پەرەسەندنی هەڵگەڕاوە و بەڵگەی چەوتبوونی پەرەسەندن

Wednesday, 02.13.2019, 11:58

1974 بینراوە


پەرەسەندنی هەڵگەڕاوە (Atavism)، بەڵگەیەکی دیکەی ئاشکرای پەرەسەندنە کە لە هەموو جۆرەکانی زیندەوەراندا بەدی دەکرێت. ئەم شێوە پەرەسەندنە بریتییە لە: سەرلەنوێ دەرکەوتن و سەرهەڵدانی پێکهاتەیەک، یان ئەندامێکی لەشی زیندەوەران کە لە ڕابردوودا لە پێشینەکانی جۆری ئەو زیندەوەراندا هەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی گرینگی، دووچاری داهێزان بووە، پاشان بەرەبەرە سست بووە و نەماوە. ئەو پێکهاتە جێماوانە گەر هەڵیش بگەڕێنەوە، ئەوا ئەو فرمانانە بەجێ ناگەیێنن کە کاتی خۆی بۆ ئەنجامدانیان پەیدا بوونە.
ئەم دیاردەیە لە زۆر زیندەوەردا، بە شێوەیەکی بەرچاویش لە ئاژەڵەکاندا بینراوە، وەک ئەوەی مار (پێشینەکەی وەک مارمێلکە بووە) دۆزراوەتەوە کە جێماوی پێیەکانی بەئاشکرا پێوە دیار بووە، بەچکە ئەسپێک بە سمێکی زیادەوە، یاخۆ بوونی پەنجەی زێدە لە پەلەکانی گەلێک جۆرە ئاژەڵدا. لە مرۆڤیشدا بوونی شاخ (قۆچ)، کلک، لە پێنج پەنجە پتر، چەند ددانێکی زێدە، ئەو ژنانەی لە جووتێک پتر مەمک، یان گۆی مەمکیان هەیە، یاخۆ ئەوانەی لەشیان بە چڕەموو داپۆشراوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لەبەرئەوەی لە سەدەکانی پێشوودا هیچ ڕاڤینێکی زانستیی بۆ ئەو دیاردانە نەبووە، هەندێ وایان دەزانی ئەو کەسەی پێکهاتەیەکی لەشی ئاژەڵیی لێ دەربکەوێتەوە، واتای ئەوە دەگەینێ کە مرۆڤێکی ئاسایی نییە، لە پەرەسەندن و گەشەکردندا دوا کەوتووە، دەشێ لە ڕەوشت و هەڵسوکەوتیشدا وەک ئاژەڵێکی دڕندە بێت و تاوان بکات، بۆیە کۆمەڵگەکان نابێت ڕێیان پێ بدەن نەوە بنێنەوە. گومانی تێدا نییە، ئەمانە هەڵەی گەورەن، وەک ئەوەیە کە تاوانکاری ببەینەوە بۆ سروشتێکی زگماکی ئەو مرۆڤانە.

ماوەیەک لەمەوبەر لە ژاپۆندا دۆلفینێک دۆزرایەوە، دوو پەڕکەی لە دواوەدا هەبوو، لەوانەیە هەندێ کەس ئەمە وەک شێوانێکی سروشتی لە ئەندامێکی لەشی ئەو ئاژەڵە ببینن، بەڵام لە بواری زانستیدا دیاردەیەکی گرینگ و پڕبایەخە. وەک گوتمان لە زانستی پەرەسەندنی زیندەوەراندا، بنەچەی نەهەنگەکان ئاژەڵێکی وشکەنشینی چوارپەلیی بووە، بەڵگەی ئەمەش لەوەدا بەدەر دەکەوێت کە زۆربەی نەهەنگە مەزنەکان لە ئێسکەپەیکەرەکانیاندا شوێنەوەاری پێیەکانی دواوەیان ماوە.
زاناکان لەڕێی هەڵکۆڵدراوەکانەوە گەیشتوونەتە ئەو دەرنجامەی کە نەهەنگەکانی چاخە دێرینەکان، لەبەشی دواوەی لەشیان پێ، یان پەڕکەی دیکەیان هەبووە. ئەمە وامان لێ دەکا بپرسین، ئایە ئەم دۆلفینە یەکێکە لەوانەی پێشوو کە هەتا ئێستە جۆرەکەیان ماوە، یانیش لەمانەی ئێستەیە، بەڵام بەبوونی ئەم دوو پەڕکەیە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ شێوە کۆنەکەی؟
وەڵامی ئەمە بە پەرەسەندنی هەڵگەڕاوە دەدرێتەوە، چونکە ئەگەر ئەمەیان تاکە ڕووداوێک بێت بۆ ئەم دیاردەیە، ئەوا دەشێ بە شتێکی نائاسایی و ڕێکەوت دابنرێت، بەڵام ئەمە هەرگیز بەو شێوەیە نییە، لەبەرئەوەی ئەمەیان یەکەمین جار نەبووە، نەهەنگێکی وا بدۆزرێتەوە. لە ساڵی ١٩١٩ نەهەنگێک لە کەنەدا لە لێواری دەریایەک دۆزرایەوە، نەک تەنیا دوو پەڕکەی دواوە، بگرە جووتە پەلێکی کتومتی هاوشێوەی پێیەکانی هەندێ جۆرە ئاژەڵی وشکانی هەبوو، درێژایییان نێزیکەی مەترێک دەبوو، هەموو ئەو ئێسکانەشیان تێدا بوو کە لە پێی ئاژەڵەکاندا هەیە.
تایبەتمەندی نوێی وەک پەڕکەیەکی گەشەسەندووی تەواو، هەر خۆبەخۆ و بەبێ بوونی پێشەکی، یان هۆکارە پەسندەکان پەیدا نابێت، بگرە پێویستی بە چەندان پاڵنەری گرینگە بۆ ئەوەی ناچاری بکات سەرهەڵ بداتەوە. بەڵام لە باری ئاسایی پەرەسەندن لەڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە، بە شێوەیەکی لەسەرەخۆ لابردن، یان سەرهەڵدانەوەی ئەو نیشانە و تایبەتمەندییانە کارێکی یەکجار سەخت و ئەستەم نییە. جینەکان کردارەکانی دەرکەوتن، یان ونبوونی گشت پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی لەشی بێچووی زیندەوەران بەڕێوە دەبن، بەوەی ئەگەر جینەکان نەیان توانی پێکەوەنانی تایبەتمەندییەک بەگەڕ بخەن، ئەوا ئەو تایبەتمەندییە بزر دەبێت. هەر کاتێکیش ئەو جینانەی بە کرداری وەستاندنی گەشەکردن و پێکەوەنانی ئەندامێکی لەش، زیانیان پێ گەیشت، ئەوا ئەو ئەندامە لە سنووری دیارکراوی خۆی تێ دەپەڕێت، دەرەنجام ئەو ئەندامەی کە دەبوایە لە قۆناغە سەرەتایییەکانی گەشەکردندا، واتە پێش ئەوەی بزێ ون ببێت، مایەوە و لەو بێچووەدا سەری هەڵدایەوە.
بە نموونە، ئاوەلەمەی مرۆڤ لە قۆناغە سەرەتایییەکانیدا کلکێکی هەیە، پاشان بەرەبەرە لە گەشەکردن دەوەستێ و دەپووکێتەوە، هەتا لەدواییدا ون دەبێت، بەڵام جێماوە و شوێنەواری ئێسکەکان (کلێنچکە) هەر دەمێنێتەوە. لێرەدا ئەگەر جینەکانی تایبەت بە وەستاندنی گەشەکردنی کلک تێک بچن، ئەوا ئەو منداڵە کاتێک لەدایک دەبێ کلکێکی دەبێت. پەیدابوونی ئەو کلکانە لە منداڵێک بۆ یەکێکی دیکە لە پلەی گەشەکردنیاندا جیاوازن، لە لای بەشێکیاندا تەنیا لە پێستە و چەوری پێک دێ، کەچی لە لای هەندێکی دیکە، دەشێ چەند بڕبڕە و ماسوولکەیەکیان تێدابێ کە توانی جووڵە بەو کلکە بدات. ئەمە بێگومان بەڵگەیەکی زەقە بۆ نێزیکبوونمان لە هەندێ ئاژەڵ، بەتایبەتیش لەگەڵ مەیموونەکاندا، لەمانەشەوە دەگەینە ئەوی کە گەلێک تایبەتمەندی پەککەوتوو لە جینەکانماندا هەن، ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرهەڵ بدەنەوە.
شارەزایان زۆر جار دەڵێن، سروشت هیچ شتێک ناهێڵێتەوە کە بۆ بەکارهێنان لەبار نەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێ بگوترێت، سروشت هەموو شتێک دەهێڵێتەوە، هەتا ئەگەر بەکاریش نەهێندرێن، بەمەرجێک پاراستن و مانەوەیان پێویستی بە ئەرک و بەکاربردنی وزەیەکی زۆر نەبێت، چونکە لەوانەیە ڕۆژێک دابێت و جارێکی دیکە سوودیان لێ وەربگیرێتەوە. ئەمە تەنیا گوتە نییە، لەبەرئەوەی چەند جارێک ئەمە دیاردانە لە لای زیندەوەراندا بینراوە. مێرووی جۆری (Phasmatidae)، لە مێژووی پەرەسەندنیدا، چەندان جار توانی فڕینی لەدەست داوە، پاشان سەرلەنوێ سەندوویەتییەوە، بەمەش توانیوویەتی لەگەڵ گۆڕانەکانی ژینگەی جۆراوجۆردا خۆی بگونجێنێت.
لەسەر ئەو بنچینەیەشە زاناکان بەکردارەکیی توانیان لە هەندێ ئاژەڵدا ئەو جینە پەککەوتووانە، بە شێوەیەکی دەستکرد سەرلەنوێ چالاک بکەنەوە. بۆیە هەندێک ئەم جۆرە جینانە ناو دەنێن بە جینە خەوتووەکان، بەوەی کە دەشێ ڕۆژێک بێت و بەئاگا بێنەوە. وەک ئەوەی زاناکان توانیان وا لە شانەکانی دەنووکی مریشک بکەن، ددانی تێدا سەرهەڵ بداتەوە، بەو پێیەی کە پێشینەی باڵندەکان بەر لە دەیان ملیۆن ساڵ ددانیان هەبووە. لێرەدا پێویستە ئەوە بزانین، ئەگەر مریشک جینۆمی دروستکەری ددانی تێدا نەبووایە، ئەوا بێگومان زاناکان نەیان دەتوانی ددان لە دەمی مریشکدا بڕوێننەوە.
وردبوونەوە و تێگەیشتن لە پەرسەندنی هەڵگەڕاوە و بەگەڕخستنەوەی جینی خامۆشی زیندەوەران، ڕێخۆشکەری ئەو تۆژینەوانەن دەیانەوێ بگەنە وەڵامی گەلێک پرسیار، لەبارەی ژمارەی جینەکانی هەڵگری ئەو نیشانە و تایبەتمەندییە ونبووانەی کە لە مێژووی پەرەسەندنی جۆری زیندەوەراندا هەبوون، هەر لەڕێی ئەم هەوڵانەوەش دەتوانن ئەو دیاردانەی لە هەندێ جۆرە زیندەوەردا دەبینرێن، ڕاڤە بکەن.
مرۆڤیش هەڵگری کۆگەیەکی مەزنی ئەو جینە خامۆشانەیە کە چاوەڕێی بەگەڕکەوتنەوە و چالاکبوونەوە دەکەن، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێ هەندێ جار تایبەتمەندییەکی کۆنینەی تێدا سەرهەڵ بداتەوە. ئەمانەن وامان لێ دەکەن لەڕێی تۆژینەوەکانمانەوە دڵنیا ببین کە لە ئایندەدا خوێندنەوەیەکی وردتر و پتەوترمان دەبێت، بۆ مێژووی پەرەسەندنی ئەو جینانەی لە ناخماندا هەڵگیراون و پارێزراون.
ئێستەش بەشێکی دیکە لەو دیاردە هەڵگەراوانە لە مرۆڤدا:
- لەدایکبوونی جمکەکان: لە هەندێ بنەماڵەدا ئەگەری ڕوودانی پترە، ئەمەش لە پێشینەکانمان و شیردەرەکاندا ڕێسایەکی گەلێک باو و چەسپاوە.
- بوونی مەمک، یان گۆی مەمکی زێدە: چەند کەسانێک هەن (تەنیا ئەوانەی کە ناسراون) بە ژن و بە پیاوەوە، هەندێکیان یەک، هی واشیان تێدایە لە یەک زیاتر مەمک و گۆی مەمکی (تا ٢٠) زێدەیان هەیە، ئەو گۆیانەش ڕێک دەکەونە سەر هێڵەکانی ڕێڕەوی شیر. هەرچەندە گۆی مەمکەکان لە لای زۆربەیاندا شیرڕژێن نین، بەڵام بەڵگەی ئەوەن کە ئەمە لە ئاژەڵە شیردەرەکاندا شتێکی گەلێک باو و ناسراوە.
- ڕۆیین بە چوار پەل: ئەمەش پێوەندی هەیە بە هەنگاوەکانی تێپەڕبوون لە ڕۆیین بە چوار پەلەوە بەرەو ڕۆیین بە دوو پەل. نموونەیەکی ناسراوی ئەم دیاردەیە لە خێزانێکدا بینراوە کە هەر هەموویان ڕۆیینیان بە چوار پەلە*.
- دەستی مەیموونانە: هەندێ کەس پەنجەگەورەیان گەلێک کورت و پەنجەکانی دیکەیان لە باری ئاسایی درێژترە، دەستی ئەمانە لەگەڵ دەستی مەیموونەکان زۆر لێک دەچن.
- فرەپەنجەکان: لە دەست، یان پێ، لە لای ئەم کەسانە گەلێک جار یەک پەنجە زێدە دەبێت، جاری واش بووە منداڵێک سێ، یان چوار پەنجەی زێدەی هەبووە. زۆربەی بڕبڕەدارەکانی ئەمڕۆکە پێنج پەنجەیان هەیە، بەڵام هەڵکۆڵدراوەکان بەڵگەی ئەوەن، هەندێک لە ئاژەڵە وشکەنشینەکانی ڕابردوو کە پێشینەی بڕبڕەدارەکانی ئێستەن (بە مرۆڤیشەوە)، هەشت پەنجە لە دەست، هەشتیش لە پێیەکانیاندا هەبوون.
- پێستەی نێوان پەنجەکان: هەندێ کەس هەن پەنجەکانیان بەهۆی پێستەیەکەوە (وەک پێیەکانی مراوی) پێکەوە نووساون. بنچینەی ئەم دیاردەیە بۆ جێماوەی جینەکانی ئەو پێشینانەی مرۆڤ دەگەڕێتەوە کە لە ڕابردوودا لە دەریاکان دەژیان. ئەگەر سەرنج بدەینە پەنجەکانی دەست و پێی ئاوەلەمەی مرۆڤ، دەبینین ئەوانیش سەرەتا پێکەوە لکاون، پاشان بەرەبەرە لە قۆناغەکانی گەشەکردندا لە یەکدی جیا دەبنەوە.
- کەڵبەی گەورە و درێژ: بوونی ئەمانە لە مرۆڤدا، کەڵبەکانی هەندێ ئاژەڵی وەک شیمپانزیمان بیر دەخاتەوە.
- پەراسووی سێزدەیەم: پەراسوو، یەکێکە لەو ئێسکانەی دەفەی سنگ کە مرۆڤ ٢٤ دانەی هەیە، بە شێوەیەک هەر ١٢ دانەی دەکەونە لایەکی لەش. نێزیکترین مەیموونەکان لە مرۆڤ کە شیمپانزی و گۆریلان، هەریەکەیان ١٣ جووت پەراسوویان هەیە، بەگوێرەی ئەژمارەکان دەرکەوتووە کە ژمارەیەکی بەرچاوی مرۆڤانی هاوچەرخ، جووتێک پەراسووی زێدەیان هەیە.

- نزگرە: گیربوونەوە و گرژبوونەوەیەکی خۆنەویستی خێرای هەندێ ماسوولکەیە کە دەبێتە هۆی دەرهێنانی دەنگ و هەوا لە سنگەوە. هۆکار و مەبەست لە بوونی هەتا ئێستە بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام زاناکان وای بۆ دەچن، دیاردەیەکی پەرەسەندنی هەڵگەڕاوە بێت کە لە پێشینەکانەوە بۆمان مابێتەوە، لەو سەردەمانەی زیندەوەرە ئاوییەکان لە هەوڵی هاتنە دەرەوە بوون بۆ سەر وشکانی، ئەوانەی کە سەرباری سییەکان، کەوانەی ڕیشەداریان هەبووە، وەک ئەوەی لە ماسییە (سیدارەکان)دا هەن کە دەتوانن بۆ ماوەیەکی کەم لەسەر وشکانیدا بژین. کردارێکی هاوشێوەی نزگرە، لەو ماسییانەدا هەیە، بە شێوەیەک کە کاتێک داخستنی لوولەکی هەوایان ئەنجام دەدەن، هەتا ئاوی نەچێتە ناو، هاوکات دەمیان دادەخەن، بۆ ئەوەی ئاو بەرەو کەوانە ڕیشەدارەکانیانەوە بچێت.
ئەوەی گرینگە ئاماژەی پێ بدەین کە ئێمە دەبێ شێوانە لەشییەکان جیا بکەینەوە لە پەرسەندنی هەڵگەڕاوە. واتە هەر کاتێ منداڵێک لەدایک دەبێ بە سێ پێ، یان زیاتر، پێویستە ڕاستەوخۆ بزانین ئەمە شێوانێکی لەشییە کە بەهۆی بازدانێکی زیاندەرەوە ڕووی داوە، نەک پەرەسەندنێکی هەڵگەڕاوە بێت. لەبەرئەوەی هیچ پێشینەیەکمان نەبووە، دوو پەلی پێشەوە و سێ، یاخۆ پتر پەلی دواوەی هەبووبێ. بۆیەشە هەرگیز نەمان بینیووە، مناڵێک سێ پێی هەبێ و هەر سێیانیش بەچاکی کار بکەن.
دواجار دیسانەوە دەڵێین کە پەرەسەندن هیچ ئاراستەیەکی دیارکراوی نییە، نە بۆ پێشەوە نە بۆ دواوە، کەواتە بەپێی ئەم بنەمایە، ناتوانین بە پەرەسەندنی هەڵگەڕاوە بڵێین، هەنگاوێکی بەرەو دواوەی پەرەسەندن. ئاراستەکانی پەرەسەندن تەنیا لەڕێی جینەکانەوە نین، بگرە هەمیشە بەندن بە چەندین میکانیزم و گەلێک هۆکاری دیکەی وەک، ژینگە، ئاوهەوا، بوونی خۆراک، بژیو و کێبەرکێ لەگەڵ زیندەوەرەکانی دیکەدا.
بەڵگەی چەوتبوونی پەرەسەندن

لە بابەتی پێشوو و لە چەندین جێی ئەم نووسینەدا لە گەلێک بەڵگەکانی پەرەسەندن دواین. بەڵام لەبەرئەوەی پەرەسەندن تیۆرێکی زانستییە و پێویستی بە بەڵگە هەیە بۆ سەلماندنی ڕاستییەتی، هاوکات دەبێت بۆ سەلماندنی چەوتییەتیش بشێت. مەبەست ئەوەیە نابێت بەهیچ جۆرێک، چەند چەمک و بیروڕایەکی وا لەخۆ بگرێ کە بەرئەزموون نەبن. ئەمەش بەندە بەو بنەمایە ناسراو و گرینگەی کە لە فەلسەفەی زانستەکاندا هەیە پێی دەگوترێت، بنەمای بەلاوەنان، یاخۆ بەرهەڵەبوون (Falsifiability).
شتێکی بەڵگەنەویستە کە ڕەهایەتیی لە زانستدا بوونی نییە، بۆیە ناتواندرێت ڕاستییەتی هیچ تیۆرێک بەشێوەیەکی ڕەها بسەلمێنرێت، چونکە هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە لە دواڕۆژدا هۆکار و بەڵگەی دیکەی جیاواز پەیدا ببن بۆ ڕاڤەکردنی هەر زانیاری و بۆچوونێک. پەسەندترین یاسا فیزیایییەکانیش مەرجدارن، هیچ ڕێبازێکی زانستیی ناتوانێت ڕاستیی گریمانەیەک بە ڕەهایی بچەسپێنێت، بگرە تەنیا دەتوانێ هەڵەیەتیی بسەلمێنێت. بۆیە ئەم زاراوەیەی بەرهەڵەبوون بووەتە بنەمایەکی سەرەکی لە هەموو زانستەکاندا، بەوەی کە هیچ گریمانە و تیۆرێک نابێتە زانستیی گەر توانی بەهەڵەبوون لەخۆ نەگرێت. ئەم بەرهەڵەبوونەش ئەوە ناگەینێت کە ئەو تیۆرە هەڵەیە، بگرە مەبەست لە بەرهەڵەبوون ئەوەیە کە بەرئەزموون بێ و بواری ئەوەی تێدا هەبێت، بەکردارەکی لە ڕاستییەتیی بکۆڵدرێتەوە.
گوتمان کە تیۆری پەرەسەندن چەندان پێشبینی و گریمانەی زانستی دەخاتە بەردەستی زاناکان و لێزانان بۆ لێکۆڵینەوە و پشکنین. بەو واتایەی ئەگەر ڕۆژێک هات چەوتی یەکێک لەو پێشبینییانە سەلمێندرا، یان تەنیا یەک بەڵگەی ئاشکرا و زەق، دژی بنەمایەک لە بنەما سەرەکییەکانی پەرەسەندن کەوتە دەست، ئەوا بێگومان پێویستە ببێتە هۆیەک بۆ بەدواوەدان و ناڕاستی تیۆری پەرەسەندن. هەموو ئەمەش پێوەندی بەو دەستەواژە زانستییە ناسراوە هەیە کە دەبێژێت: "سەد نموونەی ڕاست ناتوانن تیۆرێک بچەسپێنن، یەک نموونەی هەڵە دەتوانێ تیۆرێک بڕوخێنێت"
ئەمەش لە پەرەسەندندا بە چەندان شێوازی جیاجیا دەکرێت، بۆ نموونە:
- ئەگەر ڕۆژێک هەڵکۆڵدراوێکی کۆمەڵەی مرۆیییەکان، با بڵێین، هۆمۆ ئیڕەکتس، یان هۆمۆ ساپیەنس، لە چینی زەوی سەربە چاخی جوراسی، واتە سەردەمی دایناسۆرەکان (بەر لە نێزیکەی ١٥٠ ملیۆن ساڵ) دۆزرایەوە، ئەوا چەوتی ئەم تیۆرە دەسەلمێنرێت. چونکە تیۆری پەرەسەندن پێشبینی ئەوە دەکا لە داهاتوودا، لە نێوان نێزیکترین پێشینە ناسراوەکانی مرۆڤ (پێش ٥ ملیۆن ساڵ) و سەرهەڵدانی مرۆڤی نوێدەم (بەر لە ٢٠٠ هەزار ساڵ)، بەبەردەوامی ئەو ئاژەڵانە بدۆزرێنەوە کە بەرەبەرە و یەک بەدوای یەک، لێکچوونی شێوە و ڕواڵەتیان بە مەیموونەکان کەمتر و بە مرۆڤەکانی هاوچەرخ پتر بێت. لە ڕاستیشدا هەر بەو شێوەیە بووە، وەک چۆن هەڵکۆڵدراوەکانی نیوچە مرۆڤ و کۆمەڵە مرۆیییەکان دەریان خست. ئەم خاڵە تەنیا ئەوە نییە، مەبەستمان هەڵکۆڵدراوی مرۆڤ بێت لە چاخی جوراسی، بگرە هەر زیندەوەرێک کە لە شوێن و چینی تایبەتیی خۆی نەبێ، واتە پێش، یان پاش چاخی خۆی بێت.
- دۆزینەوەی شارستانییەتییەکی پێشکەوتووی داهێنەر کە بەڵگەی بوونی هۆشمەندیی کۆمەڵە مرۆڤێکی ناوازە نیشان بدات. یانیش ئامێرێک، یاخۆ شتگەلێکی زۆر پێشکەوتوو لە چینگەلەکانی زەویدا دەستمان بکەون، کە مێژوویان بۆ سەردەمانێکی پێش پەیدابوونی مرۆڤی ژیر بگەڕینەوە.
- ئەگەر زیندەوەرێک بدۆزرێتەوە، ئەندامێکی ئاڵۆز لە لەشیدا هەبێت و کردارێک بەڕێوە ببات، ئەو ئەندامەش دەگمەن بێت و شێوەیەکی سادە و ساکاری لە هیچ زیندەوەرێکی دیکەدا نەبێت. ئەم خاڵە داروین خۆی خستیە بەردەست و گوتی، ئەو کاتە دەبێت دان بەوەدا بنێم کە تیۆرەکەم هەڵەیە!
- ئەگەر بوونەوەرێکی زیندوو لە هەر کوێیەک و سەربە هەر چاخێک دۆزرایەوە، لە پێکهاتەیدا وەک هیچ زیندەوەرێک نەبوو. بۆ نموونە، لەشی لەبری خانەکان لە شتێکی دیکە، با بڵێین کانزا، یان توخمێکی دیکەی نازیندوو پێک هاتبێت.
- ئەگەر توانیمان بە بەڵگە بیسەلمێنین، دەکرێ ژیان (زیندەوەرێک) لە خۆوە، یان ڕاستەوخۆ لە کەرەستەی نازیندوو بە نائاسایی و ناسروشتی بەبەرهەم بێت، ئەو کاتە بە لایەنی کەمەوە دەبێت باوەڕ بەوە بکەین کە دەشێ هەندێ زیندەوەر لە ڕۆژگارێکدا بەم شێوازە سەریان هەڵدا بێت.

- ئەگەر بوونەوەری هەسارەیەک هات، دەرکەوتنی ژیانی سەر زەوی، یان دروستکردنی جۆرێک لە زیندەوەرانی دایەپاڵ خۆی. یان لە هەر هەسارەیەکی ئەم گەردوونەدا، بوونەوەری زیندوو بدۆزرێنەوە کە لە پێکهاتەیاندا وەک زیندەوەرانی ئەم زەوییە بن. ئەمانە دەبنە بەڵگە کە هۆکاری بوونی زیندەوەران و هەمەجۆریان بۆ پەرەسەندن ناگەڕێتەوە. 
بەمانە و بە چەندان نموونەی جۆراوجۆری دیکە بۆ پەیدابوونی زیندەوەران کە لە بیر و ئەندێشەماندا بۆی بچین، دەتوانرێ هەڵەیەتی پەرسەندن بسەلمێندرێت و پێگەی تیۆرەکەی پێ لەق بکرێت.
هەندێک لە دژکارانی پەرەسەندن پێیان وا بوو کە تیۆری پەرەسەندن تەنیا پێویستی بە هەندێ لێکۆڵینەوە هەیە و چەند ساڵێکی کەمی ماوە، تا بەتەواوی هەرەس دێنێ و کۆتایی پێ دێت. کەچی زانایان دەبێژن، پەرەسەندن هەتا ئەمڕۆکە خۆڕاگر بووە، بەرانبەر بە سەدان ئەزموونی زانستیی یەک لەداوی یەک، کەسیش نەی توانیووە چەوتییەتی بسەلمێنێ، نەک هەر ئەوەندە، بگرە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بە پێشکەوتنی زانست، پتر دەچەسپێت، لایەنگرانیشی زێدەتر دەبن. هەرچەندە زیاتر لە ١٥٠ ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی تیۆری پەرەسەندن تێ پەڕیووە، کەچی ئێستەش وەک نموونەیەکی بەرز و مەزنی تۆژینەوە زانستییەکان لێی دەڕواندرێت و بووەتە پێگەیەکی سەرەکی بۆ ناسینی مرۆڤ و جیهانی زیندەوەران.
پاش ئەوەی لە ژمارەیەکی زۆری بەڵگەی پەرەسەندن دواین، بۆمان هەیە بپرسین، ئەی کەواتە بۆچی بەتەواوەتی یەکلایی نەکراوەتەوە و هەتا ئێستەش هەر پێی دەگوترێت، تیۆری پەرەسەندن؟ وەڵامی گونجاو لێرەدا ئەوەیە کە بۆ خستنەڕووی تیۆرێک وەک ڕاستییەتییەکی گومان لێنەکراو، پێویستە هەموو لایەنەکانی زۆر بەچاکی ڕوون و ئاشکرا بن، هەروەها بتوانێ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە کە لێی دەکرێن وەک: پەرەسەندن لە چاخە دێرینەکان چۆن بووە، میکانیزم و هۆکارەکانی چی بوون، جۆرەکانی زیندەوەران چەندن، کامەیان لەوەی دیکە پەرەی سەندووە، کوانێ هەڵکۆڵدراوی ئەو هەموو پێشینانە، شوێنی پەیدابوون و لەناوچوونی جۆرەکان کوێن، ژمارەی جۆرە بنەبڕبووەکان چەندە؟ چەندان پرسیار و وردەکاری دیکەی جۆراوجۆر، بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارانەش تەنیا بە تۆژینەوە بەردەوامەکان و هەوڵدانی زاناکان دەدرێنەوە.
چەند جارێک گوتراوە کە زانست کۆتای نییە، هیچ ئاستێکی دیارکراویشی نییە، پێی بگا و تێدا بوەستێت. بەو واتایەی کە تیۆری زانستی بە بوونی زۆرترین بەڵگە، پتر دەچەسپێ، بەڵام هەرگیز بەو ڕۆژە ناگات، ببێتە ڕاستییەکی ڕەها، بە شێوەیەک چی دیکە گفتوگۆ هەڵ نەگرێت و تۆژینەوەی زیاتری بۆ ئەنجام نەدرێت.
---------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 4/5)