لیرەی تورکیی لە نزمترین ئاستە

Friday, 12/04/2019, 12:27

17188 بینراوە


لە میدیا جیهانیەکان هاتووە:
ئەمڕۆ لە شاری ئەستەنبول لیرەی تورکیی  بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکیی ١.١ دابەزینی تۆمار کرد و لە ڕۆژی پێنجشەمەش %١ دابەزی بوو.

پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەخۆی تورکیا، شەکەستی ئابووریی تورکیا کاردانەوەی هەبوو لەسەر سەرمایەدار و بەرهەمهێنەرانی ئەو وڵاتە، هەروها پەیوەندیی خراپی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بووە هۆی ئەوەی ئەوان متمانەیان بە ئابووری تورکیا و لیرەی تورکی نەمێنێت، بۆ دەربازکردنی سەرمایەکانیان لیرەی تورکیان بە دراوی بیانی گۆڕیەوە. 

هاتنە خوارەوەی نرخی لیرەی تورکیی و قەیرانی ئابووری و پەیوەندی خراپی ئەو وڵاتە لەگەل ئەمریکا کاردانەوەیان هەبوو لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش. دۆڕاندنی حزبەکەی ئەردوغان لە هەڵبژاردنەکان، بەتایبەتیی لە شاری ئەستەنبۆل و ئەنقەرە و ئەزمیر کاردانەوەی زیاتری هەبووە لەسەر ئابووری تورکیا و شکانی بەهای لیرەی تورکیی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی بانکەکان، کە لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، یەدەکی بانکی ناوەندی تورکیا بە بەهای ١٥٧ملیار لیرە زیانی پێگەیوە. تەنیا لە ٥/٤ دا (٢٧.٩) ملیاری زەرەر کردوە.

بار و دۆخی ئابووریی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شکەستە، زۆربەی چاودێرانی سیاسی و ئابووریی پێیان وایە ئەگەر ئەردوغان بەردەوام بێت لە کڕینی موشەکی (ئێس ٤٠٠)، ئەوا دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمریکا سزای ئابووریی و دیبلۆماسی بۆ سەر تورکیا زیاد دەکات، لە ئەنجامدا باری ئابووری تورکیا بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت و لیرەی تورکیش لە دابەزین بەردەوام دەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە