تورکیا و ڕۆژئاڤا

Saturday, 22/12/2018, 11:11

4335 بینراوە


یەکێ لەو هۆکارانەی سەرۆکە داسەپاو دیکتاتۆرەکان پێی ئەناسرێنەوە بریتیە لە دروست کردنی زۆرترین جەنگ و پشێوی تا بتوانن نەیارە نزیکەکانی خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن. هتلەر،سەدام،خومەینی و هاوشێوەکانیان، زۆرترین جەنگیان بەرپا کرد بۆ ئەوەی سوپای ووڵاتەکەیان و سەرکردە سەربازییەکان بەو جەنگانەوە هیلاك بکەن و هەموو ووزەکانیان لەدەرەوەی ووڵات سەرف بکەن. بەم شێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەتوانن ئەو کەسانەی لە سوپادا بەهێزن و توانای کودەتایان هەیە،یان لەناو ئەچن وەیان بەهۆی شکستی سەربازیان خانەنشین وەیان زیندانی و دواتر ، لەسێدارە ئەدرێن.
ئەردۆگای ئەوەندەی سوپا و سەرکردەی سوپاکەی بە دوژمنی خۆی ئەزانێ، ڕەنگە ئەوەندە ترسی لە کورد نەبێ،، ئەو باش ئەزانێ کە کورد هەمیشە هێزی بەرگری بوە و کەلتووری کورد هیچ کات (هێرس بەر)نەبوە. جا بۆیە کورد هیچ کات نەبۆتە مەترسی لەسەر تورك وەیان هەر دەوڵەتێکی تر. ئەردۆگان بەتایبەتی دوای ئەو کۆدەتایەی لێێکرا، کەوتە وێزەی سوپاکەی ئەوەی گومانی لێی هەبوبێ یان لەزینداندا قایمی کردووە وەیان بەهۆی جەنگی بەناو کوردی ڕۆژئاڤا و پەکەکەوە سەریانی پێ جنجاڵ کردوون.
هیتلەر و سەدام و خومەینی هاوشێوەکانیان هەمان سیاسەتیان پەیڕەو کرد و وەك دەرکەوت دوژمنی سەرەکیان هێزەکانی سوپاکەیان و گەلەکانی خۆیان بوون. کەواتە ئەوەی ئەردۆگان بانگەشەی دژ بە ڕۆژئاڤا سازداوە تەنها شەڕی پاراستنی خۆیەتی و هیچی تر.
 نە ڕۆژئاڤا و نە کەسی تر ناتوانێ بە ئەمریکا بڵێ(خیانەت)ی لە کورد کردوە، لەبەرئەوەی هیچ جۆرە گرێبەستێك وەیان ڕێکەوتنێك لە نێوان دەوڵەوتی ئەمریکی و ڕۆژئاڤا دا، نیە. جا بەو پێیە ناکرێ پێیان بوترێ خەنجەری لە پشتەوە لە کورد داوە. ئەمریکا دەوڵەوتی نەتەوە نیە و لەسەر بنچینەی نەتەوەسازی مامەڵە لەگەڵ کەسدا ناکا، بەهەمان شێوەش کورد لەهەر ٤ پارچەکە وەك نەتەوە نەناسراوە و دۆزەکەی دوزێکی هەرێمیە وەك لەوەی دوزێکی سیاسی جیهانی بێ. بۆیه پێوستە لەم کاتەدا کە تورکیا بانگەشەی جەنگێکی وای داوە بە ڕۆژئاڤا ، ئەوا پێوستە ڕۆژئاڤا یەکسەر جیابوونەوە و سەربەخۆیی ڕاگەیەنێ تا بتوانرێ دوزێکی سیاسی نەتەوەیی وەیان گروپێك کە لەلایەن ئیسلام و تووندە ڕەوەکانەوە هەڕەشەی نەمانی لێ ئەکرێ و داوا بکرێ ڕێگەی لێ بگیرێ.
ئەزمونی (هەرسە گوڤین و بۆسنیەکان و باشووری سودان)دوو نمونەی لەو شێوەیەن و پشتگیری دەرەوەی بۆ دروست بوو، جا بۆیه ڕۆژئاڤا لە ئێستادا ئەتوانێ ئەو گرووپانەی لەوێن (کورد، ئاشوری و عەرەب و تورك و مەسیح و یەزیدی و ئەوانی ) بۆ ئەوەی قڕ نەکرێن و بپارێزرێن ، پێوستە لەماوەی ١٠٠ ڕۆژی داهاتوو بەفەرمی داوای جیابوونەوە لەسووریا بکەن وقەوارەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی هەمە جۆر پێك بێنن.
ئەم هەڕەشانەی تورکیا و کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەرفەتێکی باشە بۆ ڕۆژئاڤا بۆ ئەوەی جگە لە سۆزی گەلانی ئەوروپاو ئەمریکا، پاڵپشتی عەرەبە سوونەکانی وەك سعودیە و ئیمارات و ئۆردن بەچنگ بێنن بۆ ئەوەی ئەوەی بەسەر سونەی عێراقدا هاتن بەسەر سونەکانی سووریا و کوردەکان نەیەت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە