کێ کەسایەتی پێشمەرگەی خستە ژێر پرسیارەوە؟

Tuesday, 02.05.2019, 21:19

3463 بینراوە


هنیدە سورەکان پەندێکیان هەیە دەڵێن: دەسەڵات سەرەتا تەرمەکە دەنێژێت، دوایش دۆسییەکەی لەگۆڕدەنێت
----------------------
 هەفتەی ڕابردوو وەک ماوەی ٢٧ساڵی دەسەڵاتی کوردی لەهەرێم، گەلێک ڕووداو سەرییان هەڵدا، لەناویاندا قسە حەماسی و خۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو گەنجە بوو، کە بە بڕواوە دژی کەسایەتی پێشمەرگە قسەی کرد، لەناو قسەکانیدا من هیچم نەچنێوە، تەنها ووتم: خەڵک پێویستی بەوەیە قسەبکات، گەر قسە نەکات ئەوە هەناوی دەتەقێت و لەبەین دەچێت.گەرچی قسەی ئەو گەنجە "ئامانج "قسەگەلێکی سادە بێبنەما، بەڵام لەچاوی ئەو بەرپرسە حاکمانەی کە هەگبەی شاخیان لەگەڵ خۆیاندا دەگێڕن ڕاستگۆیانە بوو، دواجار پاش یەک - دوو ڕۆژ ئەو کاکەیە هات و لەهەموو قسەکانی ژوان بوویەوە، کورد جوان دەڵێت: "عوزر لە قەباحەت خراپت">
 ئامانج دەڵێت: قسەکانم دەستکاری کراوە و لێی قرتاوە و شێوێنراوە.....! 
ئەمە قسەی زۆری ئەوکەسانەیە کە مایکرۆفۆن دەبینن خۆیان بیردەچێتەوە، بێئاگا لەوەی کە دواجارقسە باجی دەوێت، ئەوانیش توانای جەستەیی و مەعنەویی ئەو باجەیان نییە، دێن ڕێساکانی ژیان پێشێل دەکەن، دێن لە ڕێگە قەوبڕەکەوە خۆیان قوتاردەکەن و دەڵێن قسەکانمان دەستکاری کراوە و شێوێنراوە و ئەتک کراوە، بێئاگا لەوەی خۆکوژییەکی هەرزان دەکەن.
بەڕاستی ئێمە گەلێک و خەڵکێکی گوناحین...! ئەمەجاری یەکەم نییە کە قسەکەرێکی سەر شەقام بێتو دژی هەموو قسەکانی خۆی کە کردوێتی لەبەردەم کامێرادا ژوان بێتەوە و بکڕوزێتەوە پاساو بێنێتەوە دژ بەقسەکانی خۆی.
 من وەک ئەوەی سەردەمێک بە بڕواوە لەو چیایەب ووم و ناوم پێشمەرگە بووە، لەگەرمەی ڕووداوەکاندا کارەکتەرێک بووم، ئەگەر شتێکیشم نەکردبێت شتگەلی زۆرم دیوە، کە بووە بەچیرۆکی مێژووی ژیانم.دوای ڕاپەڕین کە ئێمە قسە لەسەر هۆکار و ناوەڕۆکی ناکەین، ئیتر کەسێک نەماوە ناوی پێشمەرگە بووبێت.نە کۆن نە تازە لەباشوری نیشتمان یان ئەو هەرێمە لەقاڵبدراوەدا.
 ئەو سەردەمەی کە ئێمە لەچیابووین خەومان بەسەردەمێکی نوێوە دەبینی، دەشمانزانی "دروستکردنی سەردەمی نوێ زۆرلەوە قورسترە کە بتوانیت سەردەمێکی کۆن بڕوخێنیت".دوای ئەو هەموو ساڵە کە نزیکی ٢٨ ساڵە ڕەگەزی پێشمەرگە بەتەواوەتی خۆی لەدەست داوە، تاوانە ئێستا بەچەکدارێک کە حیمایەیە، یان لەجێگەیەک دەرگەوانە لە قولەیەکدا شەودەکاتەوە بە بەرگی سەربازێییە باوێشک دەدات ناوی لێبنرێت پێشمەرگە.
کاتێک بوارم بۆ ڕەخسا کە چاوپێکەوتن لەگەڵ د.جەمەل نەبەز دا بکەم بۆ کوردستانپۆست، ئەو دەم باسی میلیشیا و کەسایەتی پێشمەرگە هاتە ناو باسەکەمانەوە.قسە و باسێکی قوڵ بوو، لەوکاتەدا یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی لیستی گۆڕان بە پێشمەرگەی ووتبوو میلیشیا، دوایی دەستێک شاڵی ئوتوکراوی لەبەر کردبوو بەکڕوزانەوە بەرگری لەخۆی دەکرد و پەشیمان بوبوویەوە دەیووت من قسەکەم شێواوە بە هەڵە خوێندنەوەی بۆکراوە، دوای ئەوە کە ئەو هەمووسوکایەتیەی پێکراو هەڕەشەی لێکرا بووە میوانێکی ناشیرنی تەلەفیزۆنی ڕووداو، بەرنامەیەکیان دەکرد بەناوی چوارمشقی، ئەو کاکەیە دەیووت: من نەبووم من ڕێگە بەخۆم نادەم سوکایەتی وا بەپێشمەرگە بکەم.
ساڵانی حەفتاکان تیپی پێشرەو شانۆیەکیان کرد، کە دوای هەموومان لە هزرماندا مایەوە و بووە بەشێک لە قسەی ڕۆژانەی ناو ژیانمان و وەک ئاوێنەیەک خۆمان تیادەبینێوە، ئەویش شانۆگەری "خولە چەخماخە" بوو، کە خولەی چەخماخساز خۆی لەخەڵک کردبوو بەخولە چەخماخە...دوایش کە خولە ڕاستەکە هاتە چایخانەکە خولە قولاپییەکە دەیووت "کەی من ووتم خولەی چەخماخەم"...!؟ 
د.جەمال نەبەز چیرۆکی پارتیزانێکی یوگوسلافی بۆگێڕامەوە کە خەڵکی چ ڕێزێک بۆ پارتیزانەکانیان نیشان دەدەن کاتێک دژی نازییەکان خەباتیان کردوە.فەرموو ئەمە چیرۆکەکەیە.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ حه‌ز ده‌که‌م ئه‌م چیرۆکه‌ی خواره‌وه‌ بگێڕمه‌وه‌ بۆت
"ساڵی 1968 له‌ مۆنیخه‌وه‌ به‌ سه‌فه‌رێکی کورت چووم بۆ یۆگۆسلاڤیای جاران، له‌ شاری زاگریب، رێمکه‌وته‌ گۆڕه‌پانێک، که‌ ژماره‌یه‌ک چایخانه‌ و دوکانی لێبوو.له‌و کاته‌دا شه‌ڕێک روویدا که‌ هه‌تا ده‌هات گه‌رمتر ده‌بوو، نێوبژیکه‌رانێک هیچیان پێنه‌ده‌کرا، له‌پڕ چاوم لێبوو کابرایه‌کی 50 -55 ساڵی دوکانه‌که‌ی به‌جێهێشت و کارتێکی له‌ گیرفانی خۆی ده‌رهێنا و به‌ رووی شه‌ڕکه‌ره‌کاندا رایگرت، ئیدی وه‌ک ته‌لیسمی پێبێ شه‌ڕ کوژایه‌وه‌ و کابرا گه‌ڕایه‌وه‌ دوکانه‌ی، ئه‌مه‌ سه‌رنجی منی زۆر راکێشا.چوومه‌ به‌ر دوکانه‌که‌ی و به‌ بیانووی کڕینی شتێکه‌وه‌، که‌ پێویستیشم نه‌بوو، که‌وتمه‌ پرسیارلێی، که‌ چۆن توانی وا به‌ ئاسانی ئه‌و شه‌ڕه‌ بکوژێنێته‌وه‌ و که‌سیشیانی نه‌گرت.پاش ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌ڵمانییه‌کی شکاو پرسیاری لێم کرد، که‌ له‌ کوێوه‌ هاتووم، گوتم کوردم له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژیم، گوتم خۆ پۆلیس نییت" گوتم ئه‌ی چیت؟ گوتی له‌ ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانییدا "پارتیزان" بووم (یۆگۆسلاڤییه‌کان به‌ پێشمه‌رگه‌کانیان ده‌گوت "پارتیزان") له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌له‌که‌مان ئێسته‌ش رێزده‌گرێ لێمان، چونکه‌ ئێمه‌ گه‌له‌که‌مان پاراست.ئه‌وجا باسی پێشمه‌رگه‌م کرد بۆی، له‌ قسه‌کردندا ده‌رکه‌وت بۆم که‌ کرواته‌ و به‌ هیوای سه‌ربه‌خۆیی کرواتستانه‌، که‌ چه‌ند ساڵێکه‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستکه‌وتووه‌.
خۆزگه‌ رۆژێک ده‌هات پێشمه‌رگه‌ی کوردیش ئاوا رێزی ده‌گیرا و سه‌ربه‌رزیی ده‌پارێزرا و تێکه‌ڵ به‌ حیزبحزبینه‌ نه‌ده‌کرا ".
دەسەڵاتی کوردی زۆر بە پلان هاتن کەسایەتی پێشمەرگەیان تێک شکاند، ئەوان وایان کرد هەرچی ئەفسانە و چیرۆکە تێکەڵی بکەن و تێکی بدەن، چونکە ئەولاد و خزمو خوێشەکانیان خاوەنی هیچ چیرۆکێک نەبوون، جگە لەوەش لەناو هەموو خۆفرۆش و فایلدارەکاندا ڕاستیەک هەبوو ئەوەش هەوڵی دادگای کردنیان بوو، لایەنی کەم پەراوێز خستیان لەسەر تاوانەکانیان، لەکاتێکدا شەهیدەکان تاکە ئاواتیان ئەوەبوو زیندۆکان لە دنیا نوێیەکەدا دڵخۆشبن و ئاسودانە ژیان بکەن.
کۆمەڵێک لەم بەرپرسانە چونکە خۆیان کەسایەتیەکی لەرزۆکیان هەبووە ئەوکاتیش لەچیا، دوایی ئەو هێزو دەسەڵاتەی لەشار کەوتە بەردەستیان بۆ ستەمکردن بەکاری دەهێنن.بۆیە خەڵکی دەڵێت: خۆزگەمان بەسەردەمی "سەدام حسێن " چونکە لایەنی کەم لەو سەردەمەدا گەر بەعس و سەدام بیشی کوشتیتایە کەسایەتی تێک نەدەشکاندن.هاوڕێیەکم هەبوو کە دوای لە ڕێکخستنی کۆمەڵەدا من بەرپرسی بووم، باوکی لە شەڕدا کە پێشمەرگەبوو بەبرینداری گیرا و دوای ساڕێژبوونی برینەکەی، لە شاری موسڵ لە داردرا و شەهیدیان کرد لاشەکەی ٢٠ساڵ زیندانی کرا لە گۆڕستانێک لە دەرەوەی شاری موسڵ.بەڵام بەعس دایکی هاوڕێکەمیان لەجێگەی باوکە لەداردراوەکەیان دامەزران و خانوشیان پێدان تا منداڵەکانی سەرگەردان نەبن و بێخودان ژیان نەکەن.دەستم ناگاتە ئەو هاوڕیەم لەم کاتەدا، داخۆ ڕێم پێدەدا چیرۆکی ژیانیان بێنمە سەرزمان؟ ئەوکات ئاسان ناوم دەنوسی دوای پرس پێکردن و گفتۆکردنی ئەو ڕاستییە لەسەر ژیانیان، دەسەڵاتی کوردی یەکەمین هێرش بۆ منداڵ و ژن و کچ دەبات، کاتێک بتەوێت ڕەخنەیەکی لێبگری، یان باسی ناعەدالەتی بێنیتە سەرزمان، نانت دەبڕێت، هەڕەشەت لێدەکات لە خۆت نا، بەڵکو لە کەسوکارتەوە دەست پێدەکات، بۆیە لەو هەرێمە کڵۆلەی ئێمەدا بێکەرامەتی گەیشتۆتە لوتکە.
من خەڵکم دیوە ئێستا لیوایە، لەهەموو تەمەنیدا لە شەڕێکدا بەشدار نەبووە، دەتوانم و بڵێم لەو جێگەیەش نزیک نەبۆتەوە کە ئەگەری شەڕکردنی لێبوبێت، کەچی ئێستا هەموو شەوێک بەکوردی و عەرەبییە تێکشکاوەکەی لەسەر پلانی پێشمەرگە قسە دەکات کە کاتی خۆی چی کردووە، هەر سەیری دەکەم دەڵێ لەچێشتخانە کاردەکات غەبغەبەکەی لە کەسێکی نەوسن دەچێت، نەک پێشمەرگە و مرۆڤێکی سەربازی.دەسەڵاتی کوردی و پێشمەرگەی دێرین غەدرێکی زۆر لە مێژووی پێشمەرگە دەکەن.
 من دەیان خەڵک دەناسم کە جاش بوون وەرەقەی خەفیفەیان لەبەرۆکدابوو، تەواری بوون باوکیان خۆیان لە قاتعی تەحین دەوامیان دەکرد، ئیستا پێشمەرگەی خانەنشین و پلەیان زۆر لەپێشمەرگە ڕاستێکە بالاترە.
 دەیان و سەدان ڕووداوی وا هەیە، دەسەڵاتداران خۆیان ئەو کەشەیان دروستکردوە کە ئامانجیان لەم تێکەڵکردنە ونکردنی سەرە داوەکانە، کە دەیان فایلدار و خائین و خۆفرۆش و ئەنفالچی و بەعسی لەناو ئەو زەلکاوەدا ژیان دەکەن و کەسیش لە گوڵکاڵتریان پێناڵێت و ئاسودانە دەمرن و گۆڕیشیان هەیە لە سەیوان لای شاعیرو نوسەرو نیشتمان پەروەرەکانەوە، بۆیە لەناو ئەم گەرەلاوژەیەدا پێشمەرگە و مێژۆکەی کەو تۆتە بەر نەفرەت.
 من کەسێک نیم لە ڕابردوودا گیرم خواردبێت و بمەوێت کەسێک بێت ڕزگارم بکات، بەڵام هەندێک ڕووداو هەیە کە شایستەی ئەوەیە جیابکرێتەوە.شەهید ئاسو کە بەرگەکەیان داکەند من بەرۆکی گەڕام تا گەر شتێکی تاببەتی هەبێت بیدەینە دەست کەسوکارەکەی، دوای پشکنینی تەنها فڵچەیەکی دانشتن و یەک دوو نامەی چکلێتی قەدکراو زیاترم نەبینێوە.کاتێک شەهید فەرەیدوون لەگیرفانی سەر دڵیدا نامیلکەی ڕەوشتی هاوڕێ کۆمەڵەم دەرهێنا، کە لایەکی خوێناوی ببوو.سەرسام بووم بەمەردی ئەو خۆنەویستانە، ئەوانە پێشمەرگە بوون...! نەک ئەوانەی ئێستا دێن کۆدەبنەوە بەرگری لە دەسەڵاتێک دەکەن، کە سوکایەتی بەکەساتی پێشمەرگەوە دەکات.
دواجار پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ هاوڕێیانی زیندان بوون ئەوەی شەهید "جەمالە ڕەش" بۆمان دەگێڕێتەوە کە نەفەسی جگەرەکانیشیان دابەش دەکرد بەسەر یەکتردا، پێشمەرگە ئەوەبوو کە لە دەریاچکەی دوکای دا بۆ ئەوەی دەست دوژمن نەکەوێت کاتێک برسکی لێدەبڕێت دەڵێ بالاشەکەم ببێتەخۆراکی ماسێکان پێدادەگرێت بۆ ئەوەی چیرۆکی ژیانی نەفەوتێک بەڕێکەوت لەو جێگەیەدا گردۆلکەیەک دەبێت و ناخنکێت، کەسایەتی پێشمەرگە شەهید دارای سەعدی بەگ بوو، کە گوللەی پێنامێنێ بۆ شەڕکرد، خۆی شەهید دەکات، تا نەکەوێتە بەردەست داگیرکەران و جارێکی تر نەکەوێتەوە بەردەم دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس.
سەدان چیرۆکی واهەیە، کە باسی قەل و مریشکیش دەکەن ئێستاکە، هەزاران جار پێشمەرگە زانیوێتی ماڵەکە هەژارن نانی نەخواردوە بەتاوانی زانیوە، من دەیان شتی وام لە نزیکەوە دیوە، خۆشترین خەوێک کە پێشمەرگە دەیبینی بەخۆراکەوە بوو، دەیان گۆرانی کە وەک فۆلکلۆری لێهاتبوو لەسەر خواردن بە چەپڵەڕێزانەوە دەوترایەوە.
دواجار مرۆڤ دەبێت فێربێت جڵەوی هەستەکانی بکات و لە شتێک پەشیمان نەبێتەوە، کە بڕوای پێبێت، دەڵێن گەر تامی شتێک خۆش نەبوو ئەوە کێشە لە خۆتدایە، مرۆڤ کاتێک لاواز دەبێت کە بڕوا لەدەست دەدات، دواجار بەهێزەکان دەژین لاوازەکان گەر بژین هەر لەسەر ئەژنۆکانیان ژیان دەکەن.ئێستا گەر بمانەوێت بژین پێویستە بەبێ پەشیمانی ژیان بکەین، هەمیشە تۆزێک مەترسی مانای هەیە بۆژیان، دواجار هاوڕیەکمان هەبوو لەو چیایە نازانم کەوتە کوێوە هەمیشە دەیووت :" تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی خۆت، خەباتە بۆڕزگارکردنی خەڵک و کەسانی تر ".بەلای منەوە هیچ جیاوازیەک نابینم لە نێوان ژیان و مردندا من هەردوویم ئەزموون کردوە.بەڵام ئەوەی کە نیگەرانم دەکات گەنجەکان لە نیشتمانەکەمدا بەلاوازیی ئەیانبینم پڕن لەقسە بەڵام کرداریان نییە.
 دواجار وتەیەکی سامورای گەورەم بیرکەوتەوە کە لە کتێبی پێنج بازنەدا "میامۆتۆموساشی" دەڵێت:
"دادپەروەری بەبێ هێز هیچ نرخی نییە، بەڵام هێز بەبێ دادپەروەری تەنها توندو تیژی یە " کاتێک کاکە" ئامانج" م دی ئاوا لەبەردەم ئەم هەموو کامێرەیەدا ئەو قسەنەی دەکرد زۆر نیگەران بووم، جاران دەمان ووت "ئێمە ئەو جەنگاوەرەین کە هەمیشە شمشێرەکانمان بە تیژی دەهێڵینەوە، بەبێ هۆکار بەکاری ناهێنین" ئێستا بەناو جەنگاوەرەکان شمشێرە تەختەکانیشیان بەبێ هۆکار ڕادەکێشن دژی لاوازەکان و هەمیشە لەهێرشکردندان.لەئاستی دوژمن و داگیرکەرانیشدا نقەیان لێوەنایەت، بۆیە تکایە کەسایەتی پێشمەرگە هێندەی تر دزێو مەکەن، ئێوە ناتوانن پێشمەرگە بن بەمانا ڕۆحیەکەی.پێشمەرگە کەسێکە پێش بەمەرگ دەگرێت و خەڵک و گەلی خۆی خۆش دەوێت.





(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 2.5/5)