ناسیۆنالیزمی و مرۆڤدۆستی و عیرفانی تەبایەتیان هەیە؟

Tuesday, 25/12/2018, 21:49

6211 بینراوە


عیرفانی - باوەڕداری و ناسیۆنالیزمی و مرۆڤدۆستی دژبەری یەکتردەکەن؟

ئایا دەکرێت کەسێکی مرۆڤدۆست، ناسیۆنالیزمی بێت؟ یان ئایا دەکرێت کەسێکی ئیمانی و عیرفانی، ناسیۆنالیزمی بێت؟ یان دەکرێت کەسێکی ناسیۆنالیستی، مرۆڤدۆست و عیرفانی بێت؟ یان ناسیۆنالیستی و مرۆڤدۆستی و عیرفانی چ دژبەرییەک لە نێوانیاندا هەیە؟ یان عیرفانی و مرۆڤدۆستی و ناسیۆنالیزمی تەبایەتیان لە نێواندا هەیە؟ یان بە مانایەکی دیکە دەکرێت تەبایەتی لە نێوان ئەم سێ چەمکەدا دروست بکرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە سەرەتا چەمکەکان شرۆڤە دەکەین و دواتر شرۆڤەی بارودۆخی کورد دەکەین:
(هیومانیزم)  (Humanism)(مرۆڤدۆستی):
چ بەئیتالی (umanista) و چ بە لاتینی (humanus) وشەکە واتای مرۆیی یان مرۆڤایەتی دەبەخشێت. بە هەموو ئەو تیۆرانە دەگوترێ کە بڕوایان بە بەختەوەری و ڕێزدانان بۆ کەسایەتی مرۆڤ و پێشکەوتنی هەمەلایەنی مرۆڤ و پێکهێنانی هەلومەرجێکی لەبار بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ هەیە. 
هیومانیزم بریتییە لەپەیوەندی و کۆنتاکتی رەوشتی ناسک کەبنەماو بناغەکەی دەرهاتووی ناخی مرۆڤە، بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ ژیان و ژینگەو کۆمەڵگەکەیدا. لێرەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ شتێکی مرۆڤانە نییە کە نامۆ بێت بە مرۆڤ.
هیومانیزم، وەک شێوازێکی ژیان بە واتای مرۆڤدۆستی و ڕوانینە مرۆڤ، وەک ئەوەی کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە و دەبێت ڕێز لە توانایی و کەرامەتی بگیرێت، بۆ ئەمەش مرۆڤەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە.
لە هیومانیزمدا بیرکردنەوەی سەرەکی، بیرکردنەوەیە لە مرۆڤ و تواناکانی ئەو بۆ ژیان و فێربوون و بەخشین. مرۆڤ و تواناییە عەقڵییە بەرزەکەی، شێوازی ژیانی و پەیوەندیی بە دەوروبەریەوە دەکرێتە پێوەر بۆ ڕوانینە ژیان، و داڕشتنەوەی شێوازێکی دیکەی ژیان. بۆیە لە بنەماوە شتێک هەیە مرۆڤدۆستی و پەروەردە پێکەوە دەبەستێتەوە. مرۆڤدۆستی لە بنەمادا شێوازێکی پەروەردەکردنی ڕۆحی و کولتوورییانەی مرۆڤە. هیومانیزم کە ئەوروپاوە سەریهەڵداوە، بەڵام کە ئەوروپا و ئەمریکا خۆرهەڵاتی ناوین و ئەم ناوچانە داگیردەکەن، وانەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی فکرەی هیومانیزم و ئاشتی و دیمکراسی بێت، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ئابوری و سیاسییەکانیاندا کەرامی مرۆڤی خۆرهەڵاتی دەشکێنن، وەکو چۆن فارس و عارەب و تورک بەناوی ئیسلامەوە کوردستان داگیر و کاول دەکەن و کەرامەت و شکۆی مرۆڤی کوردی تێکدەشکێنن.
عیرفان:
عیرفان زانستێکە تایبەتە بە مرۆڤ و لە ئاوەز و دڵیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش بۆ گەیشتن بە خوای تاقانە و نادیار و باڵا، بەهۆی ناو و سیفات و دەرکەوتەکانیەوە، دەکۆشێ بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی جیهان و کۆی قۆناغەکانی بوون. عیرفان باوەڕبوونە بە دۆزینەوەی ڕاز و نهێنی دنیا. ساتی ڕامان و پڕۆسەی بیرکردنەوەیەکی قووڵ و تێهەڵچوونی ڕۆحە. ناسین و دووبارە ناسینەوەیە، وونکردنی خود و دۆزینەوەیەتی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر. عیرفان هەڵوێستەکردنە، بڵندبوونەوەی ڕۆحە، سەربەزکردنەوەیە بۆ ئاسمان، گەیشتنە بە حەقیقەتی شتەکان، ئەویش لە ڕێگەی دۆزینەوە و بینین. عیرفان دوو لایەنی هەیە: لایەنی کۆمەڵایەتی، لایەنی ڕۆشنبیری. عیرفان هێڵێکی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤەکاندا، پەیوەندییە لەگەڵ خوای تاقانە. عیرفان ناسنامەیەکی دیاریکراوی نییە و تایبەت نییە بە ئایین و شوناس و شوێنکەوە.
ناسیۆنالیزم (نەتەوایەتی):
لە فەرهەنگی ئۆکسفۆردی ئینگلیزیدا هەتووە کە: "ناسیۆنالیزم ویست و ئارەزووی گروپێکی مرۆییە کە هاوبەشن لە (ڕەگەز، زمان، کەلتور ....هتد) بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ". واتە بەو مانایەی ناسیۆنالیزم خۆشەویستیە بۆ نەتەوەکەی، هەروەها ویستێکی بارگاوییە بە مەیلی نەتەوەیی و بە ئاڕاستەی پێکهێنانی قەوارەی سەربەخۆی نەتەوەیش کار دەکات. لەو ڕوانگەیەشەوە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی ئەستەمە لە دەرەوەی کۆمەڵ و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا ژیان بەرێتە سەر، ئەوا هەمیشە تاکەکانی کۆمەڵ پێویستیان بە یەکتری دەبێ و لە ئەنجامی بوونی بنەما هاوبەشەکانی وەک کەلتور و زمان و خاک و مێژوو و بنچینەی دیکەی هاوبەش جۆرێک لێک نزیکی و پەیوەندی و ئینتیمای هاوبەشیان بۆ دروست دەبێت. هەستی نەتەوایەتی یەکێک لە مجۆرە هەستانەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکانی نێو کۆمەڵێکی مرۆیی دیاریکراو بەرەو یەکبون و یەکگرتن بچن و هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تایبەت به خۆیان بدەن.
لە پێناسەیەکی دیکەدا هاتووە: "ناسیۆنالیزم بریتیە لە کەسێتی بە کۆمەڵی هەر نەتەوەیەک، یان واقعێکی مێژوویی و زمانەوانی و کەلتوریە کە سەرجەم بەرهەم و دەستکەوتەکانی ئەزموونی مرۆڤایەتی هەر لە سەرەتای دروستبونی کۆمەڵگای مرۆییەوە تا پێگەیشتنی کەسێتیەکەی لە سەر بنچینەی ژمارەیەک ڕایەڵ و بنەمای هاوبەش بە نەتەوەکە لە خۆ دەگرێت". یان ناسیۆنالیزم بریتییە لە: "گوزارشتکردن لە خودی نەتەوە لە نێو کۆمەڵی مرۆڤایەتیدا بە گشتی، لە ناوەوە دەربڕی هەستی تاکە لە پابەندبوونی بە ژیانی هاوبەش و ئەو چەمک و شێوازانەی کە تایبەتن بە نەتەوەکەی، ئەو هەستکردنەش دەبێتە هۆی هاوکاریکردنێکی سروشتی نێوان ڕۆڵەکانی نەتەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا".
هەندێ لە کەسە دینیەکان دەڵێن: ئێمە ئیسلامین، پاشان کوردین. لەبەرئەوەی ئەگەر هەستی نەتەوەیی. ناسیۆنالیستی، یا کێشە نەتەوەیی کورد لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا ڕووبەروو، یا تێکگیر بن، پێکدادا بدەن، هەڵبژاردنی نەتەوەکم لە نێوان نەتەوە و ئیسلام دا، یا بەواتایەکی دیکە پشتگیریکردنی نەتەوەکەم لەبەرامبەر ئیسلام دا دەبێتە هۆی لاوازی باوەڕم. لە ڕاستیدا ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوە بەواتای ئەوەیە قورئان و بنەماکانی ئیسلام نکۆڵیان لە بوونی کورد و کێشە نەتەوەییەکەی کردوە، دەنا بۆچی کێشەی نەتەوەیی کورد لەگەڵ ئیسلام دا پێکدادەدات؟ بۆچی ماف و بەرژەوەندی کورد دژی بەرژەوەندی مسوڵمان و بنەماکانی ئیسلامە؟ بۆچی ئیسلام خۆ بچوک کردنەوەی کوردی قبوڵە؟ لە ڕاستیدا ئەمە پێ بزانرێت یان نەزانرێت، بەواتا دژایەتیکردنی دەسەڵات و نیشانەی گەورەیی خودایە، کە لە ڕاستیدا جەوهەری ئیسلام تەواو پێچەوانەی ئەم باوەڕەیە، و نەدژایەتی، نە زوڵمی لە هیچ نەتەوەیەک نەکردووە. ئێمە کوردین پاشان ئیسلامین، لەلایەکەوە مێژووی بوون و ڕەچەڵەکی کورد زۆر پێش ئاینی ئیسلامە، و لەلایەکی دیکەشەوە ماف و بەرژەوەندی کورد هەرگیز لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا تێکگیر نابن، چونکە ئیسلام لە پێناو شکۆی مرۆڤ و نەتەوەکاندا هاتووە. هەروەها هەرگیز لە مێژووشدا نەبووە تەواو و تێکڕای کورد دژایەتی ئاینێک یان بیروباوەڕێکی کرد بێت، بەڵکو کوردستان لانکەی پێکەوە ژیانی ئاینەکان بووە.
بۆچی بەرژەوندییە نەتەوەییەکانی کورد لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا تێکگیر دەبن؟ بەڵام بەرژەوەندی نەتەوەکانی دیکە لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا ڕووبەڕوو نابێتەوە و یەکانگیرە؟ بەڵکو ئیسلام بۆ بەرژەوەندی نەوەییان بەکاردێنن. بۆچی بۆ نەتەوەکانی دیکە ڕەوا بێت فارس و عەرەب و تورک بن، بەڵام بۆ کورد ڕەوا نەبێت کورد بێت و حوکمی خۆی بکات؟ مەگەر کورد بۆ ئەوە دروستکراوە بە ناوی دینەوە جینۆساید بکرێت و ئەو نەتەوانە کێشەکانی نێوان خۆیانی پێ یەکلایی بکەنەوە و بەکاریبهێنن و حوکمی کوردیش بکەن؟
لە دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ماددەکانەوە لە( ساڵی 700 پێش لەدایک بوونی حەزرەتی عیسا) تاکو ئێستا لە کوردستانی گەورە بەگشتی و لە باشوری کوردستانیش بە تایبەتی تا ساڵی 1991، عارەب و تورک و فارس بە ناوی جیاجیای هەخامەنشین و ساسانی و ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و سەفەوی و سەلجوقی و قاجاری و پەهلەوی و کەمالیستی و بەعسی و دەوڵەت نەتەوەی عارەب و تورک و فارس، و سونە و شیعەوە حوکمی کورد و کورستانیان کردووە چ خێر و سوودێکیان بۆ کورد و شارستانیەتی کوردی هەبووە؟ یان ناسیۆنالیستی ئەو نەتەوانە بارگاوی بە ئیسلام چ کەڵکێکیان بۆ ئێمە هەبووە؟ جگە لە جینۆساید و ئیتنۆساید و لەناوبردنی زمان و فەرهەنگ و داگیرکاری و دابەشکاری و پەت و سێدارە و ئەشکەنجە و زیندان و نکۆڵیکردن لە بوون و ڕەگەزی کوردی، تا ئێمەی کورد بە دەسەڵاتی ئەوان ڕازی بین و (خود نەفرەت) بین و بە ناوی ئاینەوە ڕەوایەتی بە دەسەڵاتداری تورک و عارەب و فارس و سونە و شیعە و ئەوروپی و ئەمریکی بدەین.
عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت:
بەهەشت و دۆزەخ بۆ من تازە نین
هاوکات و هاو جێ
ئەویشم دیوە، ئەمیشم دیوە
نیشتیمانی من لەوەتی هەیە
بەهەشتەو دۆزەخ دەوری تەنیوە!.
لەکاتێکدا ئێمە خودا بە کوردی دروستیکردووین و بە کوردی دەژین، و دەبێت جگە لە دەسەڵاتی کوردی بە هیچ دەسەڵاتێکی بێگانە ڕازی نەبین. ناسیۆنالیز و خۆشەویستی بۆ نەتەوەکەمان، بە ئاڕاستەی پێکهێنانی قەوارەی سەربەخۆی نەتەوەیی کار بکات. لەبەرئەوەی هەمیشە تاکەکانی کۆمەڵی کوردی پێویستمان بە یەکترە و لە ئەنجامی بوونی بنەما هاوبەشەکانی وەک کەلتور و زمان و خاک و مێژوو و بنچینەی دیکەی هاوبەش جۆرێک لێک نزیکی و پەیوەندی و ئینتیمای هاوبەشمان بۆ دروست ببێت. کە ببێتە هۆی ئەوەی تاکەکانی نێو کۆمەڵێکی کوردی بەرەو یەکبون و یەکگرتن بچین و هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تایبەت به خۆمان بدەین. چونکە ئێمە چاوەڕێ بکەین داگیرکەری عارەب و فارس و تورک لەمپەڕی ئیسلامیەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ و عەلمانی و ناسیونالیزمی و ڕەگەزپەرست، بڕوا بە ئاشتی و پێکەوە ژیان و دیموکراتی بهێنن ئەوە کوتانی ئاسنی ساردە.
لەماوەی ئەو سێ دەیەیەی کە کورد خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین لە باشوری کوردستان بە هەموو کەموکوڕییەکانەوە (ئەگەرچی تا دوا ڕادە لەگەڵ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەداین بۆ دەسەڵاتێکی دادپەروەر) بە قەد (2718) ساڵەی دەسەڵاتی بێگانە کاریگەری گەورەی لەسەر پێشخستنی لایەنی ڕۆشنبیری و کەلتوری و فەرهەنگی و کرانەوە بە ڕووی دنیا و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی ووڵات هەبووە و هەیە.
ئەگەر نەتەوەکانی دیکە جارێک بۆیان ڕەوا بێت حوکم بکەن، ئەوە بۆ کورد دووجار ڕەوایە حوکم بکەن، چونکە کوردستان لە بەرەبەیانی ژیان و مێژووەوە چیاکانی زاگرۆس شوێنی ژیان و دواتر میسۆپۆتامیا و کوردستان شوێنی شارستانیەت بووە. دواتر دوای لافاوەکەی زەمەنی حەزرەتی نوح و گیرسانەوەی کەشتییەکەی لە چیای جودی لە باکورد کوردستان، دووبارە کوردستان شوێنی دەستپێکردنەوەی ژیان و شارستانیەت بووە. کوردستان نەک شوێن و مەنزڵی کورد بووە، بەڵکو دووجار شوێنی و لانکەی دەستپێکردنی ژیان بووە، بەڵام عارەب بە هۆی داگیرکاری عارەبی ئیسلامییەوە لە دوورگەی عەرەبییەوە هاتنە عێراق و سوریا و ووڵاتانی دیکەوە. تورک لە ترسی ڕاوەدوونانی مەغۆڵ لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە هاتنە ئەنادوڵ و تورکیای ئێستا، فارسیش جگە لە ووڵاتی خۆیان بە داگیرکاری گەیشتونەتە کوردستان. ئیدی بۆ ئەم نەتەوە داگیرکاران مافی حوکمکردن و دەسەڵاتداریان هەبێت، بەڵام ئێمەی کورد خۆمان بە ناوی ئاین و گرێدراوی و فاشست بوونی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە مافی دەسەڵاتداری و حوکمکردنمان نەبێت.
ئێمە تا ڕادەی پیرۆزی کورد بوونمان باوەڕمان بە ناسیۆنالیستی کوردی و حوکم و دەوڵەت و دەسەڵاتداریەتی کوردی هەیە، دژی دەسەڵاتی بێگانەین لە ژێر هەر ناوێک و ئایدۆلۆژیایەکدا بێت، تەنانەت گەر دادپەروەریش بێت، چونکە دەسەڵاتی کوردی دەتوانرێت لە قۆناغێک دا دادپەروەر بکرێت، بەڵام دەسەڵاتی بێگانە بۆ مانەوەی و ڕەگ داکوتانی خۆی هەرگیز نە دادپەروەر دەبێت نە باوەڕی بە هاوبەشی و دیموکراتی هەیە، کە مێژوو زۆرداری ئەوان و مرۆڤدۆستی کوردی سەلماندووە. لەبەرئەوە دەبێت ناسیۆنالیستی و دەوڵاتداری کوردیمان قبوڵ بێت وەکو نەتەوەیی و نەتەوایەتی، ئەمە بۆ بابەتی ناسیۆنالیستی، بۆ بابەتی عیرفانی و باوەڕداری و مرۆڤدۆستیش دەبێت مرۆڤمان لە هەموو پیرۆزییەکان لا بەنرختر بێت، بۆ گەیشتن بە خوای تاقانە و نادیار و باڵا، بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی جیهان و کۆی قۆناغەکانی بوون. بۆ دۆزینەوەی ڕاز و نهێنی دنیا. دەبێت سەربەرزبکەینەوە بۆ ئاسمان، دەبێت بیرکردنەوەیەکی قووڵ و تێهەڵچوونەوە و بڵندبوونەوەی ڕۆحمان هەبێت، بۆ گەیشتنە بە حەقیقەتی شتەکان، دژی مرۆڤی دروستکراوی خودا و وجودی خودا نەبین، ئازاری چەوساوەکان، هەژاران، ئاوارەکان، مەزڵومەکان بەئازاری خۆمان بزانین لە هەر کوێیەکی دنیادا بن، نادادپەروەری لەکوێ بێت لەوێ بین، حەق لە کوێ بێت لەوێ بین، ئازار و مەینەتی و ئەشکەنجەو هەژاری لە کوێ بێت بە ڕووح لەوێ بین، ئەوکاتە ویژدانمان ئاسودە دەبێت و مرۆڤ بوونمان مانادار دەبێت. گەلۆ مرۆڤ هەر مرۆڤە لە هەر کوێی دنیا بێت، لە هەر ڕەنگ و ڕەگەزێک بێت، خودا دەفەرموێت من ڕێز لە بەنی ئادەم دەگرم. ناڵێت من ڕێز لە مسوڵمانان و ئیمانداران دەگرم. خودا ڕەنگانە پێکەوە بژین، چونکە لە کۆتاییدا گەل لە سیاسەتکردندا تاوانبار نییە، ئەوەی تاوانبارە سیاسییە دیکتاتۆرەکان و بازرگانانی جەنگ و دەربار و ڕاوێژکارانی جەنگ و دیکتاتۆرەکانن، واتە گەر ئەمانە لێگەڕێن هەموو ڕەنگەکان پێکەوە پەلکەزێڕینە دەبن.
بەڵام نابێت ئێمە (خود نەفرەت) بین لە ژێر کاریگەری ئاین و مرۆڤدۆستی دا نەفرەت لە بوون و ڕەگەز و مێژوو و دەسەڵات و نەتەوایەتی و کوردپەروەری بکەین، خود نەفرەتی کۆیلایەتی و خۆبچوکردنەوەیە. هەروەها ناشبێت بە بیانووی نەتەوایەتی و کوردایەتییەوە (خود ئەڤین) بین و ڕەوایەتی بە زۆرداری و چەوساندنەوە و داگیرکاری و کوشتاری هێزی کوردی بدەین، شاد بین بە زەلیلی نەتەوەکانی دیکە، تێری و بەهێزی خۆمان لە برسێتی وبێ هێزی ئەواندا ببینینەوە. بەڵکو دەبێت مرۆڤدۆستی و باوەڕداری و عیرفانییەتمان دژی ئەوە بێت ناسیۆنالیستی کوردی فاشست بێت، دژی ئەوە بێت ناسیۆنالیستی کوردی هۆکار بێت بۆ پاکتاوی ڕەگەزی و قەدەغەکردنی ئازادی سیاسی و کەلتوری وفەرهەنگی و ژیانی و ئازادی ڕادەربڕین نەتەوەکانی دیکە. مرۆڤدۆستیمان ڕەوایەتی نەداتە چەوساندنەوە و داگیرکاری و کوشتاری دەسەڵاتی کوردی لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت، بەڵکو مرۆڤدۆستی و باوەڕداری و عیرفانیەتمان ببێتە داینەمۆی ئاشتی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتنی کەرامەتی نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکە لە چوارچێوەی ووڵات و دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی کوردیدا. وەکو چۆن ئەو کاتەی عارەبی سونەی عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام، و ململانێی مەزهەبیان لەگەڵ شیعەی عێراق، و دواتر دوای هاتنی داعش ناوچە و شارەکانیان پڕ بوو لە کوشتار و کاولکاری و لێیان قوما کورد سەرەڕای خراپی دۆخی ئابوری و گوزەرانی خۆی جێگە و ڕێگەی بۆیان کردەوە و ئارامی و ئاسایشی بۆ فەراهەمکردن.
لێرەدا بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بابەتەکە ئاماژە بە ڕووداوێک دەکەین:
مەولانای ڕۆمی کە لوتکەی عیرفانیەتە و باوەڕی تەواوی بە مرۆڤدۆستی هەیە، کاتێک مەغۆلەکان هێرش دەکەنە سەر ئەنادۆڵ، سەلجوقییەکان نزیک دەبنەوە لە کەوتن، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی سەلجوقی داوا لە مەولانا دەکەن کە ئامۆژگاریان بکات و چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە بۆ ڕزگاربوون لە هێرش و پەلاماری مەغۆلەکان، مەولانای ڕۆمی نامەیەکیان بۆ دەنێرێت و تێدا داوایان لێدەکات کە لەگەڵ کورد ڕێبکەون و هاوپەیمانی بکەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرش و پەلاماری مەغۆلەکان، ئەوە بوو تورکە سەلجوقییەکان لەگەڵ کورد ڕێکەوتن و توانیان بەر بە هێرشی مەغۆلەکان بگرن. مەولانا کە بە ڕەگەز فارسە، بەڵام لە شاری قۆنیای ئەنادۆڵ ژیاوە، دەیزانی ئەو جەنگە دەبێتە هۆی خوێن ڕشتن. لەلایەکەوە بڕوای تەواوی بەوە هەبوو کە دەبێت ئەو نیشتیمانە لە داگیرکاری و کاولکاری بپارێزرێت، لەلایەکی دیکەوە ئەو کوشتار و خوێن ڕشتنەی کە لە ئەنجامی بەرگریکردنەوە ڕوودەدات زۆر لەو کوشتار و خوێن ڕشتن و کاولکاریە بەردەوامە باشترە کە بە هۆی داگیرکاری مەغۆلەکانەوە ڕوودەدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە مەولانا باوەڕی تەواوی بە ڕێزگرتنی هەموو ڕەنگ و ڕەگەزێک هەبووە، بڕوای بە میھرەبانی و لێبوردەیێکی بێ سنور ھەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا قەبوڵکردنی بەرامبەر و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤانە و چاکە و چاکەکاری و ئیدراککردن بە خۆشەویستی خودا لە سیفەتە دیارەکانی بووە. هەروەکو لەم پارچە هۆنراوەیەیدا دەردەکەوێت کە دەڵێت:
سینەم بۆتە هەڵگری گشت وێنەیە
بۆ ئاسکان لەوەڕگایە
لای ڕاهیبان پەرستگایە
بۆ خۆی بۆتە بوتخانەیە
هەر ئاواشە ئەو کابەیە
بۆتە لەوحێکی تەورات و پەڕاوی قورئانی تێدایە
مل کەچی ڕێی خۆشەویستیم 
لە هەر کوێ بێت کاروانەکەی،
منیش لەوێم، هەر خۆشەویستی باوەڕمە
ڕێبازیشمە و ئاینەکەم.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە