بێ دادگای ئازاد، کۆمەڵگای یەکسان شیعار و هەڵڵایە

Saturday, 21/04/2018, 0:58

2247 بینراوە


بە داخەوە لە هەرێمی کوردستانماندا، تاکو ئێستاش خەڵکەکەمان هەر قوربانیی دەستی هەبوون و نەبوونی دەستوورێکی شیاوی باڵای ئەم میللەتە پڕ شکۆیەیە. وەلی ئەو تەوەرەی کە شان بە شانی دەستوور گرنگایەتی هەیە، مەسەلەی هەبوون و نەبوونی رۆڵی سەربەخۆیی دەسەڵاتیی دادوەرییە. بە داخەوە تاکو ئێستا، لێرەو لەوێی وڵاتەکەی ئێمەدا سەلمێنراوە، کە ئەم دەسەڵاتە زامدارە،شلیو و شەل هەنگاوە. ئەم دەزگا دادوەرییانە لە هەموو وڵاتێکی پێشکەوتوودا، لەبەر سەربەخۆیی و هێزی قانون و عەدالەتیان سیستەمی دیموکراتی بەهێز و پتەو و بەڕیز کردووە. باشترین نموونەیش؛ مەسەلەی دەرکردنی (مایەر)ی شاری ستۆکهۆڵم و بە دادگادانی (بیرلوسکۆنی)ی ئیتاڵیایی بوو. ئێمەی کۆمەڵگەی کوردستانی عیراق،کە ئێستا لە حاڵەتێکی وادا دەژین،کە شەو و رۆژ ، راست و چەپ.... باس باسی (گەندەڵی) دارایی، پێشێلکردنی دەستور، نەوت و گاز دزین، رەشوەت وەرگرتن، کۆمیشنبازی،خزمخزمێنە، بندیوار بندیواری و تومەتبارکردنی ئەم و ئەوە لە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان و خەڵکانی حورئەندێش و .. . لە هەموو ئەم ناهەقیانەشدا ئێمە هەر هەموومان دوو خاڵمان پەێڕەوکردووە؛ 
١- هەر هەموو خەڵک و ئیعلامەکان و حیزبەکانیش، بەبێ هەق و بی یاسا کەوتوینەتە پێش ئاکام و بڕیارەکانی دەسەڵاتە دادوەرییەکان، بە کەیفی تێگەیشتنی خۆمان ئەم تەخوین ئەکەین و ئەیتر بە دز و درۆزن .
٢ - لە لایەکی تریشەوە لەبەر زاڵبوونی سیستەمی حیزبایەتی بەسەر کۆمەڵکەماندا، سوورین لەسەر ناسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری. 
 بۆیە ئەگەر مەبەستمان، پلانمان، ویست و ئارەزوومان دامەزراندنی کۆمەڵگای یەکسان بێت، دەبێت هەر لە ئاستانەی کارەوە بزانین کە بێ دادگای ئازاد، کەمەڵگای یەکسان تەنیا شیعارو دورشم و هەڵڵایەو هیچی تر. لە ئێستاوە دەبێت بۆ ئەوە کار بکەین کە لە ئایندەییکی نزیکدا بتوانین ئەوە بسەپێنین کە خاوەند باخ و باخچە داگیرکراوی ( بۆ نموونە سەری رەش یا هەر شوینێکی تری ئەم هەرێمە) بتوانێت ئەو دەسەڵاتدارانە بداتە دادگاو دادگایش ئەو دەسەڵاتە سەربەخۆییەی هەبێت کە ئەو بەرپرسانەی ئەو شوێنانەیان داگیرکردووە، بانگهێشت بکرێن و بە یەکسانی خاوەند هەق و زەوتکەری هەق لەو کێشەیەدا دادگایی بکرێن. ئەگەر سووربین لە چەسپاندنی ئەم سەربەخۆییە بۆ دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەری هەرێم.، دەبێت بزانین کە ئەوە ئەکەم هەنگاوی بناخە بەستنی دەزگا مەدەنیەکانمانە، هەر لەمەشەوە دەتوانین ئەم حاڵەتە ئیجابییە بکەینە مەرج هەبوونی هەر حیزب و کۆمەڵ و دەزگایەکی حکومەتی. وە تەنیا و تەنیا بە مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی دادگا وپاراستنی دەسەڵاتی دادوەریی، دەتوانین دامەزراندنی کۆمەڵگای ئازاد، لە خەون و لە دروشم و لە هەڵڵاوە بکەینە واقیع و بە حەقیقەتی رۆژانەو بە بەکاڵای پڕ بە باڵا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە