بۆچی پێشمەرگە زامدارەکە ئاگری لەجەستەی داماوی بەردا؟

Saturday, 04/08/2018, 22:40

4562 بینراوە


 ٢٧ساڵە دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور لەسەر تێکشکانی تاک بەتاکمان کاردەکەن، ئەوان زۆر بەپلان سێ جۆر لە نەوەی تێکشکاویان لە شارو شارۆچکەکان بەرداوە، ئەوان ئەفسانە و چیرۆکی جوامێری و ئازایەتی پێشمەرگەیان تێکشکان، لەڕۆژی یەکەمەوە کە دەسەڵاتیان گردە دەست، چونکە خۆیان خۆفرۆش و فایلدارو جاسوس و کۆیلەی ووڵاتان بوون، هەستان بەلێبوردن لەو هەموو خائینانەی کە نیشتمانیان خەڵتانی خوێن کردبوو، ئەو خۆفرۆشانەی کە کارئەکتەری ئەنفالکردن بوون.
 سالار پێشمەرگە زامدارەکە کە بەدارشەقێک لە یەکێک لەشەقامەکانی چوارقوڕنە شت دەفرۆشێت و شارەوانی تەنگی پێهەڵدەچنێت و ئازاری دەدات، ئەویش دێت دەیەوێت وەک محەمەد لە تونس ئەویش هەمان نمایش دەکات، محەمەد کە خۆی سوتاند دیکتاتۆرێکی هەرەس پێهێنا، گەلی تونس نەهاتن تەنها وەک هەواڵێک لە جەستەی سوتاوی محەمەد بڕوانن، بەڵکو ئاگریان لە ڕژێمی تونسی بەردا و شاربەدەریان کرد، ئەوان گەلێکی زیندوون، لێ ئێمە گەلێکین نەک ئەم سالارە، بەڵکو هەر کەسێک خۆی بسوتێنێت، خۆی بکوژێت ئێمە تەنیا وەک هەواڵێک و ڕووداوێکی ناوخۆ تێی دەڕوانین، گەر کارەکەش گەیشتە مقۆ مقۆ ئەوە دەسەڵاتی کوردی ڕاستەوخۆ دەڵێت وا لیژنەیەکمان دروست کرد و دیزە بەرخۆنەی کارەکە دەکات.
 ئاگر لەجەستە بەردان مێژووی قوڵی هەیە. 
 له‌ساڵی 1963 دا(سیش کانگ دۆک) سەرۆکی روحی بوزییه‌كان له‌ باشوری ڤێتنام، خۆی سوتاند بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌ سته‌مه‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌ی حکومه‌تی ئه‌و کاته‌ی فێتنام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو (سیش كانگ دۆك) له‌ ناو ئاگره‌كه‌دا تا كڵوكۆی دامركا و به‌ته‌واوه‌تی سوتا نه ‌ده‌نگێكی لێ به‌رز بوویه‌وه‌، نەجوڵه‌شی بۆ كرد.
(سیش کانگ دۆک) خۆی سوتاند له‌داخی حاکمانی ئه‌و کاته‌ی ڤێتنام، ئەو کاتەی ئەم ڕەبەندە خۆی سوتاند پەیامێکی هەبوو ئەگرەکە جەستەی دەکرد بە خۆڵەمێش ئەو نەجوڵا، لە پێش هەموو شتێک، ئەو ویستی بڵێت کە ئێش و ئازار و ستەمی دەسەڵات زۆر لەو ئاگرە گەورەتر و بە ئازارترە، ئەو چونکە بڕوای بەوە بوو کە بە جەستە ئەو بڕوات، ڕژێمیش لەڤێتنام بەخۆیا دەچێتەوە، بەڵام سالار کە ئاگری لە خۆی بەردا هیچی نەگۆڕی و هیچیش ناگۆڕێت جگە لەداماو کردنی خۆی و کەس و کاری، کە سبەینێ دەبێتە خەمێکی گەورە بۆیان.
کەسایەتی پێشمەرگە تەنها ناوەکەی نییە، بەڵکو هێزێکی مەعنەوییە دەبێت هەمووکەس ئەو ئازایەتییەی نەبێت، کە ئەو ناوە لەخۆی بنێت.بۆ نمونە لەکتێبی "ئۆقیانوسێک لە تاوان " پێشمەرگە ناوێک ژنەکەی بەکاردەهێنێت بۆ پەیداکردنی پارە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە دەترەقێتەوە و لایان خۆشە، پێشمەرگەیەک لەهەولێر لەمزگەوتێکدا بەرماڵ دادەخات دەرۆزە دەکات، دەیان جار لەبەردەم مایکرۆفی تەلەفیزۆنەکاندا پێشمەرگە کڕوزاوەتەوە گلەیی لەبەختی خۆی و موچەکەی کردوە، دەیان جار بگرە زیاتر پێشمەرگە خۆی هەڵواسیوە خۆی کوشتوە، لەکاتێکدا وەزارەتی پێشمەرگە هیچی نەکردوە.کاتێک بەڕاستی پێشمەرگە قەدیمەکان ویستیان کەرامەت بگەڕێنەوە بۆ ئەو نوخبەیە، ناوی خۆیان بە پێشمەرگە ی دێرین ناساند، کەچی شێخ جەعفەر ووتی من پێڵاوی کۆنم بیستوە، بەڵام پێشمەرگەی کۆنم نەبیستوە.بۆ ئەمە کەس هیچی نەوت ئەمە لەکاتێدا کە هێشتا کەرامەت تۆزێک مابوو.
 سالار کاتێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا ئەو وەک پێشمەرگەیەک ئەمەی نەکردوە، چونکە هەرکەسێک لە مانای پێشمەرگە تێگەیشتبێت، ناچێت خۆکوژی بکات.چونکە ئەو وەک پێشمەرگە بەر لە خۆکوژی مردن دەگرێت، بۆیە لەم نیشمانە کڵۆڵەکەی ئێمەدا لەناو ئەو هەموو کەناڵە بەد ئەخلاقەی دەزگا موخابەرایەتیانی ووڵاتاندا هەر ئاوا هەواڵەکان ڕووماڵ دەکەن تاکو هێندەی تر کەسایەتی و خەڵکەکەی تێکوپێک بدەن.
سالار خۆی سوتاند چونکە ئیتر بەرگەی ئەو هەموو ڕاکە ڕاکەی نەبوو بەدەست ژیانەوە، ئەو ویستی بەجەستەی سوتاوییەوە شتێک بڵێت شتێک پشان بدات، بەڵام ئێمە کەڕێن ئێمە کوێرین کوا لە پەیامی واتێ ناگەین!
 هەرچەندە ئێمە ئازادانە لە دایک بووین و تەنها جارێک دەژین بۆیە گرنگە بە ئازادیی بژین، ئێمە ٢٧ساڵە سەدان ڕووداوی وەک پەیامەکەی سالار زەنگی بۆلێداوین، کەچی تەنها چەند چرکەیەک لەهزرماندا ماوەتەوە، دەزانن بۆ ؟ چونکە خۆپەرستی و ترسنۆکی لە قاڵبی داوین، ئێمە تەنها بەجەستە زیندووین، ئەگینا لەمێژە مردنی خۆمان دیوە، سالار، ژیان، دوعا، پەری، دەرۆزەکەرانی سەرشەقامەکان، ڕۆژانە بەگوێماندا دەدەن کە لە ناو چ ستەمێکدا دەڕۆین، چەنێک بەرەو نادیار هەنگاو دەنێین! بەڵام ئێمە دەچین گوێ لە مەلایەک دەگرین، کەچۆن لە خوا بپاڕینەوە و نزا بکەین بارانێک بەسەر ئەم نەهامەتیەماندا ببارێنێت، سالار تەنها هەواڵێکی ناخۆش بوو وەک تراژیدیای ناو دراما تورکێکان، کە ژیانمان لەگەڵیدا ویران بوە.
خەڵکی رەنگە بپرسێت: سالار بۆ خۆی سوتاند؟ خۆ هیچ نابێت تەنها ئازاری جەستەی خۆی داوە ئەوەتانێ لە چاڤیلاند خەڵک هەر جمەی دێت.حیزبەکان هەرکۆ دەبنەوە سەرە بۆیاخکراوەکان هەر چەندە دەدەن، ڕۆژنامەنووسە خوێرییەکان هەر ڕاپۆرت دەنوسن، کەناڵەکان هەر درامای تورکی پەخش دەکەن و ڕیکلام بۆ شامپۆ دەکەن، خەڵک هان دەدەن بۆ گەشتی کەنارەکانی تورکیا.لیرەی تورکیی و تمەنی ئێرانیش هەرەسی هێناوە خەڵک بەرەو نیشتمانی ئیسلامییەکان گەشت دەکەن، گوێ لە شێن و شەپۆری حوسەینی دەگرن و شیشێک تلیاکیش دەکات بەسەر خەمەکانیدا.
کۆرییەکان دەڵێن "باوک منداڵی خۆی ڕادەستی دوژمن ناکات : بەڵام باوکە بەد ئەخلاقەکەی ئێمە لەو هەرێمە نەک منداڵ بەڵکو هەموو شتێک ڕادەستی دوژمن دەکات.نەفرەت لە حوکمەت و لەوانەش کە بەدیار هەواڵی ئەو باوکە ئەخلاق سزەوە ڕۆژانە لەگەڵ درامای تورکیدا ڕۆنیشتوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە