دەف و گێلگامێش و دواهەمین دەروێش

Saturday, 02.08.2020, 13:06

2573 بینراوە


دیمەنی ئەو دەرویشە هەتا ئەمڕۆش لە بیرەوەری هەلبژێردراومدا وەک خۆی ماون. کتوپڕ کە هاتە ژوورەوە، بەبینینی قەد و باڵای واقم وڕما و ئەبڵەق بوم، بە پێوە جوڵەم لێبڕابوو، وەک ئەوەی لەبەردەم هێزێکی باڵادا خۆم ببینمەوە، لەبەردەم هێزێکی موگناتیسیدا، هەرگیز لەوە و بەر بونەوەرێکی وەها غەریبم نەدیبو، وەک ئەوەی کە بوونەوەرێکی دەرەکی بێتو لە جیهانیكی ترەوە هاتبێت، بوونەوەری ئەستێرەیەکی دوور، ملوێنەها کیلۆمەتر دوور لە ئێمە، بوونەوەرێکی بەڕاستی غەریب بۆ منێک لەو تەمەنەدا.  لە پەیکەرێکی مۆزەخانە دەچوو، لە پەیکەرێکی سەردەمی ئەنتیکیتێ:  قژی درێژ و پرچی خەناویی هاتبونە سەرشانی و لەگەڵ موروو، خشڵ و ملوانکەی ڕەنگاو ڕەنگیدا تێەکەڵ بوون، هێندەی ئالاو واڵا هەڵواسیبو بە خۆیەوە لە دوکانێکی ڕازاوەی خشڵ و کوتال دەچوو، گوارە بە گوێکانیەوە، چاوی بە کل ڕەشکردبوو. نازانم بەمەبەست بوو یان نا، بەڵام چەند جارێک بەدەوری خۆیدا سورایەوە وەک ئاژەڵێک بەدەوری جێگایەکی نامۆدا، هەتاوەکو شوینی دانیشتنەکەی دیاری بکات، کاتێک دانیشتو دەفەکەی گرت بەدەستیەوە، بە چواردەوریدا ژنانی گەڕەک دانیشتبون.
ژنانی گەڕەکی دەرگەزێن، ئەو سەردەمە دەروێشەکان گەڕەکا و گەڕەک دەگەڕان و داوایان لە ژنانی گەڕەک دەکرد کە کۆنسێرتێکیان بۆ بکات بەرامبەر بە برێک پارە،  پارەیەکی دیاریکراو نەبو وەک کۆنسێرتی ساڵۆنەکان، هەرکەسەو بە پێی توانای خۆی . وابزانم ئەوە دواهەمین دەرویش بو کە بینیم لە ژیانمدا، چونکە لەدوای ئەو دەروێشەوە بیرم نایەت کە دەروێشێکی تری وەک ئەوم بینی بێت. ئیتر لەو ڕۆژەوە، بە بینی ئەو دیمەنە، هەمو ژیانم هەوڵم ئەدا وەک ئەو دەورێشە بژیم، وەک ئەو خۆم بپۆشم، وەک ئەو گۆرانی بڵێم، وەک ئەو بەبێ ماڵو خێزان، گەڕۆکو کۆچەر، لەم جێ بۆ ئەو جێ، هەر ڕۆژەو لە شوێنێک، هەر ڕۆژەو لە شارێک. باسی خەمی دانیشتوانی شاران بکەم، باسی خەمی مرۆڤان بکەم، باسی خەمو زوخاوی ئەوان بکەم.


دەنگی خشەی ئەڵقەی دەفەکەی لەسەر پێستی دەفەکە وەک هەورەگرمەی بەهار ڕۆحی دەلەرزاند، پەیامی تۆفانو بارانی پێبو، چاوڕوانی هەژاندنی  لێدەکرا. هەر کە دانیشتوهەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشاو چاوی گێرا بە چواردەوری خۆیدا و سەیرێکی هەمو ژنانی چواردەوری خۆی کرد، بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر شوێنەکەدا، تەنها خشەی ئەڵقەی دەفەکەی لەو بێدەنگیەدا وەک بڵقی سەر ئاوێکی مەنگ، وەک نمەی بارنی بەهار، بێدەنگی دەشکاند. هەمو ژنانی چواردەوری هێنابوە جۆشوخرۆش، ژنەکان بەدەم ئاخ هەڵکێشانو هەناسەی سەردەوە هەریەکەیان لەجێی خۆیەوە دەستی کرد بەگریان، فرمێسک خوڕە خوڕ بە بێ وچان بە جاویاندا دەخوڕان، ئەو سەردەمە ژنان سەرپۆشی سپیان دەپۆشی، هەریەکەیان لەجێی خۆیەوە فرمێسکەکانیان بە سەرپۆشە سپیەکانیان دەسڕی. 
لەو تەمەنەدا نەبوم بیرەوەری تێکستم هەبێت، نەم دەزانی باسی چیان بۆ دەکات، باسی چ درامێک، چ مەینەتیەک، چ چیرۆکێکی خەمگینیان بۆ دەگێڕێتەوە، باسی چ  سەرگەدانیەکی ژیانیان بۆ دەکات، باسی چ پالەوانێکی شکستخواردویان بۆدەکات، هەتاوەکو ئەو ژنانە وەها بگرێنێتو منێکی منداڵیش وەها بەنج بکات لە جێگای خۆمەوە .  ئەمڕۆ دەڵێم  پێ دەچێت کە تێکستی دینی بوبێتن:
 حەسەن و حسەین برابون، لە دەشتی کەربەلابون. ......
 بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەو دەروێشە تەمەنی هەزارەها سال بو،  لە جیهانێکی دورەوە هاتبو، هەر لە مێژەوە ئەوە کاری بوە، لە دێر زەمانەوە ئەو گۆرانی وتوە بۆ ژیان، لە پێش بەسەرهاتی حەسەنو حسەینەوە، کەواتە دەبێت هەزارەها سال لەمەوبەر چ گۆرانیەکی بۆ چڕیبێتین ؟ باسی چی بۆ کردبێتین ؟ چ درامێک ، چ شیوەنێک ؟
 کاتێک کتێبی گیلگامێشی کاک شاسوارم خوێندەوە و کەوتم بەسەر تابلۆی هەشتەمدا، کاتێک گیلگامێش شیوەن بۆ ئێنکیدۆ دەکات، تەواو هەستو سۆزی جوڵاندمو هەرخێرا بیری ئەو دەروێشەی منداڵی گەڕەکی دەرگەزێنم  کەوتەوە .
***
شیوەن و لاواندنەوەی گیلگامێش  بۆ ئێنکیدۆ، تابلۆی هەشتەم، وەرگیڕانی لە سوێدیەوە بەکوردیەکی هەتا بڵیی جوان، کاک شاسوار هەرشەمی :

بەیانی، لەگەڵ کەوتنی یەکەم تیشکی خۆرەتاودا
گیلگامێش بە ئەنکیدۆی دۆستی خۆی گوت
ئێنکیدو، دایکی تۆ، مامزەکەو
باوکی تۆ، کەڵە کێویە کە، تۆیان پەروەردەکرد،
تۆ بەشیری گیانەوەرانی کێوی گەورەبوی و
گیانەوەرانی دەرودەشت. لەوەڕگاکانی خۆیان
بە تۆ نیشاندا
ئێنکیدۆ، ئەو ڕێگایانەی کە بۆ دارستانی سورە چنار دەچن
با هەمیشە بۆت بگرێێن، هەموو ڕۆژانو هەموو شەوان،
لەناو شورە دێرینەکەی ئوروکدا، ڕیش سپیەکان
با بۆت بگریێن، ئەوانەی ئێمەیان فەڕو پیرۆزکرد، با بۆت بگرێین !
دانیشتوانی چیا و، وڵاتەبەرزەکە، با بۆت بگرێین،
(...) ئاسك،
لەوەڕگاکان، با وەک دایکت، بۆت بگریێن 
کە ئێمە  تیژڕەو، بەناویاندا تێپەڕین !
ورچان، کەمتیاران و پڵینگان، بەورم، کەڵە کێوی و پشیلە کێوی،
شێر، گا کێوی، بزنە کێوی و گاڕانی دەشت و دەر
با بۆ تۆ بگریێن !
ڕوباری پیرۆزی ئولایە با بۆت بگریێ،
کە جارێک زۆر بە شانازیەوە بە کەنارەکانیدا پیاسەمان دەکرد.
ڕوباری پیرۆزی فورات بابۆت بگریێ،
کە ئاوەکەیمان، وەک دیاری، هەڵدەڕشتە کوندەکانی خۆمانەوە.
پیاوە گەنجەکانی ناو شورە بەرینەکەی ئوروک، با بۆت بگریێن،
ئەوانەی کە دیتیان  چۆن ئێمە کەڵەگای ئاسمانیان بەلاداخست.
 ئەو جوتیارەی لای هەوجارەکەیەتی، با بۆت بگریێ،
ئەوەی کە بە ئاوازێکی جوان، ناوت بەرز ڕادەگرێ،
(....) ناوی شورە بەرینەکەی ئوروک، بابۆت بگریێ،
کە یەکەم جار ناوی تۆ دێنێ (....)
شوانەکە، پارێزەری گەلە ڕان، بابۆت بگریێ،
 کە مەی پێدای، تا بینۆشی،
کوڕە شوانەکەی لەوەڕگا، بابۆت بگریێ
کە کەرەی پێدای تا بیخۆی
پیرەکانی ناو ئوروکی بە شورە دەورگیراو، با بۆت بگریێن،
ئەوانەی کە شەرابی خورمایان پێدای تا بینۆشی،
شامهاتی کچە شادیبەخش، بابۆت بگریێ
کە تۆی بە هەتوانی بۆندار چەور کرد.
(....) با بۆت بگریێ،
 کە لەخانەی زەماوەند گێڕان (....) ئامۆژگاریەکانی تۆ.
پیاوانی گەنج بابۆت بگریێن، برایەکان با بۆت بگریێن،
با پرچیان بەردەنەوە، هەروەک ژنانی گەنج.
ئێنکیدو، هەروەکو باوک و دایکت،
با منیش بە خەمباریەوە بۆت بگریێم.
گوێبگرن، پیاوانی گەنج، ببیستن، بەساڵدا چوانی ئوروکێ، گوێ لە من بگرن !
من بۆ ئەنکیدۆ دەگریێم، دۆستەکەم،
بەخەمباریەوە دەڵاڵێمەوە، هەروەک گرینۆکێک !
چارەنوسی بەد، بە زویی هاتو لەمنی زەوتکرد
ئەی تەوری لە تەکم، هەی ئاسودەیی دەستەکانم،
ئەی شمشێری لەتەکم، هەی سپەرێک کە دەیپاراستم،
ئەی جلوبەرگی ئاهەنگم، هەی باشترین کەمەربەندم !
دۆستەکەم، کەڵەکێویە رەوهەنەکەم،
کەڵی شاخی پڵنگی دەشت ودەر،
ئێنکیدو، دۆستەکەم، کەڵەکێویە ڕەوهەنەکەم،
کەڵی شاخی پڵنگی دەشتودەر،
ئێمە بەیەکەوە، تا سەر لوتکە، بە شاخدا هەڵگەراین،
ئێمە بەیەکەوە، کەڵەگای ئاسمانیمان کوشت،
هومبابامان لەناوبرد، کە لەدارستانی سورەچنارەکان دەژیا.
ئەمە چ خەوێکە، کە تۆی وا گرفتار کرد ؟
تۆ بێدەنگی، تۆ گوێت لە من نیە .
دڵی وی چیتر لێنادات 
ئەو، دۆستەکەی خۆی، هەروەک بوکێک داپۆشی
هەروەک هەڵۆیەک بەدەوری دا، خولی خوارد،
هەروەک دایکە شێرێک، کە بەچکەکانی لێ ون بوبێ
ئەو دەهاتو دەجو.
 ئەو پرچە لولخواردوەکانی خۆی داڕنی،
خشڵی بەرخۆی فڕێداو لە ئێستا بەولاوە لە خۆی قەدەغەکرد.
بەیانی، لەگەل کەوتنی یەکەم تیشکی خۆرەتاودا.
(...) شاماش
(...) گێلگامێش بەدەنگێکی بەرز هاواری کرد، بانگی گەوهەر سازو ئاسنگەرانی کرد،
کانگەران، زێڕینگەرانو هەڵکۆڵەران،
(....) ی دۆستەکەی ڕێکخست
گێلگامێس پەیکەرێکی بۆ دۆستی خۆی سازکرد:
ئەندازەی دۆستی من (...)
(...) سینگت با لەبەردی پیرۆزەی شین بێت،
بەدەنت لە زێڕ(...)
........
تۆ لەسەر تەختێکی مەزن پاڵدەخەم،
تۆ لەسەر تەختێکی شایستە پاڵدەخەم.
 تۆ لەلای چەپی من پشو دەدەیت و
پاشاکانی جیهانی ژێرەوە دێن و پێیەکانت ماچ دەکەن.
من داوا لە دانیشتوانی ئوروکێ دەکەم تا
بۆت بگریێن و شیوەنت بۆ بگێڕن.
 دوای مەرگی تۆ، من بێ خۆ شوشتن دەڕۆم،
من پێستی شێر لەبەر دەکەم و، لە دەشتودەر، سەرگەردان دەسوڕيێمەوە.
بۆ بەیانی لەگەل کەوتنی یەکەم تیشکی خۆرەتاودا
گیلگامێش هەڵسایەوە ،
سەری خشڵدانی کردەوە، گەوهەرەکانی خۆی ژماردن،
خشل و جەوهەری جۆراو جۆری لی دەرهێنا.
ئەو (...) دروست کرد.
بۆ دۆستەکەی خۆی (.....)

***
وێنەکەی سەرەوە . دەفەکەی خۆمە.




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4.5/5)