قاسملوو سیاسەتمەدارێکی شارەزا نەبوو

Monday, 13/08/2018, 21:37

4456 بینراوە


کابرایەک سوێندی دەخوارد دەیگووت کە قاسملوو جگە لە زمانی کوردی ٤ زمانی دیکەش دەزانێ. یەکێکی دیکەش سوێند و تەڵاقی دەخواد کە قاسملوو بێجگە لە زمانی دایکی ١٠ زمانی بیانیش دەزانێ. منیش نە سوێند دەخۆم ، نە تەڵاق. بەڵام باش دەزانم مەڕحومی قاسملوو / د،خ / کەسایەتیەکی خوێندەوار و ئاکادیمی بوو. جگە لە زمانی کوردی شارەزای چەند زمانی دیکەش بووە.
زمانزانی و سیاسەت دوو بابەتی جیاوازن. ناکرێ بڵێن کەسێک زمان دەزانێ، ئیدی سیاسەتمەدارێکی کارامەشە، یان کەسێک سیاسەتمەدارە، حوکمە دەبێ زمانزانیش بێ، بەڵام کەسێکی سیاسەتکار ئەگەر هەم زمانزان بی وهەمیش سیاسەتمەدارێکی وشیار، ئەوە نووری عەلا نوورە. زمانی سیاسەت ودیپڵۆماسی بۆ کوردی دابەشکراو گرینگترین ودژوارترین زمانە بۆ دانوستاندنی سیاسی وئابووری فەرهەنگی کولتوری
رێبەر ئۆجەلان ١٩ ساڵ بۆ خۆی وحیزبەکەی لە بەرابەر دڕندەترین دوژمنی سەدە لە تورکیا بەرخۆدانێکی مەزن دەمەشێنن، رەنگە بەرێزیان جگە لە زمانی کورمانجی وتورکی نەتوانێ بە زمانێکی بیانیش بەئاخفێ.کە چی لە زیندانێکی تاکەکەسیدا بە فاشێزم دەڵێ/ نا / .
کاتی خۆی کە بەرپرسانی حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران کەوتنە بەر هێرشی / ساواکی / شای ئێڕان وگیران، هاوکات قاسملووش گیرا،کەچی کەسێک بە ناوی سەرهەنگ زیبای پرس وجووی دەگەڵ دەکرد و پێی گووت: ئەگەر هاوکاریی ساواک وئێمە نەکەی ١٠ ساڵت زیندانی بۆ دەبڕمەوە. قاسملوو بە نووسراو قەولی هاوکاری دا و لە زیندان هاتە دەرێ!
ئەوکات زۆر کەسی دیکەی حیزبێش قەلی هاوکاریان دا و لە زیندان هاتنە دەرێ! بەڵام کەسانێکی وێنەی نەمر غەنی بلووریان (نووسەری ئاڵەکۆک) سەری بۆ ساواک وشای ئێڕان نەوی نەکرد، بۆ ئەمە ٢٥ ساڵ زیندانی کێشا. پاشان دوای رووخانی شای ئێڕان بە سەر بڵندی هاتە دەرێ و لە لایان خەڵکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا./ رەوانی شاد بێ ویادی هەردەم زیندوو/.

" رێفڕاندۆم"
کۆماری ئیسلامی پرسی رێفڕآندۆمی لە رۆژی ١٠ی خاکەلێوە ساڵی ١٩٧٩ هێنایە گۆڕێ تا خەڵکی ئێڕان وکوردستان دەنگ بدەن بە کۆماری ئیسلامی ئێران.( نەمرغەنی بلووریان لە کتێبی ئاڵەکۆکدا لە لاپەڕەی ٣٠١ ئاوای نووسیوە).دەڵێ: ئێمەش وەک حیزبی دێمۆکڕات بڕیارماندا بەشداریی لەو رێفڕاندۆمە بکەین. بەڵام بیستمان کە مەلا شێخ عێززەددین حوسێنی دژی بەشدارییکردنی خەڵکی کوردە لەو رێفڕاندۆمەدا! ئەوە خەبەرێکی ناخۆش بوو. منیش تەلەفونم بۆ کرد و بە گژیدا چوومەوە و گووتم: دەبێ بەرژەوەندیی گەلی کورد رەچاو بکەین.
پاشان بە تەلەفون گلەیی منی لای قاسملوو کردبوو گووتبووی: غەنی تووندم دەگەڵ دواوە و قسەی ناشیرینی پێ گوتووم. قاسملوو گووتی: ئەوە بۆ شێخ عێززەت دینت تووڕە کردوە؟ گووتم ئەو بە فەرمانی کۆمەڵە هەڵدەسوورێ، حەقم بووە.
قاسملوو ١٨٠ دەرەجە بایداوە وگووتی: ئێمە نابێ بەشداریی لەو رێفڕاندۆمە بکەین. چون سووکایەتی بەو خەڵكەیە کە لایەنگری شێخن،هەروەها نابێ ئیمەش بە دەستی بەتاڵ بمێنینیوە.ئەوەی کە سرنجڕاکێشە هیچ کام لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کومیتە ناوەندی حیزب دژی ئەو بڕیارەی قاسملوو نەوەستانەوە! واقمان وڕ مابوو! زارمان گرێ درابوو! لۆغە لۆغەمان گرت! لە کۆتاییدا داوامان لە خەڵک کرد بەشداریی لە رێفڕاندۆم نەکەن و دەنگ نەدەن بە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی!!
قسەکانی قاسملووم وەبیر خۆی هێنایەوە کە گووتبوی: با وەشووێن قسە خۆشەکانی بازەرگان بکەوین (بازەرگان سەرۆک وەزیری کاتیی بوو کە خومەینی داینابوو، پاشان هەر بۆ خۆی لێی پەژیوان بۆوە و دەریکرد!) وهانی بدەین رێککەوتنامەمان دەگەڵ واژۆ بکا.

" ئاکام"
قاسملوو بە رواڵەت باوەڕی بە دێمۆکڕاسی وسوسیالیزم هەبوو، لەو حیزبەی کە تێیدا ئەندام بوو داوای دێمۆکڕاسی بۆ ئێڕان دەکرد. کەچی لە ناو خۆی وڵاتدالە کاتی خۆی شەڕێکی خوێناوی وبێ ڕەحمانەی بە سەر کۆمەڵەو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان / رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ/ سەپاند.( ئەو کەسانەش بە هۆی ناکۆکی دەگەڵ قاسملوو لە حیزب جودا ببونەوە وئەو ناوەیان بۆ خۆیان دانابوو.). لەو شەڕەدا سەدان کەسی بێتاوان بوونە سووتووی ئاوری سیاسەتێکی پڕ لە رق وکینەی کەسانێک کە بەرانبەرەکەی خۆیان وەرنەدەگرت.
هاوکات کە دژی ئەو دوو رێکخراوەیە شەڕی راگەیاندبوو، بەیارمەتی وهاوکاری جەلال تاڵەبانی خەریکی وتووێژبوو دەگەڵ کۆماری ئیسلامی.!مە بەستی لەو کارە چی بووە؟ دەبێ تاکی کورد بۆ خۆی لێکی بداتەوە.بەڵام من ئەو شەڕە خراپە بە شەڕیک دەزانم کە بە نیابەتی کۆماری ئیسلامی دەکرا بەوواتایە ئەو شەڕە بە دڵی کۆماری ئیسلامی بووە.
دیتمان چۆن جەلال تاڵەبانی داوی ترٶری بۆ راخست ولە ناویان برد.لە وتووێژێک بە بەشداری تاڵەبانی وقاسملووومەلا حەیاکی وبکوژەکانی کۆماری ئیسلامیداکە لە ٤٥ خەلەکدا بە کاسێت بڵاوبۆتەوە دەردەکەوێ کە چۆن کۆتاییان بە ژیانی سیاسی قاسملووهێناوە ( ماوەیەک لەوەی پێش دەنگی ئەو کاسێتەم بە نووسراوەیەک لە سەر فەیسبووک وکوردستانپۆست بڵاو کردۆتەوە.هەر کەس دەخوازێ گوێی بداتێ لە / یووتووب/ دا دەتوانێ بیدۆزێتەوە ).
زمانی زانی وخوێندنی باڵای کەسیک نابێتە هۆی ئەوەی کە بڵێن ئەو کەسە سیاسەتمەدارێکی شارەزاوکارامەیە.زمانی سیاسەت ودیپڵۆماسی گەلێک گرانە وکاری هەر کەس نییە.کاتێک قاسملوو کۆتایی بە ژیانی هات / د،خ / ولە ناومان ڕۆیی، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەم دەگەڵ کۆمەڵە ئاشت بۆوە وهەمیش دەگەڵ رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ!

سندوقی کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە