ئایا ئەو دەستدرێژییەی تورک، کە لە باشوری دەکات خەتای پەکەکەیە؟

Tuesday, 01/10/2019, 16:59

6934 بینراوە


مهاتما گاندی دەڵێت: کاتێ کە منداڵ بوین بیرمان لەوە دەکردەوە کە سبەینێ کام یاری بکەین، بەڵام ئێستا دەبێت بیر لەوە بکەینەوە ئاخۆ سبەینێ ژیان کام یاریمان پێ دەکات.
-----------------------------
٢٨ساڵە تاکی کورد لە باشوور تێک دەشکێنرێت . ٢٨ ساڵە گەلێک لە هەرێمێکی قاڵبدراودا تەنها ژیانێکی پڕ چەرمەسەریی و پڕ لە ڕیسوایی ، پڕ لە نەخۆشیی و داماویی دەباتە سەر.
کورد کەساسترین مرۆڤی زیندووی ناو رۆمان و چیرۆکی ئەم سەر دەمەیە کە مێژووی تێدا دەنوسرێتەوە. ئەم دەسەڵاتە بەدەرەوشتە هەر ڕۆژەی مرۆڤێکی بەتاڵ لەمەعریفە بەرهەم دێنێت و لە ڕێگەی کەناڵەکانییەوە نمایشی دەکات ، ئیتر بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دێن و هەموو بیرکردنەوەیان لەسەر ئەو شتە پوچە، یان ووتە پوچە دادەنێن و لاپەڕەی پێ پڕدەکەنەوە ، بەڵام کەسێک نایەت قسە لەسەر ئەم بەد ڕەوشتییەی تورک بکات و بڵێت ئیتر بەسەر ڕایگرن.
قسەیەک هەیە دەڵێن : مرۆڤ کاتێک رێگای دا سوکایەتی پێبکەن، ئەوە خۆیەتی سوکایەتی بەخۆی دەکات.
لەو باشوورە تێکشکاوەدا پەکەکەش ڕۆڵێکی هێندە نەرێنی دیوە و بێدەنگە، کە ئۆباڵی ئەو بێ هەڵویستییەی کەوێتە سەر شان، چونکە هیچ کاتێک پارتی کرێکاران پڕۆژەی پێنەبووە بۆ بەشەکانی تر، بگرە ئەگەر گەنجێک یاخود مرۆڤێک لە باشوور تێکەڵ بە بزووتنەوەی پەکەکە بووبێت، ئەوان ئامادەیان نەکردووە تا لە باشوور رۆڵی هەبێت، بەڵکو دووریان خستۆتەوە لەو بەشەی کە لێی گەورەبووە ، من خزمی زۆر نزیکم هەیە ماوەی ١٨ ساڵە گەریلایە و ئێستا بەرپرسیارێتیشی هەیە ، بەر لەیەک دوو ساڵ لە شاری ڕانیە بوارم بۆ ڕەخسا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵدا بکەم ، تەنانەت زاراوەی زمانەکەشی گۆڕابوو ، گێڕایەوە بۆم لە دەڤەڕی دیار بەکر زامدار بووە. من تاسەر ئێسقان کوردستانیم، بەڵام ئەو سەدان گەریلایەی خەڵکی باشور ئەگەر لە باشور بمانایەوە ئێستا دەتوانرا بەرەو رووی سوپای تورک بوناە لەو دەڤەرەی خۆیان و کاریگەرییان زۆرتر دەبوو.
تورک و ئێرانی و ئێراقیەکان هەموو ڕۆژێک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بەفڕۆکەوان و تۆپ و بۆمب و خۆراکی بەسەر چوو، لەگەڵ دەرمانی خراپ و درامای تورکی و گۆرانییەکانیان نیشتمانێک ئەنفال دەکەن .
ئێمە چیمان کردووە؟ گەنجەکانمان لە زانکۆی عەشق دەخوێنن وانەکانی دەزگاکانی میت و مێژووی ئەتاتورک و دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەکانیان پێ دەڵێنەوە. ڕۆژانە گەشتەکان بۆ ناو تورکیا لەهەڵکشاندایە و خەونی زۆرکەسە گەشتی مەڕمەڕە و ئەستەنبوڵ بکەن. گۆرانیبێژە پوچەکانمان بەخۆشییەوە گۆرانی تورکی دەڵێنەوە بێ ئەوەی ماناکەی بزانن ، ئەمە هەرەسێکە کە خەریکە هەموومان لەناو دەبات.

هاتنی تورک و ڕێکەوتنی دەوڵەتی ئێراق و تورک، ئەو مێژووە دووبارە دەکاتەوە. داگیرکەران کاتێک مەسەلە دێتە سەر کورد لەسەر ئەوە کۆکن، کە واز لەهەموو ململانێکانیان بهێنن و دژی کورد یەک بگرن. ئەو پیاوە پوتانەی کورد لە عێراق لە ڕێگەی گەلی کوردەوە پۆستیان پێدراوە وەک داگیرکەران بیر دەکەنەوە ، ئەو هەموو وەزیر و گزیرە بەدڕەوشتە کە بەناو کوردن بەیەک ووشە چییە باس لە داگیر کاری تورکیا و ئێران ناکەن. بەرهەم ساڵح لای ترەمپ دەڵێت ئێمە یەکێتی خاکی ئێراق دەپارێزین ، بەڵام بەیەک ووشە باسی ١٩ سەربازخانەی تورک ناکات. 

سەمەرە لەوەشدایە، کە نە پەکەکە و نە خەڵکیش لەو هەرێمە دەڵێن باشە ئەم بەشەرەپیسە بەچمەبەستێک سەردانی تورکیا دەکات ، هەر ئەم پۆخڵە نییە، بەڵکو نێچیر سەردانی تورکیای کردۆتە ئەرک چی ڕووبات ئەو پیاوە پوتە دەچێتە تورکیا ، خۆ دەکرێت ئەرکی ئەو بەشەرە پیسە بە زەنگی تەلەفۆنێک بگات ، بەڵام بۆ تێک شکاندنی گەلێک لەگەرمەی ڕووداوەکاندا لە تورکیاوە پەیام دەنێرن.
ڕۆڵی نەرێنی پەکە لەکوێدایە؟
پەکەکە لەمەرگی هەموو خائینێکدا، کە نیشتمانیان هەراج کردوە دێن پەیام دەنێرن و مردۆکە بەپاڵەوان وێنا دەکەن، دەڵێن مێژوو قەرزداری نمونەی تاڵەبانی ، برایم ئەحمەد ، مەلامستەفا ، ئیدریس و منداڵەکانی ... هتد.
لە گەرمەی ڕووداوەکانیشدا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو بەشي داگرکراوەی باکورەوە هەیە ئەوان بێدەنگن، وەک هێرشی خەڵکی بۆ سەر سەربازگەکانی تورک لە شێلادزێ، بایکۆتکردنی ئۆردوگای مەخمور، شەهیدکردنی دیار غەریب و هەڤاڵانی . چوونی ئەم مرۆڤە بەدکارانە بۆ تورکیا و هەڵوێست و قسەی ئەم بەدڕەوشتانە بۆ ستایشی ئوردۆگان و ئیسلام و شەریعەت و گەڕانەوەی خەونی داگیرکاری. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەو وێنە ناقۆڵایانەیە کە کەسانی وەک د. کەریم و د. بەرهەم، چەند بەرپرسێکی خائین لە قەندیل گیراوە، هێندەی تر خەڵکی توشی بێهیوای کردووە ، لە سەرو ئەمانەشە مێدیای سێبەری پەکەکەیە، کە بەردەوام نووسین و هەڵوێستی قەشمەرانەی . شاناز و هێرۆ و بەرپرسەکان دەجوێتەوە و بە هەڵوێستی ئەرێنی و جوامێری دەیشوبهێنن.
دواجار هاتنی سوپای تورک هیچ پەیوەندی بە پارتی کرێکارانەوە نییە ، چونکە ئەوان دەڵێن ئەگەر لە خواروی ئەفریقاش جێگایەک (کیان سیاسی) بۆ کورد دروست بکرێت دژایەتی دەکەن .
هەموومان دەزانین کە جەنگ لەسەرەتاوە بە بۆردومانکردن ، تۆوی نیفاق، خۆراکی بەسەرچوو نەخۆشکردنی خەڵک دەست پێدەکات لە سایەی دەسەڵاتی کوردییەوە ٢٨ساڵە ئێرانی و تورکەکان هەموو ئەو شتانەیان کردوە بێجگە لەمادەی هۆشبەرو فاسیدکردنی خەڵک و فەسادکردنی هەموو بەهاکان .
ئێمە ڕووداوەکان تەنها وەک ڕاوی کەروێشکێک سەیر دەکەین ، وەک بەردی دالاستیکی منداڵێکی چەتوون، کە چۆلەکەیەک دەپێکێ، لەکاتێکدا ئێمە هێندە بێکەرامەت کراوین، بێدەنگیمان دەڵێت ئێمە هەموو شتێکمان قبوڵە.

ڕەنگە ئێمە وابزانین تاکێکین لە ڕیزی پێشەوەی جەنگەکەداین بێ سوپا ، لەکاتێکدا موسڵمانەکان بۆ قوربانی بورمە شینیان دەکرد و بۆ غەزە قوڕیان دەپێوا، بۆ فوتبۆڵی بەرشلۆنە شەقامیان پڕ دەکرد لە قاو و قیژ ، کەچی هەموو ڕۆژێک تورک و بۆردومانمان دەکات ئێمە مێش میوانمان نییە . دواجار ئەوە ئێمەین ئەو دەستدرێژیەی تورک قبوڵ دەکەین، چونکە خائینەکانمان دەردەکەون ، ڕادەکەین وێنەیان لەگەڵدا دەگرین و دەترەقێنەوە .
هەست بەشەرم دەکەم لەم سەردەمەدا دەژیم کە کەرامەت چۆتە قاتی و ترسنۆکی بۆتە کاری ڕۆژانەی تاک بە تاکمان لەسەرو هەموویانەوە گەنجەکانمان تەنها لەخەوێکی بێئاگادا دێن و دەچن . ئەمە چ چارەنووسێکە ترسنۆکەکان لە ووڵاتی ئێمە لە دایک دەبن، سبەی چ چیرۆکێکی شکۆ و بوێری بۆ مێژوو بنووسینەوە! خۆزگە دۆڕان و کەوتن و ئەو سوکایەتییە یەکێک نەبوایە لە بژاردەکانمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە