بێده‌نگیه‌كی ترسناك و پڕ شه‌رمه‌زاری

Saturday, 06.01.2019, 11:35

24072 بینراوە


چه‌ند رۆژێكه‌ توركیا له‌ باشوری كوردستانه‌وه‌ هێرشێكی چڕی كردۆته‌ سه‌ر پارتی كرێكارانی كوردستان. به‌ ئا‌گرو ئاسن هه‌رێمی كوردستان سوتماك ده‌كات و ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ی بێت و بچێت، له‌مرۆڤ و گیانله‌به‌رو زینده‌وه‌رو داردره‌خت ده‌یكوژێت. ته‌نانه‌ت ئاو و هه‌وای كوردستانیش پیس و ژاراوی ده‌كات. توركیا له‌ په‌نای شه‌ڕی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ شه‌ڕی و ژیان و مرۆڤ و هه‌موو شتێكی زیندوو ده‌كات له‌ كوردستان. به‌لام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ باشووری كوردستان هیچ ده‌نگێكی ناره‌زایی نابیسترێت، ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌و میدیاكان، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ده‌سه‌لاتن و ئه‌وانه‌ش خۆیان پێ ئازاده‌ مته‌قیان لێكردوه‌و ده‌میان وه‌ك ته‌ڵه‌ی ته‌قیوی لێهاتووه‌و ئاماده‌نین ته‌نانه‌ت هه‌واڵێكی ئه‌و سوتماككردن و كوشتن و بڕینه‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌. له‌ باشوری كوردستان ده‌سه‌ڵات و به‌ناو ئۆپۆزسیۆن، رۆشنبیرو نا رۆشنبیر، میدیای سێبه‌رو به‌رهه‌تاو. قڕقه‌پ بیده‌نگن و نوزكه‌یان لیوه‌ نایه‌ت!. ئه‌مه‌ به‌راستی كاره‌ساتیكی زۆر گه‌وره‌ و پڕ شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ میلله‌‌تێك به‌و شێوه‌یه‌ به‌رامبه‌ر له‌ناوبردنی ولاته‌كه‌ی بێده‌نگ بێت!. زۆر سه‌یره‌ به‌شێك له‌ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ت و ته‌نانه‌ت خاكی خۆشت ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌ر، تۆ باسی نه‌كه‌یت و هه‌رخه‌ریكی ئه‌وه‌ بیت، قه‌وانی به‌ناو په‌رله‌مانی باشوور دانیشت یاخود دانه‌نیشت!. حكومه‌ت پێكهات یاخود پێكنه‌هات لێده‌یته‌وه‌. به‌ناو نوسه‌رو رۆشنبیرانی كوردیش هه‌ر خه‌ریكی ره‌خنه‌گرتن بن له‌ یه‌كێتی و پارتی، وه‌ك ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌ سیاسیه‌ تۆزقاڵێك بواری ره‌خنه‌ لیگرتنیان مابێته‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ بێباكی و بێهه‌ڵوێستیه‌‌ پاساودانه‌ به‌ توركیای داگیركه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڕندانه‌تر بكه‌وێته‌ وێزه‌ی كورد. ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان داننانه‌ به‌وه‌ی ، كه مافی توركیایه‌ به‌ بیانگه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ په‌لاماری باشوری كوردستان بدات. له‌كاتێكدا توركیا سنووری ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری بڕیوه‌و له‌و دیو سنووره‌كانی خۆیه‌وه هاتووه‌و‌ زوڵم له‌كورد ده‌كات!. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ره‌وادانه‌ به‌ قه‌تل و عامكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان. كه‌ پارتێكه‌ هه‌زاران رۆشنبیرو رۆله‌ی كوردی دڵسۆزو له‌خۆبوردو و قاره‌مانی له‌ خۆوه‌ گرتووه‌. ئه‌مه‌ چ شه‌رمه‌زاری و كاره‌ساتێكه‌ له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت!. ئه‌گه‌ر پێشتر باسمان له‌گه‌له‌ كۆمه‌ی هه‌رێمی كردبێت له‌سه‌ر كورد، ئێستا ده‌بێت باس له‌ گه‌له‌كۆمه‌ی ناوه‌خۆ بكه‌ین دژی كورد خۆی، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌و بنه‌ماڵه‌ سیاسیانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ به‌ پێش توركیا و ئێران ده‌كه‌ون و كوردستان ده‌سوتین!. بێده‌نگ بوونی رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیران هیچی له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ به‌كرێگیراوانه‌ كه‌متر نیه،‌ كه‌ هۆزو عه‌شیره‌ته‌كانی خۆیان خستۆته‌ خزمه‌ت سوپای توركیا و له‌ ژیر باڵی پارتی و یه‌كیتی و به‌ تایبه‌تیش پارتی، چاوساغی بۆ جه‌ندرمه‌ توركه‌ مرۆڤكوژه‌كان ده‌كه‌ن و مه‌ته‌رێزو سه‌نگه‌ره‌كانی گه‌ریلاكانیان پێ نیشانده‌ده‌ن!. چ جیاوازیه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان بێده‌نگ بوون به‌رامبه‌ر راستی و ره‌وایی و قبووڵكردنی ناحه‌قی، له‌گه‌ڵ سیخوڕی و جاشایه‌تیكردن و پێش سوپای داگیركه‌ران كه‌وتن!؟؟ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ واز له‌ پارتی و یه‌كیتی بێنن، ئه‌وان هیچیان به‌ به‌رنه‌ماوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی فڕێ بدرێنه‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌. شه‌رمه‌ چیتر باسی پێكهینانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانێك بكه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر زبڵ و ساخته‌كاری و فڕوفێڵ و گزی و فزی بیاتنراوه‌. شه‌رمه‌ گفت و گۆ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی یه‌كێتی و پارتی بكه‌ن و وتاریان له‌سه‌ر بنووسن و بازاری خۆتانی پێگه‌رم بكه‌ن. وه‌ك رۆژی رووناك دیاره‌و منداڵێكی ساوای كورد ده‌زانیت ئه‌وان هیچ شه‌رعیه‌تێكیان نه‌ماوه‌و له‌ ریزی نیشتمانیدا دابڕاون تا هه‌تایه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ ده‌مێننه‌وه‌، وه‌ك رۆژی رووناك ئاشكرا بووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی هێشتۆته‌وه‌ ده‌نگ و هه‌ڵبژاردن و دڵسۆزی و نیشتمان په‌روه‌ری نیه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ سه‌ره‌نیزه‌و تۆپ و مه‌ته‌رالیۆزی داگیركه‌رانه‌ سواری ملی خه‌لكی كردوون!. ئه‌وان هیچ جیاوازیه‌كیان نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ فه‌وجی جاشه‌كان و مه‌فره‌زه‌ تایبه‌تیه‌كانی سه‌رده‌می سه‌دام، وه‌كو ئه‌وان و زیاتریش به‌ پێشی دوژمنان ده‌كه‌ون سه‌ری براكانیانیانی بۆ ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌و بیست و هه‌شت ساله‌ ئه‌وانه‌ به‌سه‌ر كوردیان هیناوه‌ هیچ جاش و خائنێكی تر له‌مێژووی كورد وای به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌كه‌ی خۆی نه‌كردووه‌، نه‌ك هه‌زار جار، بگره‌ ملیۆنان جار ره‌حمه‌ت له‌و كفندزانه‌ی راسته‌وخۆ به‌ناوی جاشایه‌تیه‌وه‌ كاریان بۆ دوژمن كردووه‌ خه‌لك وه‌ك جاش ته‌ماشای كردوون. ئه‌وان جاش بوون و دانیان به‌جاشایه‌تی خۆیان ده‌نا، به‌ڵام بیست و هه‌شت ساله‌ به‌ ناوی كوردایه‌تیه‌وه‌ قێزه‌ونترین جاشایه‌تی ده‌كرێت، كه‌ له‌مێژووی كورددا نمونه‌ی نه‌بووه‌. بۆیه‌ قۆناغی نوسین و ره‌خنه‌گرتن و ته‌نانه‌ت ناوهێنانی ئه‌وانه‌ش به‌سه‌ر چووه‌، ئه‌وانه‌ ته‌نیا هێنده‌یان ماوه‌ گۆڕانكارییه‌كی كه‌م له‌ ناوچه‌كه‌ رووبدات تاوه‌كو به‌ر تووره‌یی خه‌ڵك بكه‌ون، ئه‌وانه‌ هێنده‌ تاوانیان به‌رامبه‌ر ئه‌و میلله‌ته‌ كردووه‌ جێگه‌ی شرۆڤه‌ كردن و لێكدانه‌وه‌ بۆ ره‌فتاره‌كانیان نه‌ماوه‌ته‌وه‌. شووره‌ییه‌ سوپای وڵاتیكی تر په‌لاماری وڵاته‌كه‌ت بدات، كه‌سێك نه‌بێت ده‌نگی لێوه‌ بێت، شه‌رمه‌زاریه‌ ره‌وایی بده‌یته‌ داگیركه‌رێك، كه‌ بێت رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌ت بكوژێت و له‌ ناوبه‌رێت، با مردن بۆ ئه‌و ده‌نگ و مییدا درۆزنانه‌ بێت، كه‌ به‌ناوی میدیای ئازادو كه‌سانی رۆشنبیرو سه‌ربه‌خۆ گوێچكه‌ی خه‌ڵكیان كاس كردووه‌. میدیایه‌ك، یاخود به‌ناو رۆشنبیرێك، له‌ رۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆدا راستیه‌كان نه‌ڵێت، ته‌نیا بۆ شه‌رمه‌زاربوون و ریسوایی‌ نه‌بێت بۆ هیچی تر باش نیه‌!. ده‌بێت ئه‌وانیش وه‌كو خائینه‌كانی تری نیشتمان بخرێنه‌ به‌رده‌م دادگاكان و وه‌ك تاوانبار مامه‌له‌یان له‌گه‌ل بكرێت.




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 4.5/5)