وەزیرەکەی مەریخ یان خوێندنی باڵا

Friday, 30/11/2018, 20:32

9215 بینراوە


نوسینی: کارزان جەعفەر/ مامۆستای زانکۆ
دەگێڕنەوە لە سەردەمی ئەسکەندەری مەکدۆنیا، ئەسکەندەر چاوی بە پیاوێکی هەژاری نەخوێندەوار لە سەر شەقامێک دەکەوێت کە خەریکی درۆزەکردنە، ئەسکەندەریش لێی دەپرسێت: - ناوت چییە؟ دەڵێت:
- ئەسکەندەر! ئیمپراتۆر بەمە زۆر توڕە دەبێت، دەڵێت:
- چۆن دەبێت تۆ ناوت ئەسکەندەر بێت و منی ئیمپراتۆرییش هەر ئەسکەندەر؟ ئەویش ئەڵێت: - قوربان توڕە مەبە یان ناوی خۆت بگۆڕە یان ژیانی من!
ئەسکەندەریش دەڵێت:
- چۆن ژیانت بگۆڕم؟ ئەڵێت:
- بمکە بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە هەسارەی مەریخ!
ئەسکەندەریش زۆر سەیر دەبێت بەلایەوە دەڵێت:
-  مەریخ بۆ؟ دەڵێت:
 - قوربان دەمەوێت مەریخ ئاوەدان بکەمەوە، ئیمپراتۆریش کە لە ناخەوە بە وەڵامە بەهێزەکەی پێدەکەنێت و دەیەوێت هاوکاری بکات، بۆیە دەیەوێت داواکاریەکەی پێ بگۆڕێت، بەڵام سودی نابێت، بۆیە بڕیار دەدات بیکاتە وەزیری مەریخ.
ئەسکەندەر بە دەستەو تاقمەکەی فەرمان دەکات کە هەرچی پێویستی ژیانە لە شوێنێکی زۆر وشک و چۆڵەوانی بۆ ئەسکەندەری نەخوێندەوار و هەژار دابینبکەن، بەو خەیاڵەی جەنابی وەزیر وا هەست بکات لە سەر مەریخە!
پاش تەواوکردنی رێو شوێنەکان و دابینکردنی سەرجەم پێداویستیەکانی ئەسکەندەری هەژار لە شوێنە چۆڵەوانیەکە واتە"مەریخ" ئیمپراتۆر فەرمان دەکات بە جلی کەشتیوانی فەزایەوە بە شێوەیەکی خەڵەتێنەر ئەسکەندەر بنێرنە شوێنی مەبەست، دوای گەیشتنی بۆ شوێنەکە بە کابرای نەخوێندەوار دەڵێت:
-  ئەوە هەسارەی مەریخە و تۆش هەنوکە وەزیری ئاوەدانکردنەوەی لە ئیمراتۆرەکەی من، بەڵام لە هەسارەی مەریخ، پاش ماوەیەک ئیمپراتۆر ئەسکەندەری هەژاری بیر کەوتەوە و وتی بۆمی بهێننەوە، دەستەو تاقمی ئیمپراتۆر ناردیان بە شوێنی کابرایا و وتیان جەنابی ئیمپراتۆر دەیەوێت بتبینێت، ئەسکەندەری هەژاریش وتی:
 -  ئامادەم، پاش گەڕانەوەی ئەسکەندەرو بینینی ئەسکەندەری ئیمپراتۆر، ئەسکەندەری گەورە لێی پرسی:
-  ها چیتکرد؟ مەریخت ئاوەدان کردەوە؟ وتی:
- بەڵێ قوربان زۆر بە جوانی، وتی:
- ئەدەی چۆن؟ وتی:
- بڕۆ سەرێک بە بزانە بستێک زەوی – بەرزایەک، دەشتێک، دۆڵێک، گردێک ماوە پیسایەکی "گوو" منی پێوە نەبێت! ئاوەدانی لەوە زیاتر بێتە چی؟
سەدان ساڵی تریش مرۆڤ بگاتە مەریخ دەزانێت کە مرۆڤی لێ ژیاوە و پیسایەکانی من بەڵگەی حاشاهەڵنەگری بوونی مرۆڤە لەو هەسارەیە!
ئەسکەندەری مەزن ئەدات لە قاقای پێکەنین و دەڵێت:
-  من تۆم بۆ چی ناردو تۆش چیت کرد لەوێ!، ئەویش ئەڵێت:
-  قوربان گەمژەی تۆ بوو، کە نەزانێکی وەکو منت کردە وەزیر، نەک داماوی و نەزانی من، نەخوێندەوارێکی وەکو من هەر ئەوەی لێ هەڵدەکڕدێنرێت.
---------------
ئەم بەسەر هاتەی سەرەوە رێک لە بەزمی وەزیرکەی خوێندنی باڵای خۆمان  (یوسف گۆران) دەچێت، چونکە جەنابی وەزیر پاش چوار ساڵ مانەوە لەو پۆستەدا شوێنێک و دامەزراوەیەکی خوێندنی باڵا نەماوە وێران و خەراباتی نەکردبێت و بە دەردی ئەسکەندەری نەخوێندەوار گوی تێنەکردبێت، ئەویش بۆ کەم شارەزایی و نەبوونی ئەزمون دەگەڕێتەوە، لە بەر ئەوەی ناوبراو پێش بوونی بە وەزیر هیچ پلەیەکی کارگێڕی هەر لە بڕیاردەری بەشێکەوە بیگرە تا سەرۆکی زانکۆ نەبڕیوە و وەکو ئەسکەندەری نەخوێندەوار بە قودرەتی قادر راستەوخۆ لە سەر پشکی کەرکوک کرایە وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا جەنابیان نە ئەسڵیان کەرکوکیە و نە ناوی باوکی گۆرانە و نە یەکێتیەکی زۆر عەیارە 24 قەدیمە و نە رەگوریشەکەشی کوردی تەواوە، بەڵکو ناوبراو بەچکە تورکمانێکی کۆنە شیوعیە و پیشتریش لە گۆڕانەوە نزیک بووە و دواتر بەرهەم ساڵح و پاشان مەلا بەختیارو هەنوکەش بەهۆی بەرژەوەندییەوە خۆی کردۆتە کەوا سوری قوباد تاڵەبانی، بێ ئاگایە لە هەموو ئەوانە و ناشزانێ ناوبراو لە ناو زانکۆکان و وەزارەتدا چەند نەویستراو نا مەرغوبە و چەند پاشەڵی کارگێڕی و دارایی و ئەکادیمی پیس و خراپە و نازانێ چەند زیان بە یەکێتی دەگەیەنێت، هەر بۆیە هەندێک لە کەموکوڕی و کارە خراپەکانی ئەم وەزیرە دەخەمە بەر دیدەی بەرێزتان و رای گشتی:
1. ناوبراو لە سەرەتاکانی دەست بە کاربونی وەکو وەزیر مەرجی زمانی ئینگلیزی و کەفائەی ئایەڵسی کردە مەرجی تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار کە لە ماستەر و دکتۆرا وەرگیرابون نەیانتوانی خوێندنەکەییان تەواو بکەن و هەمویان بە دڵشکاوی و بە تێکشکانەوە گەڕانەوە ماڵەوە، وەکو ئەوەی جەنابی وەزیر خۆی ئینگلیزیەکەی زۆر پێرفێکت بێت، بە تەحەداوە دەیڵێم خۆی نەک ئینگلیزی نازانێت، بەڵکو کوردیەکەشی تەواو نیە و ریتمی قسەکردنەکەی تورکمانیە.
2. ناوبراو مەرجی نازناوی زانستی کردۆتە سەنگی مەحەک بۆ ئەوەی مامۆستایانی زانکۆ بتوانن وانە بڵێنەوە لە پسپۆڕیەکانی خۆیان، مەرجی نازناوی زانستیشی دیسانەوە وابەستە کردوە بە کەفائەی زمانی ئینگلیزیەوە، بەمەش پێنج هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا لەم نازناوە زانستیە بێ بەشن و بە دەست بڕیارە سەقەتەکانی جەنابی وەزیرەوە گیریانخواردوە، وەکو ئەوەی ناوبراو خۆی لە ئۆکسفورد کەفائەی ئینگلیزی و نازناوی زانستی هێنابێت، بێ خەبەر لەوەی لە زانکۆیەکی ئەهلی سلێمانی نازناوی زانستی هێنابێت و یەک فەرمانی وەزاری تایبەتیشی بۆ خۆی دەرکرد تاوەکو نازناوی زانستی زانکۆ ئەهلیەکان لەو بەروارەی ناوبراو بە دەستی هێناوە باوەڕپێکراو بێت.
3. جەنابی ئەسکەندەری هەژار مەرجی دوەمی وەرگرتنی نازناوی زانستی بەستۆتەوە بە تەواوکردنی رێگاکانی وانە وتنەوە لە زانکۆکاندا، بەڵام دیسانەوە لە بەر کەیف و سەفای خۆی و لە بەر ئیفاد و سەردانی وڵاتان ئەم کارەشی راگرتوە، بە بیانوی ئەوەی کە لە هەر زانکۆیەک و دوو مامۆستا بنێرێتە وڵاتی فینلەندا بۆ ئەوەی بەشداری خولێکی دوو هەفتەی بکەن و بێنەوە لە کوردستان دەرسی رێگاکانی وانە وتنەوە بە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا بڵێنەوە، هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە کە جەنابی وەزیر چەند جارێک خۆ ئیفاد بکات و بچێتە وڵاتی فینلەندا و هیچی تر.
4. جەنابی وەزیر هات داهێنانێکی شاهانەی تری کرد، ئەویش داهێنانی سیستەمی وەرگرتنی راستەوخۆی خوێندکارن بوو، بە پێی ئەم سیستەمە خوێندکار بۆ وەرگرتن لە هەر بەشێکی زانستی لە 70% دەکەوتە سەر نمرەی پۆلی شەشەمی ئامادەی و لە 30% دەکەوتە سەر تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لەو بوارەی کە خوێندکار دەیخوازێت، هەرچەندە ئەم سیستەمە سەرەڕای ئەوەی پێشوازیەکی گەرمی لێکرا لە لایەن خوێندکارانەوە، بەڵام گەندەڵیەکی زۆرو ناحەقی و واستەیەکی زۆری تێدا کرا، کە خودی وەزیر لە سەروی هەرەمی واسیتە و ناحەقیەکانەوە بوو بۆ کەس و کارەکەی خۆی، بەڵام ئەوەندەی نەبرد وەکو ئەوەی جەنابی وەزیر ئامانجە کەسیەکەی بۆ کەس و کارەکەی تەواوکردبێت، دوایی کۆتایی بەم سیستەمە هێناو خەونی سەدان خوێندکاری لە گۆڕنا.
5. جەنابی وەزیر ساڵی پێرار بە ئامانجی سەربەخۆبونی زانکۆ حکومیەکان لە روی دارایەوە و کردنی زانکۆکان لە زانکۆی بەکاربەرەوە بۆ زانکۆی بەرهەمهێن سیستەمی خوێندنی ئیوارانی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان داهێناو چەندین هەزار خوێندکار هەنوکە لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە شێوازی ئێواران درێژە بە خوێندن دەدەن، داهاتی زانکۆکانیش بە جۆرێک بوو کە لە 70% بۆ زانکۆکان و لە 10% بۆ وەزارەت و 20% بۆ وەزراەتی دارایی بوو، ئەم سیستەمە وای کرد زانکۆکان ببنە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار کە نەک بەشی پێداویستەیەکانی خۆیان بەڵکو بەشی چەند وەزارەتێکی تریشی دەکرد، بەڵام ئەم داهاتە لە لایەن سەرۆکی زانکۆکانەوە تەخشان و پەخشان کرا و بەشێکی زۆری ئەم داهاتە لە لایەن چەند کەسێکەوە لە سەرۆکایەتی زانکۆکان بە لێشاو دەدزرێت بە بێ ئەوەی یەک لیژنە و یەک چاودێری دارایی لێیان بپرسێتەوە، بەڵام جارێکی تر وەزیرە زاناکەی ئەسکەندەری مەکدۆنی ئەم سیستەمەشی هەڵوەشاندەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن کار بەم بڕیارە ناکرێت و خوێندنی ئێواران لە سەرجەم زانکۆو پەیمانگاکان بە تەواوی داخرا، لە کاتێکدا چارەنوسی دەیان خوێندکار لە گۆماوی بڕیارە سەقەتەکانی وەزیردا نادیارە، چونکە چەندین خوێندکار لە قۆناغی یەکەمی سەرجەم بەشە زانستیەکان کەوتون یاخود عبورن یاخود پارەییان داواو خوێندنیان لە ساڵی یەکەمدا دواخستوە کەچی کەس نازانێت چارەنوسیان بە کوێ دەگات، هەرچەندە دڵنیام بەرێز وەزیری خوێندنی باڵا بە هۆی کەم ئەزمونیەوە ئاگای لەم خوێندکارانەش نییە، ئەمە جگە لەوەی ئەو بەشەی تری داهاتەکەش کە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت کاکی وەزیر بە دڵی خۆی تەخشان و پەخشانی دەکات و کەس نازانێت لە چیدا سەرفی دەکات.
6. وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵی خوێندن لە بری خوێندن بە شێوازی ئێواران سیستەمی پارالێڵی داناوە و بە پێی ئەم سیستەمەش خوێندکار بەو سیستەمە دەتوانێت لە بەیانیان بە پارە بخوێنێت، بەڵام 40% کۆی خوێندکارانی وەرگیراو بە سیستەمی زانکۆ لاین دەتوانن بەم سیستەمە بخوێنن، واتە گەر سەد خوێندکار لە هەر بەشێکی زانستی بە سیستەمی زانکۆ لاین وەرگیرا ئەوە چل خوێندکار دەتوانن بە سیستەمی پارالێڵ لەو بەشە زانستیە وەربگیرێن، هەرچەندە چاوەڕواندەکرێت و دڵنیاشم تەمەنی ئەم سیستەمەش زۆر درێژە نەکیشێت و وەکو هەموو بڕیارەکانی تری وەزیر بە زیندوی بمرێنرێ.
7. جەنابی وەزیر بۆ ئەمساڵی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان سیستەمی کریدتی داهێناوە، کە پێی ئەم سیستەمە لە 70% خواستی وەرگرتن دەکەوێتە سەر نمرەی ئامادەی خوێندکارو لە 30% دەکەوێتە سەر نمرەی توانای زانستی ئامادەی بۆ ئەو پسپۆریانەی کە داوای دەکات، بۆ نمونە گەر خوێندکارێک حەزی بە بەشی فیزیا بێت ئەوە لە 70% دەکەوێتە سەر موعەدەلی ئامادەیی،  لە 30% دەکەوێتە سەر ئەوەی ئەم خوێندکارە لە شەشەمی زانستی لە مادەی فیزیا چەندی هێناوە، باش و خراپی ئەم سیستەمە بۆ داهاتوو جێدەهێلم، بەڵام ئەوەی جێ پرسیارو سەر سوڕمانە جەنابی وەزیر زانکۆکانی کوردستانی کردۆتە مشکی تاقیگە، لە بەر ئەوەی هەرچی سیستەمی جیهانە بە بۆ ماوەی ساڵێک لە کوردستاندا تاقی دەکاتەوە و دواتر سیستەمێکی تر دادەهێنێت، کە ئەمە جگە لە سەرگەردانی و نەزانی و پلان و بێ دیراسەی هیچی تری لێ ناخوێندرێتەوە.
8. جەنابی وەزیر بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2018-2019 داهێنانێکی تری زەخمی کردوە، ئەویش داهێانی سیستەمی بۆڵۆنیایە لە هەموو کولێژەکانی زانکۆکان و چەند پەیمانگایەک وەکو تێست بۆ ئەمساڵی خوێندن، گەر سیستەمەکە سەرکەوتوو بوو ئەوە بۆ ساڵی ئایندە لە هەموو کۆلێژو پەیمانگاکان جێ بەجێ دەکرێت، گەر سەرکەوتووش نەبوو ئەوە بە بڕیارێکی جەنابی وەزیر هەڵدەوشێتەوە و سیستەمێکی تر پەیڕەو دەکرێت، کە بێگومانم وەکو سەرجەم سیستەمەکانی تر لە بەر ئەوەی بە پلان و بە زانای نەکراوە هەر زۆر زوو ئەم سیستەمەش گۆڕی لە سەر ڤێلاکانی بەرزایەکانی سلێمانی و زانکۆی قەیوان بۆ دانراوە و زیندە بە چال دەکرێت، هەروەکو سەرجەم بڕیارەکانی تر دەیان خوێندکار سەرگەردان و نائومێد دەبن و فەوزایەکی گەورەی ئیداری لە ماستەر شیت و تۆمارگای کۆلێژ و پەیمانگاکان دروست دەکات، لە بەر ئەوەی بە پێی ئەم سیستەمە سیستەمی خوێندن لە ساڵانەوە دەبێتە سیستەمی وەرزی.
9. جەنابی وەزیر هەر بە ناوی سەرچاوەی داهات بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان هەستا بە بڕیارێکی سەقەتری  بە سەر کوڕو کچی هەژاراندا سەپاند، ئەویش بریتی بوو لە وەرگرتنی پارە لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆیەکان بە بڕی سەد هەزار دینار و بڕی بیست هەزار دینار بۆ خوێدکارێک گەر داوای پشتگیری دەرچون بکات و بڕی پەنجا هەزار دینار بۆ هەر نوسخەیەکی بڕوانامە، کە ئەمەش بارگرانیەکی زۆری خستۆتە سەر شانی خوێندکاران و چەندین خوێندکار بەهۆی ئەم بڕیارە سەقەتەوە وازییان لە خوێندن هێناوە.
10. جەنابی وەزیر بە ناوی بە ئەلکترۆنیکردنی وەزارتەوە، پلانێکی گەورەی خۆ دەوڵەمەندکردنی براکەی بە ناوی "ی.گ" لە هەنوکەدا جێ بە جێ دەکات، ئەویش توانیوێتی لە رێگەی داتابەیس و بە ئەلکترۆنیکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو بەستنەوەی زانکۆکان بە وەزارتەوە لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە زیاتر لە پێنج سەد و پەنجا ملیون دیناری عێراقی دەست بکەوێت، بەڵام نازانم تا چەند بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ئەم گەندەڵیانەن ئەوە بۆ خۆیان جێ دەهێڵم.
11. بەرێز وەزیری خوێندنی باڵا بە دیکۆمێنت دەیسەلمێنم کە لە گەڵ بەشێکی زۆری پەیمانگا ئەهلیەکان شەریکە و سەهمی گەورەی هەیە تیایاندا، دواین پرۆژەی هاوبەشی ئەم وەزیرە ئەکادیمیە کردنەوەی زانکۆی قەیوانە بە هاوبەشی و قازانج بە شەریکی، بۆ زانیاری هەموو لایەکیش تاکە زانکۆیە لەوەتەی ئەم زاتە بوەتە وەزیر مۆڵەتی کردنەوەی وەرگرتبێت، واتە یەک زانکۆی تر نییە کە لە ماوەی دەسەڵاتی وەزیردا مۆڵەتی کردنەوەی درابێت، لە کاتێکدا دەیان داواکاری بۆ کردنەوەی زانکۆ لە وەزارەت بۆ ماوەی چوار ساڵە کەوتون و جەنابی وەزیر مردوشۆری کردون، حەتمەن ناحەقی جەنابی وەزیریش ناگرم کە مۆڵەتی داوە بەم زانکۆیە، چونکە بە هەدییە وەرگرتنی ڤێلایەکی چل دەفتەری لە بەرزایەکانی سلێمانی هەر وا ئاسان نیە و شیخ لە خۆڕا نایداتە موریدەکانی.
12. لە روی دەوامکردنەوە ئەسکەندەری بچوک چەند دەوامی دەکرد لە ئیمپراتۆرەکەی ئەسکەندەری مەزن بەرێز وەزیری خوێندنی باڵاش ئەوەندە دەوام دەکات لە وەزارەتەکەی، هەفتەی وایە رۆژێک و هەندێک جار دوو هەفتە جارێک رۆژێک، لە بەر ئەوەی ناوبراو یان لە ئەڵمانیا و کەنەدایە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی ئیقامەکەی یاخود لە نادیەکانی سلێمانی شەو و رۆژ دەکاتەوە، جار جارەش بۆ زاخاوی مێشک رەنگە سەرێکی وەزارەت بدات، گەر بزانێت کۆنفراسێک یاخود چالاکیەک لە یەکێک لە زانکۆکانی هەولێر بە تایبەتیش زانکۆی سۆران هەیە کە جەنابی وەزیر خۆی تێدا عەرز بکات.
13. ئەم جەنابی وەزیرە چەندین کەس و کاری نزیکی خۆی بڕوانامەشیان نیە و مەوالیدی سەروی نەوەدەکانن بە پلەی بەرێوەبەری گشتی و وەکیلی بەرێوەبەری گشتی دامەزراندوە، کە هەندێکیان توکیان لێ نەهاتوە و مانگانە چەندین ملوێن دینار موچەکەیانە، لە کاتێکدا چەندین هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەر موچەکەییان ناگاتە نیوەی ئەو موچەی ئەوان، ئەمە جگە لەوەی چەندین مناڵی شەهید و چەندین کەسی هەژارو کەم دەرامەت کۆلێژە بەرزەکانیان بە نمرەی بەرزەوە تەواو کردوە و دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ چەند سەد هەزارێک نییە .
14. با لیژنەییەکی دارایی بچێتە وەزارەت بزانێت ئیفادەکانی وەزیر بۆ دەرەوەی وڵات زیاترە یاخود ئەو رۆژانەی ناوبراو دەوامی لە ناو وەزارەت کردوە، ئەو کاتە جێی خۆیەتی بڵێن شکور وشیارە مەحوی تێدەگات دونیا خەراباتە.........؟!
15. جەنابی وەزیر سەنتەرێکی توێژینەوەی لە سلێمانی کردۆتەوە بۆ ئەوەی دوای تەواو بونی ماوەی وەزیریەکەی بەیانیەکەی لە زانکۆی قەیوان بێت و ئیًوارانەکەشی بێت ئەم سەنتەری توێژینەوەیە، وەکو ئەوەی ناوبراو خاوەنی چەندین توێژینەوەی ئاست بەرزی گرنگ بێت، لە کاتێکدا لەوەتی وەزیرە یەک توێژینەوەی زانستی ئەنجام نەداوە، بەڵام بۆچون وایە ئەم سەنتەرە بکاتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی پارە و بازرگانیکردن بە ئاسەواری دزراوی کوردستان و عێراقەوە بە ناوی توێژینەوەی زانستیەوە، ئەمە جگە لەوەی بە تەمایە بیکاتە زانکۆیەکی سەربەخۆ و لە ئایندەدا خوێندنی باڵای ماستەرو دکتۆرا بکاتەوە، کە بێگومان ئەمەش داهاتەکەی سەدان ملیار دینار دەبێت.
16. داهینانێکی تەمەن کورتی جەنابی وەزیر ریزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی راگەیاند، بە قودرەتی قادر و بە هیمەتی وەزیر، زانکۆی سۆران بۆ ماوەی دوو ساڵی لە سەر یەک بوو بە یەکەم زانکۆی کوردستان و زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی دەبوییە یەکەمی زانکۆ ئەهلیەکان، تەنانەت دەوترێت جارێکیان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا سەرۆکی یەکێک لە زانکۆکان بە تەنزەوە بە وەزیری وتوە بۆ ساڵی داهاتوو هیچ زانکۆیەک عەزیەت مەدە بە کۆنفرانس و توێژینەوەی زانستیەوە بۆ ریزبەندی زانکۆکان چونکە ئاشکرایە یەکەم زانکۆی سۆرانە و دوەم هەر زانکۆی سۆرانەو سێەمیش هەر زانکۆی سۆرانە خۆ رەنگە زانکۆی قەیوانیش بۆ ساڵێکی تر ببێتە یەکەم بەڵام بە گروپی ئەی یاخود بی، لە هەموی سەیرتر ئەم پرۆژەیەی وەزریش بە هۆی نارەزای زۆری زانکۆکان بە تایبەتی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی سلێمانی هەر زوو مایەپوچ بوو دەستەکەی وەزیر کەشف بوو، بوو بە یەکێک لە مردوانی پرۆژە بێ بەرهەمەکانی ئەم وەزیرە پرۆفیشناڵە بێ کردارەی بەردەم شاشەکانی تیڤی، هەموو ئەمانەش تەنها بۆ گەوجاندنی خوێندکار و مامۆستاو خوێندنی باڵا بوو، ئەگینا ئەوەی ئەمساڵ جگە لە گاڵتەجاری وەزیر بە زانکۆکان هیچی تر نەبوو، بەو مانەیەی دڵی هیچ زانکۆیەکی نەشکاندبوو، هەر هەموی بوو بوو بە یەکەم، هەموشی خۆی بە براوە ئەزانی، بێ خەبەر لەوەی تەنها دۆڕاو خودی وەزیر بوو.
17. یەکێک لە کارە سەیر و سەمەرەکانی تری ئەم وەزیرە کردنەوەی چەند زانکۆیەکی حکومیە لە کوردستان، کە بە پێی ستانداردە جیهانیەکاندا بە هیچ شێوەیەک یەک ناگرێتەوە، چونکە بە پێی هەندێک لە پێوەرە جیهانیەکان دەبێت بۆ هەر یەک ملیون کەس و پێویستە یەک زانکۆ هەبێت، بەڵام بە پێی ئەم هەموو زانکۆیەیە جەنابی وەزیر بێت ئەوە رەنگە هەر سەد هەزار کەس و زانکۆیەکی بەر بکەوێت، بۆیە یەکێک لە کارە ستراتیژیەکانی ئەم وەزیرە دەبوایە کەمکردنەوەی ژمارەی زانکۆکان بوایە نەک زیادکردنی، لە بەر ئەوەی هەریەکە لەو زانکۆیانە بە دەست سەدان کێشەی تەکنیکی و ستافی مامۆستاو داراییەوە دەناڵێنن.
18. جەنابی وەزیر بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2018-2019 لە کاتی راگەیاندنی ناوی خوێندکارانی وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگاکان، توشی رەخنەیەکی زۆری رای گشتی بویەوە، بە جۆرێک غەدرێکی زۆر لە خوێندکاران کراو ناحەقیەکی گەورە لە نەهاتنەوەی ناوی خوێندکاران و جیاوازی نمرە و خولی یەکەم و دوەمدا کرا، دیارە ئامانجی وەزیر لەم کارە بۆ ئەوەبوو زانکۆو پەیمانگا ئەهلیەکانی خۆی پڕ بکات لە خوێندکار، بەڵام ناڕەزایەتییەکان هەر زوو وەزیریان ناچار کرد، سێ جار دەرگای پەڵپگرتن بۆ خوێندکاران بکاتەوە، بەمەش بەشێک لە خەونە بزنسیەکانی جەنابی وەزیر لە گۆڕنرا، لە بەر ئەوەی تاکو پێشی ئەو کاتە، رێژەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆو پەیمانگا حکومیەکان کەمتر بوو لە 50%، ئەمە جگە لەوەی فەرقی جیاوازی نمرەی کریدت و پارالێڵ دەگەیشتە 70 حەفتا نمرەی گشتی لە هەندێک بەشی زانستی، لە بەشە پزیشکیەکانیش دەگەیشتە نزیکەی 50 پەنجا نمرە، تەنها ئامانجیش لەم کارە وەرگرتنی کچەکەی خۆی بوو لە کۆلێژی پزیشکی.
19. جەنابی وەزیر لە یەکێک لە زانکۆ ئەهلیەکانی سلێمانی عەمیدی فەخرییە و مانگانە حەوت ملیون و نیوی بۆ دەڕواتە ماڵەوە، لە بەرانبەر ئەمەشدا، وەزیری خوێندنی باڵا، خوێندنی باڵای لە هەموو زانکۆ ئەهلیەکان وەستاند، تەنها لەم زانکۆیە نەبێت.
20. جەنابی وەزیر تاکو خێزانەکەی خۆی نەکرد بە خوێندکاری دکتۆرا، مەرجی زمانی ئایەڵسی دانەنا، بۆ خوێندکارانی ماستەرو دکتۆر، هەر کە خێزانەکەی خۆی قبوڵکرا، یەکسەر ئەم مەرجەی بە سەر کوڕ و کچی هەژاراندا سەپاند، دیارە هەموو لایەکیش دەزانن کێ خەریکی نوسینەوەی دکتۆرای خێزانەکەیەتی، ئەوە بۆ داهاتوو بە جێدەهێڵم. 
21. جەنابی وەزیر بۆردێکی لە کەسانی نەزان و هەلپەرست لە دەوری خۆی کۆ کردۆتەوە، ئەم بۆردە بێ ئەوەی هیچ سیفەتێکی فەرمی و یاساییان هەبێت، خەریکی بازرگانی و کاری گەندەڵین و هەموو سیمایەکی ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆکانیان شێواندوە، بە جۆرێک خۆیان خاوەنی هەموو بڕیارو لابردن و دانانی راگرو سەرۆک بەش و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆن و وەزیری خوێندنی باڵا وەکو داشی دامە وایە بە دەستیانەوە، تەنانەت گەر نەبیت بە کۆیلەی ئەم بۆردە بە ناو ئەکادیمیە، ئەوە هەزارەها کێشەت بۆ دروست دەکرێت، ئەو بۆردەش " دارا قەرەداغی و فەیسەڵ عەلی و پۆڵا خانەقا و دکتۆر رەهێڵ عەبدولواحید و دکتۆر ئازاد حەمە"، ئەمانە ئەو کەسانەن کە هەرچیان بوێت بە ناوی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەیکەن، تەنانەت فەیسەڵ عەلی وتویەتی من خۆم چەندین جار ئیمزام بە ناوی وەزیری خوێندنی باڵاوە کردوە، تەنانەت یەکێک لەوانە ماوەی حەڤدە ساڵە سەرۆکی دەستەیەکە کە پلەکەی هاوتای پلەی سەرۆکی زانکۆیە.
22. گەندەڵیەکی گەورەی جەنابی وەزیر بە بڕی پێنج سەد ملیون دینار ئێستا لە دەستەی دەستپاکی هەرێمە و چاوەڕێی دادگا دەکرێت بۆ لێپێچینەوەی، تەنانەت چەندین هەوڵی بەرتیلدانی داوە بۆ داخستنی کەیسەکەی بەڵام هەموی بێ ئەنجام بوە.

ئەمانەو سەدان کارو بڕیاری نا دروست و نا دیراسەکراو لە بەرهەمەکانی چوار ساڵی رابردوی ئەم وەزیرە بەرێزەن، هیوادارم پارلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لێپێچینەوە لەم وەزیرە بکەن و هەرچی کارێکیش پێویست بێت لە لایەن بەندەوە ساز و ئامادەم، لە بەر ئەوەی شوێنێکی ئەم وەزارەتە نەماوە ئەم زاتە بە دەردی وەزیرەکەی ئەسکەندەری نەبردبێت، کەچی تازە بە تازە جەنابی وەزیر هاتووە ئەم هەموو فەشەلە زانستیەی لە دوو توێی کتیبێکدا بە ناوی بەرهەمی کارەوە چالاکیەکانی چوار ساڵی بڵاوکردۆتەوە، بە بڕوای من ئەبوایە ناوی بنایە کارە چەوتەکانی وەزیری خوێندنی بەڵا لە ماوەی چوار ساڵدا نەک چالاکی.
هیواداریشم هەر وەزیرێک لە دوای ئەم بەرێزە بوو بە وەزیری خوێندنی باڵا سەرجەمی ئەم بڕیار و رێنمایانە رێک بکاتەوە و وەزارەت بخاتەوە سەر رێچکەی زانستی و کارگێڕی خۆی.
مامۆستایەکی زانکۆ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە