لێبوردنی رەسمی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ مەلا ئاگر پەرست

Tuesday, 19/06/2018, 20:11

3973 بینراوە


داعشەکان و کۆنەپەرستەکانی ئەو سەردەمەی پێنجوێن، موفتی پێنجوێنیان بە (مەلا کافر)، (مەلا بابی) و (مەلا ئاگرپەرست) ناودەبرد وەک بێ ڕیزیکردنێک بەو، لەبەر ئەوەی ئەم شاعیرە نیشتمانپەروەرە  بۆ ئاسۆیەکی رون و پرشنگدار دەیڕوانی و هانی خەڵکی دەدا بۆ خوێندن و زانست، هەروەها بەرگری لە مافی مێینە دەکرد. بەم هۆیەوە ماڵ و منداڵیان بەردباران دەکردن، تا ئەو رادەیەی منداڵەکانی موفتی دەترسان لە مال بێنە دەرێ،  هەتا دەگاتە ئەوەی کە قانیعی هاوەڵ و هاو خەمی لە شارەزورەوە بێت بەدەمیەوە وناچاری بکات، تا بچێت لەگەڵ ئەودا لەسەر بەردەنوێژەکان نوێژ بکات، هەتاوەکو فشاری خەڵکی لەسەر ماڵ ومنداڵی کەم بێتەوە و ژیانیان لە مەترسی  بپارێزێت.
چەند سالێک لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا وتارێکم نووسی بەناوی: (موفتی پێنجوێنی یان مەلابابی؟!)، پاشان کوردستانپۆستدا بەدوورو درێژی بە وتارێکی تر چیرۆکی مەلا ئاگرپەرستم  روونکردەوە، کەبە مەبەستی راستکردنەوەی هەندێک بەسەرهاتی چەوت و هەڵە، کەناڵی سپێدە لە بەرنامەیەکیدا لەسەر ژیانی موفتی پێنجوێنی باسیان لێوەکرد، لێرەدا لینکی وتارەکە دائەنێم بۆ ئەو کەسەی کە دەیەوێت زنیاری لەسەر ئەو رووداوە هەبێت.
 لە کاتی بڵاوکردنەوەی وتارەکە، لە کوردستانەوە تەلەفۆنم بۆ کرا، کە دەبێت ئەو وتارە بەزووترین کات لابەرم نەوەکا دڵی کەسانێک بڕەنجێنێت.  ئا لێرەوە  تێگەیشتم کە ئاخۆ  ژیان بۆ موفتی لەو سەردەمەدا چەندە گران بووبێت، چونکە ئەگەر دوای نزیەکەی سەدەیەک کە ئەمڕۆیە،  باسی ئازادیی رادەربڕینو ڕۆژنامەگەریی و مافی مرۆڤ دەکرێت،  وتارێک هێندە گیروگرفت بنێتەوە، ئاخۆ لەو سەردەمەدا موفتی چەندە چەرمەسەری چەشتبێت کە مەلاو شیخو دەروێش حوکمیان کردووە.
هەڵبەت ئێمە تاوانبار نین بەرامبەر بەو تاوانانەی لە رابوردودا کراون لەلایەن باو باپیرانمانەوە. وەک نمونە ئەوە گەلی ئەڵمان تاوانبار نییە بە جینۆسایدی جولەکە،  کاتێک تاوانبار دەبین. کە بێدەنگی هەڵدەبژێرینو لەبیری دەبەینەوە و خۆمانی لێ گێل دەکەین،  بێ دەنگیمان واتە رەوادانە بەو ڕووداوە.
راستە کە ئەو ناهەقی و بێ ڕێزیەی، کە بەرامبەر بە موفتی و خێزانی موفتی کراوە لەسەردەمی خۆیدا لەلایەن دەسەڵاتێکی حکومیی و شەرعییەوە نەکراوە، هەتاوەکو حکومەتی هەرێم داوای لێبوردن لە موفتی بکات، بەڵکو ئەو ناهەقیە لەلایەن کۆمەڵە کەسێکی دینی باڵادەستەوە کراوە، کە ئەمڕۆ وەزارەتێکیان هەیە بە ناوی وەزارەتی ئەوقاف، بۆیە کاری ئەوانە و لەسەر داوای ئەندامانی کۆنفرانسەکەیەکە داوا لەوەزارەتی ئەوقاف بکەن بەنامەیەکی فەرمیی داوای لێبوردن لە موفتی و لە بنەماڵەی موفتی بکات. لەسەر ئەو بێ ڕێزیەی بەرامبەر بەخۆیی و بنەمەڵەکەی کراوە . هەتاوەکو ئەم نوسراوی  لێبوردنە بە فەرمی دەرنەچێت لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە، ئەوا هەرگیز ڕۆحی موفتی و کچەکەی ئارام نابنەوە،  دەبێت ئەو نامەیەش بە سێرێمۆنیەک بخرێتە سەر گۆڕی موفتی خۆیی و کچەکەی، ئەگەر نا ڕۆحی ئەوان ئارام نابنەوە،  شەوانە دێنە خەوتانو لێتان خۆش نابن .
ئەم نامەی لێبوردنە دەبێتە سیمبوڵێک بۆ قبوڵکردنی هەموو جیاوازیەکانی ناو کۆمەڵگە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا  سەدەها کەس دەکوژرێن، بەند دەکرێن، دوور دەخرێنەوە، بێ ڕیزییان پێ دەکرێت، هەر لەبەر ئەوەی ڕایەکی جیاواز، تێڕوانینێكی جیاواز، یان هەر ڕوخسارێکی جیاوازیان هەیە .
 هەموو ڕۆژێک لە ولاتانی ئەوروپادا پیاونی دەسەڵات،  بە مێژووی خۆیاندا دەچنەوە هەتاوەکو ئەگەر هەڵەیەک کرابێت لە رابردوودا راستی بکەنەوە، بەمەبەستی دەرسوەرگرتن لەو هەڵانەو دووبارەنەکردنەوەیان لە داهاتودا، هەندێک جار بە سێرێمۆنی و بە یاسای حکومیی راست دەکرێنەوە و  لێکدانەوەی بۆ دەکرێت،  ئەگەریش ئەو کەسەی کە تاوانی بەرامبەر کراوە لەژیاندا نەمابێت.
ئەگەر هەندێک لەئەندامانی بنەمالەی موفتی نایانەوێت باسی ئەم رواداوە بکەن و بێ دەنگیان هەڵبژاردوە، هەر کەسەیان بە هۆکارێکی جیاواز، ئەوا دایکم، کە کچی موفتی پێنجوینییە، کە  دووسال لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد لە لەندەن، راستەوخۆ لەم رووداوە دژوارەدا ژیاوە، هەرگیز بێ دەنگ نەبووە، هەمو ڕۆژێک بە گریانەوە ئەو بەسەرهاتەی بۆ دەگێڕاینەوە، بەتایبەتی  باوکی، کە چۆن سەردەمێکی دژوار ژیاوە ، هەربەو هۆیەشەوە وەسیەتی کردبوو، کە هیچ سێرۆمۆنی دینی بۆ نەکرێت، جگە لە ئاوازی شمشاڵەکەی قالە مەڕە نەبێت . خۆ منیش دەتوانم  بێدەنگی هەڵبژێرم، بەو هۆیەشەوە با هۆنراوەکانی  موفتی و موفتیش لەبیر بەرین، یان هەر کۆنفرانسیش نەکرێت لەسەر موفتی، بەڵام  ئەمە بەرەو کوێمان دەبات ؟  بەداخەوە  فرمێسەکەکانی دایکم ڕێگەم پێ نادەن کە بێ دەنگی هەڵبژێرم.
گرفتەکە ئەوەیە کە لەم هەرێمەدا کەڵچەرێکی نوێ دروست بووە، جۆرە بیرکردنەوەیەک هاتۆتە کایەوە کە هەموو داواکارییەک دەخنکێنێت ؛ هەرکەسێک بیەوێت لەسەر باسێک بدوێت کە بەدڵی هەموان نەبێت، هەر خێرا دەڵین ئەم کەسە بۆ خۆدەرخستن ئەم کارە دەکات،  یان بۆ ئاژاوە نانەوە،کەسانی ڕۆشنبیریش بێبەش نین لەم هەڵوێستە، ئەم جۆرە سیاسەتە سەدام حسەینو هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان بەکاری دەهێنن، بەو مەبەستەی کەس بیروبۆچوونێکی جیاوازی نەبێت، گوایە ئەمەیە هارمۆنیو پێکەوە ژیان، لە کاتێکدا هارمۆنی و پێکەوە ژیان قبولکردنی جیاوازیەکانمانە .
ئەو سەردەمەی موفتی تیا دەژیا،  خەڵکی بە هۆنراوە باسی گیروگرفتەکانی کۆمەڵگەیان دەکرد، وتار رۆڵی نەبوو، لەبەر ئەوەی ڕۆژنامە زۆر نەبوو، کەم بوو، کەڵچەری هۆنراوە لەبەرکردن ئاسان بوو، خەڵکی چەندەها هۆنراوەی  موفتیان لەبەر بوو، بۆیە کاتێک ویستمان هۆنراوەکانی موفتی کۆبکەینەوە دەچوینە لای ئەو کەسانەی، کە هۆنراوەکانی موفتیان لەبەر بوو، خۆ ئەگەر موفتی ئەمڕۆ بمایە،ئەوا هەڵماڵینی ڕاستیەکانی  کۆمەڵگەی بە وتار دەردەبری، بەهەمان شێوە  کۆنفرانسێک  لەسەر شاعیرێک دەچێتە خانەی لیتێراتورو ئەدەبەوە، دەوری ئەدەبیش هەڵماڵینی راستییەکانە، بە پێچەوانەی بازرگانی و سیاسەت،  کە دووڕوویی باشترین زمانیەتی، بۆیە دەبێت لەم کۆنفرانسەدا بە پێچەوانەی کەناڵی سپێدەوە ئەم بەسەرهاتە دژوارەی، کە موفتی و خێزانی موفتی تیایدا ژیاون لە بیر نەبرێت، وەک خۆی باس بکرێت، لەبەر ئەوەی کە کۆنفرانسەکە ناوی ؛ شاعیری هۆشیاربوونەوە و هەڵوێستە، ناوبراویش بەهۆی هەڵوێستەکانی و هۆشیاربوونەوەیەوە توشی ئەو چەرمەسەریە بووە.
جێگەی داخ بوو، کە هەمو کەلوپەلێکمان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی کە دایکم خۆی بە چاو پێکەوتنێک لەسەر ئەم بابەتە بدوێت، بەڵام نەخۆشی ڕێگەی پێ نەدا و ماڵئاوایی لێکردین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە