چەند وانەیەک لە ژنانەوە

Sunday, 08/04/2018, 13:40

3506 بینراوە


ڕۆژی ٢ی ٤ ی ٢٠١٨ لە بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی ڕوداوێک ڕویدا کە  بە هەمو هەست و سۆز و بیرکردنەوەم تێیدا و لەگەڵیا ژیام بۆیە لای من ڕۆژێکی میژویی بو. دەسەڵات لە سلەیمانی کە من نازانم و خوێنەری بەڕیز تۆیش نازانی لە دەست کێدایە ، هەر لە بەیانی زوەوە بە هەشت پیکابی پڕ لە ئاسایش و پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان و سیخوڕی نهێنی بازنەیەکیان دروستکرد لە شوێنی گردبونەوەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە وا بۆ هەفتەیەکە لە مانگرتنی تەواودان و ڕۆژانە تا نیوەڕۆ لەو شوێنە کۆدەبنەوە.وتراوە شێر کە لە لانە دەرچو چ نێر بێ چ مێ، شەش حەوت خانم بەڕاستی وەک شێر بەرەنگاری پۆلیسەکان بونەوە کە دەیان ویست بەزۆر ئەو بیست ژن و پیاوەی لە شوێنەکەدا کۆبوبونەوە ڕاپێچیان بکەن بۆ ناو حەوشەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ ئەوەی دەنگیان کپبکەن و بیانشارنەوە لەو خەڵکەی وردە وردە دەهاتن بۆ شوێنەکە ،
ئەوان بەو جۆرە دەیانویست بایکۆت و گردبونەوەکە بشکێنن. ئەو ژنانە و پیاوانی هاوخەباتیان بە هاوسەنگی و ئارامی ، بە وشەی گوڵ بە بەڵگەی سەلمێنەر و  بە دروشمی جوان و بیروڕا و هەست و سۆز و هەڵوێستی جوامێرانەیان دەربارەی داوا ڕەواکانیان ، هەروەها بە پێداگری و بە سوربون لەسەر ئەوەی بە هەر نرخێک بوە  ناچنە ژورەوە و لە شوێنەکەدا دەمێننەوە،  توانیان وا لە پۆلیسەکان بکەن دەستبگێڕنەوە و بپرینگێنەوە لەوەی توندوتیژی بەکاربهێنن ،
دیارە سیاسەتی برسیکردنی خەڵک خودی هیزەکانی ئاسایش و  پۆلیسیشی گرتۆتەوە بۆیە ئەوانیش سوربونێکی وایان نیشان نەدا بۆ پیادەکردنی فەرمانەکانی سەروخۆیان، دواتر گردبونەوەکە ئەوەندە فراوانبو کە هێزەکەی پۆلیس و ئاسایش ناچاربون پاشەکشەبکەن ، گردبونەوەکە بە سەرکەوتویی بەڕێوەبرا. 
لە ڕوداوێکی هاوشێوەدا لە ڕۆژی ٢٨ ی ٣ ی ٢٠١٨ کە پزیشکان و مامۆستایانی مانگرتو لە هەولێر دیواری ترسیان شکاند و ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ داوای ڕەوای خۆیان، خانمێکی هەولێری زۆر ئازایانە بەرەوڕوی دیوارێکی ئەستور لە پیاوانی پۆلیس و ئاسیشی هەولێر وەستایەوە و داوای لێکردن فەرمانەکانی سەرو خۆیان بەجێنەگەیەنن بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. نمونەی ئەم دو ڕوداوە لە هەمو ئەو شوێنانەی خۆپیشاندانی تێدا کراوە چەندبارە بۆتەوە، بۆیە وادیارە هەیبەتی پارتی و یەکێتی لە ناو پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشدا زۆر کەمبۆتەوە و ئەمانە چیتر ئامادە نین وەک ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ خۆپیشاندەرانیان بۆ سەرکوتبکەن و بکوژن.
دروشمی سەرەکیی ئەم شەپۆلە فراوانەی مانگرتن و گردبونەوەکان بریتین لە نەهێشتنی موچەی پاشەکەوت و مسۆگەرکردنی موچەی تەواو مانگانە لە کاتی خۆیدا هەروەها گێڕانەوەی قەرزی دوساڵی ڕابوردویان کە کەوتۆتە سەر حکومەتی هەرێم. دەبێت دروشمەکان هەر ئاوا ناحیزبی بمێننەوە چونکە خەڵک بێزار بوە لە حیزبایەتی، بەم دروشمانە دەتوانرێ  مانگرتنەکە فراوانبکرێ کە بازاڕیان و جوتیاران و کرێکاران و هەمو چین و توێژە زیانلێکەوتوەکانی کۆمەڵ بگرێتەوە و ببێتە مانگرتنی سەرتاسەری  کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ستەمگەر و برسیکەری پارتی و یەکێتی، نابێ ئەم دەرفەتە لەدەست گەلەکەمان بدەین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە