادەمرکێتەوە و نابێت بە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات.  بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە ئەگەر سەرنج بدەین گشت قەوارەکان و کەساییەتییەکان لەو جۆرە بارودۆخەدا تەنیا باسی باش کردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن و خۆیان دزیوەتەوە لە پەنجە خستنە سەر مەسەلە جەوهەریەکان، ناوی خۆشیان وەک قەوارەی سیاسیی تۆمارکردوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو! سەیر لەوەدایە کە میللەتێک ژێردەست بێت و لە سەر شەقام بێت و بە زەبری لوولەی تەفەنگ دەمکوت بکرێت، دەبێت چی جۆرە سیستەمێکی دیموکراتی هەبیت تا خەڵک چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتوو بێت و هیواو ئاواتی خۆی پێ ببەستێتەوە!؟ ئەمە لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەو لاوە هیچی تری لێ شین نابێت!؟

بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئەمرۆ لە باشووری کوردستان بۆشایی سیاسیی و سەرکردەی پێشڕەو هەیە، ئەو بۆشایەش بە متمانەدان بە سەرانی پارتەکانی بنەکە فڕەوان پڕ ناکرێتەوە تا دەگات بە سەرانی ئەو پارتانەش کە لە دوا ساتدا بڕیاری کشانەوە لە حکومەتی کرمێ بووی هەرێمیان داوە و تا کۆتا ساتەکان دانیشتووی سەر گرد و چیا و خاوەن موچەی پلە باڵا و پارەی ووشکە و کەناڵی زەبەلاح و باڵاخانەن لە ناوە و لە  دەرەوەی وڵات! هەندێک لە سەرانی ئەو پارتانە بە سەدان جار پەتپەتێنیان کردەوە لە نێوان سەرانی جەمسەر ناکۆکانی ناو پارتەکانی تر. ئەزمون سەلماندویەتی کە جۆری عەقڵییەتی سەرانی ئەو پارتانەش لە پیادە کردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەکی هەمان عەقڵیەت بووە، بۆ نمونە هەموویان ماستاوساردکەرەوەی سوپای پاسدارن بوون و هەمووشیان لە شاری سلیمانی لە مەراسیمی یادی شۆڕشی ئیران بەشداربوون و لە "بەغداد"یش ماستاو ساردکەرەوەی لایەنی ترن، هەروها ئەزمون ئەوەشی سەلماندوە کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بردنی دەنگی ناڕەزایی شەقام بۆ ژێر ئاڵای سەرانی پارتی و یەکێتی و هێنانە پێشەوەی خەڵکی نەشیاو و لەشفڕۆش و خەفە کردنی دەنگی ناڕەزایی شەقام و پشت کردن لە دەنگە ناڕەزاکان کاتێک کە بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان پێویستی بەوە هەبووە.

لێپرسراوەتی هەڵگرتنی ئەو بارە قورسە و ئەو جۆرە بارودۆخە دەکەوێتە ئەستۆی گشت لایەک بە تایبەتی پارت و سەرکردەی پارچەکانی تری کوردستان، ئەوانەی یەک تاڵە مووی ڕەشی سەریان نەماوە لە لووتکەی شاخە بەرزەکانی کوردستان دا سپی نەبووبێت و سازشیان نەکردوە لە داوا ڕەوکان و بە پارە و پۆست نەکڕاون، ڕۆشەنبیر، نووسەر و هەموو ئەو کەساییەتییە و ئەو تاکە دڵسۆزانەی کە بۆ چرکەیەکیش بۆ خۆدەرخستن و پۆست و پارە هەڵوێستی لەرزۆکیان نەنواندوە و لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەتوو بوون و توانیویانە پارێزگاری بکەن لە هەڵوێستە ڕاستەکان و مۆڕاڵ و پرنسیپی مرۆڤاییەتی. بە دڵنیاییەوە تەنیا ئەوجۆرە هەڵبژاردەیە و ئەو جۆرە کەسانە دەبێت بکرێن بە ڕاوێژکار و ببن بە جێگە متمانەی گەل و هەڵگری نامەی چارەنووسی داهاتووی پرسی میللەت بن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە