کوردستانپۆست .. لەکوێیە؟

Thursday, 27/06/2019, 7:14

8729 بینراوە


کوردستان .. لە ساڵى شەستەکانى سەدەى ڕابوردوەوە  بەناوى شۆڕشەوە نەکوشتنى لێبڕاوە نە فشەى کوردایەتى لێبڕاوە، ئەم (شۆرشە) بێجگە لە ماڵوێرانى و کاولکارى بەرهەمێکى نەبووە و هەمیشە پاساوى بە دوژمن داوە بۆ هێرش و خاپورکردن، ئەم گەلەى توشى مەرگەساتى گەورە گەورە کردووە، لە شەستەکانەوە هەر ئەم تاقمەن و بەگوێرەى ڕۆژ کەم و زیاد ئەبن، خۆیان ئەڕۆن نەوەکانی دوای خۆیان و دارو دەستەکانیان دێن .
  کوردستانپۆست .. ئەم تابۆیەى شکاندووە و توانیویەتى فشەى بە ناو کوردایەتى کە ئەمانە بانگەشەی بۆ دەکەن لە بەرى ئەمانەدا بگوروێ و لاشەیان ڕوتبکاتەوە و بیانخاتە سەر پلێت و حەقیقەتیان ئاشکرا بکات .
 چ سەرکردەیەکى کورد، تەنانەت چ سیاسییەک کە خۆى بەپاشەڵى ئەم بەناو سەرکردانەدا هەڵواسیوە ,  ئەگەر خۆى ببینى یان بڕوانیتە وێنەى ئەوانەى کە مردون جگە خیانەت و غەدر و خۆفرۆشى و تاڵانى و گەندەڵى چیتر ئەبینى، بێگومان نەخێر . بەرهەمى ئەم مشەخۆرانە          (سیستەمێک)ى خێلەکى چەتەییە ڕێک پارێزگارى بێت لە پێگەى ئابورى و سیاسی و خیانەتیان . لە چ شوێنێکى دنیادا هەبووە ئاوا بێشەرمانە و ڕووقایمانە نەوە دواى نەوەیان بهێننە پێشەوە، لە چەند ساڵ جارێکدا نەوەیەکى دز بەرهەم دێنن و مەلیکانە رۆژ بەڕێئەکەن و نەوە دواى نەوەى خەڵکیش ئەبێت قەرزى ئەمانە بداتەوە .
  ئەوانە هەر ڕۆژەى بەڵایەک بەسەر ئەم میللەتەدا دەهێنن، کسپەیان لە جەرگى تاک بەتاکى ئەم کۆمەڵە هەڵساندووە، کەڵبەیان لە بژێوى و دەستى ڕەشیان بەگیرفانى کێدا نەکردووە، لەمێژە کوردستانپۆست ئەمانەى قاوداوە و پێستى گورون و چەکوشى سەرپانکردنەوەى بۆ بەرزکردۆتەوە.
کوردستانپۆست .. ئەو شانازییەى هەیە و بەتەنها و بەتوێشەبەرەیەکى ساکارەوە بەگژ دڕندەیى دەسەڵاتێکدا چۆتەوە، کە بۆ مانەوەى خۆیان سڵ لە هیچ  سەرموت و خیانەت و تیرۆرێک ناکەنەوە .. بەگژ دەستەمۆکردنى هاوڵاتیاندا چۆتەوە .. کە ئەم دەسەڵاتە نغرۆبووە لەناپاکى مانەوەى خۆى بە هاوڵاتى دەستەمۆکراوەوە مسۆگەر کردووە .
لەکتێبى (بەندایەتى خوازیارى) بیرمەندى فەرەنسی ئاتیان دولا بواسییە بەم شێوە قوڵڕوانینە لە هاوڵاتى دەستەمۆکراودا * ئەدوێت وەک ئەوە وایە بۆ کوردستانى نووسیبێت :
( کاتێک وڵاتێک سەرکوتى بەردەوامى تیدا بێت چەند پشتێک (جیل) پێئەگەن پێویستیان بە ئازادى نامێنێت ئەبنە جمکێک لەگەڵ سەرکوتدا لەوەوە هاوڵاتى دەستەمۆ دێتە ئاراوە . ئەو هاوڵاتیە دەستەمۆیە لە جیهانى تایبەتى خۆیدا ئەژى و بایەخ بە سێ شت ئەدات: 
١- ئاین   ٢- پاروە نانێک   ٣- تۆپى پێ و هۆکانى کات بەسەر بردن 
ئاین بۆ هاوڵاتیەکى دەستەمۆکراو پەیوەندى بەحەق و دادپەروەریەوە نییە، بەڵکو ڕێو ڕەسمێکى خۆدەرخەرانەیە و پەیوەندى بە ڕەوشتیەوە نییە، ئەوانە بێ ڕوگیرى درۆزنن و دووڕون و بەرتیل خۆرن تەنها ئەو کاتە هەست بەگوناه ئەکەن کە نوێژێکیان نەکردبێت . ئەم هاوڵاتیە بەرگرى لە ئاینەکەى ناکات ئەگەر دڵنیانەبوو لەوەى کە توشى چەرمەسەریەک نابێت، توڕە ئەبێت و هەڵئەچێت کاتێک هەندێک ولات ڕێگە بەهاوسەرگیرى هۆمۆسێکسۆلەکان ئەدات بە پاساوى ئەوە کەدژ بەئیرادەى خوایە بەڵام ورتەى لەزار ناترازێت بەرامبەر بەزایندانیانى وڵاتەکەى بەناحەق یان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان کێشراوە، بەدى و گەندەڵى لە وڵاتدا شەو و ڕۆژ تەراتێنیەتى بەڵام سەرقاڵى سوپاسگوزارى خوایە بۆ نیعمەتەکانى ژیان .
 پاروە نانێک کۆڵەکەیەکی ترى ژیانى هاوڵاتى دەستەمۆیە، گوێ بە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانى نادات بەلکو لەخەمى پەروەردەى مناڵەکانیدایە هەتا گەورە ببن و کچانى بەشو بدات و نەوەکانى چنگیان لە ئیشێک گیر ببێت و دواتر خۆى کتێبى ئاینى بخوێنێتەوە .
سەبارەت بەتۆپى پێ و کات بەسەر بردن، هاوڵاتى دەستەمۆ بەمە باربوى ئەو شتانە ئەکات کەلە ژیانى ڕۆژانەى دەستیان ناگاتێ، تۆپى پێ بەنمونە خەمەکانى لەبیر ئەباتەوە و عەدالەتێک ئەبینێی کەلێى ونکراوە، لەماوەى ئەم ٩٠ خولەکە یاریەدا بەڕێسایەک کەبەسەر هەمودا بە عادلى جێبەجێئەکرێت .
هاوڵاتى دەستەمۆکراو کۆسپى ڕاستەقینەیە بەرامبەر هەمە هەموو پێشکەوتنێکى مسۆگەر، هیچ ئاڵوگۆرێک بەدینایەت هەتا ئەم هاوڵاتیە لەجیهانە تەسکەکەى نەیەتە دەرەوە .. )
 کوردستان پۆست .. خاوەنى ئەو سەروەریەیە کە تەلیسمى هاوڵاتى دەستەمۆى تێکشکاندووە و لە هەوڵى هۆشیارکردنەوەى تاک بەتاکى کۆمەڵ و هەتا ببنە خاوەنى ئیرادەیەکى بەهێز و پۆلایین و لە و جیهانە تەسکە بێنە دەرەوە کەحیزب و دەسەڵاتدارانى هەرێم بۆیان خوڵقاندووە .
کوردستانپۆست .. دەنگى دلێر .. قەڵەمى بوێر، ڕۆئەچێتە قوڵایى نهێنیە سیایى و ئابورى و ...هتد، سەران و دەستوپێوەنی گەندەڵ پیشەى دەسەڵاتدارانى هەرێم  و خەوى خیانەتى لێزڕاندون.
 کوردستانپۆست .. قەڵایەکە نەهێرشى ئەلکترۆنى و شەخسى و جۆراو جۆرى بەردەوام و رۆژانەى دەسەڵاتدارانى خیانەت و دز پیشەى هەرێمى کوردستان زەفەریان پێبردووە و نەئۆپۆزیسۆنى سەرگردۆڵکە و ناو کۆشى پارتى و نە فاشیزمى ئیسلامى و ئەردۆغانى توانیویانە بەسێبەریشیدا گوزەر بکەن . 
کوردستانپۆست .. دەنگێک ناخ هەژێن، لێوانڕێژ لە هیوا، پڕ لە داواکارى ...
کوردستانپۆست .. ڕێبوارێکى بە ورە، جەنگاوەرێکى بوێر، ڕوو لە ئاسۆیەکى ڕوون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە