باشووری کوردستان قەرزێکی لایەنە ئیسلامیەکانی لەسەرە

Thursday, 03/05/2018, 22:29

3431 بینراوە


پێش ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەسەڵات بگات، بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێندە هۆگری ئیسلام بوون، بە بەردەوامی سەردانی مەلا و شێخەکانیان دەکرد و وەک موعجیزەیەک لێیان دەڕوانین.
 زۆر باش لە بیرمە کە ئەو کەسانەی لە باشووری کوردستان جێگەیان نەدەبوویەوە و شاربەدەر دەکران، لە ناچاریدا ڕوویان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان  دەکرد و هانایان بۆ جۆرەها فرتوفێڵ دەبرد.
یەک لەو فرتوفێڵانەش بەستنی دوو پارچە شاڵی سەوز بوو لە سەر و کەمەریان و خۆیان بە 'شێخ' دەناساند. پاش ماوەیەک خەڵکانێک دەبوونە دەروێشیان و مامە شێخیش وەک مشەخۆرێک خۆی بە دەروێشەکان دەژیاند.
ئەو هۆگربوون بە ئیسلامیەوە بە جۆرێک ڕیشەی لە نێو کۆمەڵگادا داکوتابوو، کە کاتێک جادوگەرێکی وەک خومەینیش لە پاریسی پایتەختی فەرەنساوە گوتی: "شۆڕشی ئیسلام بە ڕێوەیە و ڕەحمەتێکە بۆ موزتەزعەفانی ئێران". ئیتر هیچ پێویستی بە بەرنامەڕێژی نەکرد بۆ ڕوخانی ڕژێمی پادشایەتی و خەڵکەکە هەر کە گوێبیستی ناوی ئیسلام بوون، هەموو شارەکانیان لە ڕژێمی پەهلەوی کردە بورکانی ئاگر و لە زۆربەی شارەکانیش بە چەپڵەڕێزان کۆتاییان بەو ڕژێمە نەگریسە هێنا.
کاتێک ڕژێمی ئیسلامیش دەسەڵاتی گرتەدەست، هەرلە یەکەمین ڕۆژی دەستبەکار بوونیەوە مەرگەساتی ڕازاندەوە و ڕۆژانە سەدان کەس بەبێ دادگایکردن لە سێدارە دەدران.
حوکمی ئیسلامی هەر بەوەشەوە نەوەستا بەڵکو یەکەمین بڕیاری خومەینی فتوای "جیهاد" بوو لە دژی گەلی کورد و سەدان جەلادی هاوشێوەی خاڵخاڵی و مستەفا چەمرانی لە گیانی خەڵک بەردران.
دڕندایەتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هۆکارێک بوو بۆئەوەی گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، واقعیەتی "ئیسلامی سیاسی" زۆر باش بناسن و چیدیکە فریوی "ئیسلامی سیاسی" نەخۆنەوە.
هەمان دیاردەی ساڵانی ٦٠ و حەفتاکانی ئێران، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە ڕووی لە تورکیا و باکووری کوردستان کردووە، ئەو دیاردەیەش بە حیزبی ڕەفای ئیسلامی دەستی پێکرد و بە ئاکەپەی ئیسلامی درێژەی هەیە، ڕژێمی ئاکەپە دەیان شاری باکووری کوردستانی خاپوور کرد و سەرتاسەری تورکیاشی نوقمی خوێن کردووە، بەپێی دوایین زانیاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا: لە ئێستادا زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس لە زیندانەکاندا دەناڵێنن، هۆی درێژەکێشانی حوکمی ئاکەپەش بەهۆی زاڵبوونی بیری شۆڤێنیستییە لە نێو کۆمەڵگای تورکدا.
واتە زۆربەی تورکەکان وەها بیردەکەنەوە کە لەژێر ئەو حوکمە ئیسلامیەدا دەتوانن باڵادەستی عوسمانیەکان بەدەست بهێننەوە، ئەو بیرە شۆڤێنیستییەش وای لە تاکی تورک کردووە کە لەئێستادا زۆر باش هەست بە ئازار و دەردەسەریەکانی ئەم ڤایرۆسە ئیسلامییە نەکات.
ئالوودەبوون بە ئیسلامی سیاسیەوە هەر ئێران و تورکای نەگرتەوە، بەڵکو ماوەیەکی زۆر بوو کۆمەڵگای سوریاش لە چاوەڕوانی حوکمی ئیخوان الموسلمیندا بوون. تا سەرەنجام لە ساڵی ٢٠١١وە ئیخوان الموسلمین بە ئاشکرایی خۆی کرد بە ناویاندا و دەیان گروپی دڕندەی وەک داعش و بەرەی نوسرەشی لە هەناوی خۆیدا بەرهەم هێنا، ئەوەی ئیسلامی سیاسی لە ٧ ساڵی ڕابردوودا بە گەلانی سوریای کرد، با بە دەواری شڕی نەکردووە.
خۆ ئەگەر ئێرانیەکان قێزیان لە هەموو ئیسلامێکی سیاسی ببێتەوە و تورکەکانیش بەهۆی شۆڤێنیستییانەوە لە ئێستادا خۆیان لە واقعیەتی ئیسلامی سیاسی گێل دەکەن، ئەوا ئەو سورییانەی کە لە دەستی هێزە ئیسلامیەکان خۆیان ڕزگار دەکەن و دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا، نەفرەت لەو ڕۆژەش دەکەن کە ئاشنای هێزە ئیسلامیەکان بوون. 
ئێستاش بەهۆی کردەوە چەپەڵەکانی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و باڵادەستی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا، هەلێکی باش بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیسلامی سیاسی هاتۆتە ئاراوە و بەشێک لە گەنج و مێرمنداڵان توشی ئەو ڤایرۆسە  بوون، ئەو ڤایرۆسەش بە جۆرێک بواری بۆ ڕەخساوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گەنجان دادەڕزێنێت و کۆمەڵگاشی بە هەر جۆرە پێشکەوتنێک نامۆ کردووە.
بۆئەوەی کۆمەڵگای باشووری کوردستانیش بە ئاگا بێتەوە، زیاتر تێگەیشتنیانە لە ئیسلامی سیاسی.
بۆ ئەو مەبەستەش زۆر پێویستە لایەنە ئیسلامیەکان بۆ ماوەی چەند ساڵێک حوکمی باشووری کوردستان بگرنە دەست تاکو واقعیەتی لایەنە ئیسلامیەکانیان لە دەسەڵاتداریدا بۆ دەربکەوێت. چونکە لە حاڵەتی بە دەسەڵاتگەیشتنی لایەنە ئیسلامیەکاندا، بێ باکانە بەرنامەکانیان دەخەنە واری کرداریەوە و ئەوکات کۆمەڵگاش بە تەواوی لە ئیسلامی سیاسی تێدەگەن بۆئەوەی چیدیکە فریوی ئیسلامی سیاسی نەخۆنەوە و خۆیان لە پەتا و ڤایرۆسی ئیسلامی سیاسی بپارێزن.
جەلال چوارتایی. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە