"گۆڕان" پێویستی بە گۆڕانە

Monday, 02.18.2019, 18:33

5618 بینراوە


((تێبینی: ئەم نووسینە ساڵی 2012 لە حەفتەنامەی "هاوڵاتی"دا بڵاومکردەوە. ئەمڕۆ جارێکی دی 'سەرباری جیاوازیی هزریم لەو دەمە' دوای دەستکارییەکی زۆر کەمی هەندێک وشە یان فۆرمولەکردن بڵاوی دەکەمەوە. لێرەدا ڕووداوێکی کورت هەیە کە بەزۆریی نوکتەیەکی ئاماژەدەرە بۆ قبووڵنەکردنی تێڕوانینی جیاواز لە "گۆڕان"دا، بۆیە گێڕانەوەی بێ بایەخ نییە: ڕۆژی دوای بڵاوبوونەوەی نووسینەکە کەسێک لە کەناڵی (KNN)ەوە تەلەفونی بۆ کردم و بە خەندەیەکی تەوساویی سەر لێوییەوە ڕووی دەمی تێکردم: "باشە، لەمەو لا بانگت دەکەین!". پاشان تەلەفونەکەی داخستەوە. لێ لە بنەڕەتدا نووسینێکی بەم چەشنە لەتەک تێڕوانینی کەمینەیەکی بچووکی نێو یان نزیکی "گۆڕان"دا یەکیدەگرتەوە کە درکیان بە مەترسییەکانی ئایندەی بزووتنەوەکە کردبوو، بۆیە هەر یەکەیان لە ڕوانگەی خۆی و بە شێوازی خۆی تێڕوانینەکانی دەردەبڕی، کە بێگومان هەرزەکارە سیاسییەکان یان بەڵتەجییەکانی "گردەکە" گاڵتەیان بەو تێڕوانینانە دەهات. سەرەنجام دوای مەرگی ڕێکخەری گشتی و هاتنی پیرەمێردێکی پەککەوتەی لە ناخەوە "پارتی" و سیاسەتنەزان بۆ جێگەکەی، دەرفەت ڕەخسا کە هەلبازان پەچەی سەر ڕوخساریان لا بدەن و بە سنگی دەرپەڕیوەوە شووڵی لێ هەڵبکێشن! بێگومان ئەم ڕەوشە لە سەرێکی دیکەوە پۆزەتیڤە، چونکە بەم شێوەیە دەرکەوت کە گەر "گۆڕان"ییەکان لەکاتی ئۆپۆزیسیۆن بوونیاندا بە دەسەڵات بگەیشتنایە، ئەوا نەک هیچ جیاوازییەکیان لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆیان نەدەبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە برسێتی بە دەسەڵات دەگەیشتن، واتا وەک ئەوانەی پێش خۆیان تێر نەبوون، ئەوا شێتگیرتر لەوانەی پێش خۆیان دەستیان بە گەندەڵی و ڕووتاندنەوەی وڵات دەکرد. نەشیاو بوو ئیدیالیستەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە بتوانن یەک هەنگاو بێنە پێشەوە)).

***
گەر گۆڕان نوێبوونەوە نەبێت لە مرۆڤ و پەیوەندییە نێومرۆڤییەکانەوە، ئەوا گۆڕانى سیاسى بەدینایەت. ئەم تێڕوانینە ئاڕاستەى بزووتنەوەى "گۆڕان" دەبێتەوە. بێگومان ئەم بزووتنەوەیە بە چێکردنى ئۆپۆزیسیۆن لەنێو پەرلەماندا هەنگاوێکى بە ئاڕاستەى گۆڕان نا، لێ ئەمە بەس نییە و نابێت بە مایەى هیوا. "گۆڕان" بەڕێى لایەنگرانى گەنج و ئەو هاوڵاتیانەوە هیوابەخشە کە هەرگیز پێشمەرگایەتییان نەکردووە. لێ ئایا ئەم تێڕوانینە لە خۆیدا پڕکێشە نییە؟ ئایا پرسى نوێبوونەوە لە کۆمەڵگەیەکدا  کە تەنگژەی ستروکتوریى (بونیادی) هەیە، کەواتە تەنگژەیەکە کە خودى هەر تاکێکى ئەو کۆمەڵەگەیە دەگرێتەوە، نامانخاتە نێو گێژاوەوە؟ ئەم پرسیارە ئاڵۆزتر دەبێت گەر بڕوانین کە ئێمە ناتوانین بە شۆڕش ڕوو لە چارەسەرى ریشەیى تەنگژەکە بکەین، کە ئیدی بەو ڕێیەوە ئەو گەندەڵییە هەمەکییە کە سەرجەم کۆمەڵگەى کوردیى تەنیوە، هەڵبتەکێنرێت. بەم شێوەیە پرسى نوێبوونەوە دەمانخاتە بەردەم وروژاندنى شارە زەردەواڵەیەک کە بەو وروژانەی ئابڵۆقەمان دەدات، ئێمەش ناچار دەبین خۆمانى پێوە خەریک بکەین تاکو بتوانین دیدێک بە ئاڕاستەى ئایندە ئاوەڵا بکەین. لێرەدا ئاشکرایە کە ڕەخنە تاکە رێگەى خەریکبوونە وەک شێوازێکى هەڵوێست. لێ ڕەخنە لە "کێ" و لە "چ لایەنێک" دەگرێت؟ بە دیدى ئێمە دەتوانین ئەم هەڵوێستە بەرانبەر بزووتنەوەى "گۆڕان" وەربگرین، بە پێچەوانەشەوە چیدى دەرفەت نەماوە ڕەخنە لە هێزەکانى دەسەڵات بگرین، چونکە ئەوان بۆ هەمیشە دەستەکەیان ئاشکرا بووە، بەڵێ وەک دومەڵ هەڵئاوساون و نازانرێت بە تەقینیان چە سەرەنجامێک دەکەوێتەوە. رەخنەى "گۆڕان" بەتایبەتى هەنووکەییە، چونکە ئەم بزووتنەوە پیرە-گەنجە هێزە چەقبەستووەکانى دەسەڵاتى شڵەژاند و بە داواکاریەکانى بۆ سەروەریى یاسا، مافیاى کوردیى تۆقاند، بەمەش هیواى بە زۆرێک لە دانیشتوانى ئەم هەرێمە بەخشى. لێ "گۆڕان" خۆى لەم تەنگژە هەمەکییەى هەرێم بەدەر نییە، واتا لەنێویەوە هاتۆتە دەرەوە و هەتا ئەمڕۆ لەنێویدایە.
کێشەکانى بزووتنەوەى "گۆڕان" لە چەند پنتێکدا شیاوى بەرجەستەکردنن. لێرەدا بەتایبەتى مەبەستمان لە کێشە کرۆکیەکانە کە پێدەچێت هەندێکیان لەم دۆخەى ئەمڕۆى سیاسەتکردندا لە هەرێم شیاوى چارەسەرکردن نەبن. لێ ناشێت ئەم ڕەوشە هێشتا هەر تەمەڵمان بکات لەوەى کە هەندێک پرسیار بوروژێنین، ئەوەش نەک تەنیا بە ئاڕاستەى کێشە توخمیەکانى خودى بزووتنەوەى "گۆڕان"، بەڵکو هەروەها بە ئاڕاستەى سەرجەم کۆمەڵى هەرێم – ئاخر "گۆڕان" زۆر بەدەگەمەن شیاوى جیاکردنەوەیە لەم سەرجەمە. ئەو کێشانە کە بەتایبەتى مەبەستمانە بەرجەستەیان بکەین، بریتین لە:
1) کێشەى بەرجەستەبوونەوەى ئەقڵیەتى ترادیسیۆنیى کوردى لە سیاسەتدا. لە بزووتنەوەى "گۆڕان"دا سەرلەنوێ سۆز باڵادەستیى بەسەر ئاوەزدا وەرگرتەوە. هەڵپەى دەسەڵات، بەتایبەتى هەڵپەی گەیشتن بە سیاسەتى پەرلەمانى، نیشانەیە بۆ ئەو هەقیقەتە کە ئەم بزووتنەوەیە لە کرۆکییەوە هیچ هەڵوێستێکى ڕەخنەیى بەرانبەر کێشە مرۆیى و کۆمەڵایەتیەکان نەبووە. لەم روانگەیەوە "گۆڕان" ترادیسیۆنالیستە (تەقلیدییە). بزووتنەوەى "گۆڕان" بەلاى ئەو تەنگژە قووڵەدا ڕەتدەبێت کە مرۆڤى ئەم هەرێمە تێی کەوتووە (یان تۆ بڵێیت دەرکى پێنەکردبێت؟ گەر ئەمە ئەوها بێت، ئەوسا تیشک دەکەوێتە سەر کورتبینیى سەرانى بزووتنەوەکە). ئاخر گومان لەوە ناکرێت کە زۆرینەى هەرە زۆرى مرۆڤى ئەم هەرێمە ئەمڕۆ ئەوپەڕى حسسى بووە، واتا نزیکەى تەنیا سێنسەکانى (حەواسەکانى) دەوروژێن و داواى ساتاربوون دەکەن، ئەوجا ئەو زۆرینەیە لە هەڵپەى دامرکاندنەوەى پێداویستیەکانیدا هەمیشە پتر ژیانى خۆى و دەوروبەرى و ژینگەکەی تێکدەشکێنێت: ئەو مرۆڤە ژیانى خۆى تێکدەشکێنێت بە خواردنى چڵێسانە، بە رواڵەتگەریى بێوێنە کە لە ئاژووتنى ئۆتۆمبێل و خۆپۆشین و تەلاسازى و هتد دەردەکەوێت، لێ ئەو هەروەها ژینگەکەى خۆى وەک نێوەندێکى گشتى، وەک نیشتمانێک، نابینێت، بەڵکو لابەلا کاتى تێدا بەسەر دەبات. ئەو زۆرینەیە بە فڕێدانى ژەهرى گازى ئۆتۆمبێل و پلاستیک و هتد پتر نێوەندەکەی نەخۆش دەخات، بەڵێ هیچ دیدێکى بۆ فەزاى ژیانی گشتی نییە، ئەو بەدەگمەن یان تەنیا پەیوەست بە خواستە خۆییەکانییەوە ئاگایى فەزاى هەیە، هەروەها نزیکەى تەنیا دەکڕووزێتەوە و هەر دەڵێت "بێنە"، لێرەشدا دواى سادەترین شتەکانى ژیان دەکەوێت.
گەر بمانەوێت لە هەڵوێستى بزووتنەوەى "گۆڕان" بەرانبەر ئەم تەنگژە قووڵە مرۆڤییە تێبگەین، پێویستە لە کەناڵى تەلەڤیزیۆنەکەى بڕوانین، چونکە لەم کەناڵەوە شێوازى هزرین و ئاستى مەعریفیى بزووتنەوەکە بەرجەستە دەبێت، واتا پێشانمان دەدات کە تا چەند ئەم بزوتنەوەیە لەنێو سیاسەتکردنى رۆژانەدا بۆ چەند مەرامێکى تایبەتى کە گرنگترینیان چاکسازیى سیاسیە، نقوم بووە. کەناڵى (KNN) دەیەوێت ڕەخنەگر بێت، لێ لەبەر ئەوەى ئاگایى ڕەخنەیى نییە و بەمەش ناتوانێت زۆرینەى لایەنەکانى هەر کێشەیەک ببینێت (دەگمەنە ڕەوشێکى لێدەربچێت، بۆ نموونە بەرنامەى "زمانى ژمارەکان")، بەڵکو لە حەواسەوە هەڵوێست وەردەگرێت، ئەوا کارە میدیاییەکانى زۆرتر وروژێنەرن، بەڵێ کەناڵەکە بەزۆریى دەبێت بە دەهۆڵکوت. هەوڵى وروژاندن لە بنەڕەتدا کردارى ناخێکى پڕسۆزە و وەک ئەمەش نزیکەى فەزاى هزرینی نییە، چونکە لەم کردارەدا بەتایبەتى حەواسەکان کاران و هەڵپە بۆ خۆدەربڕین دەکەن، بەم رێیەشەوە دەبن بە رێگر لە تێڕوانینى فرەلایەنى بۆ کێشە هەنووکییەکان. بەم شێوەیە کەناڵەکە رۆڵێکى تا ڕادەیەک (رەنگە نەویستانە) نێگەتیڤ وەردەگرێت، بەڵێ دەبێت بە کەناڵێکى پرۆپاگەندیست، لێ نەک پرۆپاگەندیستێکى هەمەلایەنى و ڕەخنەیى، بەڵکو ئەوپەڕى یەکلایەنى و دوور لە هەستى بەرپرسیارى. وەک بەڵگەى ئەم تێڕوانینە سێ نموونە دەهێنینەوە:
A) کەناڵى (KNN) خۆپێشاندانى خوێندکاران پێشان دەدات، جا ئەوانە خۆپێشاندان بن بەهۆى پرسى خوێندن و پرۆگرامى خوێندنەوە، یان پەیوەست بن بە پرسى گوزەرانیانەوە لە "خۆیى" زانکۆ، یان بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەى عبوور ئەنجام بدرێن. سەیر لێرەدا ئەوەیە ئەم کەناڵە کەمترین پرسیار ناکات سەبارەت بەوە کە داخۆ دەبێت ماف و فرمانى خوێندکار چى بێت، داخۆ خوێندکار مافى هەبێت داواى کەمکردنەوەى ڕێژەى بابەتى خوێندن یان داواى دەرچواندن و گێڕانەوەى عبوور بکات؟ یان کەناڵەکە ئەو پرسیارە بوروژێنێت کە تا چەند خوێندکاران خۆیان "خۆییەکەیان" کە هەموو دەسوێژە مۆدێرنەکانى ژیانی تێدا دابینکراوە، تێکدەدەن و دەسوێژەکان دەشکێنن و ژینگەى خۆیان پیس بکەن؟ ئایا دانوستانکردنى ئەو کێشانە دەبێت بە ستایشى دەسەڵاتداران؟ یان ئایا تەنیا گەرەکە وەک پرسیارى ڕەخنەیى ئاوەڵا بکرێن و سەرلەنوێ بەڕێیانەوە بەرۆکى دەسەڵاتداران بگیرێتەوە، ئەوەش بەتایبەتى لەو لایەنەدا کە ئەوان شکستیان لە سۆسیالیزەکردنى (واتا لە بەکەسکردنى) منداڵاندا هێناوە، یان لەو لایەنەدا کە ئەمڕۆ بڕێکى زۆرى گەنجان تەمەڵ و گڕۆز و بەدخووی لێدەرچووە، ئاخر گەر ئەوهایان لێدەرنەچووایە، ئەوسا هەرگیز غیرەتیان نەدەکرد و پێیان شەرم دەبوو دواى دەرنەچوونیان لە تاقیکردنەوەکاندا داوای دەرچواندنیان بکەن، یان بەهۆى نەبوونى حەوسەڵەى خوێندنەوە داواى کەمکردنەوەى ڕێژەى بابەتى خوێندن بکەن. کەواتە ئایا (KNN) بەو هەڵوێستە پرۆپاگەندیستە یەکلایەنییە نابێت بە پاڵهێزێک بۆ درێژەدان بە شێوازى سۆسیالیزەکردنى ترادیسیۆنى و بەمەش بەدخووکردنى زیاترى گەنجان؟
B) گۆیا (KNN) بەرگرى لە مافى کرێکاران دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش ژیان و بڕى کرێ و ئاستى ئابووریان و هتد پێشان دەدات. ئەمە هەمووى ڕەوایە، چونکە پێویستە داواکارى بۆ چاککردنى ئاستى گوزەرانى کرێکاران، دابینکردنى بیمەى بێکارى بۆیان، چەسپاندنى مووچەى خانەنشینى بۆیان لەکاتى رووداوى پڕمەترسیدا و هتد، یەکێک بێت لە داواکارییە بنەماییەکانى بزووتنەوەی "گۆڕان"، لێ لێرەدا هەموو کێشەى کرێکاران دەرنەکەوتووە. بۆیە ئەوە ئەرکى کەناڵێکى یان بەگشتى میدیایەکى بەویژدانى ڕەخنەییە کە بۆ خوێنەر یان بۆ لێڕوانەرى تەلەڤیزیۆنى هەموو لایەنەکانى کێشەکە دیارى بکات، لێرەشەوە ڕەخنەکانى بەرجەستە بکات، واتا: کەناڵەکە گەرەکە ڕەخنەکانی لە خودى مێنتالێتیى کەسەوە دەست پێبکات تا دەگات بە پەیوەندییە نێوکەسییەکان و بەرپرسیارێتیى سیاسى. ئاخر ئەوە هەقیقەتە کە ئەمڕۆ ئەو کەسانەى کرێکارى دەکەن، لە سنوورى خواستە مرۆڤییەکانیان زۆر تێپەڕ دەکەن. ئەوان داوا دەکەن کە دوو ژەم خواردنى چەوریان بدرێتێ، هەروەها کاتى کار دیارى دەکەن و هەموو ئیشێک ناکەن، ئەوجا گەر خواردنەکەیان ئەوە نەبێت کە ئەوان چاوەڕوانى دەکەن، ئەوسا بە ئەنقەست خانووەکە سەقەت دەکەن! پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئەم جۆرە ڕەفتارە لە تێرییەوەیە، نیشانەى بەدخووبوونى کەسێتییە یان ئاگایى چینایەتییە؟ ئەم پرسیارانەن کە گەرەکە بوروژێنرێن نەک تاکلایەنى وێنەى چەند داماوێک پێشان بدرێت.
C) لە کەناڵى (KNN)ەوە دەکەوینە بەردەم پرسیارى ئاستى مەئریفیى میدیاییەکانى ئەم کەناڵە. ئێمە لەمەدا تەنانەت ئاماژەیەک بۆ داڵغەى شائیریانە دەبینین کە ڕەنگە لەنێو خودى بزووتنەوەى "گۆڕان"دا باڵادەست بێت، ئەمەش چە بەو نموونانەى سەرەوە و چە بەتایبەتى بەم نموونەیەى خوارەوە رووندەبێتەوە: ئەم کەناڵە پابەند بە خۆپێشاندانەکانى مانگى دوو و سێى پارەوە (تێبینی: واتا 2011 – ک. ج.) باس لە "شۆڕشى نێرگز" دەکات!! لاى ڕابەرانى میدیایى "گۆڕان" خۆپێشاندانى بەرتەسک و داواکاری بۆ دادى سۆسیال، کە کەمینەیەکى یەکجار بچووکى کۆمەڵى هەرێمى گرتەوە، بووە بە شۆڕش، لێ بە چە شۆڕشێک؟ "شۆڕشى نێرگز!". ئەقڵیەتى شائیرانە و غەیبانى بەلایەوە ئاساییە وشە بجوێتەوە، قسان بکات تەنیا بۆ خاترى ئەوەى قسان بکات، نەک مەوزوعیانە ڕووداوەکان بنرخێنێت و نرخاندنەکانى بە وشەى چاک بێژراو بەرجەستە بکات. لە بنەڕەتدا ئەو خۆپێشاندانانەى ناوچەى سلێمانى چەند ڕەوا بوون، ئەوەندەش پڕکێشە و لاساییکەرەوە بوون، پاشان بەهۆى هەڵپەى دەرکەوتنى چەند سەرلێشێواوێکەوە نەک تەنیا نەیانتوانى گۆڕانکاریى لە هەندێک پرسى هەنووکەییدا بەدیبهێنن، بەڵکو تەنانەت لە لایەن ئیسلامیستەکانەوە قۆزرانەوە. لاساییکردنەوەى میسرییەکان، وەک ناونانى بەردەکى سەرا بە مەیدانى ئازادى، دەرکێشانى نوێژ لە ژورە تایبەتییەکان و مزگەوتەکانەوە بۆ سەر شەقام، شێوەیەکى مەهزەلەییان بە خۆپێشاندانەکان دا، چونکە جێگەى داهێنانى تایبەتیى خۆییان گرتەوە و ئایینیان وەک عیبادەتى تاکەکەس پتر بە سیاسەت تێکەڵ کرد. بزووتنەوەى "گۆڕان" لەبریى ئەوەى لیژنەیەک بۆ تیۆریزەکردنى ئەو ڕووداوە پراکتیکیانە پێکبهێنێت، دەرفەتى بۆ کەناڵەکەى ڕەخساند کە درێژە بە دەهۆڵکوتان بدات.
2)  کێشەى بەڕێوەبردنى بزووتنەوەکە. ئەم کێشەیە زۆر ئاڵۆزە، چونکە یەکەم بەرەو ڕووى خودى نەوشیروان مستەفا دەبێتەوە، دووەم پیاوەکانى دەورى دەگرێتەوە، بێگومان بە فونکسیۆنێرەکانى پێشینى "یەکێتى" و سیاسەتکارانى نوێوە. یەکەم پرسیار ئەوەیە کە داخۆ بەبێ نەوشیروان مستەفا چى بەسەر بزووتنەوەى "گۆڕان"دا بێت. ئایا کێ دواى کشانەوەیەکی گریمانەیى ئەو جڵەوى بزووتنەوەکە دەگرێت؟ لێ ئایا "کێ"یەک پێویستە؟ ئەم پرسیارە گرنگتر دەبێت گەر بڕوانین کە یەکێتییەکانى دوێنێ و گۆڕانیانى نوێ تێکەڵ بوون و بە هیچ شێوەیەک پێکەوە هەڵناکەن. لە بنەڕەتدا یەکێتییەکان، بەتایبەتى پێشمەرگە "مەزنەکان"ى دوێنێ کە بە سنگى دەرپەڕیوەوە دەچن بۆ "گردەکە"، هەر ئیئتراف بە گۆڕانییە نوێکان ناکەن (ئاخر ئەمان "هەرگیز تەقەیان نەکردووە" و بۆیە بڕێک لە ئەوان کەمترن!). پرسیار ئەوەیە، کە داخۆ ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى "گۆڕان" بتوانێت پشت بکاتە هاوخەباتانى دوێنێى، یان داخۆ تەنانەت ئەوەى بوێت. لەم گێژاوەوە پێدەچێت سەرەنجامێکى ئەوتۆ بکەوێتەوە کە ڕێکخەرى گشتى ناچار بێت هەمیشە پتر بزووتنەوەکە سەنترالیزە بکات تاکو بتوانێت بەگونجاوى جڵەوى کێشەکان بگرێت. کەواتە بزووتنەوەى "گۆڕان" هێشتا ئەلتەرناتیڤ نییە بۆ دوو پیرە پارتەکەى هەرێم کە دەسەڵاتیان هەیە. لێ لە دژى ئەم بەدڕەوشە پێویستە بپرسین: ئایا چى ڕوو دەدات گەر بزووتنەوەى "گۆڕان" لەبریى وشکهەڵهاتن لە بەردەم ئەمرى واقعدا، تەحەداى خۆى بکات و کێشەکان بە ئاڕاستەى تەقاندنەوە بەرێت، واتا لە پنتى یەکەمەوە کە لە سەرەوە وەک کێشەى قووڵى مرۆیى لە هەرێم ڕوونمان کردەوە، دەست بداتە ڕێکخستنەوەى (ڕێئۆرگانیزاسیۆنى) خۆى و سنوورێک بۆ کۆنە چالاکوانانى یەکێتی (بە تایبەتى بەدناوەکانیان، سایکۆپاتەکانیان) دابنێت؟ ئایا ئەمەى پێدەکرێت و گەر پێیبکرێت، ئەوا بە کارێکى بەم چەشنە بزووتنەوەکە بچووک نابێتەوە؟ لێ ئایا بچووکبوونەوە لە پێناوى ساغڵەمیى سیاسیدا لەبارتر نییە لە پێکەوەبوونێکى پڕکێشەى قەبە؟ ئایا باشتر نییە "گۆڕان" ببێت بە بزووتنەوەیەکى ڕۆشنگەرا وەک لەوەى وەرگۆڕینى ناخەکیانەى مرۆڤى کورد بۆ ئیسلامیستەکان جێبهێڵێت؟
3) هیچ پارتێکى سیاسیى کوردى بە درێژایى مێژووى پارتایەتى ئێتیکى (ئەخلاقناسیی) نەبووە. هەر پارتێک یان خۆى هەڵواسیوە بە تێڕوانینى فۆرمولەکراوى مارکسیستییەوە یان لایەنى کەم هەوڵى داوە بە ئەدەب هەستى کوردایەتى پێبگەیەنێت، یان بەبێ بنەما سۆسیالدیموکراتێتیى خۆی ڕاگەیاندووە، یان بەزۆرى زۆردارى بۆ خاترى خۆهشتنەوە "پیرۆز"ێکی بۆ خۆی داتاشیوە و تەنانەت ویستوویەتی بەناو پیرۆزەکانى خۆی بەسەر هەموو کورداندا بسەپێنێت. لێ ئیسلامیستەکان جیاوازن! ئەوان ئێتیکى سیاسى-ئایینییان هەیە! "گۆڕان" دەبوو لە لایەنى خۆیەوە هەڵوێستەیەک لە بەردەم ئەم پرسیارەدا بکات، لێرەشدا بێگومان بەبێ ئەوەی گرنگی بە هەوڵە بێهودەکانى پارتەکانى دەسەڵات لەم بوارەدا بدات، چونکە "گۆران" دەبوو پێش هەموو شتێک بیزانیانیە کە بزووتنەوەى سیاسى ئێتیکێکى پێویستە (مەبەستمان لە ئیدیۆلۆژى نییە)، تاکو بەڕێی ئەو ئێتیکەیەوە بەهاى نوێ فۆرمولە بکات، هاوکات ئێتیکەکەی وەک ئەلتەرناتیڤ بەرانبەر ئێتیکى سیاسى-ئایینى ئیسلامیستەکان دابنێت، ئەوجا بەدووی ئەوەدا بچێتە نێو ناکۆکییە سیاسییەکان و بەستنى هاوپەیمانێتییەوە. ئاخر ئەوە ڕاستییە کە مرۆڤ لەم نێوەندە کۆمەڵایەتییەى هەرێمدا هەمیشە پتر گوم دەبێت، واتا ئاڕاستەى ژیان بزر دەکات، ئەمەش پتر دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوە کە هێزە کۆنزەرڤاتیڤە (هەیەپارێزە) ئایینییەکان هەوڵ بدەن بە ئێتیکى سیاسیى-ئایینیان ئاڕاستەیەک بە تاکەکەس بدەن. لێرەدا پرسیارێکى کرۆکى ئەوەیە کە داخۆ چۆن بزووتنەوەیەکى وەک "گۆڕان" بتوانێت لەم دۆخەدا گۆڕانکارى بەربخات. ئایا ئەوەی بە درێژەدان بە سیاسەتى ترادیسیۆنیى کوردى پێدەکرێت؟ یان بە هەست و سۆزى لایەنگرێتى؟ لە بنەڕەتدا بزووتنەوەى "گۆڕان" تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە شێوەهزرینێکى نوێ وەک ئەلتەرناتیڤ بۆ شێوەهزرینى قەدیمى پێشکەش بکات، چونکە سوننەگەرایی رۆشنبیرەکانى (!) رێگرن لە کریستالەبوون و ئەوجا بەرجەستبوونى توخمى مۆدێرن لە ڕەفتارى کەسی و سیاسیدا، یان لە فێربوونى زمانى سیاسیى ئەرگومێنتییانە کە ببێت بە لەبریی بۆ خۆخەریککردنى سۆزمەند و کیناوى بە سیاسەتەوە. نەخێر، لەوە دەچێت هەموو چاوەکان ڕوویان لە تاکە کەسێک بێت. کەواتە کەسێتیى سۆسیۆکولتوورى سەرلەنوێ خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە – بە ناوى گۆڕانەوە لەنێو "گۆڕان"دا.





(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)