پرسی کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا

Friday, 21/12/2018, 16:58

3720 بینراوە


دوای ١١ی سێپتێمبەر جیهان "پارالیزە" بوو، هەروەک ببێژین، زمانی لێبڕا، ئەوجا جیهان چاوەڕوانی ئەوە بوو کە داخۆ دەبێت گەورەترین زلهێزی جیهان لە وەڵامی ئەو لێدانە تێرۆریستییەدا چی بکات.
بێگومان مەسەلەی کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا پڕمەترسییە، لێ لە چە ڕوویەکەوە؟ گومانی تێدا نییە لەو ڕووەوە کە دەشێت بەو ڕێیەوە دۆخی سووریا پتر بشڵەقێت، چونکە دەوڵەتێکی گەورەی هەرێمی، واتا تورکیا، شەڕ دەباتە نێو ئەو وڵاتەوە.
ئایا میدیاکانی هەرێمی کوردستان، بێگومان ئەوانەیان بە تایبەتی کە قۆڵی درێژکراوەی میتی تورکین، دەیانەوێت کوردەکان بە گشتی تووشی پارالیزە بکەن، کەواتە گۆجیان بکەن و بەوەش توانستیان بۆ کردار سست بکەن؟ سەیر ئەوەیە کە میدیا بەناو ئەهلییەکانیش لە نەفامییەوە و بۆ ڕاکێشانی خوێنەر دەخزێنە نێو ئەو گەمە گوماناوییەوە، ئەوجا یەکلایەنی هەواڵی بەپەلە بڵاو دەکەنەوە.
پرسیارێک ئەوەیە کە داخۆ بەرپرسانی سیاسیی پەیەدە ئەوەندە ساویلکە بن کە لە لایەنی خۆیانەوە گەمەی سیاسی نەکەن، یان چاوەڕوانی کشانەوەی کتوپڕی ئەمەریکا لە سووریا نەبووبن! هەر چۆنێک بێت ئەوە فاکتە کە ئەوان لەو هاوپەیمانێتێتییە تاکتیکییەوە لەگەڵ ئەمریکا ڕاهێنانی زۆر مۆدێرنی سەربازییان پێبڕا، هەروەها بەڕێژەی چاوەڕواننەکراو چەکی زۆر مۆدێرنیان دەستکەوت، بەوەش ئیدی چەکە ژەنگاوییەکانی حافز ئەلئەسەد و کوڕەکەی واتای تەواو لاوەکییان بۆ ئەوان وەرگرت!
لە بنەڕەتدا مەکینەی دژە شۆڕش دەمێکە خراوەتە گەڕ، دەمێکە لایەنگرانی یان ئەندامانی ئەنەکەسە دەبێژن: "تازە لە رۆژئاڤا ڕۆژ ئاڤا بوو". ئەمڕۆش ڕەنگە لە خۆشیدا پێیان زەوی نەگرێت! ئاخر ئەوەی بە خۆیان ناکرێت، تورک بۆیان دەکات! ئەوانیش، هاوشێوەی پارتییەکان، ئەوها جیهان دەبینن!
بە هەر حاڵ. گریمان تورکیا هێرش بۆ نێو سوریا دەبات، گریمان دوای بەرهەڵستییەکی زۆری شەڕڤانان سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات داگیر و پاشەکشە بە پەیەدە دەکات. ئێ دوای ئەوە؟ ئایا کێشەی کورد کۆتایی هات؟ لە بنەڕەتدا تورکان خۆیان گیرۆدەی کێشەی کوردن لەنێو خۆدا و لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتە مۆدێرنیزەگەرا کەمالیستییەکەیانەوە نەیان توانیوە کۆتایی پێ بهێنن، ئیدی ئایا ئێستا لە دەرەوە، لەنێو دەوڵەتێکی دیکەی دراوسێیدا، کۆتایی پێدەهێنن؟ ئایا ئەردۆگان نازانێت، کە ئەو سوپای بۆ نێو خاکی ئێراق ناردووە، لێ سەربازەکانی لەو ناوچە سنوورییانەی کوردستان گیریانخواردووە، بەڵێ لە بنەڕەتدا هیچ توانستێکی کرداریان نەماوە؟
لە بنەڕەتدا لەم ڕەوشەدا کە ئێمە لێی دەدوێن، مەبەست و ئارەزووی دێسپۆتێکی ئیسلامگەرا، واتا ئەردۆگان، خۆیان دەنوێنن کە زۆرتر لە مەبەست و ئارەزووی "قشمەران" دەچن. ئەوەش تایبەتە بە سەرجەم دیکتاتۆرەکان. قەشمەر زۆر لە خۆی ڕازییە، بۆیە سەرجەمی رواڵەتەکانی وەک ناوەرۆکی خۆی دەبینێت، بەوەش قەشمەر ئاسان تێدەکەوێت. ئەو کەسانە کە پێیان خۆشە پەیەدە وەک تێکەوتوو دەربخەن، گەرەکە باش بزانن پەیەدە و سووپاکانی هەرچۆنێک بێت لە ئەمری واقعەوە چالاک بوون، ئەوان ئا‌قڵانە نەیانهێشت پەیوەندیی دوو سووپایی لە وڵاتەکەیاندا چێببێت، بەوەش نەیانهێشت ئەزمونی کوردەکانی ئێراق لای ئەوان دووبارە ببێتەوە. لێ بە پێچەوانەوە تێکەوتووی ئەم دۆخە تورکیایە، جا با وەک دەوڵەت بۆ سەرجەم کورد پڕمەترسی بێت، یان با سوود لە پێگەی ستراتیژیانەی خۆی وەربگڕێت و پتر دەرفەتی گەمەی هەبێت. لە بنەڕەتدا ئەوە هێشتا هەر تورکیایە کە بووە بە بابەتی گەمەی ڕوسیا و ئەمەریکا و ئەوروپا، گەر هێزێکیش بوو بە بابەتی گەمە، ئەوا دۆخەکەی پڕمەترسیترە لە هێزێک کە تا بۆی کرا خۆی ئاوەزمەندانە بیناکرد و لە شەڕ بەدوور گرت، ئەوجا تەنیا لەو کات و جێیانەدا شەڕی کرد، کە ناچار بوو بیکات. نەشیاوە ئەو هێزە سیاسییە، کە کوردییە، بە دۆخی لەنگی خۆی نەزانێت. کەواتە با قۆڵە درێژکراوەکانی "میت" لەنێو کوردەکاندا وا زوو نەکەونە هەلهەلەلێدان. با بزانین ئەم شەڕەش کە بەڕێوەیە چۆن دەکەوێتەوە. لەیادمان نەچێت، ئەم جۆرە شەڕانە پەیوەند بە کوردانەوە "ئێپیزۆد"ن، واتا ڕووداوی بچووکن لەنێو گەورە ڕووداوێکی سەرجەمیدا کە پرسی کورد خۆیەتی وەک "پرۆژە".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە