مەرگەساتی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کوردستان لەسێبەری حیزبی دەسەڵات

Thursday, 23/05/2019, 13:09

8136 بینراوە


خاوەنپێداویستی تایبەت یان بە ناوێکیتر کەمئەندامان ئەو چینەن لە کۆمەڵگەدا کە بەهۆی کێشەیەک لە ئەندامانی جەستەدا ناتوانن وەک هەر کەسێکیتری ئاسایی ژیان بکەن و بە ڕادەیەکی زیاتر لەکەسانیتر ڕووبەڕووی ناسۆریەکانی ژیان دەبنەوە.
ئەمە جێگەی سەرنجی هەر حکوومەت و کۆمەڵگەیەکی زیندووە کە چۆن بتوانن ئاسانکاریەک لە ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەرپا بکەن لە بوارەکانی دارایی و خوێندن و پێداویستیەکانیان. بەڵام ئەوەی کە زۆر جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان نەک هەر مافەکانیان پشتگوێخراوە بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو دەچەوسێنرێنەوە کە لەم با بابەتە هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر بەشێکی کەمی ئەم پێشێلکاریانە. 
لە یاسای کەم ئەندامانی ساڵی ٢٠١١ی تیبەت بە کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەتاکاندا هاتووە کە ئەمە هەرکی حکوومەتە ژیانێکی پڕ شکۆ و شایەن بۆ ئەم چینە دابین بکات بە مووچەیەک کە هاوتابێک لە لەگەڵ پێداویستیەکانیان و هەموو ئاسانکاریەکیشیان لە بوارەکانی خوێندن و هاتوو چۆ و ڕەخساندنی هەلی کاردا بۆ فەراهەم بکرێت. باشە با ئێستا بزانین تا چەند حکوومەتی بنەماڵە ڕێز لە یاسا و مرۆڤایەتی دەگرێت.
پاش ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٥  چەند خاوەنپێداویستیەکی چالاک هەستیان بەوە کرد مافەکانیان پێشێلکراوە و بە شایەنی ئەوە نابینرێن ژیانێکی شایستەیان هەبێت، هەندێکیان چوونە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و ناڕازایەتیەکی مەدەنیانەیان دەڕبڕی بۆ داکۆکیردن لە مافەکانی خۆیان کەچی نیو سەعاتی نەبرد کە لە لایەن پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکەن بە ناشرینترین شێوە پێمان وترا کە ئەنجوومنی وەزیران و وەزارەتی ناوەخۆ فەرمانیان پێکردوون بڵاوەیان پێ بکەن و دیمەنی جادەکە تێکنەدەین، ئەوەبوو ئەوان گوێیان بەم داواکاریە نەدا و وەک ناڕەزایەتی هەستان بە سوتاندنی عەرەبانەکانیان، پاش چەند خولەکێکی کەم هەندێک کۆستەر ڕاوەستان و ئەوانیان بەوپەڕی نا ئینسانی و دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان فڕێدایە ناو کۆستەرەکان و لە بێرکۆتی هەولێر فڕێاندان لە پلەی گەرمی ٤٥ی سیلیەسی.
باروودۆخەکە پاش چەندین خۆ پیشاندان ناڕەزایەتیتر لەبەردەم پەڕلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستاش هەر بەردەوامە، ئێستا موو چەی هەر کەمئەندامێک ١٥٠ هەزار دینارە کە بە هیچ شێوەیەک ناگاتە نزمترین ئاستی پێداویستیەکی ڕۆژانەی هەر کەسێک لەم وڵاتەدا کە گەیشتۆتە ئاستێک ڕێکخراوە بیانیەکان خواردن و پارە پێش جەژنەکان بەسەر کەسانی کەمئەندام دابەش بکەن کە ئەمەشیان بە هۆی حیزبی بوونی ڕێکخراوە کەمئەندامیەکان ناعەدالەتی زۆری تێدایە و هەر خاوەنپێداویستیەکی تایبەت واستەی نەبێت یان سەر بەحیزبی دەسەڵات نەبێت پشتگوێ دەخرێت و ئەو پڕە هاوکاریە کەمەشی کە هەیە پێیان نادرێت. سەرەڕای هەموو ئەوانرەش چەندین کەسی حیزبی و بندیوار بە کەمئەندام ناوونووسکراون کە هیچ کێشەیەکی تەندرووستیان نیە، هەموو ئەمانەش لە پێناو ئەوەیە تا لە کەتا دەنگدان دەنگبدەن بە حیزبی دەسەڵات.  
بۆ لایەنی خوێندنیش هەر باسی ناکەم کە نەک هەر هیچ جۆرە ئاسانکاریەک نەکراوە بگرە کەمئەندام هەیە بە هۆی ناڕاەزایەتی دەربڕین لەم باروودۆخە دوور لە مرۆڤایەتیەی بەرامبەر کەمئەندامان ڕەزایی دەردەبڕێت هەڕەشەی کوشتن و دوورخسنەوە لە خوێندنی لێکراوە. بێ گوێدانە ڕاستی ناڕەزەیەتیەکە و بەرز هەڵسەنگاندنی ئەو ماندووبونە زۆرەی ئەم کەسە خاوەنپێداویستیە تایبەتە تەرخانی کردووە تا گەشتووە بەم ئاستەی خوێندن.
دوای تەواوکردنی زانکۆش ئەوا دووبارە ئەو ستەمە هێندەی لەسەر خاوەن پێداویستیەکان زیاتر دەکرێت بەوەی نە لە لایەن حکوومەتەوە دەخرێنە بەر کار نە لە لایەن کۆمپانیا ئەهلیەکانەوە وەک فەرمانبەر وەردەگیرێن بەهۆی جیاوازبوونیانەوە.
هیوادارم ئەم بابەتە بتوانێک دەمارێک لە مرۆڤینی حکوومەتی بنەماڵە ببزوێنێت ئەگەر هەیانبێت و باروودۆخی کەمئەندامان باشتر بکەن، من ناڵێم با ئێمەی کەمئەندامان بۆ یەک ددان ئێشە بنێرنە نەخۆشخانەکانی ئەوڕوپا و ئەمەریکا بەڵکوو سادەترین مافی دارا یی و هەلی خوێندن و هەلی کارمان بۆ دەستەبەر بکەن تاوەکوو بتوانین ژیانێکی شایستە بژین چونکە وڵاتەکەمان جوانە و هی هەموانە نەک تەنها یەک حیزب.
ئاراس کوردستانی 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە