مامەڵەی سەدە، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین

Tuesday, 26/06/2018, 14:08

4392 بینراوە


بەرهەمی جەنگی داعش و کۆتاییەکەی بووە بە پارویەکی چەور و کەوتۆتە کۆشی ئیسرائیل، لە کاتێکدا ئیسرائیل لەم جەنگەدا کەمترین زەرەرمەند بووە لە هەموو ڕوویەکەوە. گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ شاری قدس، هەنگاوی یەکەمی خستنە بواری کارپێکردنی پرۆژەی "مامەڵەی سەدە" بوو، کە پرۆژەیەکی ئیسرائیلی ئەمریکیە و گەلێک لە سەڕۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی وەکو ئەبوزەبی، ئوردن، میسر، سعودیە ڕەزایبوون بۆ سەرخستنی. 
مامەڵەی سەدە بۆ سەقامگیرکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە لە فەلەستین کە پایەتەختەکەی شاری قودسە و گواستنەوەی عەرەبە فەلەستینیەکان بۆ ناو سنووری چوارچێوەی وڵاتێکی تازە کە ناوی "فەلەستین" دەبێت لە سنووری غەزە کە ڕووبەرەکەی ٣٦٠کیلۆمیتر دوجایە و بەشێک لە سینای میسر کە ڕووبەرەکەی ١٦٠٠کم دوجایە. بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە کە ئاماژەیان پێداوە کاتی خۆی سیسی ئەو خاکەی واتە ئەو بەشەی سینای  فڕۆشتوە بە سعودیە لە بەرامبەر برنج.    
 پرۆژەی مامەڵەی سەدە، لە کتوپڕێکدا لە دایک نەبووە و ڕەگێکی مێژووی هەیە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥١-١٩٥٣ ئیسرائیل و ئەمریکا پێشنیاری ئەو پرۆژەیەیان کرد بۆ میسر لە ژێر ناوێکی دیکەدا و لە سەرەتادا میسر ڕازی بوو بەڵام دواتر لەژێر فشاری جەماوەریی میسر لە پرۆژەکە پاشگەز بۆیەوە.
 پرۆژەی "مامەڵەی سەدە"، بووە بە جێگە سەرنج و نیگەرانی هەندێک لە نووسەر و شەقامی عەرەبی فەلەستینی و پێیان وایە کە ئەم پڕۆژەیە لە قازانج و بەهێزکردنی ئیسرائیلە و ئەو سەڕۆکە عەربانەی کە ڕازیبوونە بەم پڕۆژەیە بە خائین ناو دەبەن. شایەنی باسە ئەم پرۆژەیە بۆ میسر هەندێک بەرژەوەندیی  ئابووریی تێددا بەدیدەکرێت.
ئەمریکا، لە ئیسرائیل بە پەڕۆشترە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆژەیە و لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ هەنوکە و داهاتووش دۆست و پەیوەندیی ئیسرائیل لە دنیایی عەرەبی و ئیسلامیی پتەو بکات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.  هەواڵی میدیا جیهانیەکان پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن کە پرۆژەی "مامەڵەی سەدە" لە قۆناغی کۆتییدایە و لە مانگی داهاتوو سەڕۆکی ئەمریکا ترامپ لە میدیاکاندا بانگەوازی دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە