دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا .. پسپۆڕى ماستاو

Saturday, 27/07/2019, 0:25

9424 بینراوە


• شێرکۆ کوڕى باش ئەوە چیە کوردییەکەت بیر چۆتەوە وشەى غالب و مەغلوب بەکار ئەهێنیت؟
-  ئیتر وایە ..
• ئا بیرم کەوتەوە .. بە زمانەکەى سەردەمى بەعس قسە ئەکەیت!
• بیرتە، کە سەرباز بویت لە مقەڕى ئیستخباراتى فرقەى (٢٤) لە چوارقوڕنە لە دەڤەرى بتوێن ...؟  ئاى کاکە شێر دیارە بیرەوەریەکى بەهێزت هەیە!
• خاڵە شێرکۆ ئەى ئەم ووشەى (وەڕینى ناوەخت)ە چییە لە نوسینەکەتدا بەکارت هێناوە، بۆ (وەڕینى بەوەخت)یش هەیە و پەیمان پێنەبردبێت.
- ئا ئەوە کۆنیش بەکار هاتووە .
• ئێی زاڵم ئەوە کاتی خۆی جاش و حکومەت بە پێشمەرگەیان ئەوت کاتێک کە ئەهاتنە ناوشارەوە.

--------------------------------------
یەکێتى و شەخسى تاڵەبانى بۆ ئەوەى ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەرە خاو بکەنەوە دژ بەحوکمڕانیە پر لەستەم و نابەرابەرى و داگیر کردن و قۆرخکردنى کایەکانى ژیان و بژێوى خەڵک و لەلایەکیتر سیمایەکى لیبریالیانە بدەن بە حوکمڕانیەکەیان، بواریان بۆ کەسێکى وەکو شێرکۆ عەبدوڵا خۆشکرد کە ڕەخنەى لاکەوتە و قسەى بازاڕى و نوکتەکانى قالەى خەڵوز تێکەڵاو بکات و دەمێک ساتیرە بنوسێت یان گۆڤار دەربکات و یان بەنارمەى تەلەفیزیۆنى ، زۆرێک لە بیرۆکەکانى نووسینى ئەم کابرایە دزراوە.
هەموو خەڵکى سلێمانى ئەم مەخلوقە ئەناسن کە کاتێک بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بوو، چ کەڵەدزێک بوو، ئەوکاتە کەوتبوە بەر شەق و نیوە شەقى لۆمپینەکانى دەوروبەرى کۆسرەت ڕەسوڵ نەیئەوێرا نەسیخورمەیەک نە بەچکە سیخورمەیەک بهاوێت، خەڵکى سلێمانى بیریانە هەتا هەگبەکەى هێرۆ پارەى لێهەڵئەوەرى چۆن لەدواى داوێنى پیسیەوە ئەیقروسکان. شاراوە نیە لە چەند کەلێن وقوژبنەوە خانەنشینى و موچە وەر ئەگرێت.
کاتێک دکتۆر غالب ئەندامى پەڕلەمانى عێراق بەدواداچون بۆ پرۆژەى ڕیسایکلین ى فاروقى مەلا مستەفا لە ژاڵە ئەکات، شیرکۆ عەبدوڵا پەت ئەپچڕێنێت و کورتان فڕێئەدات ئەکەوێتە قەوچە و خۆ گەوزاندن بەرامبەر ئەو پەڕلەمانتارە، کە هەتا ئێستا یەکێکە لەو پەڕلەمانتارە ویژدان زیندوانەى پشتى کردۆتە گردە درۆزنە و نەکەوتۆتە ناو ئەو تۆڕەى پاراستنەوە کە لە گردەکەى چیا و نما تەتەڵەى ویژدانفرۆشى تێدا ئەکرێت.

ئەم شێرە کارتۆنیە فاروقى مەلا مستەفا ڕادیۆیەکى داوەتە دەستى ئاوەها کەوتۆتە هەلەکە سەما و کلکە لەقێ ئەگەر وەکو شاسوار چەند کەناڵێکى تەلەفیزیۆنى هەبوایە ئەوا شیرکۆ .. بەکۆ .. بایدەدا .
شێرکۆ... فاروقى مەلا مستەفاى کردوە کردوە بە جیڤارا واى نیشانداوە کە ئەمە سەلام عادلى حیزبى شیوعیە . دواى کودەتاى ١٤ تەموز شیوعیبون، شەپۆلێکى سەراپاگیر بوو زۆر کەسى ڕاپێچکرد و فاروقیش یەکێک بوە لەوانە و بەڵام ئەو یەکێکە لە خیانەتکارانى باڵى قیادە مەرکەزى جیابوەوە لەو حیزبە و دەستى بەسەر ئیمکانیاتى ئەو حیزبەدا گرتووە و بەوە پارەى پەیدا کردوە خۆ لە مەلاى باوکیەوە بۆى نەماوەتەوە کە ڕۆژى ئەژمارد بۆ زەکات و سەر فترە.

میرزا شیرکۆ عەبدوڵا ئەڵێت : (شاخ و پێده‌شته‌كانى كوردستان و هۆڕه‌كانى باشور، كرێكار و جووتیاره‌ هه‌ژاره‌كان، كرده‌وه‌ شۆڕشگێڕییه‌كان له‌دژى به‌عس و عارفییه‌كان هه‌موویان زۆر چاك ده‌زانن فاروقى مه‌لا مسته‌فا كێ یه‌).
بە چاوى خاڵە میرزا ئەگەر لە شاخ و پێدەشتەکان - بەڵام گرد و تەپۆڵکە و چەم و ڕوبارى تیا نییە - ئاوەها لۆقەى کردبێت و لە هۆڕەکان قامیش و قەڕەمى خواردبێت و لە ناو مەشحوندا خۆى مەڵاس دابێت ، بمرێت ئەوا ئەمیش گردێک لە سلێمانى داگیر ئەکات ، کەواتە گرد وێران خۆت دانیشتوانى سلێمانى.
ئەمەیە دۆستى هەژار و کرێکار .. وەک میرزا شێرکۆ ئەڵێت ، کاتێک یەکێتى کارگەى چیمەنتۆى تاسڵوجەى (سەردەمى ڕژێمى بەعس بەمۆدێرنترین شێوە دروستکراوە ) لە ساڵى ٢٠٠٦ لە کۆمپانیاى لاڤاج ى فەرەنسى سەندەوە و دایبە فاروقى شەریکە دزیان، فاروق یەکسەر و دەستبەجێ هەموو دەستخۆشانە و دەرماڵە و بڕى بە شێک لە قازانج و مۆڵەتى کرێکارانى بڕى و کرێکاران کەوتنە ناڕەزایى و مانگرتن ، بە فەرمانى سەردار قادرى خوشکەزایى فاروق کە بەڕێوەبەرى کارگێڕى کارگە کە بوو تەقە لە کرێکاران کراو لە ئەنجامدا (١٥) کرێکار بەفیشەکى فاروق بریندار بوون کە هەتا ئێستا چەند کەسێکیان پەککەوتەى ماڵەوەن ، لە هەمووى ئەنتیکەتر ئەم سەردار قادرە لاى نەوشیروان مستەفا بوو بە گۆڕانێکى عەیارە ٢٤.
هەر ئێستا بڕواننە ئەو دوکەڵ و تەپو تۆزەى کە لەو کارگەیەوە دەر ئەچێت چۆن ژینگەى ئەو ناوچەیەى پیسکردووە کە هەمووى مەوادى سەرەتاناوى تێدایە ، هیچ کارگەیەکی تر بەو شێوەیە نییە ، ئەوەش بە بەرچاوى هەموو دەزگا تەندروستیەکانى سلێمانى و کۆنە حەکیمێکى وەکو شێرکۆ.

میرزا شێرکۆ باس لەخەباتى فاروق دژ بەبەعس ئەکات ، منیش شایەتى زیندانى بوونى فاروق ئەدەم و ڕاستیەکان ئەبێت بووترێت:
فاروق لە سلێمانى دەواجنى هەبوو مریشکى سەر بڕاوى ئەفرۆشت و بەپێى مەرجى تەندروستى ئەگەر میرزا شێرکۆ بڕێک لەو زانیاریانە لە مێشکە کەڕو گرتووەکەیدا مابێت، ئەبوایە مریشکەکە بشۆردرایە و پاشتر بەهەوا وشک بکرایەتەوە بخرایەتە فرێزەرەوە، بەڵام فاروقى شیوعى و دۆستى هەژار و کرێکار مریشکەکانى وشک نە ئەکردەوە و بەتەڕى ئەخرایە فرێزەرەوە و ئەیبەست ئەیفرۆشت، بەمە ئەبێت لەگەڵ مریشکێکدا چەند ئاوى بەنرخى گۆشت فرۆشتووە، ئەوەبوو فاروق لەسەر ئەم غەشکردنە (١١) ڕۆژ لەو گرتووخانەیەى کە ئێستا شوێنەکەى پارکى دایکە لە شارى سلێمانى گیرا، تۆبڵێیت دژ بەبەعس شتێکى لەسەر دیوارى سجنەکە نوسیبێت.
لە کوردەواریدا ئەڵێت قسە قسە ئەهێنێت، هەر لەلاى ئەم شوێنەى کە پارکى دایکە  ژنێک هەزار و یەک قسە و جنێوى سارد و گەرم و شیلەتێنى بەو فاروقەى میرزا شێرکۆ دا و هەزار تفى لە روخسارى فاروق کرد و خوساندیەوە . بە فزولى سۆراخ مکرد بۆم دەرکەوت لە کۆڕى خواردنەوەدا بە شێوەیەکى نالایق لەسەر ئەم ژنە دواوە و یەکێتى بەنیازبووە پۆستێکى پێبدات، ئەوەش ئەخلاقى ئەو مەلا زادەیەى کەمیرزا شێرکۆ ئەڵێت حەوت پشتى دیارە، بە دوربین یان بە تەلەسکۆب ، قوڕى هەموو ئەمەریکا بەسەرى سیف بول جوبز خاوەنى ئەپڵ کە باوکى دیار نیە کێیە.
بروانن ئەو شوێنانەى کە فاروق (پرۆژە)کانى تێدا دروستکردوە، ستراتیژیترین شوێنى سلێمانى ئەو گردەى کە ئوتێلى شارى جوانى تێدایە یەکێک بوو لەو گردە جوان و نازدارانەى سلێمانى ، شوێنى خەستەخانەکەى نایابترین شوێنە و ئەوە باسى ٣٠ دۆنمەکەى ڕێگەى بەکرەجۆ بووە بە ژێر لێوەوە و زەوى ڕیسایکلینەکەش باس ناکەین نەبادا فاروق زویر ببێت و باڵانس لە مۆبایلەکانماندا نەهێڵێت، کە تیمێکى شارەزاى چینى بۆ ئەو مەبەستە هێناوە. ئاخر چ منەتێک بەسەر خەڵکدا ئەکات بۆ سەرمایە بباتە دەرەوە لە چ شوێنێک ئاوەها مڵکى گشتى بە مفت و بەلاش چنگ ئەکەوێت، دایکى قوبادیش بەوە ڕازی نابێت ڕۆژانە بۆنى پارەى شەریکایەتى نەکات.
جەدواى ئابورى بۆ خەڵکى سلێمانى چییە ، چەند هەلى کارى بۆ خەڵک ڕەخساندووە ، ئەمجۆرەى فاروقى مەلا سەفوەت لە ترسنۆکترین سەرمایەدارنن، سەرمایەدارى جەربەزە و نەترس سەرمایەکەى لە پرۆژەى بەرهەمهێن ئەخاتە گەڕ و هەلى کار ئەڕەخسێنێت.
قەت بینوتانە ئەم کابرایە قوتابخانەیەک بکاتەوە، خەستەخانەیەک بکاتەوە، پرۆژەیەکى بۆ خەڵکى ئەنفالزەدە هەبێت ، یان پرۆژەیەکى خێرخوازى هەبێت ، ئەکتەرێکى وەکو ئەنجیلا جولى چارەکى چارەکى فاروق سامانى نییە هەتا ئێستا ٣٠ ملیۆن دۆلارى لەکارى خێر خوازیدا خەرجکردوە ، ئەم پردێک بۆ ئوتێلەکەى ئەکات دەرگا نەما لێینەدات هەتا شارەوانى سلێمانى تێچونى پردەکەى بداتەوە.

فاروق باسى لەباسى باوکیدا ئەڵێت : باوكم زانای ئایینی و ڕۆشنبیرو ڕیفۆڕمخواز و شاعیر بوو. ئەو یەكێكە لە هەرە بەهێزترین كەسایەتییە كاریگەرەكان لەسەر ژیان و فیكر و تێڕوانینم بۆ ژیان"
من سەرم لە ڕیفۆرمخوازى مەلا سەفوەت دەرنا چێت، خۆ نە قانعە نە موفتى پێنجوێنى، بەڵام فاروق ئەوەندە لەم (زاناى ئاینى و شاعیر و ڕۆشنبیرە) فێر نەبووە کە بازرگانیکردن لە گەڵ دەوڵەتە ئیسلامیەکەى داعشدا چەند کارێکى قێزەون و دژە مرۆڤایەتیە و چەند خیانەتێکى گەورەیە، هەزار جاشقەڵەمى وەکو میرزا شێرکۆ ناتوانێت تەنها نەرمە پاساوێکى بۆ بهێنێتەوە.

دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا ستایشکار و ملشۆڕ و قەڵەمشۆڕى پیاوێکى وەهایە کە تەنها چەند سەرەقەڵەمێکمان لە سەر ووت ، سەرەڕای ئەوانە ناکرێت نکوڵى بکەین و ئەبێت ئاماژە بەو واقعیەتە بکەین کە ئەرکى میزا شێرکۆ چەند سەخت و گرانە ، هەم وەکو نوسەرێکى دەربار سەرقاڵى ستایش و پیاهەڵدانە و هەم وەکو پزیشکێک، چۆن؟:

کاک فاروق ئێستا دڵى بە پیل ئیش ئەکات و ئەوە نەخۆشیە و بەرۆکى زۆر ئەگرێت و ئەوەتەى دکتۆر غالب لەسەر ئەو زەویە زۆرەى کە لەساڵى ٢٠١٢ وە وەریگرتوە و بۆ ڕیسایکلین و لە کۆمپانیاى لاڤاجى فەرەنسیان بۆ ئەو سەندەوە توشى قەبزى بووە و ئەبێت جەنابى دکتۆر شێرکۆ وەکو دکتۆرێک لە wc چاودێرى بارى تەندروستى بەڕێزیان بکات.
کاک فاروق کەسێکى بە ئیمکانیاتە و ئەیەوێت ئەو پریاسکە بچوکەى تەمەنى کە ماوە خۆشیەکى لێببینێت لەبەر ئەوە ڕۆڵى کاک دکتۆر شێرکۆ کاریگەرە و ئەبێت ئاگاى لە خواردنى ئەو حەپانەى بێت لە جۆر و کوالیتى و کاریگەریان، کارەکەش کارێکى ئینسانیە و ئەتوانێت ئەنواعى شاکارى ئەدەبى لێهەڵبهێنجێت، کاکە دکتۆر پیشەیەکى دێرینى کوردەوارى زیندو ئەکاتەوە کە بەربوکیە، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوەیەکى هونەریانە و ئەلکترۆنى و سەردەمیانە .

هەر بۆخۆشکردنى دەمەتەقێکە :
جارێک هێرۆی برایم ئەحمەد، دکتۆر شێرکۆ چەند کەسێکیتر (ڕێزم بۆیان هەیە) بۆ وڵاتێک ئەنێرێت ، جەماعەت هەریکە و ئەچێتە دەرمانخانەى ژێر ئوتێلەکە داواى حەپى ڤیاگرا ئەکەن و ئەڵێن بۆ دکتۆر شێرکۆمانە و بەیانیەکەى دکتۆریش خۆى ئەچێت دەرمانخانەکە و دواى حەپ ئەکات و پیی ئەڵێن بۆ دکتۆر شێرکۆتە و بەڕێزیان ئەڵێت خۆم دکتۆر شێرکۆم .
پیرۆزە دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا بۆ خۆت و پیشەت بۆ قەڵەمى بە بڕشتت ، ئاگاداربە لە ڕۆحى خەستە و گیرفانى بەخەبەر.
_______________________________________
کاتێک من ئەم بابەتەم ئەنووسى ، هەر لەم میانەیەدا ئەو دووبابەتەی تر لە (دوارۆژ نت) ى فاروقى مەلا سەفوەتدا بڵاو بوەوە ، لە کوردەواریدا ئەڵیت سەیرکردنى ڕاوە تانجى لە دورەوە خۆشە ، ئەوەتا فاروقیش لە دورەوە سەیرى ڕاوى تانجیەکانى خۆی ئەکات:
* ڕەحمان غەریب چەواشەکارى بۆ ڕیسایکلین
ڕەحمان غەریب هەتا ئێستا بەدواى شانازى برایم ئەحمەدەوە ئەیقروسکان وادیارە فاروقیش ئێسقانى چەورى بۆهەڵداوە ، ئاخر ئەگەر ڕەحمان تۆزێک غیرەتى ڕۆژنامەنوسى نا بەڵکو ئاسایی لە گردە لاشەکەیدا مابێت پەڕلەمانتار حەقى نییە بەدواداچون بۆ مڵکى گشتى بکات، ئەزانیت چەند ساڵە ژینگەى سلێمانى بەدەست فاروقەوە پیس بووە، بورجەکانى ئاسیا سێڵ کە لە دنیادا ئەم مۆدێلە نەماوە و زیانبەخشە و چیمەنتۆى تاسڵوجە بەبێ فلتەرە، ئەوە یەکێتى لەبەرژەوەندى خۆى و فاروقى شەریکى پرۆژەى ڕیسایکلینى لە کۆمپانیاى لاڤاج ى سەندەوە ئەگینا دەمێک بوو ئەو ڕیسایکلینە ژینگەى سلێمانى ئەپاراست، سۆراغێک بکە:
بۆ لەو کۆمپانیایەیان سەندەوە کە یەکێکە لە باشتریین و بێ غەشترین کۆمپانیا ... باڕەحمانیش لە ستایشى ئەوانەدا بێت بەبێ غەش ناژین.
https://www.dwarozh.net/wtar_details.aspx?jimare=1322


* حاجى ئەنوەر بەرچاو ڕونیەک بۆ ناحەزانى کاک فاروق مەلا مستەفا
لەشەرى ناوخۆى یەکێتى و پارتى ، پارتى ئابڵوقەیەکى ئابورى مەحکەمى لەسەر سلێمانى دانابوو ، فاروقیش لەگەڵ پارتیدا ڕێککەوتبوو خۆراکى ئەهێناو بەگران ئەیفرۆشتەوە ئەم ئەنوەرە ( ئەگەر ئاوا لەسەر ماستاوکردن بەردەوام بێت فاروق بۆ حەجیشى ئەنێرێت ئەیکات بەحاجى ڕاستەقینە ) بەناوى ڕیکخراوى بێکارانەوە لە پشت هاوڕێکانیەوە پشکێکى لەمە بەرکەوت . بێکاران لەم کردەوەیەى بێبەرین و ئەو تەنها بۆ گیرفان و بەرژەوەندى خۆى ئەیکرد ، چالاکوانانى بێکاران بێوەڵامى ناکەن.
حاجى ئەنوەر بۆ بازاڕگەرمى و بەناحەقى ناوى شەهید فەرهاد فەرەج ئەبات , کاتێک فەرهاد لەترسى گیانى خۆى لەتورکیاوە ویستى بەرەو هەندەران بڕوات لەماوەیەکى دورو درێژدا ئەم حاجیە بچوکترین یارمەتى نەداو ناچار گەڕایەوە بۆ کوردستان و بەدەستى ئیسلامیەکان کوژرا ، ( بە هیوام کاک ئسماعیلى براى شەهید فەرهاد ، حاجى بەبێ وەڵام نەهێلێتەوە ) ئێستا ئەم کۆنە مارکسیە لیکاوى لالغاوەى فاروق ئەسڕێت و بەرچاو ڕونى ئەکات ، ئەگەر تۆزێک کەرامەتى تێدا مابێت سۆراغى کرێکار و کارمەندانى کارگەى چیمەنتۆى تاسڵوجە بکات کە چ حاڵێکیان بەدەست فاروقەوە هەیە و بەرچاومان ڕونبکاتەوە.
https://www.dwarozh.net/wtar_details.aspx?jimare=1326

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە