وەڵامێک بۆ د. بەختیار، کە دەڵێت، کوردستانپۆست لەسەر داوای دەسەڵات منیان سانسۆر کرد

Tuesday, 28/01/2020, 4:31

9293 بینراوە


کاک گۆران هەڵەبجەیی لە دانیمارک کۆڕێکی بۆ د. بەختیار ئەمین قەرەداغی رێکخستووە.
لە کۆڕەکەدا د. بەختیار بە دوور و درێژی باس لە هێنان و فرۆشتنی دەرمانی ماوەبەسەرچوو (ئێکسپایەر) دەکات لەگەڵ  دەستیکەلکردنی بەرپرسەکان بۆ هێنان و فرۆشتنی ئەو دەرمانانە و بازرگانییکردن بە هەموو جۆرەکانی کەرەستەی پزیشکییەوە، کە چۆن ئەمە راستەوخۆ کاریگەری زۆری کردۆتە سەر تەندروستی دانیشتوانی باشووری کوردستان.
د. بەختیار دەڵێت: بۆ ئەم حاڵەتە من دەنگم بەرزکردەوە و ئیتر دەسەڵات هەوڵیاندا دەنگم کپ بکات، کەسیش نەبوو پشتگییریم بکات، تا لە ٢٢- ١ دا رەزامەندی وەرگیرا کەوا دەبێت بکوژرێم. بەمەش هەموو لایەک ئاگادارکرانەوە کەوا بوونی من بۆ سەر حکومەتی کوردستان خەتەرە، هەروەک چۆن بە برادەرانی کوردستانپۆستیشیان وتبوو. لە دەقیقەی (22:30)ـەوە گوێی لێبگرە،
ناوهێنانی کوردستانپۆست، بەو شێوەیە کە د. بەختیار ئەمین هێناوێتی دەیەوێت ئەوە  بە خەڵکی بڵێت، کە گوایە کوردستانپۆست وەک راگەیاندنەکانی دیکەی سەر بە دەسەڵات و میدیا ئەهلییەکان کوردستانپۆستیش سەر بە وانە، چونکە بەو شێوەیە رەفتاری لەگەڵ منیشدا کردووە، بە قسەی خۆی ئیتر بەرپرسێک تەلەفونی پێوە کردوون، کوردستانپۆستیش بڕیاری داوە، پشتی تێبکات و سانسۆری کردووە، بە واتایەکی تر د. بەختیار ئەمین دەیەوێت ئێمەش بەوە تاوانبار و ناشرین بکات، کە گوایە کوردستانپۆست لە ژێرەوە پەیوەندیی بە پارتە خائینەکانی کوردستانەوە هەیە و لە ژێر رێنمایی پارتیی و یەکێتیی هەڵسوکەوت و کار دەکات، هەر ئەوان ئاگاداری کوردستانپۆستیان کردووە تا پشت بکاتە د. بەختیار و هیچی بۆ بڵاونەکاتەوە.  هەڵبەت قسەکانی ئەم بەڕێزە هەرچەندە بێبەڵگەن و لە خۆیەوە فڕیی داوە، چونکە مێژووی کوردستانپۆست وەکو دەزگایەکی راگەیاندن، لە ماوەی ٢٧ ساڵەدا ئەوەی سەلماندووە، کە کوردستانپۆست لەسەر ئەرکی ئەندام و ستافەکەی ئەم سایتە بەڕیوە دەبات و بەرەو رووی هەموو کۆسپ و تەگەرە و ناخۆشییەک بۆتەوە، جۆری بڵاوکردنەوەی نووسین و هەوالەکانیش، شێوازی پەیوەندیی و رەفتاری رۆژانەی کوردستانپۆست لەگەڵ نووسەر و خوێنەران، ئەوەی سەلماندووە، کە ئێمە پێچەوانەی ئەو قسەیەی د. بەختیار رەفتارمان کردووە،  بە تەنیا قسەیەکی بێ بنەما و بوختانێک لەکەدار نابین، ئێمە تاقە دەزگا و راگەیاندنێکین، کە لەگەڵ دروشمی رەخنە بە چەکوش، ئەو درشمەشمان هەڵگرتووە کە داوای رووخاندنی حکومەتی هەرێم و ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان دەکەین، نەک تەنیا پێمان وایە، بەڵکو ئەوە راستییە، کە ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتی وڵات و خاکفرۆشە، حیزبەکان و پەرپرسەکان خائین و ناپاکن.



لە کۆتاییدا ئێمە لیرەدا بە پیویستمان زانی کە بە کورتیی وەڵامی ئەو تۆمەتە بدەینەوە و جۆری پەیوەندیی خۆمان بە د. بەختیارەوە باس بکەین، کە لەو ماوە کورتەدا لەگەڵماندا هەیبووە ، روونیشی بکەینەوە کە بۆچی پەیوەندییمان لەگەڵیدا بچڕاند.
د. بەختیار لە رێگای چەند کەسێکەوە، پەیوەندیی تەلەفونی پیوەکردین، دیاربوو ئەو ماوەیە باری دەروونی و تەندروستی زۆر ئاڵۆز بوو، خۆشی باسی کرد، کەوا دکتۆرکانی دانیمارک پێیان راگەیاندووە  دەبێت پشوو بدات و لە ژێر چاودێرییدا پشکنینی بۆ بکرێت، ئێمەش بە رێزەوە مامەڵەمان لەگەڵدا کرد، هەر لەیەکەم پەیوەندییدا هەواڵێکی بۆ ناردین، بەوەی گوایە ئینتەرپۆل فەرمانی گرتنی کۆسرەت رەسوڵی دەرکردووە، ئێمەش بلاومان کردەوە، (کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکە) دوایی دەرکەوت وا نییە و دوورە لە راستیی، تەنیا داواییەکی ئاساییە ، کە کوڕەکەی لای پۆلیسی دانیمارکی تۆماری کردووە، ئا ئاگاداری پۆلیس بکاتەوە کە باوکی لە کوردستانە و ژیانی لە مەترسیدایە. (ئەمە یەکەم ناڕاستی بوو، لەگەڵ ئێمەدا کرا).
دووەم: بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە و پەیداکردنەوەی متمانە لەلامان داوای کرد چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا بکەین، ئێمە ئەوەمان کرد و بە دەنگ چاوپێکەوتنەکەیمان تۆمار کرد، کاتێکی زۆرمان بە نووسینەوەی چاوپێکەوتنەکە تەرخان کرد، کە هاتە سەر بڵاوکردنەوەی، هەر خۆی پەیوەندیی پێوە کردین، کە رایبگرین و بڵاوی نەکەینەوە. پەیمانی ئەوەی پێداین، لە بری ئەمە نووسینێک دەنووسێت، (ئێمە بەمە رازیی بووین، وەک وتمان لە بەر ئاڵۆزی باری دەروونی و تەندرووستی چاوپۆشیمان لێکرد)، ئەوە بوو بە دوایدا پاش چەند رۆژێک ئەم نووسینەی خوارەوەی بۆ ناردین  بە ناونیشانی (ئایا کۆسرەت رەسوڵ کۆنترۆڵی ماوە؟
 دیسان پاش یەک دوو کاتژمێر پەیوەندیی پێوەکردینەوە، داوای کرد ئەم نووسینە لابەرین بە بیانووی ئەوەی کە هەڕەشەی لێکراوە و وتوویانە کوڕەکەی خزمت دەکوژین، (ئێمەش نووسینەکەیمان وەستان و بلۆکمان کرد، کە ئیستا جارێکی دیکە لێرەدا بڵاوی دەکەینەوە).
سێیەم: هەر لەو ماوەیەدا ئەوەی بۆ باسکردین، کەوا کۆسرەت ویستوویەتی بیکوژێت، بۆیە ئەو شەوە ئاری هەرسین بە سەیارەی خۆی دەربازی کردووە و بردوویەتی بۆ هەولێر لەوێوە گەڕاوەتەوە بۆ دانیمارک (ئەمەش بۆ خۆی هێڵی سووری پەیوەندییە لەگەڵ هەر بەرپرسێکی خوێڕی و خائینیدا بکرێت).
لە پرسیاری ئەوەدا کە بۆچی بەڕێزیان وێنەیان لەگەڵ شێخ جەعفەر و حاکم قادری یەکێتیدا گرتووە؟ بەتایبەتی  دەستی کردۆتە ملیان؟ پاساوی ئەو بەڕێزە کە بە نووسین لە ڤایبەرەوە بۆی نووسین، کە بۆچی دەستی کردۆتە ملیان، دەربڕینێکی ناشرینی نووسی، تووشی سەرسوڕمانی کردین، ئێمە ئەوەشمان پاراستووە، کە رووی ئەوەی نییە بڵاوی بکەینەوە). بۆیە لەسەر هەموو ئەمانە ئیتر ستافی کوردستانپۆست بڕیاری دا، هیچی لیوەرنەگرێت و پەیوەندیی لەگەڵدا بپچڕێت.
ئەم کورتەی وەڵامەکەی ئیمەیە بۆ ئەو بەڕیزە و بۆ ئەوانەی کە گوێبیستی کۆڕەکەی د. بەختیارە، کە لەسەر ئەو تۆمەتەی داوێتە پاڵمان گوایە ئێمە سەر بە بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی هەرێمین و د. بەختیار خەتەرە بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە، بۆیە بڕیارمان داوە هیچی بۆ بڵاونەکەینەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە