حیزب و کاندید

Sunday, 13/05/2018, 1:32

2806 بینراوە


لە گەڵ دەست پێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ حیزب و لایەنەکانی کوردستان و عێراق ، ھەر پارت و لایەنێک پڕوپاگەندەی پارتەکەی خۆی بڵاو دەکاتەوە لە پێشتریش دەکرا ،
دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردن جیاواز لە ھەڵبژاردنی پێشوو تر ئەم جارە لیستی کاندیدەکان کەسانی کاسبکار و خاوەن پیشەیشی لەخۆ گرتووە و لیستەکانیان پرکردوە لە کاندید ،
حیزبەکان ھەڵپەیەکی زۆریانە بۆ ئەوەی دەنگ کۆ کەنەوە بۆ ھەڵبژاردنەکان ، بەدەر لە مانە ئەم جارە حیزبی تر دێنە نێو ھەڵبژاردنەکانەوە ، کە ئەویش حیزبە نۆێیەکەی دکتۆر بەرھەم ساڵح و حیزبەکەی شاسوار عبدالواحيد ە .
لە گەڵ ئەمانەش دا ھەردوو حیزبی دەسەڵات کە پارتی و یەکێتیە بۆ ئەمجارەی ھەڵبژاردن ترسێکی گەورەیان کەوتۆتە کۆڵ ، 
لە بەر شکستی خۆیان و ڕاکێشانی ڕای خەڵکی بۆ خۆیان کەوتونەتە گیانی یەکتر ھەر یەکەیان ئەو حیزبەی تر ناشرین دەکەن بۆ ئەوەی لیستەکەی خۆی پێ سەر بخات .
کاندیدەکان جگە لەوەی کە بانگەشە بۆ حیزبەکەی دەکات و سواڵی دەنگ دەکات وە ھەڵ پەیشێتی بگات بەو دەسەڵات و ئیمتیازاتانەی کە ھەن بۆ بە ئەندام پەرلەمان بوون ،
ئیتر کورد بوون و کار زۆر بۆی گرنگ نیە ئەو شەڕی ئەوەیەتی کە پێی بگات ئیتر گەندەڵی و نا دادپەروەری بەس قسەی سەر زارە ، ئەو دەزانێت بەو چارەسەر نابێت بەس دەڵێت خۆ من تا چوار ساڵی تر دەی خۆم بۆ خۆم ئیتر چی دەبێت نابێت گرنگ نیە .
لە چەند ساڵی ڕابردو دا ئەمە بۆ تەواوی خەڵکی ڕون بۆتەوە کە ئامانج چییە ؟
بۆ گەیشتن بەو پلەو پایە تەواوی حیزبەکان وا نیشاندەدەن کە ئەوان دڵسۆز و خەمخۆری میلەتی خۆیانن ،
بە درێژای مێژووی ھەردوو حیزبی دەسەڵات لە دوای کۆرەوی ئازاری ساڵی ١٩٩١ ەوە بە دواوە ھەردوو حیزبی دەسەڵات ھەوڵی گەوجاندنی تاکی کوردیان دەدەن، بە ناوی کوردایەتی و خاک و نیشتمان و پیرۆزی ناوی پێشمەرگەوە سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە ، بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات و پۆست و پلەو پایە نە وەستاون و بەردەوامن جێگای خۆیان پێ قایم کردوە خەڵکیان پێ کردۆتە قەڵغان ، ھەرچی دەستەکەوت و ئمتیازاتی باشە بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان فەراھەم کردوە شۆرش و کوردایەتی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە ،
بارزانی بۆ مانەوەی ئەو کاتەی خۆی لە دەسەڵات ھەستا بە داڕشتنی سیناریۆی ڕیفراندۆم ، ئەوە گەورەترین ھەڵەی مێژووی بوو کە بارزانی کردی کوردی توشی نەھامەتی کرد ،
چونکە پێشتر وڵاتانی دراوسێ ئاگاداریان کرد بۆوە کە ناکرێت ئەو کارە بکرێت لە ئێستا دا ئەو بە ئێستاشەوە درێژی بەو گالتە جارییە دەدات دەڵێت ڕیفراندۆم کارێکی دروست بوو .
لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە کورد ئەوەی ھەی بوو لە دەستی دا شکۆی کورد و پێشمەرگە شکێندرا ، کورد گەڕایەوە بۆ خاڵی سفر  ئەمە سیاسەتی ھەڵەی ھەردوو حیزبی دەسەڵات بوو کە دۆخی کورد بەم ڕۆژگارە گەیشت .
ئێستاش دیسان دوای ٢٧ ساڵ لە دەسەڵات و خۆ زلکردنی خۆیان دەستیان کردوە بە لێدانەوەی ھەمان قەوانە کۆنەکان بۆ خەڵکی ، ئەوان باش لە خەڵکی تێبەگەیشتوون ، ئەوە خەڵکە ھەتا ئێستا ل دەسەڵاتدارانی کورد تێ نەگەیشتوون .
لە گەڵ ئەوەشدا دەسەڵات بەردەوام لە پرو پاگەندەی حیزبایەتی ھەر بەردەوامە و خەریکی گەمەی خۆیەتی ، کەچی خەڵکیش بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان بروات ناچارن ئەم ژیانە کولە مەرگیە بەرنە سەر ، بەڵام بەرپرس و کوری بەرپرسەکان لە خۆشترین ژیاندا دەژین بۆ خۆیان .
ئەم جارە دەسەڵات لە شکستی دا بۆ پرکردنەوەی لیستەکانیان پەنا بۆ ھەموو شتێک دەبەن ، تا بە ھەر جۆرێک بێت ئەیەوێت سواڵی دەنگ بکات بۆ حیزبەکەی .
بە ڕاستی پێویستە ئەم مۆدێلی دەسەڵات و حوکمڕانیە تەقلیدییە کۆنە حیزبایەتیە بگۆر درێت و شەفافیەت و ڕاستگۆی پەرەی پێ بدرێت ، ئیدی دەبێت تاکی کورد لە خەو ڕابێت چی دی نەبێتە کۆیلەو دار دەستی دەسەڵاتێکی شکستخواردو ،
پێویستە تاکی کورد ھۆشیار بێتەوە لە خەوی غەفڵەت وە ئاگا بھێنرێتەوە چی دی ھەڵبژاردنی تەقلیدیی نابێتە ھۆی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا ، ئەگەر ھەر ئەوان بەڕێوەی ببەن لە بەر ئەوە تەنھا دەم و چاوەکانە دەگۆڕێت ،  ئەگینا ھەمان عەقڵیەتی حیزبەکانە دەیان جوڵێنن ئەمانە دەبنە ڕۆبۆت ھیچ ڕۆڵیان نابێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە