ڕالف پیترس: ئەمریکا قەرزاری خوێنی کوردە، دەبێت تورکیا لە ناتۆ دەربکات

Monday, 12/02/2018, 11:14

16126 بینراوە


دابەش کردنی سنووری دەسەڵاتی ئەمریکا و ڕوسیا لە سوریا، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە جەنگی دژ بە داعشدا، گوایە بە ڕێککەوتن بووە. بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە بێت عەفرین، لە سنووری ژێر دەسەڵاتی ڕوسیادا بوو و مەنبیچ لە ژێر سنووری دەسەڵاتی ئەمریکادایە. ئەمە هۆکاری سەڕەکییە کە ئەمریکا نەیتوانی سەرپێچی بکات لەو ڕێککەوتنە و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی لەشکرکێشی تورکیا بێت لە عەفرین. ئەمە ڕاستە، بەڵام لەو ڕێککەوتنەدا نەهاتووە کە ڕوسیا دەبێت جێگۆرکێ بکات و ئەو ناوچانەی لە ژێر سنووری دەسەڵاتی ئەودا بوون، بۆ تورکیای جێبهێڵێت. کەواتە، ئەو ڕێککەوتنە لەو چرکەیەدا کۆتایی هات کاتێک ڕوسیا عەفرینی لە ژێر ڕەحمەتی موشەکەکانی ئەردوغان جێهێشت!
------------------------------
هەڵوێستی شەرمنانەی ئەمریکا بەرامبەر بە لەشکرکێشێ تورکیا بۆ سەر عەفرین و نادیاری ئاسۆیەکی ڕوون لە ستراتیژیەت و سیاسەتەکانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا، بۆتە جێگە ڕەخنە، توانج وسەرنجی گەلێک لە چالاکەوانی مەدەنی، نووسەر، شرۆڤەکاران و سیاسەتمەداران و میدیای دنیا بە تایبەتی ئەمریکییەکان، پرسیارێکی گرنگیان وروژاندوە، کە ئەوەیش ئەوەیە، بۆ دەبێت ئەمریکا هەڵوێستە دوژمنکارەکانی تورکیا، بەرامبەر بە سیاسەت و ستراتیژییەتی خۆی نەبینی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و رێز لە قوربانییەکانی نەتەوەی کورد نەگرێت وەک هاورێیەک و هاوپەیمانێکی بە وەفا؟ یەکێک لەو نووسەرانە کە زۆر بە ڕاشکاوانە و بوێرانە رەخنە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەکات ڕالف پیتەرسە. 
ڕالف پیترس،  کۆلۆنێلی خانەنشین لە سوپای ئەمریکی، نووسەر و دۆستی هەمیشە و ڕاستەقینەی پرسی کوردە. لە چاوپێکەوتنێکدا، لەگەڵ کەناڵی فۆکس، لە مانگی ڕابردوو، بە ڕاشکاوانە تێڕوانینی خۆی ڕاگەیاند، بەرامبەر بە لەشکرکێشی تورکیا، بۆ سەر کوردستان و ڕەخنەی لە هەڵوێستە نەرمەکانی ئەمریکا گرت، بەرامبەر بە تورکیا و گوتی 
دەرکردنی تورکیا لە ناتۆ، کارێکی ئاڵۆز بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا دەتوانێت بیکات. هاوپەیمانییەتی ئێمە، لەگەڵ تورکیا، مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام ماوەیەکە تورکیا لە دۆستێکی باشەوە، گۆڕاوە بە دوژمنێکی مەزنی سەرسەخت. ڕژێمی تورکیا، سیستەمی دیموکراتی پێشێل کردوە، بە دەیان هەزار کەسی لە زیندان ئاخنیوە، میدیای لۆکەلی تەفروتونا کردوە، یارمەتی ئیخوان دەدات، هەنوکەش هێڕش دەکاتە سەر باشترین هاورێ و هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. باشترین پێناسە ئەوەیە کە، تورکیا خراپە، کورد باشە، ئێمەش گێلین"!
گرنگ بوو، کە ئێمە خەلیفە (داعش) لە ناوبەرین، بەڵام ئەوانە کورد بوون، کە خوێنی خۆیان دەبەخشی لە بەرەکانی شەڕدا، یارمەتی ئێمەیان داوە، بەڵام ئێمە ستراتیژەییەت و ئامانجەکانمان ڕوون نییە لە ناوچەکە، هەروها لەوە ناگەم دوای دەیان ساڵ، دەمانەوێت هاوڕێی ڕاستەقینە و ڕاستگۆمان هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدیناکرێت، دەبێت لایەنێک هەڵبژێرین و پابەند بین پێیەوە.
 لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئەگەر ئەو لایەنەی هەڵیدەبژێرین هەڵوێستیان بگۆڕێت ؟
ڕالف پیترس، کورد ناگۆڕین و هاوڕێی بەوەفا دەمێنن، ئەزموونی بیستوپێنج ساڵی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کورد ئەوەی سەلماندوە. کورد نەتەوەیەکی ٣٠-٤٠ میلیۆن کەسە، مێژوویەکی پڕ لە خەبات و ماندوو بوونیان هەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی، تا ئێستا ئەوەی داوامان لێ کردوون، ئەنجامیان داوە، دوای جەنگی جیهانی یەکەم دابەشکراون، ئێمە ئەو بوارەمان بۆ ڕەخسا لە ساڵی ٢٠٠٣دا عیراق دابەش بکەین، سنووری وڵاتانی ئەو ناوچانە لەلایەن ئەوروپیە تەماحکارەکان کێشراوە، کە چاویان نوقاندوە بەرامبەر بە بارودۆخی ئەو وڵاتانە لە پێناو بەرژەوەندییان.
هەنوکە، ئەگەر ئێمە پشت لە کورد بکەین، رێگە بدەین تورک پێشێلکاری بکات بەرامبەر بە کورد، ئێمە ئەو متمانەی کە لە نێو خەڵکدا دروستمان کردوە لە دەستی دەدەین، پەیڕەو کردنی ڕەوشت لە سیاسەتدا گرنگە، نابێت پشت لە هاوپەیمانەکانت بکەی، کە لە ئەنجامدا کاردانەوەی هەبێت لەسەر ناوبانگت، ئەوە ڕەوشت نییە، کە کورد شان بە شانی تۆ خوێنی بەخشیوە، تۆ پشتی تێبکەیت، لە کاتێکدا تۆ قەرزاری کوردی و لەسەرتە پارێزگاریان لێ بکەیت.
ئەمریکا، دەبێت بزانێت چی دەوێت و ئامانجەکانی دیاری بکات، ڕوسیا و ئەسەد و ئیران ئامانجەکانیان ڕوونە و پێکاویانە لە ناوچەکە. بەڵام ئێمە نازانین چیمان دەوێت و ئەوانەی هاوپەیمانیەتیمان لەگەڵ دروست دەکەن لێمان دوور دەکەونەوە.  لە رۆهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت ئەمریکا بزانێت کە چی دەوێت، هەنگاوی بۆ بهاوێژت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و دروست کردنی هاورێیەتی، نەخێر، مەبەستم دروست کردنی هاوپەیمانیەتیە، بە هۆی ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندیی هاورێیەتی ئەستەمە هەبێت، جگە لە پەیوەندیی هاورێیەتی لەگەڵ  کورد نەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە