هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


کۆنە مارکسی و شیوعییەک ئەبێتە گەورەترین مافیا

Thursday, 09/01/2020, 20:33

10958 بینراوە


خەڵکی سلێمانی جاران خانەوادەی موستەفا سەفوەت باش ئەناسن، هەر لەو کاتەوە کە مەڵا حەمدون هەجویەکی خەست و خۆڵی مەلا مستەفای سەفوەت ئەکات، حاجی تۆفیقی پیرەمێردیش بەجوانی لەو بەیتەدا بۆی تەواو دەکات و ئەڵێت: 

ناوی مستەفای مەلا ڕەسوڵە
....................
 ئەم دوانە باسی باوکی عیزەدینیان کردوە، ئەمە جگە لەوەی زۆرێک لە خەڵکە بە تەمەنەکەی سلێمانی بیریانە، کە لە بەردەرکی سەرا مەلا مستەفا سەفوەت لە گەڵ نەنە طاوس و ئامە ئێرانیدا لە ماشێنە سەربازیەکەی سوپای عێراقدا جلی سەربازی لەبەر کردبوو هاواری ئەکرد، کە ئەچێت بۆ فەلەستین بۆ غەزا لە دژی جولەکەی زایۆنیزم، مستەفا سەفوەت قەسەمی بەسەری عیزەدینی کوڕی ئەخوارد، کە هەر ئەڕوا و ناگەڕێتەوە.هەروەها هەردوو خوالێخۆشبو جەمال نەبەزو مامۆستا جەمیلی ڕۆژبەیانی زۆریان لە سەر نوسیون و ئەوە بوەتە بەڵگە و تازە سڕینەوەی لە مێژوودا مەحاڵە.
ئەمە حاڵی باوانی عیزەدین و فاروقە، ئەولادی ئەو مەلازادەیەیە، کە ڕۆژانێک خۆیان بە نمایندەی مارکس ئەژمار ئەکرد، تا ئەو ڕٶژەی بنەماڵەی خیانەت و وڵاتفرۆش ئاشبەتاڵیان کرد، ئەو ڕۆژانە فاروقی مەلازادە و چەپی دەروێشی ماوتسی تۆنگ، کەوتە تفەنگ کۆکردنەوە بەناوی بەردەوامیدان بە شۆڕش كڵاوی لە سەری بارزانی باوک نا و بڕێکی باش پارە و چەکی لێوەرگرت و خۆی گەیاندەوە دۆستە دێرینەکانی لە شارەزور پێشکەشی کرد بە سەربازگەی بەعس، بەمە پارەیەکی باشی لە جێیدا وەرگرت و کەوتە خۆی بۆ سپیکردنەوەی ئەو پارەیەی کە خوێنی هاوەڵەکانی بوو.
بەو پارەیە و لەسەردەمی بەعسدا کارگەیەکی بلۆکی پێدانا، بە دوایدا چووە لە بەغدا بۆ پەیوەندی کردن بە ئەو شیوعیانەوە کە لە لای بە عس ببونە جاش، هەروەها پەیوەندی کرد بە ئیبراهیم عەلاوی کۆنە مامۆستای، عەزیزحاجی دۆڕاو و جاشی بەعس، ئەم مەلازادەیە کە ناوی فاروقی مەلا مستەفایە لەم پلانەیدا زۆر سەرکەوتو بوو، توانی سەباح میرزای یاوەری یەکەمی سەدام حوسەین و تەها جەزراوی و چەند بەعسیەکی دەسەڵاتداری ئەو زەمانە بناسێت، خۆی لەوان نزیک کردەوە، بە دوایدا چەندین پرۆژەی بازرگانی وەرگرت وەکو مقاوەلات، تا لەکۆتاییدا توانی پرۆژەی سەربڕێنی مریشكی بازیان وەرگرێت، لەم دوا پرۆژەیەدا زۆر زیرەکانە توانی ئیشی بۆ بکات، یەکەم بە هۆی تەها جەزراویەوە (طە یاسین رمضان) پرۆژەکەی وەرگرت، بۆ سەرمایەکەشی کڵاوی نایە سەر ئیبراهیم عەلاوی بەناوی هاوبەشیەوە پارەی پرۆژەکەی لەلایەن ئەو کۆنە شیوعیەی کە ببوە جاشی بەعس مسۆگەر کرد.
فاروقی مەلا مستەفا بۆ ئەوەی لەلایەن یەکێتی نیشتمانیشەوە کەس دەست نەهێنێتەڕێی داوای و پارەی لێنەکەن، بە پشکێکی کەم (حەمەی حەپسە)ی کردە شەریکی خۆی، ئەمەش نەک لەبەر چاوی كاڵی بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو حەمەیە خزمی نزیکی مستەفا چاوڕەش بوو، ئەو کاتە مستەفا چاوڕەش بەرپرسی مەڵبەندی دوی (ی.ن.ک) بوو، ناوچەی بازیانیش لە سنوری ئەو مەڵبەندەدا بوو.
فاروقی مەلا مستەفا تا ئاشبەتاڵ خۆی بە باڵوێزی ماوتسی تۆنگ ئەزانی لە ژێر سێبەری یەکێتیدا و بە مۆڵەتی بەعس ئەم کارانەی ئەنجام دەدا، ئەم حەرامزادەیە ئەوەندە لێزان بوو لە درۆزنی و ساختەچیتیی و دەستبڕیندا، بۆیە لە چینی پرۆلیتاریاوە بازی دا تا چینی بۆرژوا بۆی نەوەستایەوە.
لەو ڕۆژگارەدا، لە دوای قۆناغی بۆرژواوە هەنگاوی بە پەلەی هەڵگرت بۆ بوونە مافیا ئەویش بەهۆی جەلال تالەبانی، بەڵگە بۆ ئەم قسەیە، ئەوەبوو کە دوایی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو، خستیناە گرتوخانەی سلێمانی لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەددا دوای ڕاپەڕین، ئەویش ئەو کاتە بوو، کە وەزیری دارایی ئێستا (ئاواتی شێخ جەناب) قایممەقامی سلێمانی بوو، ئەم بڕیاری بەندکردنە لەسەر ئەوە بوو کە فاروقی مەلا مستەفا هەموو مریشکێکی سەربڕین خانەکەی نزیکەی دووسەد وپەنجا گرام ئاوی ئەکردە ناو سکی هەر کیلۆیەک مریشکەوە، کە لەو زەمانەدا خەڵک زۆر بێ پارە و کەم دەرامەت بوو، بەهۆی ئەو ئابڵوقە ئابوریەوە کە خرابوە سەر خەڵکی کوردستان، واتە فاروقی ناموبارە و بێویژدان سەهۆڵی لەناو سکی مریشکدا بە خەڵک ئەفرۆشت لە بری گۆشت، هەڵبەت ئەوکاتە هێشتا مۆبایل و ئاسیاسێڵەکەی مام جەلالی ئاغای و هاوڕێ و شەریکی نەکەوتبووە کار، بۆیە قایمقام پاش دوو ڕۆژ ناچار بە فەرمانی تالەبانی کاک فاروقی مافیای بەرەڵاکرا، کاتێکیش تەلەفۆنی مۆباێل داهات لە جیهاندا بووە پێداویستیەکی سەردەم، کاکی کۆنە چەپ بووە دەڵاڵ و سەرکاری خانەوادەی تاڵەبانی بە هێزی تاڵەبانی و یەکێتی نیستیمانی لەگەڵ هاوبەشە قەتەریەکانیان، ئاسیا سێڵیان دامەزراند.
ئێمە لێرە بە دواوە ئەتوانین ئەم مەلازادەیە بە مافیا ناوبهێنین، ئەمەش لە چییەوە دێت، کە شەرەفی ئەوەی پێببەخشێن کە نازناوی مافیای لێبنێین، هۆکەی ئەوەیە لە ژێر باڵی تاڵەبانی و سەرۆکە نووستوەکە و، سەرۆکە تازە بێحورمەتەکەدا توانی ئەو باجەی کە حکومەت خستیە سەر کۆمپانیاکانی مۆبایل بیخەنە سەر چینی چەوساوە، بۆ ئەوەی چینی بۆرژوا ببێتە مافیا، ئاوەها فاروقی مەلا مستەفا بە هۆی ئەم مافیا نوێیەوە کۆمپانیاکانی تری وەک، کۆرەک و زەین و ئەوانی تریش لەو باجە دەرباز ببن و بیخەنە سەرملی خەڵک، لەوە سەیر تر، کاکی مافیای نەوەی سەفوەت، ئیستا خەریکە کڵاو ئەنێتە سەری هەڤاڵ ئەبوبەکر، کە نازناوی (هەڤاڵ دەغیلە)یەو پارێزگاری سلێمانییە، بەوەی هۆتێلە کەی بکاتە سیمبوڵی سلێمانی بۆ سەر پاسپۆرت، بەڵام لە هەنگاوێکی تری کاکی مافیادا دوو سە دو پەنجا دیناری تری خستۆتە سەر کارتی مۆبایل، بێ ئەوەی بەر پرسێکی شاری ڕۆشنبیریی، لە ئاست کاک فاروقی مەلا مستەفا نقە بکەن.
هەر وەک بیر خستنەوەیەک، با باوکی زینۆ و زەریا ئەوەی لە یاد بێت، کە مردن لە ڕەگی لامل نزیک ترە ڕۆژگاریش ناوەستێ کاتێک میللەت لە دەسەڵات توڕە ئەبێت، مافیاکانی کە لە سێبەریدا خەڵک ئەڕوتیننەوە، سەلامەت دەرباز نابن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە