سۆزان خان وەک گۆڕانخوازێکی نوێ

Friday, 12/01/2018, 21:44

8949 بینراوە


ئێمه‌ لەسەردەمێکدا دەژین، دۆزینەوەی کەسێک و کەسایەتییەکی بەڕێز زۆر ئەستەمە، بەتایبەتی ئەوانەی ڕێز لە قوربانییەکان دەگرن و بۆ بەرژەوەندیی و پارە و دەستکەوت بەسەر کەللە سەری قوربانیەکاندا باز بازێن ناکەن، دۆزینەوەی کەسی باش و دڵسۆز زۆر زەحمەترە وەک لەوەی بەدوای زێڕ و گەنجینەکانی"عەلی بابا"دا بگەڕێیت.
بە داخەوە ئێمەی کورد هەموو ئۆرگانەکانی لەشمان بەهێزترە وەک لە هزر و زاکیرەمان، گەر وانیە من سوپاسی ئەوانە دەکەم، کە بمهێننە سەر ئەو بڕوایە و بڵێن نەخێر وا نییە! ئاخر لەکامە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ڕوویداوە کۆمەڵێک گەندەڵی نغرۆبوو لە خیانەت و دزینی سەروەت و سامانی خەڵک، کە بەقودرەتی قادر بێنە ناوەند و سەنتەری ڕۆزا لۆکسمەبۆرگ؟
لەکام کونجی دنیادا هەبووە کەسانی پیسخۆر و ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی ببنە پێشەنگی چاکسازی و گۆڕانخوازی و بەدیهێنەری دادپەروەری بۆ خەڵکی کوردستان.
خۆم شانازی بەوەوە دەکەم لە قەڵەمبازی قۆناغی گۆڕانکاریدا وەک کەسێکی سادە هاوشانی ڕەوانشاد کاک نەوشیروان لەگەڵ هەنگاوەکانیدا بووم، بەڵام لەم ماڵپەڕی کوردستان پۆستی بوێردا دەیان ووتارم لەسەر کەماسیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان نوسیوە و ڕووبەڕووش بێ ئەوەی هێندەی تاڵە مویەک سڵ بکەمەوە ڕەخنەی زۆر ڕەق و توندم لەخودی کاک نەوشیروان گرتوە و ئەو زاتەش ڕوویەکی مۆنی نیشان نەدام .کاک نەوشیروانیش پێش ئەوەی بەجەستە ماڵئاوایی بکات ئەو ڕاستییەی درکاندبوو ، کە کۆمەڵێک کەسایەتی پۆستخوازی هێندە بەرزکردۆتەوە کە شایەنی هێنانەپێشەوە نەبوون لەبزووتنەوەکەدا.
پرسارە گەوهەریەکە لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ بزووتنەوەی گۆڕان لەقەیراندایە تا ناچاربێت لەگەڵ قەوارەکەی دکتۆر بەرهەمدا هاوپەیمانی یاخود بەرەیەکی لە نموونەی بەرەی جود و جەوقەدی سەردەمی شاخ لەهەمبەر جووت برا گەندەڵەکەی دەسەڵات واتە یەکێتی و پارتی دروست بکات؟ خۆ دیارە بەرەی جود و جەوقەد لەسەردەستی بنەماڵەی خائینی بارزانی دروستکرا دژ بە بەرەی بەدیلی شۆڕشگێڕ کە ئەوکاتە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ڕابەرایەتی دەکرد! گەر وانیە خۆ دەبوو بزووتنەوەی گۆڕان بە ڕوونی بۆ لایەنگرانی خۆی ڕوون بکاتەوە لەم قۆناغەدا کە خەڵکی ناڕازیی هێندە پەیوەستن بەپەیامەکەی کاک نەوشیروانەوە تەنها بەرزکردنەوەی پەنجەی ئۆکەی لەلایەن جڤاتی نیشتمانیەوە بۆ خەڵک بەسە بۆ ئەوەی تەخت و تاراجی ئەم دوو حیزبە بۆگەنە بەرەو زێرابەکانی مێژوو ببەن.
دزەکان لە ڕێگەی پێشینە و میژوویان و یەکترناسینی رابردوویان زۆر بە خێرایی دەتوانن یەک بگرن یاخود باندی بەرژەوەندی هاوبەش دروستبکەن و زۆر جاریش ئەم باندانە لە ژێردروشمی (ئێمە بۆیە دزیمان لە دەسەڵاتدارەکان کردوە تا هەژارانی پێ تێربکەین) ئەم ووتە زایە پڕاوپڕ بەباڵای سۆزانی شەهابی شێخ نووری کۆنە پەڕلەمانتاری یەکێتی و هاوودیدی ئێستای لیستەکەی دکتۆر بەرهەمە بەناوی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەمەش سۆزان خان وەک گۆڕانخوازێکی نوێ بۆ گۆڕینی دزەکانی هاوڕێی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا وەک گۆڕانخوازێکی نوێ دەردەکەوێت! ئێ هەر دەبێت واش بێت سبەینێ سۆزان خان دەبیێە وەفدی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان لیستەکەی دکتۆر بەرهەم و بزووتنەوەی گۆڕان.
پڕۆفایلی سۆزان خانی گۆڕانخواز
-کچی خاڵەشەهابی داهێنەری دروشمی کەم ژیان و کەم ژیانە.
- پێش ئەوەی ببێتە پەڕلەمانتاری یەکێتی لەهۆڵەندا پێش ئەوەی دژی بنەماڵەی بارزانی بێت دژی هەموو هاوخوێنەکانیشمان بوو لەدەڤەری بادینان و دەیووت هەموویان کۆیلەی ماڵی بارزانین.
-گەر هەڵە نەبم مانگی ٧ی ساڵی ٢٠٠٥ بوو تازە کابینەی دووەمی پەڕلەمان دەستی بەکارکردبوو سۆزانیش لەسەر لیستی کوردستانی و لەبەشی یەکێتی بووبوە پەڕلەمانتار مەسعوود بارزانی بەیاوەری نێچیر بارزانی و سۆزانیش وەک تاکە مێینەی تیمی وەفدی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکایان کرد و جۆرج دەبلیوبۆش لە نزمترین ژووری کۆشکی سپیدا پێشوازی لێکردن پاش سەردانەکە سۆزان شەهاب نووری لە ئەمەریکاوە گەڕایەوە بۆ شاری ئەنیشخەدەی هۆڵەندا کە ماویەکی زۆر بەکوێرەوەری لێرە ژیانی کردبوو لێم پرسی سۆزان خان تۆ وەک کچی خاڵە شەهاب چی کۆی کردبویتەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیر وەک وەفدی هەرێم زۆر بێمەنتانە پێ ووتم : لە مێژووی شۆرشی کوردا تەنها یەک سەرۆک هەیە ئەویش سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیری برازایەتی و دڵخۆشم لەگەڵ ئەو زاتانەدا ستافی وفدەکەبووم و کاک نێچیریش وەعدی پێداوم گەڕاینەوە خانویەکم لەشاری هەولێر بۆ دابین بکات.
- ساڵی ٢٠٠١ یەکێتی نیشتمانی کردی بەبەڕێوەبەری سۆپەرمارکێتێکی خۆی لەسلێمانی لە ماوەی دوومانگدا یەک ملیۆن و نیو دیناری سیویسری دزی.
- ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ دایکی کۆچکردویدا دەچنە لای مام جەلال و گلەیی ئەوەی لێدەکات کەمام جەلال تۆ من و سۆرانی برام وەک برازای خۆت حساب کردوە بەڵام هیچت بۆنەکردووین مام جەلال بڕیار دەدات پارچەزەویەک بدات بەخۆی سۆرانی برای پاشان سۆزان فرۆشتی بەشەشسەد هەزار دیناری سویستی ئەوکاتە.
مووچەکانی سۆزان خان:
-مووچەیەکی تایبەتی مام جەلال.
- مووچەیەکی تایبەتی مام جەلال بۆ دایکی واتە هاوسەری خاڵە شەهاب.
- مووچەی خانەنشینی وەک پەڕلەمانتار.
مووچەی خاڵەشەهابی باوکی بەبڕی چوارملیۆن و چوار سەد هەزار لەسەر کەشفکردنی ئەم مووچەیە لە کوردستانپۆست بابەتێکم نووسی بەناونیشانی (لە یادی مامەڕیشەدا خاڵە شەهاب شەهیدنیە) لە کوردستانەوە بەتەلەفۆن هەڕەشەی گوێ بڕینی لێکردم لیننکی نوسینەکە لە کۆتایی پەڕەکەدا دادەنێم.
-ئێستا سۆزان شەهاب لەخەستەخانەی فاروقی مەلا مستەفا وەک بەڕێوەبەری کارگێڕی کاردەکات.
باچاوەڕوان بین بزانین گۆڕانخوازە نوێیەکە کامە مووچەی مسۆگەر دەکات لەلیستەکەی دکتۆر بەرهەمدا.
لینکی ووتارەکەم لەکورستان پۆست:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە