نمایشی سەربازیی و بەرەڵایی دەسەڵاتدارانی هەرێم

Monday, 13/08/2018, 17:43

3683 بینراوە


زانست دەڵێ لادانی ھەرتەنێکی جوڵاو، یەکسان دەبێ بە سفر، هەر کاتێک بگەرێتەوە سەرخاڵی دەستپێک.
--------------------

ئەوەی لەو ھەرێمەی ئێمەدا روو دەدات ھەموو پێوەرەکانی دیموکراسی و شارستانیەت و ئینسانیەتی تێپەراندوە بەجۆرێک ھەر رۆژە و سەدەیەک کۆمەڵگای کوردی دەگەرێینەوە بۆ دواوە ئەمیش بەھۆی سیاسەتی حیزبە خاوەن ملیشیاکان، وەک نمونە ناکرێ تۆ بانگەشەی سۆسیالیست و دیموکراسی بکەیت لەھەمان کاتدا بەم شێوەیە و ناعەقڵانییە نمایشی سەربازی ئەنجام بدەی، بەرەڵا و سەربەخۆ پێشێلی یاسای مەدەنی و سەربازیی و دەستوری وڵات بکەیت! (هەڵبەت ئەگەر ئەمانە بوونیان هەبێت) بەتایبەتی یاسای پەرلەمانی کوردستان.
وەکو ھەموو دەزانین یەکێک لەھەرە شکستەکانی مۆدێلی حوکمرانی کورد یەک نەخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەیە، کە تا ئێستا باشووری کوردستان باجی ھەڵە کوشندەکانی حیزبی خاوەن ملیشیا دەدات، کە لە دوای ململانێیەکی زۆر و ھەوڵدانێکی زۆر نەتوانرا ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێتە، ھەر بە دابەشیی و بەم شێوەیە مایەوە لەنێوان ھێزەکانی ٧٠ یەکێتی و ھێزەکانی ٨٠ پارتی، جگە لەو ھەموو ھێزە تایبەتانەی، کە لەلایەن ئەندام مەکتەب سیاسی حیزب، یان کور و برازای بەرپرسە حیزبیەکان فەرماندەییان دەکرێ.
حیزبی چەکدار ھەمان مانای ئەوە دەدات، کە باڵە سەربازییەکە، ھێزێکی دوورە لە یاسا و بەتەواویی خەسڵەتی ھێزێکی ملیشیایی تێدایە، کە تاقم و بنەماڵە سەرکردایەتی و فەرماندەییان دەکات، ھیچ لێکدانەوەیەکی نیشتمانی بۆ ئەو ھێزانە نەماوە، تەنیا ئەو لێکدانەوەیەی بۆ دەکرێت، کە بە خیانەتی نیشتمانی دەبێت پێناسە بکرێت!.
بەھۆی پەرتەوازەبوونی ھێزی پێشمەرگە بەسەر حیزب و بنەماڵە و بەرپرسەکاندا، ئەمڕۆ کورد لە دوای شکستی ریفراندۆم گەورەترین شکستی لە کەرکوک دووچار بۆیەوە، کە بە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ناسراو و تمارکرا! هەڵبەت دووکەرتبوونی باڵی سەربازی یەکێتی لە نێوان هێزی دژە تێرۆر کە بنەماڵەی تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکرد و ھێزەکانی سەر بە شێخ جەعفەر و جگە لە هێزەکانی کۆسرەت رەسوڵ، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە کەرکوک بۆ ھەمیشە بوو بەشێکی دابراو لە ھەرێمی کوردستان.
نمایشی سەربازی و لادان لە خەباتی مەدەنی
دوابەدوای تۆمارکردنی دەیان نەھامەتی و خیانەت لەلایەن باڵی سەربازی حیزبەکان، لەئێستادا حیزبی سۆسیالستی حەمەی حاجی مەحمودیش پەیدا بووە و نمایشی باڵی ساربازی خۆی ئەنجام دا
سکرتێری حیزبەکەش دەڵێ:
- ئێمە دەمانەوێ ھەڵەکانی رابردوو ھێزی پێشمەرگە لەکەرکوک و ناوچەدابرێنراوەکان راست ببەرگریکردن لە کۆمەڵانی خەڵک!.
ئەمانە ھەمان پەیامی ئەوەمان دەدەنێ کە ئەوەتا ھێزێکی تر لەژێر فەرمانرەوای حیزب و میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و قوتی ھاوڵاتیان دروست دەبێ، ھیچ دوور نییە بە ھێزەکانی ٩٠ سۆسیالیست ناوی ببرێ. بەگوتەی خۆیان بەشێک لە چەکەکانیان لە شەڕی داعش دەست کەوتووە بەبێ ئەوەی رادەستی وەزارەتی پێشمەرگەی بکەن،ھەرچەندە لە نمایشی ھێزە ملیشیاکانی سوسیالیست لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە بە زۆربەی ئۆتۆمبێلە سەربازیەکان دەبینران، بەڵام جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە،
ئیتر لێرە بەدواوە ئەم حیزب، کە بەرەو ئامانجێکی جیاواز و تێکدانی ئاسایشی ھاوڵاتیان هەنگاو دەنێت.
ئەوەی کە جێگای گومانیشە ئەوەیە، کە لەلایەکی تر بێ ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێم بەمانایەکی تر حکومەتی جووت بنەماڵە، ڕێگە خۆشکەرە کە حیزب لە ژێر ناوی تایبەت، دەتوانێت نمایشی سەربازی ئەنجام بدات، ھەرچەندە بەپێ یاسای ژمارە ١٧ پەرلەمانی کوردستان ساڵی ١٩٩٣ لە برگەی ٣ لەمادەی ١٥ تەکید لەوە دەکاتەوە، کە نابێ بەھیچ شێوەیەک حیزب باڵی سەربازی ھەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە