خوێندنەوەیەکی ئاینی بۆ مێژووی پێش زاینی کورد

Tuesday, 10/12/2019, 23:18

13561 بینراوە


لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەیەک خاڵی گرنگ بکەم، ئەویش خوێندنەوەیەکی قورئانییە بۆ مێژووی کۆنی کورد، ئەمەش تەنها وەکو وەڵامێک بۆ ئەوانەی کە مێژووی کورد لە پێش زاینی دا بە ناڕاست و ئەفسانە دەزانن.

ئەوەیی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە کورد پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسا واتە (پ.ز)، خاوەنی پرشنگدارترین مێژووە لە ڕووی سیاسییەوە، کە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی بووە لە سەر خاکی خۆی، هەر لە (سوئی)یەکانەوە بیگرە تا دەگاتە (ئیمپڕاتۆریەتی مادد)، بەڵام کاتێک نەتەوە و خاکی داگیرکرا لە لایەن نەتەوە و دەسەڵاتە سیاسییەکانی ناوچەکەوە ئیدی دەست گەیشتن بە سەرچاوەکانی مێژووی کورد، کەرەستە شوێنەوارییەکان لە پێش زاینیدا زۆر قورس و سەخت بوو. کاتێک دەڵێین کورد لە پێش لە دایک بوونی حەزرەتی مەسیح دا خاوەنی مێژوویەکی گەش بووە، ئەمە بە مانای خولەنەوە لە بازنەی ڕابردوودا نایەت، بەڵکو لێرەوە دەمانەوێت بە خوێندنەوەیەکی قورئانی بۆ مێژوو وەڵامی هەموو ئەوانە بدەینەوە کە بوونی مێژوو و شارستانیەتی کورد لە پێش زاینیدا بە درۆ و ئەفسانە دەزانن. کاتێک دەڵێن کورد خاوەنی شارستانیەتیێکی دەوڵەمەندبووە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئاینی و کەلتوری و فەرهەنگی و نوسین و کشتوکاڵ و تەلارسازی و جەنگییەوە، کورد خاوەنی گوند و شاری پێشکەوتوو بووە، لە قۆناغەکانی مێژووی بەردین دا، هەندێک کەس، تەنانەت کەسانی ئەکادیمیش ئەمە بە ڕاست نازانن. 

هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاینە ئاسمانییەکان هەیە، دەبێت باوەڕی تەواویان بە مێژووی کۆنی کورد هەبێت، چونکە زۆربەی چیرۆکە مێژووییەکانی ئاینە ئاسمانییەکان باسی مێژووی پێش لە دایک بوونی حەزرەتی عیسایە. بۆ نموونە قورئان ئاماژە بە چیرۆکی سولەیمان پێغەمبەر دەکات کە لە زەمەنی ئەودا لایەنی سیاسی و دەوڵەتی و ئابوری و کشتوکاڵ و تەلارسازی زۆر پێشکەوتوو بووە. کەسێک باوەڕی بە سەردەمی سولەیمان پێغەمبەر هەبێت، دەبێت باوەڕی بە شارستانیەت و مێژووی کورد هەبێت لە پێش زایندا چونکە زەمەنی سولەیمان پێش زەمەنی زاینییە. کاتێک دەڵێین لە بەرەبەیانی مێژووەوە، لە قۆناغەکانی چاخی بەردین و دواتردا نەتەوە کۆنەکانی کورد خاوەن نوسینی تایبەت بە خۆیان بوون، هەندێک، تەنانەت کەسانی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیش ئەمە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام هەر قورئان دەڵێت: کە
سولەیمان پێغەمبەر نامەی بۆ بەلقیس ناردووە. واتە نووسین هەبووە، ئەمە لە کاتێکدا زەمەنی سولەیمان پێغەمبەر و نەتەوە کۆنەکانی کورد هەر پێش زاینن، ئیدی چۆن ئەوەی کورد ڕەتدەکرێتەوە و ئەوەی زەمەتی سولەیمان پێغەمبەر قبوڵە؟

زەمەنی نوح پێغەمبەر زەمەنی پێش زاینییە، چۆن دەکرێت باوەڕت بە زەمەنی نوح هەبێت کە خاوەنی شارستانیەت بوون و نوح کەشتی دروست کردووە، بەڵام باوەڕت بەوە نەبێت کە کورد لە پێش زاینیدا خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و کەرەستەی جەنگی و کشتوکاڵ و پیشەی دەستی بوون؟ گەر بڵێیت: نوح پێغەمبەر پێش زاینی کەشتی دروستکرد ئەوە جێگەی باوەڕە. بەڵام گەر بڵێیت کورد پێش زاینی گالیسکەی دروستکردووە، ئەوە ئەمە جێگەی باوەڕ نییە، ئەمە چی لۆژیکێکە، ئەوەی نوح ڕاست بێت و ئەوەی نەتەوە کۆنەکانی کورد ناڕاست بێت، لە کاتێکدا کورد و خەڵکەکەی زەمەنی نوح پێغەمبەر هەر خەڵکی پێش زاینن. بە هەزاران بەڵگەی شوێنەواری هەن، و گەر ڕێگە بدرێت و کارئاسانیش بکرێت لە پارچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا کنە و پشکنین بکرێت ئەوە چەندین گوند و شاری مێژوویی و بە هەزاران تەن کەرەستەی شوێنەواریش دەدۆزرێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە بە بەڵگەی زانستی مێژوویی سەلمێندراوە کە کەشتییەکەی حەزرەتی نوح لە چیای (جودی) لە باکوری کوردستان گیرساوەتەوە.

زەمەنی یوسف پێغەمبەریش هەر زەمەنی پێش زاینییە، کە یوسف پێغەمبەر دەبێتە دەسەڵاتداری میسڕ و ووڵاتێکی کشتوکاڵی بەهێز بنیاد دەنێت، لۆژیک ئەوە قبوڵ ناکات باوەڕت بە خەڵکانی میسڕی زەمەنی سولەیمان پێغەمبەر هەبێت کە خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسی بەهێز و شارستانیەت و مێژوو بوونە، بەڵام باوەڕت بە دەسەڵاتی سیاسی و مێژوو و شارستانیەتی کوردی هەمان زەمەن، یان پێشتر و دواتر نەبێت.

نەک زەمەنی نوح و ئیبراهیم و سولەیمان و یوسف، بەڵکو قورئانی باسی مێژوو و شارستانیەتی زەمەنی ئادەم دەکات، کە هەندێک بە یەکەم مرۆڤ و هەندێکی دیکە بە یەکەم پەیامبەری دادەنێن. خەڵکانی زەمەنی هەموو پێغەمبەرەکانی پێش پێغەمبەر محمەمەد (د.خ) خەڵکانی پێش زاینین (پێش لە دایک بوونی حەزرەتی مەسیحن)، هیچ لۆژیکی نییە باوەڕت بە مێژوو و شارستانیەتی ئەوان هەبێت، بەڵام مێژووی شارستانیەتی کورد لە پێش زاینی دا ڕەتبکەیتەوە و بە ئەفسانە و خورافیاتی بزانی، لە کاتێکدا نەتەوە کۆنەکانی کورد، سوئی و لۆلۆیی و گۆتی و میتانی و خوری و کاشی و مادەکان، بەشێک بوون لە خەڵکانی زەمەنی هەموو پێغەمبەرەکان، بەڵام لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆیان.

ئومید ناسح جیهانی ، ماستەر لە مێژوو دا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە